Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
مەرگێك لە ناو رۆحمدایە

مەرگێك لە ناو رۆحمدایە

Closed
by January 20, 2009 ئەدەب

 مەرگێك لە ناو رۆحمدایە
  رێبوار رەزا چوچانى

 
 
 

 لەم مەرگەدا بە دواى نەسیمێك مەگەڕىَ
 ژیان پڕكات لە هەناسەكانى خودا!!!
 ئیتر مەرگ هەردوو دەستى ژیان دەگرێت.
  دەیبات بەرەو كەنارەكانى فەنابوون…
 دەیبات بەرەو ژێر پێنانى چیرۆكەكانى بەر باران
 ئیتر ژیان وەك هەنسكى مناڵیمان كۆتایى دێت…
 بۆ هەمیشە بزر دەبىَ و نایەتەوە و هەناسەیەك هەڵنامژێت
 ئەو ژیانەى ئێمەى كردە هاوڕێى باران
 مەرگ دەیبا و وەك بەفرى سەر تولە رێكان
 لە ژێرپێى جەنگاوەرانى سوپاى مەرگا دەتاسێت و ناتوانێت هاوارێك بكات!
 كۆتایى دىَ … بۆ هەمیشە نایەتەوە و لەناو مەرگا جوانییەكانى بزر دەبێت!
 ئیتر سیماى ماندووى منیش لە ناو ئۆقرەی دەریاوانە پیرەكاندا…
 وەك كزەبا…
 بەسەر پشتى شێتە شەپۆلى شەلەوە!!!
 وەك رێبوارێكى دەریاگەڕ…
 بە دواى خەمى ئاوابوونى هەتاوێكى رۆح كوژراودا!!!
 وێڵ وێڵ دەڕوات… بەرەو دۆزەخەكانى تۆ!
 ئیتر نیگام وەك هەنگاوی رێ لێ ونبووى رێبوارێكى بێ نیشتیمان
 بە دواى سێبەرى فڕینى بەیانیدا سەرهەڵدەگرێت!!
 
 *  *  *  *
 
 من كە زەمەن سپاردمى بە تەنیایى … ئیتر ژیانم بۆچییە؟
 كە تەنیاییش سپاردمى بە دەستى تۆ… ئیتر سێبەرم بۆ چیە؟
 كە تۆش هەناسەكانت برد… بۆ بن دەستى مەرگى باران…
 ئیتر پێدەشتێكم لە خەم … هەر مردنم لێدەبارێت.
 من كە ئەستێرەى شەوێكى پڕ لە خورپە
 دەستم بگرێ و بمبات بۆ ناو رۆحى زوڵمەت.
 ئیتر نورى عیشقەكانت كۆ بكەوە
 چراى چاوت بكوژێنەوە و بەجێمبێڵە!
 با زوڵمەتى شەوانى خەم… بڕژێتە ناو كاسەى رۆحم!
 
 *  *  *  *
 
 من كە شەوان … تەنیایى دەستم بگرێت و بمباتە ناو رۆحى یەقین.
 ئیتر فرمێسكەكانى خواش ناتوانن ئەم رۆحە دیلەم بشۆنەوە و
 بمبنەوە بۆ ناو رەنگەكانى بوون.
 من كە روناكى نەتووانێت تاریكى رۆحم بشكێنىَ!
 با ئیتر چیرۆكى هەتاو… لە دەفتەرى یادەوەرى مناڵیما بزربێت و
 بەدواى تریفەى مانگەشەو تەریقەتى مردن بگرم!
 ئەمشەو دەڕۆم… دەڕۆم بەرەو سەرزەمینێك…
 كە خوداش وەك من مەلول بێت.
 تا لە پەناى دارتوویەكى روتاوەدا…
 بەدیار رابردووى كوژراوى خۆمانەوە
 لە سەحەردا پرسە بۆ تەنیایى بگرین!
 
 *  *  *  *
 
 من لە شێتى چێژى تەمەنێك ونم دەكات
 لە ناو حیكمەتەكانى ژین.
 كە ژیان و خودا و عیشق لە ناو زاكیرەى مرۆڤدا سەما دەكەن!
 من لەناو حیكمەتى دوورى بۆ سۆزێكى كوژراو وێڵم
 كە بەدیار رۆحى خوداوە شیوەنێك بۆ گەردوون دەكات.
 
 *  *  *  *
 
 تۆ ژیانت لێسەندمەوە… ئازارێكت دایە دەستم.
 تۆ خەندەى مناڵیت كوشتم… غەریزەى گەورەییت پێدام!
 تۆ جەژنانەكانت بردم كۆڵێك خەیاڵت بەجێهێشت 
 كە ژیان پڕ كەن لە نەفرەت!
 تۆ میهرەبانییەكانت برد لە كەنارى رابردوودا سەرت بڕین!!!
 منیش بەدیار داهاتووەوە ئێستام كردە ملوانكەیەك و لە ملت كرد.
 تۆ منت دایە دەست حوزن…كەچى خۆت لێوڕێژى لە رەنگ!
 تۆ منت خستە ناو سەحرا … كەچى خۆت پڕى لە بەهار!
 هەر خونچەت لێدەبارێت و هەر بەهارت تەڕ تر دەبێت!
 تۆ بە دیار مەرگى منەوە گۆرانى بۆ رۆحێك دەڵێیت
 كە لێوڕێژە لە غەزەب و لە شەهوەت و لە گەڕان بۆ مەرگى باران!
 منیش بە دیار تەرمى هیواى كوژراوى خۆم شیوەن بۆ تۆى ون دەگێڕم!
 
 *  *  *  *
 
 من ئێستا ژیان كوشتومى… جارێكى تر تۆ ناوانیت هەناسەم پێ بدەیتەوە
 من كە ئێستا لە ناو خەڵوەتى مردندا سۆز بۆ مەرگى هەتاو دەكەم!
 نورى چاوەكانى تۆ تاریكى من لە ناو نابات.
 
 *  *  *  *
 
 تۆ كە ئێستا بەرى روناكیت لە من گرت
 ئیتر باسى ژیان مەكە.
 تۆ كە ئێستا رەنگى زەردى پایزانەت خستە رۆحم
 باسى چرۆى سەوز مەكە.
 تۆ كە رەنگى زەردت كردە هێماى عیشقى خۆت بۆ ژیان
 ئیتر بەهارت بۆ چییە ؟
 تۆ كە ناتوانى رەنگى ئاو ببینیت و بیكەیتە هێماى داهاتوو!
 ئیتر باسى دەریا مەكە…
 كاتێك لە ناو عیشق و خەیاڵى ناو دڵى دەریاوانە پیرەكاندا
 دەبێتە یەك پارچە لە رەنگ!
 
 
 *  *  *  *
 
  عیشق لە ناو رۆحى تۆدا هەناسەكانى كوژراوە!!!
 كەچى لێوڕێژى لە غرور!!!
 تۆ یەكپارچە من خستە ناو ئافاتێك
 منیش بەدەم سۆزى تۆوە خۆم مەست دەكەم!
 تۆ منت خستە ناو دۆزەخ
 كەچى باوەشم فیردەوسە بۆ رۆحى تۆ!
 
 *  *  *  *
 
 لەم مەرگەدا بە داواى ئاوازێكدا وێڵم… گەردوون پڕبكات لە گریان!
 بە دواى گریانێكدا وێڵم … كە رۆحى تۆ بشواتەوە!
 لەم وەرزى غرورییەى تۆدا… مەرگێك لە ناو رۆحمدایە…
 رۆحم لە مشتى تۆدایە… تۆش لە ناو غروریدا رەنگەكانت بەجێماوە….
 من ژیانم بۆ تۆ تەی كرد… كەچى تۆ لە ناو رۆحما بویت…
 تۆ رۆحى منت لە پێدا… كەچى منت نەدۆزییەوە…
 من كە ئاوێنەى سیماى تۆ رۆحى بردم
 كەچى هەر تۆش بە دەستى خۆت خەزانت خستە ناو رۆحم….
 من لە ناو خەزان تۆم ناسى… بەهارى خۆمم پێبەخشیت…
 تۆش لەگەڵ خۆتدا عومرى بەهارى منت برد… كۆڵێك گەڵات بۆ جێهێشتم…
 
 10/1/2009      هەولێر
 
 rohani1983@gmail.com
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.