Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
فەرمانبەری مشەخۆر و پشووی زۆر…..موحسین خالیدی

فەرمانبەری مشەخۆر و پشووی زۆر…..موحسین خالیدی

Closed
by January 18, 2009 گشتی

 فەرمانبەری مشەخۆر و پشووی زۆر
 موحسین خالیدی

 هەر وڵاتێكی وێرانی دەست دیكتاتۆرییەت، دوای بەدەستهێنانی ئازادی، تەواوی توان و هێزی خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوەی نیشتمان تەرخاندەكات. بۆ وێنە كاتێ لە وڵاتی كوبا شۆرش سەركەوت، فیدل كاسترۆ داوای لە خوێندەوارانی وڵاتەكەی كرد كە بۆ بنبڕكردنی نەخوێندەواری روو لە گوندەكان بكەن، كەمتر گەنجێك هەبوو لەو هەڵمەتە خۆبەخشانە نیشتمانییە بەشداری نەكردبێ ولە ماوەی یەك ساڵ شتێك بەناوی نەخوێندەواری لەو وڵاتەدا نەما. كە سەیری كوردستانی خۆشمان دەكەم، گریان دەمگرێ. نزیك بە یەك ملیۆن كەس فەرمانبەرن و ئەوە حاڵمانە. كەمتر كەسێك هەیە كە سەردانی فەرمانگە یان وەزارەتێك بكات و سكاڵای لە راپەراندنی كارەكەی نەبێ. فەرمانگەی وامان هەیە كە لە ژوورێكیدا 7-8 فەرمانبەر دانیشتوون، كەچی تەنیا 3 مێزی كاركردنی لێیە!!(ئەمە فەرمانبەرە ماندووەكانی هاتوچوو، پۆلیس، زەریبە، ناسنامەوپاساپۆرت و فەرمانبەرانی بەئەمەك ناگرێتەوە) لە هەر دەرچووی كولێژێك دەپرسی خەریكی چیت؟ وەڵامت دەداتەوە: خەریكم واسیتەیەك بكەم بەڵكوو لە شار ببمە مامۆستاو نەمنێرنە گوند و دەوروبەری شار. فەرمانبەری ئافرەتی وامان هەیە كە هەر ساڵەو منداڵێكی دەبێ و هەتا ئێستا چەند ساڵ خزمەتی هەیە ومانگێك دەوامی نەكردووە و هەر لە پشووی دایكایەتییە. ئیتر باسی كارمەندی بن دیوار و رەسمییەكانی چەند شوێن و .. ناكەم. لەهەمووی ناخۆشتریش ئەو كاتەیە كە فەرمانبەرە مشەخۆرەكانمان بە چەقڵەلێدان باس لە پشووەكان دەكەن. بۆ نموونە لە كۆتایی ساڵی 2008 و سەرەتای 2009 بە 4 رۆژی جێژنی قوربان و سەری ساڵ و رۆژانی عاشورا (كە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە) و بە رۆژانی هەینی و شەمەوە نزیكەی 18 رۆژ پشووبووە. ئایا بەراستی بۆ وڵاتێك كە تازە دەیەوێ خۆی بنیادبنێتەوە، ئەم ماوە پشووە زۆر نییە؟ ئایا لایەنی پەیوەندیدار ئاگای لەوە هەیە كە مافی كۆمەڵێك خەڵك بە تایبەتی لە دەزگاكانی وەزارەتی داد دەفەوتێ؟ ئایا دەزانن كە بەدەیان كەس دەبێ چەند رۆژ زیاتر لە كونجی بەندیخانە بمێننەوە، لەكاتێكدا تۆمەتی زۆر سووكیان لەسەرە؟ ئایا ئەو هەموو پشووە، فەرمانبەران لەوە زیاتر فێری تەمبەڵی و كارەكانیان تووشی سەرلێشێواوی ناكات؟ لە لایەكی دیكەوە حەق نەبوو حكومەت لەكاتێكدا وڵات پێویستی بە كارو خزمەتی زۆرترە، رۆژانی شەمە بكاتە پشوو. گەر وڵاتی ئاوەدانمان دەوێ، دەبێ زیاتر كاری بۆ بكەین. كاركردن رازی سەركەوتنە، نەك خۆدزینەوە لە كار و چاوەرێی هاتنی رۆژانی پشوو.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.