Skip to Content

1,225 Views

عەفرین دەسوتێت، چەپ لە کوێیە؟ … ولیام ئایکلر

عەفرین دەسوتێت، چەپ لە کوێیە؟ … ولیام ئایکلر

Be First!
by March 21, 2018 General, Opinion, Slider
image_print

وا پێدەچێت کورد بێ بەختبن لەوەی کەوتنە بندەستی هێزێکی “غەیرە ڕۆژئاواییەوە”، بۆیە ئازارەکانیان بەردەوامی هەیە.
کورد خاوەنی کۆمەڵێ دروشمی نافەرمییە، یەکێک لەو دروشمانە: “کورد تەنها شاخەکان دۆستیەتی”. ناوە ناوە هاوپەیمانیان لەگەڵ زلهێزەکاندا بەستووە، بەڵام وەک چاوەڕوان دەکرێت ئەم هاوپەیمانێتییە بە ناپاکی کۆتایی هاتووە، چونکە ئاڵوگۆڕە سیاسێکان بەکەڵکی هاوپەیمانێتی بەردەوامی نایەت. کەمتریش ئەوە بەرچاو دەکەوێت کە هێزە پێشکەوتوخوازەکان کۆمەکیان بە کورد کردبێت.
هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، دەبوایە چەپی جیهانی لە زۆربەی پایتەختەکان بهێنایەتە سەر شەقام.

دەبوایە خۆپیشاندەران بڕژێنە هاید پارکەوە بە ڕەنگەکانی سور، سپی، سەوز و زەردی ئاڵای کوردەوە، هەروەها بە سرودی ” ئێمە هەموو پەیەدەین ئێستا!” ئاسمان پڕکەن. بەڵام نەکرا، شەقام خامۆشە – چەند چالاکوانێکی کورد نەبێت – بە دەگمەن خەڵکی تریان لەگەڵ دەبینرێت.
ئەم دۆخە بەراوردبکە لەگەڵ خەڵکانێکی تری بێنیشتمان: فەڵەستینێکان. کاتێك هێزی بەرگری ئیسرائیل ( IDF ) غەزە بۆرومان دەکات چەپی ڕۆژئاوا بێ وەستان چەفییەو عەگال لەسەر دەکات و ڕێپێوان دەکات بۆ وایت هۆڵ؛ لە قودس توندو تیژی دەست پێدەکات، دەست بەچێ لە سۆشیاڵ میدیاکانەوە ئیسرائیل مەحکوم دەکرێت.
ئەی بۆچی ئەم شێوەیە لە بێدەنگی، کاتێک کار دێتە سەر کوشتاری کورد؟
دەسەڵاتێکی ئیسلامی نەتەوەگەرای دیماگۆجی، بە ڕابەرایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتێکی بێگانە بە یارمەتی جیهادێکان بۆ سەرکوتکردنی بزوتنەوەی چەپ، سەرباری ئەمەش دەنگی دیموکراسیخوازانەی خەڵکی کوردیش لە ناوخۆ سەرکوت دەکات.

ئەی کوا توڕەیی!؟

پێشتر لەسەر کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل نووسیومە. چەپیش زۆر هاوسۆزە لەگەڵ کێشەی فەڵەستینێکان، چونکە وەک قوربانیەکی وڵاتە ڕۆژئاواییەکانی سەیردەکرێت، وە ئیسرائیلیش بە پاڵپشت و هەژمونی ئیمپراتۆریەتی ڕۆژ ئاوا درووست بووە.
لەم ساڵانەی دووایدا گۆڕانکارییەک لە دێدگای چەپی ڕۆژئاوا ڕوویدا بەوەی سەرنجیان زیاتر چووە سەر دژیاتی کردنی ئیمپریالیزم و ڕەیسیزم، گۆڕانێک لە چینایەتییەوە بۆ شوناسی سیاسی، هۆکارەکەش لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە ئیسرائیل وەک شوناسی ڕۆژئاوا سەیردەکەن بۆیە کێشەی فەڵەستینیان وەک سەکۆیەک بەکارهێنا دژ بە ڕاسیزم و تیرۆر. لێرەوە شەڕ لە دژی تیرۆ دەبێتە هۆکاری نەبینینی دیمەنەکانی تر.

بەهەرحاڵ، من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بخەمە بەرچاو، بۆچی میلەتێکی زۆری وەک کورد لە جیهاندا کە تا ئێستا بێ دەوڵەتە، هەمان مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت؟
پێم وانییە کێشەکە ڕێکنەکەوتنی ئایدیۆلۆجی بێت. بزوتنەوەی کوردی وەک ئەوەی ئێستا لە تورکیا و سوریا هەیە ( نەک عێراق) بزوتنەوەیەکی زۆر پێشکەوتوخوازانەیە لە ناوچەکە. لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە زۆرتر تەبان لەگەڵ دێدگای چەپ بەبەراورد بە کۆمەڵەی حەماس و حیزبوڵا، بە پێی ئەو جێگاو ڕێگایەی کە هەیانە دژ بە ئیسرائیل، شوێنێکی تایبەتیان هەیە لای بەشێک لەو چەپانەی کە خۆیان بە ” دژی ئیمپریالیزم” دەزانن.
عەفرین، گۆڕەپانی شەڕی ئەردۆگان، باکوری سوریا یان کوردستانی ڕۆژئاوا ( ڕۆژئاڤا). لێرە پارتی یەکگرتوی دیموکرات PYD هاوڕێبازی پارتی کرێکارانی کوردستان ( PKK ) کە لە تورکیان، لەگەڵ هەردوو باڵی چەکدارییان YPG و YPJ پیادەی دیموکراتیەتی ڕاستەوخۆ دەکەن لە ژێر ئاڵای کۆنفیدراڵییەتی دیموکراتیدا.

ئەم بیرۆکەیە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە داڕێژراوە ڕابەری پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی تورکیا زیندانی کراوە. بنەڕەتی ئەم تیۆرە لە ئەنارکیستی ئەمریکی (مورایی بۆکچین)ەوە وەرگیراوە کە شێوەیەکە لە سۆشیالیزمی ئازادانە کە چەخت دەکاتەوە سەر کۆمەڵگەو بنەما دادپەروەرێکەی، لەگەڵ هەوڵدان بۆ کۆتایی پێهێنان بە باوک سالاری لە پێناو بنیاتنانی دونیایەکی باشتردا.
ڕەخنە گران پێیان وایە ئەم بانگەشەی دیموکراتییە پەردەیەکە بۆ داپۆشینی بانگێشەی سەربەخۆیی کوردی. هەروەها پێیان وایە لە ژێر دروشمی یەکسانیخوازیدا بەرنامەیەکی نەتەوەیی کۆنەپەرستیان حەشاردراوە.

ڕەنگە.

ئاسان نییە بزانرێت چی لەسەر زەمینی شەڕ دەگوزەرێت، وەهیچ ڕێکخراوێکیش نمونەیی نییە. گریمان ڕەخنەگرەکان لەسەر حەقن، بەڵام هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێت کەوا پارتی یەکێتی دیموکراتی زۆر پێشکەوتوخوازترە لە هەموو جیهادێکانی داعش کە شەڕیانیان کرد، هەروەها لە خوێن ڕێژەکەی دیمەشق و پارێزەرانی ئاین لە تەهران و ئەردۆگانی سەرکوتگەر. زەحمەتیش نییە لەوە تێبگەیت کێ خاوەنی مافێکی ڕەوایە.
بەهەرحاڵ، لای زۆرێک لە چاودێران ئاکامەکەی بۆ خاڵێک دەگێڕنەوە ئەویش ئاڵۆزی شەڕی ناوخۆ لە سوریا و پەیەدە وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن لەناو ئەو هاوکێشەیەدایە. پەیەدە لەگەڵ هێزەکانی دیموکراتی سوریا(SDF) ئەم هێزە هاوبەشە لەلایەن یەپەگە و یەپەژەوە بەڕێوەدەبرێن کۆمەڵێک ڕێکەوتنیان کردووە دوواینیان (لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد) بوو، هەروەها یارمەتی و هاوکاریشی لەهێزەکانی ئەمریکاوە وەردەگرت.

پێناچێت ئەمەبێت.

لەڕوانگەی بەشێکی ترەوە پێیان وایە کورد هاوکاری هێزی نەیتۆ دەکات بە قازانجی ڕۆژئاوا بۆ بێهێزکردنی هێزی بەرگری کە خۆی نیشان دەدات لە یارمەتێکانی ڕووسیاوە، تا تەهران و دیمەشق و خواروی لوبنان.
هەندێک ڕاستی تێدایە. هێزی سوریایی دیموکرات، بنکۆڵی ئەسەد دەکات، هەروەها ڕێگرە لە پێش خەونەکانی پۆتین لە ناوچەکە و بە شێووەیەکیش قەڵەم ڕەوی ئێران پڕ گرێ و گۆڵەتر دەکات.
بەهەر حاڵ، بیانوویەک هەیە بۆ ڕێگرتن لە ڕوخانی دەوڵەتی سورییە، بیرکردنەوەیەک لەپشتی ئەمەوە هەیە کە پێی وایە هەر هێزێک پشتیوانی لە ئەسەد دەکات وەک هێزێکی پێشکەوتوخواز دەردەکەوێت چونکە شەڕی ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواو هەژمونی وەهابیزم دەکات.
بەرەی مۆسکۆ، تەهران و دیمەشق هاوپەیمانی هیچ هێزێکی تری یەکسانیخواز و بەرەی چەپ نین. لەو بارەوە پرسیار لە خەڵکی گۆتەی ڕۆژهەڵاتبکەن.
ئەگەر جیۆپۆلەتیک بخەینە لاوە، هۆکاری تریش کە بیری لێبکرێتەوە. وەکو ڕۆزا بۆرک و کیریم شامبۆرگ لە پێگەی جاکۆبیان ئاماژەیان پێدا، ئەو هاوپەیمانێتیە تاکتیکییەی لەگەڵ سوپای ئەمریکیدا مانای ئەوە ناگەیەنێ کە ناوەڕۆکی بەرنامەی پەیەدە گۆڕانی بەسەردا هاتبێت. پنتاگۆن دەستێوەردان ناکات لە کاروباری ناوخۆی کوردەکان. ترامپیش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر شۆڕشی ڕۆژئاوا نییە، ڕەنگە هەر هیچیشی لەبارەوە نەبیستبێ.

با ئەوە قبوڵ بکەین ئەو بارو دۆخە تێک ئاڵاوەی سوریا وایکردووە بەشێک لە چەپ بێدەنگی هەڵبژێرن سەبارەت بە کێشەی کورد. لە بارودۆخی شەڕدا هەندێکجار زەحمەتە زاڵم و مەزڵوم لێکجیابکرێنەوە، بەڵام هەموو ئەمانە ئەوە ناگەیەنێت کەوا هاوپشتی کوردەکان نەبیت.
لە تورکیا، پارتی دیموکراتی گەلی کەوتە بەر شاڵاوی سەرکوتکردن لەلایەن دەسەڵاتەوە پاش ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا سێزدە کورسییان بەدەست هێنا لە مانگی حوزەیرانی 2015، کە هۆکارێک بوو بۆشێواندنی پلانەکانی ئەردۆگان سەبارەت بە سیستمی سەرۆکایەتی.
پاش دەرکەوتنی بزوتنەوەی مافەکانی کورد لەگەڵ ناڕەزایەتێکانی پارکی گازی لە ئیستانبوڵ، سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی گەلی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگان یۆکسکداش و دەیانی تریان کەوتنە بەر شاڵاوی زیندانیکردن. ئەم سەرکوتکردنەش بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی تورکی توندتر بووەوە بەتایبەت پاش کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016.

لە پڕ سەرکوتی دادگایی گۆڕا بۆ سەرکوتی توندتر. لە 2015 شەوە پرۆسەی ئاشتی هەرەسی هێنا کە بڕیار بوو کۆتایی بهێنێت بە ململانێی چل ساڵەی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی دەسەڵات دەیویست دۆخەکە بەتەواوی بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە.
کارە دوژمنکارەکان وایان کرد سەدان هەزار کەس لە خەڵکی سیڤیل لە جێگاو ڕێگای خۆیان هەڵبکەنرێن لە نێوان ساڵەکانی 2015 و 2016 دا وە 250 کەسیش لە خەڵکی بێ چەک بکوژرێن لە خواروی ڕۆژهەڵاتی تورکیا. جارێکی تریش چارەنووسی کورد بە بێدەنگی بەڕێ خرا لە لایەن بەرەی چەپەوە.

ئەم هاوپشتی نەکردنە کە پێشتریش ئاماژەم پێدا، بەڕای من دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کەوا کورد قوربانی دەستی هێزێکی ” غەیرە ڕۆژئاواییە ” بۆیە ئازارەکانیشیان بەردەوامە. ئەوە گرنگ نییە کەوا تورکیا ئەندامی هاوپەیمانی نەیتۆیە، یان دەیەوێت بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە، یان بەتەنها دەوڵەتێکی سەرکوتکەرە و خەون و ئارەزوی ئیمپراتۆریانەی هەیە و مێژویەکیشی هەیە لەسەرکوتکردنی نەژادەکانی نێوخۆی.
ئەم دۆخە بۆ زۆرێک لە چەپەکانی ڕۆژئاوا جێی سەرنج نییە، بۆیە قوربانێکانیش ناکەونە بەرچاو.


وەرگێڕانی: گۆران عەبدوڵڵا

20/3/2018
ئەم وتارە لە
23-2-2018 نووسراوە.

—————————————–
ولیام ئایکلر:
ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆیە و لە وڵاتی بەریتانیا دادەنیشێت. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ڕۆژهەڵات ناسیدا.
ڕۆزا بۆرک – Rosa Burç
توێژەرە لە پەیمانگای زانستە سیاسێکان و زانستی کۆمەڵایەتی لە زانکۆی بۆن.
کیریم شامبۆرگ- Kerem Schamberger
توێژەر لە بواری زانستی پەیوەندێکان و میدیا لە پەیمانگای لۆدفیگ ماکسمیلیان لە میونیخ، وە ئەندامی چەپی مارکسییە.
جاکۆبیان – Jacobin
پێگەیەکی میدیایی چەپە لە ئەمریکا.

سەرچاوە:
https://www.opendemocracy.net/north-africa-west-asia/william-eichler/as-afrin-burns-where-is-left

Previous
Next

Leave a Reply