Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
دڵ پیسى و گومان یان دووسیفاتى ناوازەى ئینسان …!

دڵ پیسى و گومان یان دووسیفاتى ناوازەى ئینسان …!

Closed
by January 18, 2009 گشتی

  دڵ پیسى و گومان
 یان
 دووسیفاتى ناوازەى ئینسان …!
 سەروەر كەریم

 Sarwar_kareem@yahoo.com

 هەركۆمەڵگایەكى نەرێتى بگرى ، كەفەرهەنگى ئایینى وخێڵەكى وپیاوسالارى تیایدا زاڵە، بەچەندین سنوورى پیرۆز دەورەدراوەو، ئەوپیرۆزیانەش بوونەتە عەقڵیەت و بەتوندترین شێوە،لەسایكۆلۆژیەتى تاكەكاندا كاردەكات و ڕەنگدانەوەى توندى هەیە لەلاى تاكەكان .
 تاك لەوكۆمەڵگایانەدا خاوەنى هیچ ئازادیەكى خودى نى یەو ، تاكێكە لەدەروەى خۆى دەژى وبەردەوام دەبێت هەست بكات كەئەو بوونى نى یە ، جگە لەوەى بەشێكە لەخواست و ویستەكانى گشتى . لێرەوە تاك لەبۆتەى گشتى دا وون دەبێت و دەبێتە جىَ بەجىَ كارى خواستەكانى گشتى . ئەم بەگشتى بوونە وایكردوە بەناچارى تاك لەدەرەوەى خواستەكانى خۆى بژى و هەموو ئەو ڕێنماییانە جىَ بەجىَ بكات، كەكۆمەڵگا بۆى كێشاوە ، بەم كارەش مافى تاكایەتى بوونى نامێنىَ و كێشەو ناكۆكیە دەروونی خێزانیەكان سەرهەڵدەدات . سەرهەڵدانى كێشەكانى خێزان ، لەكۆمەڵگاى گشتگیردا دەگەڕێتەوە بۆئەوبنەماپیاوسالاریەى ، كەلەسەر عەقڵیەتى كۆیلەو سەید دامەزراوەو لادان دەبێتە هۆكارى بەقوربانى كردنى كۆیلە .
 پیاوى كۆمەڵگاى نەرێتى ، پیاوێكە دڵ ڕەق و دڵ پیس و بەردەوام بەگومانەوە لەژنان دەڕوانێت و پێ وایە ، ئەگەر ژنەكەى چووە دەرەوەى ماڵ داوێن پیسى دەكات ، یاخود هاوڕىَ یەكى كوڕى هەبێت ، ئەوادەستى تێكەڵ كردووەو خیانەتى سێكسى دەكات ، ئەم سایكۆلۆژیەتە بنەماى خۆى هەیەو ناكرىَ بڵێن ئینسان لەلەدایك بوونى یەوە هەڵگرى ، ئەم سایكۆلۆژیەتە بووە ، بەڵكو ئەوە كۆمەڵگاو كەلتورو پەروەردەو ئایینە ئەو عەقڵیەتە جێگیر دەكات . كاتێك ئەو یەكانە ژن وەك تۆپەڵێك سێكس سەیردەكەن و پیرۆزى بەدەوردا دەكێشن و هەمەڕۆژە ئەوعەقڵیەتە دەمەزەرد دەكرێتەوە ، بەدڵنیایى دڵ پیسى دەبێت بەیەكێك لەگرنگ ترین كێشە دەروونیەكانى پیاو و بەردەوام بەوچاوەوە لەژنان دەڕوانىَ ،بۆیە هەمیشە لە هەوڵى چاودێرى كردن و توندكردنەوەى زنجیرى كۆیلایەتى ملى ژنان دایە ، بۆئەوەى بتوانێت ناخى ئاسودەبكات . پرسیارەكە لێرەدایە ، ئایا پیاوان دەتوانن بەدانانى سنوورى پۆڵاین بەدەورى ژنان دا ، گومانەكانیان كەم بكەنەوە ؟ بەبڕواى من نەخێر : گومان و دڵ پیسى پێش هەرشتێك جۆرێكە لەنەخۆشى دەروونى و ئینسان كاتێك دووچارى ئەو هەستە دەبێت، هەندێك جار نەك گومان لەژنەكەى دەكات ، بەڵكو گومان لەدایكى خۆى دەكات ، یاخود خوشكەكەى ، كەئەوانیش بەجۆرێك لەجۆرەكان كارى لادانى سێكسیان ئەنجام دابێت . دروست ئەوە بەتەنها گومانەو سەرچاوەى لەلەدەست دانەوە گرتووە . پیاوى گۆمەڵگاى سونەتى بەردەوام لەدڵەڕاوكىَ و ترس دا دەژى ، ترس لەلەدەست دان ، كاتێك ئەوترسە دەبێتە سایكۆلۆژیەت ، ئیدى بەردەوام ناخى دەخوات و ئازارى دەدات . ڕەنگە كەسێك تەلەفۆن بۆژنەكەى بكات ، ئەو پیاوە ڕاستەوخۆ ڕادەچڵەكىَ و پێى وایە ژنەكەى خیانەتى كردووە ، هەندێك جار ئەو پیاوانە ناتوانن ئەو هەستەیان دەربڕن و خۆیان دەخۆنەوە ، كەدواتر دەبێتە هۆكارى نەخۆشى دەروونى و جەستەیى . دیارە ئەوە بەتەنها پیاوان نین خاوەنى ئەو هەستەبن ، بەڵكو ژنانیش بێبەش نین لەودیاردە دەرونى یەو ئەوانیش هەڵگرى هەمان هەستى دڵ پیسى و گومانن و ڕەنگە كاریگەرى ئەو دوانە لەسەر ژنان قورس تربیت ، بەتایبەت لەكۆمەڵگا دواكەوتووەكاندا ، چونكە ژنان پلەیەك لەخوار پیاوەوەن و ناڕەزایەتى دەربڕینیان مایەى ئازارى زیاترە ،بۆیە بەردەوام ناخى خۆیان دەخۆنەوەو كەمتر دەتوانن ئەو ڕازى گومان و دڵ پیسیەى خۆیان ئاشكرابكەن ، بۆیە خەمۆكى و ئازارى بەردەوام هەڵدەبژێرن ، كەدەبێتە هۆكارى نەخۆشى دەرونى و جەستەیى . كەواتە دڵ پیسى و گومان بۆچى ؟ كاتێك ئینسان خوود بوونى خۆى لىَ زەوت دەكرێت و دەبێتە كەرەستەیەك بەدەستى گشتى یەوە ، ئیدى تەواو كێشەكان سەرهەڵدەدەن ، گومان و دڵ پیسى زۆرجار دەبێتە هۆكارى هەڵوەشانەوەى خێزان و هاوسەرى … هتد . بەبڕواى من تائەو جێگایەى گۆمەڵگا سنوورە پیرۆزیەكانى خۆى بەتەواوى تێك نەشكێنىَ و سێكس و پەیوەندیەكان ، وەك مەسەلەیەكى تایبەتى ئینسانەكان سەیر نەكرىَ ، ئەوا بەدڵنیایى ئەو سایكۆلۆژیەتە درێژەى هەیەو قوربانیانى دەستى لەزیاد بوون دایە . هەڵبەتە ئەو ڕوانین و گومان كردنە بەتەنها بۆ ژن ومێردەكان نى یە ، بەڵكو بۆزۆرینەى ژنان و پیاوان وایە . زۆرجار لەفەرمانگەیەك دا ، یاخود زانكۆ ، یان هەرشوێنێكى تر ، كەهەردوو ڕەگەز كارى لىَ دەكەن ، هەمان سایكۆلۆژیەتى گومان و دڵ پیسى و تاوانباركردن بەپەیوەندى سێكسى بوونى هەیە … ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كاتێك دوو ڕەگەزى جیاواز هاوڕێیەتیان خۆشە . چەندین كەس ، كەخۆیان بەگومان ئاخنیوە دەكەونە بوختان هەڵبەستن ، بەدوو مەبەست . یەكەمیان تێكدانى ئەو هاوڕیەتى یە ، بەوەى كەئەو لەبەر دڵ پیسى خۆى ناتوانێت هاوڕیەتى بكات ، چونكە ئەو لەبنەمادا نازانآ هاوڕیەتى چى یە ! پآ وایە هاوڕیەتى دووڕەگەزى جیاواز بەتەنها سێكسە . دووەمیان ناشرین كردنى ئەو دووكەسەیە لەبەرچاوى یەكترى بەخاترى ئەوەى خۆى لێنزیك بكاتەوەو ڕاوى بەرژەوەندى خۆى بكات … بۆیە سەیر نى یە زۆرترین كاتى گفتوگۆى ئەوكەسانە ، لەوشوێنانەدا هەڵ ڕشتنى بوختان و درۆكردنە ، كەزۆرجار دەبێتە هۆكارى بەدناوكردنى ئەو دوو هاوڕیەو نانەوەى كێشە و بەقوربانى كردن . ئەوكاركردن و عەقڵیەتە هۆكارى سەرەكى بەدواكەوتو هێشتنەوەى پەیوەندیە كۆمەڵایەتى و ئینسانیەكانى ، كۆمەڵگاى گشتگیرو دواكەوتوەكانە . بەبڕواى من كۆمەڵگا گشتگیریەكان بەشێكى زۆرى تاكەكانى توشى نەخۆشى دەروونى بوون ، بۆیە گومان بەتەواوەتى سایكۆلۆژیەتیانى داگیر كردوە ، ئەم حاڵەتە پێویستى بەلەسەر وەستان ولێكۆڵینەوەى جدى هەیە ، تاهەوڵ بدەین مافى بەخود بوون دوور لەگومان و دڵ پیسى بگەڕێنینەوە بۆئینسانەكان … هەڵبەتە ئەوكارە قورسە بۆكۆمەڵگایەك ، كەتەواوى پەیوەندیەكانى لەسەر بنەماى ئایین و خێڵ و نێرسالارى دامەزرابێت و گومان و دڵ پیسى تا قوڕقوڕاگەمان هاتبێت ، بەڵام ناشكرێت بەردەوام خۆمان بكەینە قوربانى ئەو سایكۆلۆژیەتە نەخۆشەو ، دەست بەردارى مافى تاكایەتى خۆمان بین ، باجى هەڵەى دەروونى نەخۆش بدەین . بۆیە دەكرێت هەوڵى هۆشیار بوونەوە بدەین بەئازادى یە تاكیەكان ، تائەوەى بتوانین كۆمەڵگایەكى تەندرووست بەوجود بهێنین و نەخۆشیەكانیش بەرەو چارەسەركردن بەرین ، ناكرىَ كۆمەڵگایەكى ناتەندروستمان هەبێت و خاوەنى ناشرین ترین سایكۆلۆژیەت بین و هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین ، دەبێت ژیانى كۆمەڵایەتىمان ، لەگومان و دڵ پیسى قوتاربكەین ، دەبێت پیرۆزیەكانى دەورى سێكس هەڵوەشێنینەوەو ، وەك كردەیەكى سروشتى و ئاسایى سەیر بكرێت … دەبێت لەوە تێبگەین هاوڕیەتى لەسەر بنەماى خۆشەویستى هاوبەشە ، نەك بەرژەوەندى هاوبەش … ئەگەر دەست بۆئەوكارانە نەبەین ژیانى و پەیوەندیە كۆمەڵایەتى یەكان دەبنە قوربانى گومان و دڵ پیسى
 
 سلێمانى
 20/12/2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.