Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئەستێرەی دەم  دۆزەخ……ئۆپەرێتی شیعریی:حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ

ئەستێرەی دەم دۆزەخ……ئۆپەرێتی شیعریی:حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ

Closed
by January 8, 2009 ئەدەب

 ئەستێرەی دەم  دۆزەخ
 ئۆپەرێتی شیعریی:حەمەی ئەحمەد ڕەسوڵ
 (پێشكەشە بە شەهیدان و بریندارانى  قەندیل و غەزە )
 
 (( ئەو ئەستێرەیەی شەو بە ئاسمانا ئەكشێ
 بەرلەوەی بگاتە زەریا ،
 لەگڕی خۆیدا ئەسووتێ !))رەفیق سابیر
 
 دیمەنی یەكەم :
 كۆرس :
  تارای بووكی گوڵ ئەستێرە
 تەمی كەنارە و ئەچێتە
 خەونی ڕاوكەری پادشایان
 بووكی ڕازاوەی ڕۆخ  دەریا
 فریشتەی خەونی ڕاوچییە بە تەنها..
 كەسێ ناتوانێ بیبینێ ،
 پیایا هەڵدا .. یا بیدوێنێ !
 دەنگ : ئەوینی ڕاوچی ،
 سارا و تراویلكەی
 شەوێكی دەم بە ئازارە
 قەڵبەزەی تاڤـگەی مان و نەمانە
 بووك ئەستێرەی كەنار دەریا ،
 بە بزە و زەردەخەنە
 ئاوازی ژیان ،
 ئەنەخشێنێ لەسەر لێوی نازداران
 بولبولی ئەشقە و ئەچریكێنێ
 بەهارە لای ڕاوچی و .. خەنەبەندانە !
 كۆرس : لە ئەندێشە و  وڕێنەی سوارەی ڕاوچیدا
 پەری زۆر قەشەنگ و جوان
 ئاوەها دێتە پێش چاوان !
 حیكایەتخوان : لە نزیك پەلكەزێڕینەی
 هەنیەی ئاسمانا
 لەژێر  سەرابی تەمی دەریادا
 سەری نەمامی بەهاریی تەمەنیان
 بە ئاسپایی لێكتر ئاڵاند ..
 دەنگیان لە ئاوی
  هەڵبەزی دەریا هەڵكێشا و
 هەناسەیا لێك موتوربەكرد ..
 لە نزیكتردا ، یەكدی ئەگوشن ،
  لێ : چەپگەردی زەمانەی ناسۆر
 شاخە بەردی وا شاخیی
 چێئەكرد لە بەینی
  ئەو دوو دولبەرەدا !
 دەنگێ : بۆیە هەمیشە كێوی پێكتر
 گەیشتنی ئەستێرە و سوارە ..
 ژووانێكە و لە دەمی عەزیادایە ،
 گەلێ سەخت و دژوارە !
 دەنگی شاعیرێ  : ئاشـــقە ســوارە ..
 سیزیــــفە سیزیفــە ســوارە !
 دەنگێكی سامناك لە ئاسمانەوە  :
 هێی .. هێی !
 " بۆنی گوڵ ئەستێرە با ئەیبات ! "
    حیكایەتخوان : لە ناوەختێكا سوارەی ڕاوچی
 لە خەونی بن دەریا  ڕاپەڕی و
 دێتەوە ئامێزی دونیای هۆش ..
 ئەبینێ ، كوڕەزای وەچەی
  چەرخێكی هێند هەژارە،
 كە تەنها خودانی پێدەشتی
  كاكی بەكاكییە و گیای پەرچەمی
  چیا و كێوان بەرگی شەوییەتی
 دەنگی لوورەی ڕەشەبا :
 ئای سوارە .. ئای سوارە
 ئای كە ئاشقێكی هەژارە …
 سەر هەڵبڕە تۆ چیت لێ دیارە ،
 ئاشقە سوارە .. سیزیفــە سوارە !
 ئاخ ! چیای ژووان و
 ساتی ڕامووسان
  چەند سەخت و دژوارە !؟
 كۆرس : شریخەی چرای هەوری
 نێو هەوران خزمی میرە و بۆ ئەو
  ئەگرمێنێ
 ڕازو ئومێد و خولیا و خەونی
 یاساوڵی دەشت و كێوان
 موڵكی میرە و
 لەنجەی كارمامزی كوێستان
 ڕووبار و درەخت و باران
 لەپی دەستی كانیاو و
 پرچی شاخ وچاوی ئاسمان
 نایێتە دەست هەروا ئاسان !
 دەنگی شاعیرێكی دی :
 میر و پادشای گەورەی زەمان
 دەمێ وەختە  گیرۆدە و عەوداڵی
 ئاهەنگی سەما و هەڵبەزەی
 دڵڕفێنی ئەسپەشێی
 ئەستێرەی ڕۆخ دەریایــە
 بۆیە شەوێ لە شەوانی
 گەرمەسێری هاوین
 ڕاوچی و پاسەوانان ڕائەسپێرێ و
 فەرمانیان وا پێئەدا :
 كە هەر بەو زووانە
 گوڵ ئەستێرەی بۆ چەپك كەن !
 دەنگی میر : سبەینێ
  لەگەڵ خەفەبوونی هێمنی و
  دەموەختی كەروێشكە ڕاودا ،
  ئەگەنە سەفەری هەورەشین
 پاڵ بە دەركە و چەپەری
 باخچە و ماڵی دەروێش ڕدێن
 سپییەوە ئەنێن ..
 ئەوجا نوێژی سبەینان دائەبەستن
 نوێژ بكەنە بەرات ..
 بۆ شێخی هەوارستانی بكەنە خەڵات
 ئیدی لێتان وەدیار ئەبێ
 هەنگاوی سرك و نسرمی گوڵ ئەستێران !
 حیكایەتخوان : گەنج سوارەی ڕاوچی
 گیرۆدەی ئەوینی ئەستێرەی نێو دەریایە
 دەروێشی دەرفەتی ئاوەهایە ..
 سوێندی ئەو ، وێردی ئەو :
 بێمەودایە و هەر دڵ و چاوانی
 گوڵ ئەستێرەی لە خەیاڵدایە 
  چەپكە خەونی ڕاوێكە و
 كەس بۆی نییە بیبینێ ..بۆنی بكا
 سوێندە ، سوێند ..
 قامچی برووسكە بئاڵێنێتە
 دەست و مەچەكی یاساوڵی میرو
 پیاوانی دەشت و كێوان ..!
 دەنگدانەوەی فەرمانی میر :
 گەواڵە سەری ( خوێن ) ڕەنگی
 پیرەژنی  مێرگ و دەریاچەكان
 ئەدەنە بەر دەستاڕی نەعرەی تووڕەییتان !
 لەوێ بێ سێ و دوو شەنی بكەن
 خاك و خۆڵ و گۆڕ و ئێسقان !
 دەست بەرنەدەن هەتا دێتە پێش
 گوڵ ئەستێرەی میری خۆتان !!
 دەنگی یاساوڵان :
 بووكی تۆیە ، ئەستێرەی جوان
 ئەم ئێوارەیە بچۆرە خزمەت ژووان
 تێر بە لە شەرابی بووكی دەریا
 ئەستێرەی بووكی میری گەورەمان !
  شاعیرێك : لەو دەمەدا كە بە ئاستەم
 چرۆی ئاشقان  نیگا بۆ :
 بەهاری ژیان ئەكەنەوە ..
 ژانی هیوایەكی بێ هەناسە
 بە سەردابی نركە و ناڵەی
 لەداییكبوون و مەرگەساتا
 شۆڕئەبێتەوە ..
 پاییزی خەزان و ڕەشەبای ژاكان
  بە ناخی گوڵ ئەستێرەدا هەلأئەكا
 ئیدی ژاڵەی غوربەتی و سەرگەردانی
 خۆی لە ڕۆژژمێری بەختی
   سوارەوە ئاڵاند ..
 شەونمە فرمێسك ،
 فرمێسكی ئەوین ،لە كوورەی
 گەرمی دڵدا هەڵاوی ستاند !!
 دەنگی هەمووان پێكەوە :
 چونكێ برووسكەی ڕەشی میران
 چونكێ تریشقەی باو بۆران
 خەونی سوارەی ڕاوچی و
 پرچی ئەستێرەی دەریای سووتان
 ئیدی ماچی بووك و
  تاراو تەمی نێچیری ڕاو
 بۆ تاهەتایی بووە مەنزڵگای
 ئاشقان و دڵی
  گشت ئەستێرەیەكی كشاو !!
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.