Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
با هەبێ كلیل و فەلافل … سەنگەر زراری

با هەبێ كلیل و فەلافل … سەنگەر زراری

Closed
by January 12, 2009 گشتی

 با هەبێ كلیل و فەلافل … سەنگەر زراری
 
  sangarzrary@gmail.com
 (9)

 لە جادەی تەیراوەی شاری هەولێر، زۆر جار بەبەردەم ئەو دوكانەدا دەچم كە لەسەر تابلۆكەی پێشی نووسراوە (شوێنی… بۆ فرۆشتنی لانك و كەلوپەلی بیناسازی)!! لانك، لانكە و كەلوپەلی بیناسازیش: چەو و لم و ئەو شتانەیە، ئەو دوكانەی باسیشی دەكەم دوكانی كەلوپەلی دارتاشییە، تۆ بڵێی چ شتێك ئەم دوكانە و تابلۆكەی بەردەمی بەیەكەوەببەستێتەوە.
 لە سلێمانی بەبەردەم خۆشنووسێكدا تێپەڕیم كە تابلۆی فەرمانگەیەكی دەنووسی (رەنگە ئێستا تابلۆكەیان دانابێتە شوێنی خۆی) لەسەری نووسرابوو (بەڕێوەبەرایەتی…)، لە ژێریشی بە بچووكتر نووسرابوو (بەڕێوەبەرێتی…)، واتا لەیەك تابلۆ، جارێك نووسرابوو (بەڕێوەبەرایەتی) و جارێكیش (بەڕێوەبەرێتی). دیارە دڵنیا نەبوونە كامەیان راستترە، بۆیە هەردووكیان نووسیوە، تاكو بەلایەنی كەم یەكێكیان راست دەرچێ.
 ستافی رۆژنامەیەكی كوردی، بڕیاریانداوە كە ئەگەر زمانی كوردی بە"ستاندەر"یش بكرێ، ئەوان هیچ ژمارەیەكیان بە بێ هەڵەی چاپ دەرنەچێ، بۆیە نەك ناوەرۆكی بابەتەكان، بەڵكو زۆربەی مانشێت و ناونیشانی بابەتەكانیش هەڵەی زەقی چاپی تێدایە.
 لای "فەلافلفرۆش"ێكی بازاری ئیسكانی شاری هەولێر، لەگەڵ چەند برادەرێك لەفەی فەلافلمان خوارد، لەسەر فانیلەی وەستا و شاگردەكانی دوكانەكە نووسرابوو (كلیلسازی وەستا… ) تۆ بڵێی چ پەیوەندییەك لە نێوان "فەلافل" و "كلیل"دا هەبێ؟!
 لە رۆژنامەیەكی رۆژانەی خۆبەزلزان، هەواڵێكم بینی نووسرابوو "سێ هاووڵاتی و منداڵێك كوژران!!!" وەكو ئەوەی منداڵەكە هاووڵاتی نەبێ؟!
 لە دوا لاپەڕەی گۆڤارێكی "فیكری-سیاسی پێشكەوتووخواز"دا نووسرابوو (خوێنەری ئازیز.. ئەو بابەتانەی بۆ گۆڤارەكەمانی دەنێرن با…) ئینجا چەند مەرجێكی ریز كردبوو بۆ ئەو (خوێنەر!!!)انەی كە بابەتیان بۆ دەنێرن، تووخوا ئێوە بڵێن (خوێنەری ئازیز) بابەتی فیكری دەنووسێ؟!! ئایا وشەی (خوێنەری ئازیز) بۆ نووسەری بابەتی فیكری-سیاسی پێشكەوتووخواز بەكار دێت، یان بۆ ئەو كەسانەی "وشەی یەكتربڕ"و "یاری سودۆكۆ" حەل دەكەن.
 لە سەر تابلۆی زۆربەی ئەو دوكانە روونگۆڕییە مۆدێرنانەی ئێستا لە هەولێر دروست دەكرێن نووسراوە "ڕون گۆری…" دەڵێی رێككەوتنیان لە نێوان خۆیاندا مۆر كردووە كە هەمووی بەوشێوەیە بنووسرێ. ئاخر ئەمە چەند هەڵەیەكی تێدایە، ئەگەر بتەوێ بەهەولێری بنووسی، دەبێ بنووسی "روونگۆڕ"، "ر"ی یەكەم حەوتەكەی ژێری ناوێ و ئەوەی كۆتایی دەیەوێ، كەچی لە تابلۆكان بە پێچەوانەیە، جگە لەمەش وشەكە لێرەدا دەبێ بەیەكەوە بنووسرێ، خۆ ئەگەر بە دیالێكتی سلێمانیش بنووسرێ، دەبێ بەو شێوەیە بنووسرێ "رۆنگۆڕ".
 شارەكانی كوردستان پڕە لە تابلۆی بە هەڵەنووسراو و رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوە كوردییەكانیش پڕن لە هەڵەی رێزمانی و رێنووسی، لەوانەیە ئەو بابەتەی من یەكێك بێ لەوانەی كە هەڵەی زۆری تێدابێ.
 وەزارەتی رۆشنبیری ئەو شوێنەیە كە كاری پاراستنی زمان و كەلتووری میللەتە، كەواتە دەبێ چی بكات؟! ئەی ئەكادیمیای كوردی بۆ خەمێك لەو هەموو هەڵەیە ناخوا كە زمان و نووسینی كوردی ئەتك دەكەن. ئایا پێویست نییە لێژنەیەك دابنرێ بۆ راستكردنەوە و پێداچوونەوەی ئەو هەڵانەی لە تابلۆی دوكانەكان و سەر دیوارەكان دەكرێ؟ ئەی نابێ رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوكراوەكانیش زمانەوانی باش دابنێن تا ئەم بێسەروبەرییە لە زمان دروست نەبێ؟
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.