Skip to Content

38 Views

ساڵیادی شوراکان لە چ هەلومەرجێکدا دەکەینەوە؟… نوری بەشیر:

ساڵیادی شوراکان لە چ هەلومەرجێکدا دەکەینەوە؟… نوری بەشیر:

Be First!
by March 18, 2018 General
image_print

١٨/٣ ساڵیادی شوراکانە لە کوردستان، شوراکان لەرۆژەکانی سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە ساڵی ١٩٩١دا لەلایەن کۆمۆنیستەکان و چەپەکان و کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازو ستەمدیدەی کوردستانەوە دامەزرا.
بزوتنەوەی شورایی دەورەیەکی نوێ بوو لەخەباتی جەماوەری خەڵكی کوردستان لەدەرەوەی سیاسەت و دەسەڵاتی ئەحزابی کوردایەتیدا، هەربۆیە باسکردن لەڕاپەڕین و هەلومەرجەکانی دواتری کوردستان بەبێ باسکردنی شوراکان ناتەواوەو هەمان مێژووی شێواوی کوردستان دەبێت کە لەلایەن حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کوردستانەوە بەئارەزو و لەبەرژوەندی خۆیان و سەرمایەداران و شێخ و خاوەن عەشیرەتەکانەوە نووسیویانەتەوەو خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانیان لەو خەبات و هاتنە مەیدانە بێبەری کردووە.

لەکامە هەلومەرجدا ئێستا یادی شوراکان دەکەینەوە:

ئەم ساڵ لەهەموو کات زیاتر پێویستە قامک بخەینە سەر ساڵیادی شوراکان و دەرس و تەجروبەیەک کە شوراکان خستیانە بەردەم کۆمەڵگە کە تەجروبەیەکی گەورەو زیندووە لە هاتنە مەیدان و خەباتی خەڵکی کرێکارو رادیکالیزمی کوردستان.

خەڵكی کوردستان بەهۆی هەلومەرجێکی پێشتری دەرەجە دوویی و زیندان و راگواستن و کوشتن و ئەنفال و کیمیابارانەوە لەلایەن رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی بۆرژوا ناسیونالیستی عێراقی و تا دەگاتە رژێمی بۆرژوا ناسیونالیست فاشیستی بەعس، بە دوای راپەڕیندا، خۆشخەیاڵیەکی زۆریان بەدەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی شاخ هەبوو،کە بەدوای ڕاپەڕین و پاکردنەوەی شارەکان لەرژێمی بەعس، هێزەکانی حزبەکانی کوردایەتی هاتنە شارەکانەوە. ئەم خۆشخەیاڵییە درێژەی کێشاوە ئەگەرچی ناسیونالیزمی کورد و حزبەکانی و تا دەگاتە حزبە ئیسلامیەکان و حزبەکانی بەناو ئۆپۆزسیۆن و تازە راگەیەنراوەکانیش، لەمێژووی سیاسی خۆیاندا هێندە لاکەوتەو ریسواو ماهیەتیان رۆشن نەبۆتەوە.

کۆتا کارنامەکەیان ئێستا دەیبینین بەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دا کە کوردستان چ هەلومەرجێکی سەخت بەسەر دەبات لە بێ یاسایی و بێ دەوڵەت و سەرگەردانی و بێئەمەلی خەڵك، بەڵام هێشتا خۆشخەیاڵی بە ناسیونالیزم پاشەکشەی پێنەکراوە، خەڵک دژی یەکێتی و پارتی و باقی حزبەکانە ، بەڵام دژی ناسیونالیزم نییە، خەڵک تەجروبەی تاڵی لەگەڵ حزبەکانی کوردایەتیدا هەیە، بەڵام لەخۆشخەیاڵی بەسیاسەتیان و لەچوارچێوەی حزبەکانیان رزگاری نەبووە، ئەمەش دەرەجەیەکە لە ناوشیاری چینایەتی خۆیان وەک خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگەو سوڕانەوە لەبازنەی سیاسەتی چینایەتی بۆرژوازی کوردیدا نیشان دەدات.

بۆیە ئەگەر کەسێک راپەڕینی نەبینبێت یان دوای راپەڕین لەدایک بووبێت و هەوڵی نەدابێت مێژووی راستەقینەی دەورەی راپەڕین و شوراکان بزانێت، ئەوا رەنگە بەدرۆ و دەلەسەو بە مێژوو شێوانەکانی حزبەکانی کوردایەتی خۆشخەیاڵ بێت لەوەی کەتەنها حزبەکانی کوردایەتی بوون نەخشەی راپەڕینیان داڕشت،
کە ئەمە دوورە لەڕاستیەوە، وە کارنامەی ئەم ٢٧ ساڵەیان و درۆی رۆژانەیان و تاڵانکاری و کوشتارو تیرۆریان، راستی شێواندنی واقعیەتی راپەڕین و شوراکانە لەلایەن ئەو حزبانەوە.

هەربۆیە لە دوای نزیکەی سێ دەیە لەیادی شوراکان، هێشتا کارنامەو سیاسەتی ناسیونالیزمی کوردو حزبەکانی بەسەر سەری خەڵكی کوردستانەوە سایەی کردوەو ماوەتەوە.
بۆ رەوینەوەی خۆشخەیاڵیەک بەو حزبانەو دەستپێکردنی قۆناغێکی تازە لەخەباتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان لەدەرەوەی سیاسەت و بەرنامەی ئەو حزبانە وشیاری و رێکخراوبونی چینایەتی پێویستە.

ڕاپەڕین و شوراکان:
ڕاپەڕین:

راپەڕینی کوردستان کە هاوکاتی ڕاپەڕینی خوارووی عێراق بوو، توانرا لەماوەیەکی کورتدا شارەکان لەلایەن خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و لاوان و ژنان و کۆمۆنیستەکان و چەپەکانەوە کە کۆمیتەکانی راپەڕینیان دروست کردبوو پاک بکرێتەوەو هەر واش کرا،

ئەم راستیە لەزمانی زۆرێک لەسەرانی حزبەکانی کوردایەتی خۆیانەوە باسیان کردوە کە کاتێک هێزەکانی پێشمەرگە هاتنە رانیەو سلێمانی، شار هەمووی لەهێزەکانی رژێمی بەعس پاکرابۆوە.
لەدوو ساڵی رابردوودا بەشێک لەو کەسانەی کەچەپ بوون و لەراپەڕین و شوراکاندا بەشداریان کردبوو وە دوایی بەخۆشخەیاڵی بەناسیونالێزمی کورد چوو بوونە دواوە ئەوا لە میدیاکانەوە جارێکی تر تاکیدیان لە دەوری کۆمۆنیستەکان و کۆمیتەکانی ڕاپەرین کردەوە بەپێچەوانەی مێژوویەک کەناسیونالیزمی کورد ئاوەژووی کردبوو.

شوراکان:

شوراکان و بزوتنەوەی شورایی کە لەهەلومەرجی راپەڕینەوە سەریهەڵدا، وەک دەوریەکی نوێ لەخەباتی شاری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، کە خۆی لەمێژووی حزبەکانی کوردایەتی و بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کورد جیاکردەوە راستی سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی نوێی کۆمۆنیستی و چەپ بە سونەت و کارێکی نوێی شاری و رادیکالانەوە هاتە مەیدانەوە، بەپێچەوانەی دەورەی پیشووی خەباتی لادی و شاخ کە دایان سەپاندبوو …

شوراکان وەک دەسەڵاتدارێتی جەماوەری کە هەم یاسا دانەر و هەم بەڕێوەبردنی یاساکان وەک هێزێکی رادیکالی و شوڕشگێڕی شار لە ژنان و پیاوانی کرێکارو کۆمۆنیست و ئازادیخواز بەبێ جیاوازی خۆی راگەیاندن و دەستیان کرد بە هەڵبژاردن لە شوێنی کار لەکارگەکان و شوێنی ژیان لەگەڕەکەکاندا،هەروەها دەستیان برد بۆ زۆر بابەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی کۆمەڵگە لە دەسەڵاتی وشیاردەرانەو رێکخراوبوونی جەماوەری و کرێکاری.
لەیەکەمین رۆژەکانی راگەیاندنی شوراکانەوە هەموو هێزە بۆرژوا ناسیونالیستەکانی کورد بە یەکێتی و پارتی و حزبە بێدەنگەکانی دەوریان، یەکەمین کاردانەوەیان و لەبەرامبەر ترسی شوراکان و ئەو هێزە جەماوەرە زۆرەی لە دەوری بوو نیشاندا.

لەبەرئەوەی لەمێژووی کوردستاندا بۆ یەکەمین جار بوو لەدەرەوەی سیاسەت و هەیمەنە و قەڵەمڕەوی حزبەکانی کوردایەتی بەشێوەیەکی رادیکال و ئینسانی و بەبێ جیاوازی بزوتنەوەیەک دروست بێت کەرەخنەی ریشەیی لەحزبەکانی کوردایەتی هەبێت و بانگەواز بکات کە ئەو حزبانە چ لەشاخ و چ لە شار نە نوێنەری بەرژەوەندیەکانی خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش بوون و نەدەتوانن نوێنەری خەڵک بن.،
هەر بۆیە لەڕۆژەکانی یەکەمەوە چ یەکێتی و چ پارتی و چ بەرەیەک کەهەیانبوو بەدژی شوراکان و هەڵسوڕاوانی شوراکان وەستانەوە، کە نەک تەنیا شوراکانیان بە بەربەستی بەردەم خۆیان دەزانی، بەڵکو لەهاتنە مەیدانی خەڵكیش ترسیان هەبوو، وە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لەناو هێنانی شوراکان دەترسن، لەبەرئەوەی شوراو هێزو دەسەڵاتدارێتی شورایی وەک هێزی جەماوەری کرێکارو کەمدەرامەتی وشیارو رادیکاڵ جێگاو رێگای ئەوان لەکۆمەڵگەدا ناهێڵێت و رێگا لەدەسەڵاتی بنەماڵەیی و حزبی و سەرۆک عەشیرەت و سەرمایەداران و تاڵانکاری و سەرکوت و تیرۆر دەگرێت.

دەرسەکانی شوراکان پاش ٢٧ ساڵ لەدەسەڵاتی ناسیونالیزمی کورد!
بزوتنەوەی شورایی لە شوراکاندا کە نموونەیەکی بەرجەستەی دەسەڵاتی جەماوەری هێنایە کۆمەڵگەی کوردستان، خەڵک لەوێدا هەم یاسا دانەربوون و هەم یاسا بەڕێوەبەر، واتە بەپێچەوانەی دەسەڵاتە پەرلەمانیەکەیان کەلە سەرەوە و هەر چوار ساڵێک بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سەرمایەو بۆرژوازی قوتی دەکەنەوە.

شوراکان دەسەڵاتی بەکردەوەی هێزو ئیرادەی خەڵکە لە مەیداندا کە هەر کاتێک هەر ئۆرگان وکەسێک چۆن لە کۆبونەوەی گشتیدا ئازادانە هەڵبژێردراوە، ئاواش لەکاتی نوینەرایەتی نەکردنی خواست و ویستەکانی کۆمەڵگە دەتوانرێت لاببرێت.

کارو چالاکیەکانی شوراکان ئەگەرچی کورت ماوە بوو، بەڵام لەئاستی کۆمەڵگەدا و لەبەرنامەو چوارچێوەی رێکخراوە کرێکاریی و جەماوەریەکاندا، لەکۆمەڵگەدا کاریگەری گەورەی دانا و بەجێ هێشت.
ئەم سیاسەت و جهەتگیریە نوێیە لەکۆمەڵگەدا لە پێشوازی بەرینی جەماوەری بەهرەمەند، بوو. لە دەورەی شوراکانی ساڵی ٩١ دا وترا ئەو حزبانەی کوردایەتی، نوێنەری بۆرژوازی و سەرمایەدارانن و ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت، کە دواتر بوویان بەدژی خەڵكی کرێکارو کەمدەرامەتی کۆمەڵگە دەبێت، کە وابوو نەک نانیان بۆ خەڵك دابین نەکرد، بەڵکو نانی سەر سفرەی منداڵانی کرێکاریشیان دزی، سەروەت و سامانی کۆمەڵگەیان بەتاڵان برد، نەک کاریان بۆ خەڵك دابین نەکرد، بەڵکو زۆربەی خەڵکیان بێکارو برسی کرد. نەک ئازادیان بۆ خەڵک دابین نەکرد، بەڵکو بەهەموو شێوەیەک دژی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن و رێکخراو بوونیش بوون.
بەدەسەڵاتی دژی “ژن و تیرۆری ژنان” و لاوان و رۆشنبیران و کۆمۆنیستەکان دەناسرێن.، تا دەگاتە دەسەڵات و حکومەت و پەرلەمانەکەیان.

خەڵکی کوردستان شاهیدی ئەوەیە و بەخوێن و گۆشتی خۆیان تەجروبەیان لەگەڵیاندا هەیە کە نوێنەرایەتی سەرمایەدارانن و بەفیرعەواناو دۆلاراوا و گوندی ئەڵمانی دەناسرێنەوە، کەواتە لەبەرامبەر دەسەڵاتی حزبە بۆرژوا ناسیونالیستەکاندا، دەسەڵات و حکومەتی شورایی رێگایەکە کەخەڵک خۆی دەسەڵاتدار بێت،

خۆی یاسا دانەرو یاسا بەڕێوەببات، هاتنە مەیدانی هێزو ئیرادەی خەڵك کە دەتوانێت زامنی ئایندەیەکی باشتر بۆ خەڵکی کرێکارو کەمدەرامەت و کۆمەڵگە دابین بکات.،
شوراکان ئەمە بەرنامەی بوو، وە بە کردوەیش ئەم بەرنامەیە برایە پێێشەوە بۆیە حزبەکانی کوردایەتی بە هەموو شێوەیەک دژایەتیان کردو پاشەکشەیان پێکرد.

شوراکان نەک تەنها ئەمانەی کرد بەڵکو کۆمەڵێک سونەت و کاری سیاسی نوێ و وشیاری خستە بەردەم کۆمەڵگە، کە تائێستاش ناسیونالیزمی کورد لێی دەترسێت و دەستی بۆ نابات، لەوانە ساڵیادی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەیە.

شوراکان لە کوردستان لە ١٦/٣/١٩٩١ بۆ یەکەمین جار لەمێژووی کوردستاندا لەبەردەرکی سەرای شاری سلێمانی لەرێو رەسمێکی جیاوازی تا ئێستای حزب و سەرانی حزبەکانی کوردایەتی و تەشریفاتیان، بەئامادەبوونێکی جەماوەری فراوان و سەراسەری، لەرێگای شوراکانی هەموو گەڕەک و کارگەکان و جەماوەریدا لەشوێنەکانی خۆیانەوە بەرێپێوان و بەلافتەو دروشمەوە بەرەو بەردەرکی سەرا ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەیان بەرز راگرت، وە رژێمی بەعس و هەموو هێزەکانی هۆکاری کیمیابارانی هەڵەبجەیان تێدا تاوانبار کرد، هەر لێرەوە بەردەرکی سەرا ناونرا مەیدانی ئازادی.

بۆیە ئەگەر خەڵکی کوردستان بیەوێت لەکابوسی بۆرژوا ناسیونالسیت و ئیسلامیەکانی کوردستان ئازاد بێت، ئەگەر بیەوێت لە دزی و تاڵانکاری و تیرۆرو سەرکوتی ئەو حزبانە رزگاری ببێت، ئەگەر بیانەوێت لە دەسەڵاتی بنەماڵەو حزبە مافیاو دژی ژن و دژی منداڵان و دژی لاوان رزگاریان ببێت، ئەوا دەبێت ریزی خۆیان لە شوراکاندا رێکخراو بکەن بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لەدەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی رزگاریان ببێت و ئایندەیەکی باشتری ئینسانی بۆ خۆیان و نەوەکانی دوای خۆیان مسۆگەر بکەن.

١٤/٣/٢٠١٨

Previous
Next

Leave a Reply