Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
قومێكی تر بەسەر ئەم شەوی سەرخۆشبوندا بڕژێنە

قومێكی تر بەسەر ئەم شەوی سەرخۆشبوندا بڕژێنە

Closed
by January 18, 2009 ئەدەب

 قومێكی تر بەسەر ئەم شەوی سەرخۆشبوندا بڕژێنە  
 زمكان عەزیز

 

 ئەو ڕۆژەی پەنجەرەكەت كردەوە       
 دەرگاكەت دانەخستبوو
 كە من لە خوارەوە وردە شوشەی چاوەڕوانیم
 كۆئەكردەوە ..
 نەبا لەپێی كچێ بچەقن
 كە لێوەكانی نەگەیی بن ،،
 ئەو ڕۆژەت لە ڕۆژمێرەكە كردەوە 
 جگەرەیەكت پێسوتان و
 لە ژێر پێڵاوەكانتا كوژانتەوە ..
 لەو دیویش .. ئەم دیوت داخست و
 پەچەی پەنجەرەكەت دادایەوە
 ئەو ڕۆژە ..
 قومێ لە نیگام ڕژاندە چاوەكانتەوە
 پێكانیشم خستە ناو پێڵاوی چاوەڕوانی و
 بە منی پەتیەوە ھاتم ..
 دوێنێ و ئەو ڕۆژەم پێبوو كە خۆمت لێبردم
 لەسەر كورسیە تاقانەكە 
 لە بیرت چوو .. بمدەیتەوە
 ھاتوم خۆم بەرمەوە بۆ سەركورسی باخچەكە
 بەسەر پلیكانەكانا سەركەوتم
 گوێم لێبوو پەنجەرەكەیان داخست و
 دەرگاكەیان لێنەكردمەوە
 ئەوان بوون ..
 ((شاناز)) خانی باجیت بەسەرما ئەیقیژان و
 مامۆستا ((عینادیش)) ملی گرتم و كردمیە دەرەوە
    !!!
  ئەوەندەی كەنارێ تەنیام
 تەنھایی لە كەنارێكدا ڕایخستووم
 ئەوەندەی خەیاڵ سۆراخم .. سواری
 سۆراخێكی شەل بووم ،،
 بە ناو بەسەرچوونی ڕۆژی ساڵە پیرەكانا
 بۆ ماڵئاوابوونی خۆم ئەگەڕێم .. كە
 ئەوەندەی عومرێ تۆزم لێنیشتووە ..
 ئەم ڕێگە كوێرەش لەنێو من و تۆدا
 تەمەن ئەیپەڕێنێتەوە ..
 ھاتوم لەم كەنارە سێبەرێكم بۆ ڕاخەی
 لەو كەنارە .. ھەر من و ماسیەكی جیقنین
 نەورەسێكی دەنوك پیریش وەستاوە
 چاوەكانی پڕن لە شوشە ماسی   
 من ھاتوم لە كەناری خۆڵەمێشا
 دڵتم بۆ بكەی بە سەرین .. و
 بە نیگات دامپۆشی
 من ھاتوم لە كەناری خۆڵەمێشا
 لە منی یەكەوە بمكەی بە دووان
 لەم كەنارەدا .. لەوەتەی یەكم
 دووش ھەر لە خۆیم دەرئەكا
 ئەم دورگەیە لە مندایە .. بۆ چیم ئەگەڕێ
 من لەم دورگەدام .. بۆ چی ئەگەڕێم
 من ھەمیشە لەگەڵ تەنیشتی خۆم ئەدوێم
 تەنیشتەكەشم بە تەنیشتمەوە دێ
 ھەردوكمان بە ئارامی ئەڕۆین و
 گوێ لە یەكتر ئەگرین
 ئەو توڕە ئەبێ من توڕەتر
 ئەو پێئەكەنێ من توڕەتر
 ئەو ئەگری من توڕەتر
 ئەو سەری ئەنێ بە سنگمەوە
 چاوم پڕ ئەكا لە گلێنەكانی 
 فێری نیگای ناو ژوورە تاریكەكانی خۆم ئەكا
 من ھەر توڕە تر ،، توڕە ئەبم 
 كە ئەو منە و منیش ئەو
 لەم كەنارەدا من بە دوای دووا ئەگەڕێم
 دووش خۆیم لێ نیوە ئەكا .. و
 ھەرگیز پڕ نابێ ..  
 ھەرچی ئەكەم بۆمناگیرێی.. كە
 تۆ ھەر بە تەنیشتمەوەی ،،
 لەم كەناری خۆڵەمێشەدا
 تەنیشتم .. بە دوواما ئەگەڕێ
 من ،،،،،
 پیاوێكە سۆراغ پێچاویەتیەوە
 بۆ ژەمێكی خواردنی سەفەر
 سەفەرێ نە دەمگەیەنێتە تۆ .. و
 نە تۆشم تێدەگەیەنێت ..
 !!!
 یاری بلیاردمان ئەكرد
 وتم لەسەر چی
 وتت .. یەك ماچ
 وتم .. لەسەر سەرم
 ئەو ڕۆژەی تۆ بردتەوە
 تۆپە ڕەشەكە ون بوو
  و.. ڕۆشتین
 سەری منت لە ناو تۆپەكانا
 بەجێھێشت
 !!!
 سەرت بە سنگمەوە نابوو
 ئەو ڕۆژەی .. گوێم لە دڵت ئەگرت
 باسی منی بۆ خۆم و
 خۆتی بۆ من ئەكرد ..
 دڵت دڵی تەنگ بوو .. ئەو ڕۆژە
 منی تیا ورد و خاش بوو
 خورپەكانیشم لە ناوتا بەربونەوە
 بەسەرتاڵێكی قژتەوە ..
 لە ملتا بوون بە ملوانكە !!
  تەماشاكە چەند زیندون.. ئەتووت
 …!! لە دەنگی خۆشەویستی ئەچن
 دەنگی زەنگی ھاندیەكەت بوو
 ئەو ڕۆژە ..
 لەسەر كورسی باخچەكە
 منت بە تەنیا ھێشتەوە !!
 
 !!!
   ئەو ڕۆژەی
 زۆر ماندو بووم
 سەرم بە باوەشتەوە بوو
 نوستم ..
 لەگەڵ سەرم بۆ پیاسە چوون          
 پەنجەكانت بە سنگمەوە بە جێھێشتن
 ھێدی ھێدی دڵمیان ئەژەن
 ئەیانژەنیم ..
 لە ناو باخچەی یەكەمین ماچ
 یەكەمین تۆ و یەكەمین من
 ئەو ڕۆژەی دڵم لە ملت كرد و
 قەڵەمی لێو و چاوەكانت تێخست
 ئەیانژەنیم ..
 بۆ سەفەرێ ڕێگەت تیا پێچایەوە و
 داتە دەست نەگەڕانەوە
 بۆ ئەو ژوورەی شەڕ ئاشتی ئەكردینەوە
 بۆ لای ئەو درەختەی ناوی تۆی لە مندا و
 منیشی لە تۆدا ھەڵكۆڵی
 بردمیەوە بۆ ئەو شەوەی
 دەست و پەنجەی بەیانیت بە تاریكی خەنە كرد
 بۆ ئەو ڕۆژەی ،،
 پرچی شەوت بەسەر چاوما ڕژان
 لەژێریدا چرای چاوم كزكز نیشتن و
 دەنگیشت كوژایەوە
 ئەوەندەم نۆش كردی ئەوەندەت كێشام
 لەناو لێوی شەراب و منی دوكەڵدا
 بەیانی بوو .. لەو خەراباتە 
 كەسمان یەكمان نەدۆزیەوە
 !!!
 ئەو رۆژەی ڕاین لەسەر پشت ڕاكشا بوو
 من لەوێ بووم
 خۆر سەری تیا ئەشت ،،
 ماسیەكان خۆیان لە ناو پرچی خۆر ھەڵەژنی و
 شۆڕ ئەبونەوە
 ملوانكەیەكم لە گوێچكە ماسی
 بۆ ھۆنیتەوە ..
 بەر لەوەی لە ملتیكەم
 گوێكانمت دا بەدەم چرپەی شەوەوە
 لە نیوە شەوێكی برسیدا
 ھیچیان نەھێشتم ،،!!
 
 
 
       زمكان عەزیز
 Simkan97@hotmail.de
         ئەڵمانیا   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.