Skip to Content

256 Views

نهێنی گەڕانەوەی عیشق لە بەرگی تارماییدا … خوێندنەوەی: شێرزاد حەسەن

نهێنی گەڕانەوەی عیشق لە بەرگی تارماییدا … خوێندنەوەی: شێرزاد حەسەن

Be First!
by April 3, 2018 General, Literature
image_print


لەبارەی (عەشقی هاجەرە)وە

—————————

+ نامۆیی لە پای تابوو:

لە پاژی یەکەمدا بەر لەوەی بزانین چیرۆکبێژ کێیە، وەک توخم و رەگەز، وەک تەمەن و ناسنامە و هوشیاری و کار و باری کەسییەتی، دەنگێک دەبیستین کە سێ جاران منداڵانە بانگی باوکی دەکات: باوکە.. باوکە.. باوکە… تکاکارانە و کزۆڵە و شەرمنانە، دەنگێک کە پڕە لە ترسی فەرزەندێک کە هانا و پەنا بۆ باوکی ببات، یان هاوارێکە بەوەی کە باوکە رووەو مەترسییەک و هەڵدێرێک ملی نابێت، ئەمی جگەرگۆشە فریای بکەوێت و هۆشداری بداتێ کە ئاگاداری خۆی بێت، بانگ و هاوارە بە هەوا و ئاوازێکەوە دەگوترێت کە هەر لە سەرەتاوە بە خۆیەوە هەڵماندەواسێت تاوەکو مەراقدار و کونجکۆڵ بین و بپرسین: ئەم پەرۆشی و پاڕانەوەیە لە پای چ خەمێکی شاراوە و پەنهانەوە بە گوێی ئێمە دەگات؟ کەچی باوکە بێگوێ و کاس و هوڕ و بێئاگایە لەو هاوارە بە ئەندازەیەک کە گومان بکەین لەوەی کە کەڕە و نابیستێت کە تا کوتایی ئەو گومانە بەردەوام دەبێت، بگرە ئەوجارانەش کە بەدەم ورتەورتەوە زار هەڵدێنێت پتر لە منگەمنگ و بڵمە بڵمی کەڕ و لاڵێک دەچێت… ئێمە تا کۆتایی دەنگی ئەو نابیستین!

دواتر تێدەگەین باوکە کە دواتر بە “فەقێ عەلی” دەیناسین وەک “وەلی دیوانە ” عاشقی “شەم”ێکە و سەرگەردان و وێرانە ماڵ، بگرە هەستکردن بە کات و شوێن بزر دەکات، “هەڵۆ-ی چیرۆکبێژ” تەنها کەسێکی خانەوادەکەیە کە وەک سێبەر دەکەوێتە دوای باوکی، هەندێکجار گومانی لێدەکەین کە سیخوڕی بەسەر باوکییەوە بکات بە نیازی دۆزینەوە و پشکنینی هۆکاری شەیدایی و بێئاگابوونی لە ماڵ و حاڵ و دوکانە پەڕپووتەکەی، پیاوێکی ڕەشۆکی و خاکەڕا سەرقاڵمان دەکات، دەنێو ئەو هەموو کارەسات و ئافات و وەیشوومەیە و مەرگی هەرزاندا کە شارەکەی داغان کردووە، پیاوێکی پەتیارە و سۆزێکی شێتانە ئێمەش گیرۆدە دەکات کە لە پای عیشقی” هاجەر”ی قەرەج و گەڕیدە، بە ئەندازەیەک کە لە پیاوێکەوە وەردەگەڕێت و دەگۆڕێت بە تارمایی، بە ئەندازەیەک کە لە بری جیرۆکێکی واقیعی بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ئەفسانە و بۆنی داستانە کۆنەکان بدات بە ئێمە کە تیایدا “‌هاجەر”یش پتر لە تارمایی دەچێت نەک بنیادەم. ئێمەش وەک کوڕیژگە سیخوڕەکەی وەک گەلەتارمایی دەکەوینە شوێن ئەو پیاوە پەتیارەیەی کە بێ ئۆقرەیە و حەجمانی نییە، ئێمەش بە خۆیەوە دەکات بە گەڕیدە و کۆڵانکوت و کەلاوەنشین.

هەر بە راستی “هاجەر” پتر لەو سۆز و حەز و هەوەس و عیشقە ونبووە دەچێت کە کابرا خەونی پێوە بینیوە یان هەرگیز نەیبووە، “هاجەر”ە بەرجەستەی خەیاڵێکی خۆش و گەڕۆک و غەمینی ئەو پیاوە بێ خەو و خەونە بووبێت، نا.. هاجەرە دەقاودەق خودی ژیان و زیندەگی بووە یان زادەی بێبەشییەکی هەر هەموو ژیان بووە کە کۆڵ نادات و بۆی دەگەڕێت، کە لەوەدا وەک تاقانە عاشقێک دەردەکەوێت دەنێو ئەو سەدەها ژن و پیاوانەی کە هەرگیز تامی ئەو شەیدایی و سۆزە ئاگرینەیان نەکردووە، یان هەرگیز بەختی ئەوەیان نەبووە دەنێو دۆزەخی ژیانێکی یەکڕەنگدا بۆ هەزار رەنگی ئەوین بگەڕێن دەنێو قاقڕ و بیابانی بێ بارانی ئەویندا، یان مەرگدۆستی بە مێژووی هەزار ساڵەی خۆیەوە رایهێناون کە ژیان تەڵاق بدەن و هەر زۆر زوو خۆیان لە مەرگ مارە بکەن، یانیش شەرم و نەنگییە دەنێو زەریای خوێن و فرمێسک و ئارەقەدا خەون بە دورگەی سەوزی ئەڤین و ڤیانەوە ببینن. سەیر نییە کە کابرا بە تاقی تەنیا هێشتا لەناو سروشت ماوەتەوە و وەک بوونەوەرێکی کێوی کە هیچ کۆت و بەندێک ناناسێت وەک باقی گیاندارەکانی دیکەی ناو سروشت خۆڕسکانە باوەش بۆ ژیان و جوانی دەکاتەوە کە مەعریفەتێکی مرۆڤکوژ نەیتوانیوە خەیاڵ و خولیاکانی بمرێنێت، دەکرێت کارەکتەرێکی وا زادەی خەیاڵی نووسەر بێت بۆ کڕینەوەی ژیاندۆستی کە ئەوەشیان لە دونیای داستان و داهێناندا رەوایە، بەڵام دەکرێت تا ئەوپەڕی خاکەڕایی و سادەیی و نەشێوان ڕەگوریشەی دەنێو خاکی ئەویندا ڕەگاژۆ بووبێت، چش لە وشکەساڵی کە تەنها درەختێکی سەوز هەبێت و بشنێتەوە.
هاجەر

+ ستەمێک لە پای عیشق:

هیچ کام لە ئەندامانی خانەوادەکەش بە دایک و کچەکان و کوڕەکانەوە بە نهێنی خامۆشی ئەم نازانن، خامۆشی و سەنگینی باوکە کە بێباکە لە خەم و فرمێسکەکانی ژنەکەی و نیگەرانی فەرزەندەکانی و هەم تۆرانی لە خەو و خۆراک بۆ خۆی وێنەیەکی دیکەمان دەداتێ کە باوکە ستەمکاریشە، بەس ستەمکارێکی باو و ئاشنا نییە بە ئێمە وەک زۆرینەی باوکە زۆردار و کۆپیکراوەکان، دەی هیچ عیشقێکیش نییە بەدەر لە ستەم و خۆپەرستی، گەرچی هەر عیشقیشە سەوزایی و ئاهەنگ بەرپا دەکات. خامۆشی و نهێنی باوکە بۆ خۆی ستەمێکی دیکەیە کە باوکە وەک پیاو و نێری کۆمەڵگایەکی ترادیشناڵ و پاتریارکی ئەو مافە بە خۆی دەدات، پارادۆکسەکە لەوەدایە کە باوکە بە ناوی سۆز و ئەوینەوە ستەم دەرهەق بە کۆی ئەندامانی خانەوادەکە دەکات بە ئەندازەیەک کە فەرزەندەکانی و خانمەکەی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی تەریق دەبنەوە و هەست بە شەرم شورەیی دەکەن، ئەم وەڵامی هاوار و بانگ و تکای هیچیان ناداتەوە، گەرچی ئێمە وەک تەماشاکەر سەرسامین بەو عیشقە مەستانەیە، بە ئەندازەیەک کە بە درێژایی دەقەکە کە بە دیدگای من فۆرمێکی ناوازەی نۆڤلێتێک بێت کە “ئیدریس عەلی” لەژێر تاتیتلی ” گێڕانەوە”دا بڵاوی کردۆتەوە، ئێمە بە بێئاگایی خۆمان بێت یان هۆشیارییەکی نێرسالارانە دڵمان نایەت دادگایی باوکە بکەین کە ستەم دەرهەق بە ئازیزانی خۆی دەکات کە لە پێش هەموویانەوە خانمەکەی “باجی ئایشێ” خۆیەتی، کە بە سەلیقە و خۆڕسک دەماری پیاوەکەی خۆی دەناسێت کە لە میانەی دیالۆگێکدا دەگەڵ فەرزەندەکانی دەژنەوێت:

“ئیتر ئەو، هەرگیز وەڵام ناداتەوە… هەرگیز.. هەرگیز وەڵامی هیچ شتێکی نەداوەتەوە!”
ئەم رستەیە هی هەزارەها خانمی ئەم دەڤەرەی خۆمانە کە پڕە لە داخ و ناچاری و هەم بەخشندەیی و خۆبەدەستەوەدان کە کولتووری ملکەچکردن رایهێناون بە چارەنووسی سڕینەوەی خۆیان قایل بن. باجی ئایشێ لە یەکەمین شەوی زەماوەندەوە گومانی لە فەقێ هەبووە .. بەڵام بە روویدا نەداوە.
دایکی “هەڵؤ” هەموو قەرەبووی تەنیایی و فەرامۆشکردنی خۆی لە لایەن مێردەکەیەوە کە لە پای عیشقی بۆ “هاجەرە” مەست و سەرگەردان بووە، ناچار بووبێت یان جوانپەرست سەرگەرمی رازاندنەوەی ماڵەکەیەتی بە گوڵ و گوڵزار و درەختی بەردار کە مەل و فڕندەی ئاسمانان هان دەدەن ئەو ماڵە خامۆشە تەژی و پڕ بکەن لە چریکە و چەهچەهە بۆ دڵڕەوێنی و ئاوەدانی، دایکە بە جۆرێک هەست بو وشکانی سارای دڵی خۆی دەکات کە پانتایی سەوزایی زیاد دەکات و هێرش دەکاتە سەر پانتایی چیمەنتۆ کە کەمی بکاتەوە و گوڵڕێژی بکات کە بۆ مێتافۆر و خوازەی زیندەگی خانمی باخەوانە و بە میهری ژنانەی خۆیەوە هێشتا خەمی دڵی هاوژینەکەی خۆیەتی کە ترۆپکی بەخشندەیی کوشتنی خودگەرایە بە مانای خۆنەویستی، بە ئەندازەیەک سروشتپەرست و جوانچێن و سەوزهێنە کە فەرزەندەکەی واتەنی:
“پوورە ئایشێ بزمار بنێژێت، دەبێت بە گوڵجاڕ و مێرخوزار!” ئەم بایی ئەوەندەش جادووگەرێکی ناوازە و پەرچوودارە کە مەلەکانیش دەدوێنێت.

+بیانووەکانی ستەم:

خودی ئەو خۆ کەڕ و لاڵکردنەی پیرەی عاشق بۆ خۆی کوشندەترین خەم و سامناکی بۆ کۆی خانەوادەکە خوڵقاندووە، دیسانەوە باوکێکی دیکە کە بە ناوی جوانپەرستییەوە یان خەیاڵێکی زێدە عاشقانەی خۆیەوە بێئاگا دەبێت لە سووتان و سۆز و خۆشەویستی کەسانێک کە پەرۆشی ئەوەن بەرەو شێتبوون نەچێت، لەم دۆخەدا دیواری نێوان دڵڕەقی و بێباکی و هاوسۆزی و خەمخۆری وەک پەڕی سیر تەنکۆڵەیە. بەڵام مەرجە ئەو راستییە بزانین لە ئەدەبدا، بە تایبەتی ئەدەبی داستانئامێز کە بە فیکشن ناسراوە کە خودی خەیاڵ و گەمەکانی فانتازیا راهنماییمان دەکات، دادگایی کردنی کارەکتەر بە ناوی چاکە و خراپە کارێکی نادروستە، چونکە ئەدەبی داستانئامێز و فیکشن بەرپاکردنی پرسیار و گومانێکی زۆرە نەک خانەبەندی شەڕ و خێر کە روانینێکی کۆنە و هی ئەم سەردەمە نییە، ئەدەب خاوەنی ئایدیۆلۆژیا نییە کە یاسا و رێسای پیرۆزی هەبێت کەسەکانی پێ تاوانبار بکات، دوا جار خیڕ و شەڕ یان جوانی و ناشیرینی دەنێو کایەی ئەدەبدا پتر بۆ تێڕامان و شیکاری و خۆناسین و دونیاناسینە، هەر هەموو خەسڵەتە مرۆییەکان بە هەردوو دیوی خێر و شەڕدا ڕێژەییە، کە رەنگە ئەوەیان تاکە پاساوێک بێت بۆ ئەوەی لەم تێکستەدا بواری دادگایی بوونی نەبێت و ئێمە سەوداسەری چیرۆکێک و رووداوێکێن کە کۆتاییەکەی بە کوێ دەگات، یان دەلوێت هەتا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و خانەوادەگی کە بە جۆرێک سازکراوە کە وەها مەزەندە بکەین هەمووان قایل بن بەو چارەنووسە کە لە هەژموونی زاڵی باوکەوە دێت، وەک مافێکی خواهانە و شاهانەی پاتریارک.

+تارماییەکانی دەرە ـ مێژوو:
باوکە بۆ هەمیشە لەسەر ئەو خوانە دانانیشێت کە خانەوادە کۆ دەکاتەوە، بگرە وای لێدێت کە خەڵکی گەڕەکیش بەزەییان پێیدا بێتەوە، بە جۆرێک کابرا زەبوون و گیرۆدەیە کە کەسێک نادۆزینەوە ڕقی لەو باوکە بێباکە ببێتەوە، کە بەوە کۆتایی بێت: هەردوو لاش بۆ یەکدی ببن بە تارمایی، بوون بە تارمایی بوارێک ناهێڵێتەوە کە پیرەی ئەویندار و خەڵکانی ئاشنا رۆشنا دادگایی یەکدی بکەن. چاوەڕوانی باوک بۆ سەر سفرە کە نایەت بەڵگەیە کە کەسیان زات ناکات دەست بۆ نان ببات یان غەمین و خامۆشانە و بە ترسەوە پاروو بگلێنن کە پەیوەستە بە نائامادەگی باوکە کە دیارە زۆر جیاوازە لە خامۆشی و نائامادەگی دایکە. دوا جار باوکە خاوەنی ماڵ و هەر هەموو کەرەستەکان و هەم مەردمەکانە. گەرچی کابرای ڕەشۆکی و کەس نەناس و تەریک و پەراوێزخراوە کە بۆ هەمیشەش ئەرکی ئەدەبی فیکشن ئاوڕدانەوە بووە لە بنیادەمە تەنیا و بێ ناسنامەکان، بەڵام هێزی رۆحی و هەژموونی خۆزاڵکردنی پاتریارک نەمردووە وەک میراتێکی هەمیشە زیندوو.

جوگرافیای رووداوەکان لە شارێکی تاریک و پڕ لە ترس و سارد و ماندوو و خامۆش و هەم خەوتوودایە، بگرە بەردەوام خەونی خراپ بە بوومەلەرزە و لافاو و وەیشوومەوە دەبینێت کە وەک منداڵێکی زەندەقچوو بەدەست مۆتەکەوە دەناڵێنێت کە خودی چیرۆکبێژ و هەم شارەکە جێگۆڕکێ دەکەن یان دەبن بە یەک تەن و رۆح، هەردووکیان خەون بە گەلەگورگەوە دەبینن کە هەقایەتێکی کۆنمان بیر دەخاتەوە ئەو وەختەی دایکەش لە ماڵ نییە و بێچووەکان دەکەونە بەر پەلاماری گەلەگورگەوە، بەڵام لەم دەقەدا دایک ئامادەیە و بەرگری دەکات بە زمانێکی رەمزداری کزۆڵە نکوڵی دەکات لەوەی هیچ کەسێک لەم ماڵە هەبێت، کەچی دیسانەوە مێردە لەوێدا ئامادە نییە کە رەهەندێکی ستەمگەری دەنوێنێت. گەرچی گورگەکان داوای بچوکترینیان دەکەن کە خودی “هەڵۆ”ی چیرۆکبێژە کە ئاماژەیە بۆ بە قوربانی بوونی پاشەبەرە کە ئەوپەڕی دڵڕەقییە و شارەکەش هێمای خەراباتە و بگرە دۆزەخ ئاسایە، دوا جار گورگەکان داوای خۆی دەکەن کە لە ترسان بێدار دەبێتەوە و سەیری سەعاتی قەد دیوار دەکات نازانێت چ وەختە، رۆژمێری هاوسەر هەڵدەداتەوە و نازانێت ج رۆژ و مانگ و تەنانەت چ ساڵێکە. ئەوەی کە گرنگە خودان ماڵ کە باوکەیە و لە ماڵ نییە کە وەک خوداوەندێکی نادیار لە دەرەوەی کات و شوێنە کە دیسانەوە گوزارشتە لە رۆحی ستەم کە زادەی عیشقێکی ناکامە، بەڵام دەکرێت پاکانە و بیانوو بۆ پیرە عاشق بدۆزینەوە کە بۆتە تارمانی و بگرە ئەوینداری خوێنی کردووە بە ئاو کە جوانترین دەستەواژەیە لەم دەقەدا بۆ کوشندەیی دۆخی گیرۆدەبوونی بە دەرد و سندانی عیشق. ئەوە تەنها شارێک نییە بەڵکو ئاماژەیە بۆ هەموومان کە لە دەرەوەی جوگرافیا و مێژوودا دەژین، کە دواتر تێدەگەین کە بابەتی سەرەکی بە تەنیا عیشقی هاجەرە نییە دونیای شێواندووە، بەڵکو خودی شارەکە بۆ هەمیشە بەر نەفرەتی مێژوو کەوتووە و کە ئافات و وەیشوومە و کارەساتی بەردەوام نەیهێشتووە یەک خەونی خۆش ببینێت.

بیرمان نەچێت کە سێتینگی ئەم رووداوانە خودی “هەڵەبجە”یە کە بۆ خۆی ناوجەرگەی کارەسات بووە، کە بۆ من گرنگە دیوە رەمزییەکەی گەورەتر پیشان بدەم مادامەکێ وەک داهێنانی ئەدەبی کەوتۆتە بەردەستمان، هەتا گەر بایۆگرافیای نووسەریش بێت لە بایەخی دەقەکە کەم ناکاتەوە، هەموو دەقێکیش نزیکە لە دیدگا و رۆح و ئەزموونی خودی نووسەرەکە مادامەکێ نووسەریش خودگەرا و تاکڕەوە و دابڕ نییە لە ئێمە و ئەو ژینگەی کە کۆمانی کردۆتەوە. دەکرێت وا سەیری ئەم تێکستە بکەین کە گێڕانەوەی ماجەرای کارەساتەکان بێت دەنێو شەوێکی درێژ و بێ بڕانەوە کە بۆنی کوشتارگایەکی لێدێت کە کۆتایی نایەت. ئەوەشیان وەک ئاماژەی ئاشکرا بە تەنها جەنگی ئێران-عێراق نییە، بەڵکو خاکی ئێمە بۆ هەمیشە شەڕگە و گؤڕەپانی خوێناوی ئیمپراتۆرەکان بووە، زیندەگییەک کە یەزدان تیایدا خەوتووە، یەزدانی خەوتوو وەک مێتافۆر و خوازەیەک بۆ مەرگی مرۆڤدۆستی و دادپەروەری و جوانی بە مانا رەهاکەی. واقیعێکی دۆزەخ ئاسا کە هیچ فانتازیایەک دەرەقەتی نییە وێنای بکات، خودی ژیانی ئێمە بۆ خۆی کوسندەترە لە خوێناویترین فانتازیا کە مرۆڤایەتی بینیوییەتی. من وای تێدەگەم نووسەری ئازا دەبێت لەو شوێنە ئامادە بێت کە یەزدان دەمێک ساڵە بەجێیهێشتووە، رەنگە بۆ من ئەوەیان تاکە ئەرکێکی هەموو نووسەرێک بێت.

+پرسی ژانری دەق:

دیارە هەر نووسەرێک ئازادە کام ژانری ئەدەبی هەڵدەبژێرێت بۆ دەستنیشانکردنی رەگەزی دەقەکەی، بۆ من گرنگ بوو کە کە نووسەر لەژێر تایتڵی “گێڕانەوە”دا خانەبەندی بۆ تێکستەکەی کردووە کە کەم و کورت بەرچاوم کەوتووە، یان بە زەینی خۆم بێت.. نەمدیوە، کە دەکرا ناویشی لێبنێت نۆڤلێت، بەڵام تایتلی “گێڕانەوە” ئاماژەیە بۆ کۆی ئەدەبی داستانی یان پەخشانئامێز، گەرچی بۆ ژانری فیکشن و لەم سەردەمە تازەیەدا فۆرمێک و شیوازێکی پیرۆز و تاقانە نەماوە کە خۆمانی پێوە ببەستینەوە، هەرچەندە نووسەران لەوەدا ئازادن کە تایتلی گونجاو بۆ تێکستەکانیان بدۆزنەوە، ژمارەیەک لە نووسەران سەرکێشی دەکەن و هیچ تایتلێک بە پێویست نازانن بۆ دەستنیشانکردنی ژانری بابەتەکانیان، کە هەندێکی دیکەیان بە “دەقی کراوە” ئاماژەی پێدەدات.. یانیش “میتا-رۆمان” و “نارۆمان” ، دەرە-رۆمان…هتد. “ئاراگۆن”: شاعیری فرەنسی بڕوای وابوو دیوارێک لە نێوان شیعر و پەخشاندا نەماوە. گەرچی ئەدەبی فیکش بەبێ رۆحی شیعر لەنگی و نەنگی دێنێت، ئیدریس کە خۆی شاعیریشە، بەس تەقەللای داوە وەک پێویست رۆحی پەخشان زاڵتر بکات، هەوا و هەناسەی شیعر بۆ خۆی بۆ فەزا و تەلارسازی ئەدەبی فیکش بە پەنهانی و ژێرەوانکێ هارمۆنیایەک دەبەخشێت بە کۆی دەقەکە، بە بڕوای رۆماننوسی فرەنسی”میشیل بۆتۆر” ئاوێتەکردنی فەلسەفە و شیعر بۆ ئەدەبی داستانئامێز پەیکەرێکی تەواوتر دەبەخشێت بە داهێنانەکە.

دوا جار ئیدریس کە تیکستەکەی بە “گێڕانەوە” ناوزەد کردووە، کۆی ئەدەبی پەخشان و فیکشن یان داستانئامێز بۆ خۆی بە بێ گێڕانەوە بوونی نییە، گەرچی ئەمڕۆکە خودی (گێڕانەوە/ سرد / Narration ) بۆ خۆی لە بواری رەخنەسازیدا بە بەربڵاوی تیۆرەسازی بۆ دەکرێت و لق و پۆپی زۆریشی لێ دەبێتەوە.
سەبارەت بەم دەقە دەکرێت ژمارەیەک لەو (١٦) شازدە پاژەی کە دەقەکەیان پێکهێناوە وەک چیرۆکی سەربەخۆ بخوێنینەوە بۆ نموونە: شار خەون دەبینێت، کوژراوێک بە سواری ئەسپوعەرەبانەوە، ماسییەکی بزێو لەناو تۆڕدا و … لەتەک چەند دانەیەکی دیکەدا.

+بیانووەکانی چیرۆکبێژ بۆ جێگۆڕکێ:

هەڵۆ بۆ کاریگەری عیشقی هاجەرە کە باوکی ئەو زمان و رەوانبێژییەی نیە کە وەسفی بکات، جوامێرانە جڵەوی زمان لە باوکی وەردەگرێتەوە و شاعیرانە دەکەوێتە گێڕانەوەی داستانی ئەوینداری باوکی کە جێگۆڕکێیەکی میهرپەروەرانەیە کە لەتەک دایکیدا دووانەی بەخشندەیی و رۆحی ئاشتیەوانی دەنوێنن لە بەرامبەر پیرەی شەیدا و دێوانەی هاجەرە. ئەم عیشق وەک ئەو پەرجووە دەبینێت کە وای کردووە ئەو گەردوونە بە هاوسەنگی خۆی تا هەنووکە لە گەڕدا بێت، ئەم سەربوردەی عاشقە گەورەکان دەگێڕێتەوە. هەوڵی هەقایەتخوێن و نووسەر رزگارکردنی جوانی و عیشقە پێکەوە،
چیرۆکبێژ تا ئەو شوێنەی کە یادەوەری کاڵی خۆی فریا کەوتووە ماجەرای کارەسات و رووداوەکان و عیشقی “هاجەرە و فەقێ عەلی”مان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو بەشەی کە خۆی دەرەقەت نایەت بە مەزەندە و خەیاڵی خۆی تەواویان دەکات یان دەیخاتە سەر زاری هەقاتخوانی دیکە کە بەشدار و شایەتحاڵی ئەو رۆژگارە بوون، جوانترین مەزەندە و خەیاڵیش مەرگی کرێکارێکە لە سۆنگەی بۆمبارانی شارەکە کە کچە دڵخوازە مەزەندکراوەکەی لە شەرمی دەرودراوسێ ناوێرێت بگری کە ئەوەشیان لەتەک سەرسامی خەڵکی بە عیشقی هاجەرە و فەقێ عەلی تا ئەندازەی بە حەرامکردنی ئەو سۆزە لە رێگەی فەقێکانی دۆستی “فەقێ عەلی”ییەوە کە گوایە فەقێکان ترس دەخەنە دڵییەوە نەکا ئەوینداری وای لێبکات پشت لە ئایین و خودا بکات!

+ سیخوڕی ئەمەکدار و عیشقی مەحاڵ و مێگەلگەرایی:

ئەوەش بەڵگەیە بۆ چەشنێک لە دڕدۆنگی زۆرینەی خەڵکی دەگەڵ ئەوینێک کە گوزارشتە لە ژیاندۆستی و زاڵبوونی پێچەوانەکەیەتی کە مەرگدۆستییە، چونکە بۆ فەقێ عەلی خودی “هاجەر” بۆ خۆی رەمزی ژیانە ئەو کاتەی شارەکە بووەتە پرۆژەی مەرگ و کاولکاری، بەردوامبوونی ئەو عاشقە رووتەڵەیە بۆ خۆی واتا و ئاماژەی بەرگری و رێزگرتنە لە هێز و ئەفسوونی ژیان، هاوکاتیش عیشق بوونی نیە بە بێ کەسانی سەرئازا و ئازاد و یاخی و تاکڕەو و هەم لادەر و دڕدۆنگ بە رۆحی مێگەلگەرایی و ملهوڕی، بە واتا لێرەدا هێژی ژیان و ئەفسوونی عیشق بەرەنگاری خودی ئەو هێزانە دەوەستێتەوە کە مەرگ دەچێنن کە بە تەنها بە دەستی دوژمنەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی رۆحی خەڵکانێکە کە دژی جوانی دەجەنگن و هەم شاگەشکەن بە پەرستنی خوداوەندی مەرگ کە من لە فەقێکانی هاوڕێی فەقێ عەلی – دا دەیبینمەوە و هەم ژمارەیەکی کەم یان زۆری شارێک کە بۆنی مەرگی لێدێت، ئەوەش بۆ خۆی داداگاییکردنی مێژوویەکی هەزار ساڵەی کەوتنە ژێر هەژموونی کولتووری داگیرکارییە کە تا هەنووکەش بەردەوامی هەیە. بگرە خودی لە دایکبوونی چیرۆکبێژ کەوتۆتە ناو جەرگەی کارەساتەکان کە بوون بە نیشانەی وەیشوومە و ئافات.

هەڵۆ گەرچی سیخوڕی بەسەر باوکییەوە دەکات نەک وەک خەمخۆری بۆ دایکی کە خانمێکی دیکە جێگەی نەگرێتەوە، بەڵکو لە میانەی کۆی رووداوەکاندا بێجگە لە هاوسۆزی و هاوخەمی هیجی دیکە نییە، هەڵۆ “هاملێت”ێکی کوردی نییە کە خەون بە داگیرکردنی دایکییەوە ببینێت یان لە حەزی شاراوەی خۆی بۆ دایکی کە لە پانتایی دەقەکە و رووداوەکاندا هەستی پێدەکەین، هیچ نیازێکیشی نییە لە باری رۆحی و جەستەییەوە ئازاری باوکی بدات، هاوکات خانمەکەشی زۆر بێباک دیارە کە مێردەکەی دێوانەی هاجەرە، هیچ ئیرەیی تێدا بەدی ناکەین. کوڕە و دایکە بە تەنها لە خەمی ئەوەدان کە فەقێ عەلی شێت و دێوانە نەبێت و سەری خۆی هەڵنەگرێت یان بمرێت، رەنگە بۆ هەموویان ئابڕوومەندی کۆمەڵایەتی گرنگ بێت کە دێوانەبوونی باوک و مێردە رابگرن. هاوکاتیش لەتبوونی هەڵؤ لە نێوان دایکی کە سەر بە خانەوادەیەکی چەپگەرا بووە، بە پێچەوانەی باوکییەوە کە ئاییندار و مەلازادە بوون، کەواتە رەنگە سەر بە دوو پاشخانی فیکری و کۆمەڵایەتی بووبێتە مایەی ناکۆکی ژنە و مێردەش کە بە شێوەیەکی پەنهان و ژێرەوانکێ لە دەقەکەدا خۆی نواندووە، سەرباری زەماوەندی بەزۆر سازکراوی “فەقێ و ئایشێ” لە دوای شاربەدەرکردنی هاجەرە-ی قەرەج و پیرە باوکی کە چەشنێک لە نەریتی رەگەزپەرستی و نزم و سووک بینینی کەسانێک دەسەلمێنێت کە گوایە سەر بە چینی ژێرەوەن. هاجەرەی قەرەج لە دیدگای ئەوانیتر بێ بنەچە و ناپەسندە وەک باری کۆمەڵایەتی دیارە رەدووکەوتنی دایکی هاجەریش بە بەر چاوی هەمووانەوە کە دەست لەگەڵ بەلەمەوانێکدا تێکەڵ دەکات بۆ خۆی نەنگی و شوورەیی بۆ کچەکەی کوشندەتر کردووە. لێکدابڕان و دەرکردنی هاجەرە و باوکی لە گوندەکە لە ترسی ئابڕووچوون، هاوشانە بە چیرۆکی دایکی هاجەرە و بەلەمەوانی عاشق رووە و مەرگ و نادیاری کە مەرگی تاکڕەوییە یان یاخیگەری و سەفرازی.

بگرە پاش ساڵانێکیش لە دوای ڕەوکردنی کۆی خانەوادەکە لە کۆنە گوندەکەی خۆیانەوە رووەو شارۆچکەیەکی دیکە بە فەرمانی باوکی فەقێ عەلی بۆ دوور کەوتنەوەی کوڕەکەی لە دەرد و بەڵای ئەوینداری، چونکە ئاسوودە نەبووە بە زەماوەندی کوڕەکەی و هاجەرەی قەرەج، کە شارۆچکەکە بۆردومان دەکرێت، لە بری خوێن وەک تەنێک لە ئاو بێت دەڕژێت بەسەر ستارەکەدا، نەک بە هۆی بۆمبارانەکە، بەڵکو پیرەی عاشق کە خوێنی بووە بە ئاو ئامادەی نەمان و فەنابوون بووە و بێ ئەوینی لە دەستچوو ژیانی پێ ئەستەم بووە.
تاکە تێبینی کەم خواستمە ئاماژەی پێبدەم کەوتۆتە ناوئاخنی ئەو پاژەی بە نێوی ” ماڵئاوا ئەی گوندە جوانەکە”دایە کە تیایدا دیالۆگی نێوان دایکی هاجەرە و مەلەوانەکەی دۆستییەتی کە زێدە شاعیرانەیە و کە دوو کەسی ڕەشۆکی بەم تەرزە نادوێن، چونکە ئیدریس بۆی هەیە جێگۆڕكی بکات و وەک مەزەندەکردنی ئەو رووداوانەن کە خۆی تیایدا بەشدار نەبووە و وەک تەکنیک زیرەکانەیە لە هەموو گەمەکانی جێگۆڕکێدا بە وردی چنیوییەتی،بەڵام کە بووە بە دیالۆگ: مەرجە بە زمانی سادە بێت یان رۆمانسی و یان قووڵ و فەلسەفی، دوا جار رەواترە لەگەڵ هوشیاری و پاشخانی فیکری و کۆمەلاێەتی کارەکتەرەکان یەکدی بگرنەوە نەک هی نووسەر، لە راستیشدا ژمارەیەکی زۆر لە نووسەرانی بە ئەزموونیش لای خۆمان هەمان شتیان کردووە.
گەرچی کامە دەقی ئەدەبی داستانئامێز هەیە لە کۆنەوە تا هەنووکە هەرچەندە ریالیستیک و واقیعی بێت و بە سەدەها پرد و رایەڵ بە ژیان و بوونی مرۆڤەوە بەسترابێتەوە، دوا جار بۆ خۆی دەچێتە خانەی فیکشن و داستان وگەمەی فانتازیا و خەیاڵبازی، بە واتا داهێنانێکی مەزەندەکراوە.

+ لە نێوان بوون بە تارمایی و خوێن بە ئاو بوون:

سەیر و سەمەرەترین کۆتایی بۆ عیشقی ناکامی فەقێ عەلی کە دەکرێت جوانترین فانتازیا بێت بۆ کۆتایی و فەنابوونێکی عاشقانە ئەو رۆژەیە کە شارەکە بۆمباباران دەکرێت، وەک هەمیشە فەقێ عەلی تەنیا و دوورەپەرێز و رەمیدە و بێئاگایە لە دونیا، کە دیارە دەردی عیشقە ناکامەکەی تین و تاوی لێسەندۆتەوە، لاواز و بێنموودی کردووە و جورمی نەماوە، کۆی ئەندامانی خانەوادە بۆی دەگەڕێن و نایدۆزنەوە، بە شایەتی دراوسێیەکی دیرینی کە پیرەی عاشقی بینیوە لە سەربان کە خۆی بەسەر ستارەکەدا شۆڕ کردۆتەوە، شایەتحاڵ هەر ئەوەندە هۆشی بە خۆی بووە کە دەنێو گرمە و زرمەی بۆمباراندا روناکی و پزیسکی ئاگرێک و ناڵەیەک لە چاوانیدا تێکەڵ دەبن، ئەوەی کە سەرسامی کردووە کە پیرەی عاشق نەک لەژێر زەبری بۆمباکە، بەڵکو لە تاو عیشق کە خوێنی بووە بە ئاو.. رێک وەک ئەوەی “فەقێ عەلی” گۆزەیەکی پڕ لە ئاو بێت: ئاوێکی روون و پاک کە لە چاوتروکانێکدا بەسەر ستارەکەدا دەڕژێت و پەرت دەبێت، ئەوەی لەو پیاوە رژاوە خوێنی ئادەمیانە نەبووە، بەڵکو کتومت ئاوێکی روون و پاک بووە، هەر وەک ئەوەی ستارەکە تازە دروستکرا بێت و بەر لە وشکبوونەوەی چیمەنتۆکە ئاوڕشێن کرابێت..!

گەر بڵێم هەموو رۆحی زیندووی ئەم دەقە لە ناوئاخنی ئەم دەستەواژەیەدا چڕ بۆتەوە کە “لە تاو و تینی عیشق فەقێ خوێنی بووە بە ئاو” رەنگە پتر لە هەر رەگەزێکی تۆکمە و دامەزراوی ئەم دەقە، خودی ئەم دەستەواژەیە هانیدام ئەم رەنجەی دەگەڵدا بدەم وەک خوێنەرێکی ئەدەبیات نەک رەخنەگر، سەرباری ئەوەش کە هەردوو عاشقەکە لە سەرەتاوە تا کۆتایی وەک تارمایی خۆیان دەنوێنن کە رەمزی مەحاڵبوونی عیشقە لە پای کوشتنی تاکگەرایی و زاڵبوونی رۆحی زەبوون و ترسنۆکی مێگەلگەرایی، عیشق هاوشانە بە خودگەرایی و سەربەستی ڕەها کە لێروکانە و تا هەنووکەش نەڕسکاوە.

هەڵۆ-ی کوڕیشی وەک چیرۆکبێژ و هەم فەرزەندێکی ئەمەکدار ئامادەیە بۆ گێڕانەوەی کۆی ماجەرای عیشقەکە تا ئاست و ئەندازەی لە ناوچوون کۆڵ نادات و خوێنی ببێت بە ئاو وەک چۆن باوکی بۆ هاجەرە خوێنی بووە بە ئاو. بەڵام هاوکات لەوەش دەترسێت کە وەک باوکی خوێنی ئەویش بووبیت بە ئاو مادامەکێ لە پشتی باوکییەوە هاتووە، بگرە لە ئازاری دۆڕانی ئەوینی یەکەم دەترسێت و بۆ باڵابوون و گەیشتن بە خەیاڵی مەحاڵ یان خۆدزینەوە لە ترسی شکستی یەکەمین ئەوین و ڤیانی چاورەڕوانکراو سەرگەرمی گێڕانەوەی ئەم داستانەیە بە مەرجی مانەوە، چونکە گێڕانەوە هاوشانە بە مانەوە جا چ لە باری رۆحییەوە بێت و ج لە باری فیزیکییەوە.. یان هەردووکیانە پێکەوە.

لە دوا بەشی تێکستەدا کە ئیدی فەقێ لە شارێکدا دەبێت بە عەتار و ژنانیش بۆ داو و دەرمان و پێویستی ژنانە سەرقاڵی دەکەن، دیسانەوە لە شاریش تارمایی و رۆحی هاجەر بەر دەرگای لێدەگرێت و داوای دەرمانێک دەکات کە ئاو بکاتەوە بە خوێن کە بەڵگەیە هاجەریش لە تاو دووری و لێکدابڕان بەر لە عاشقەکەی خوێنی بووە بە ئاو، کە بەڵگەیە فەقێ هەر هەمان شەوی دواتر بە زەبری بۆمباران نا بە تەنیا.. بەڵکو لە تاو دەرکەوتنەوەی هاجەر کە لە تاو عیشقی پیرەی عاشق هەر هەموو بەرزەخ و سنوورەکان دەبڕێت و دێتەوە ناو میحرابی عیشقی نەمری خۆیان کە داوای دەرمانێک بکات ئاو بکاتەوە بە خوێن کە تێدەگەین خودی هاجەرەیش ئاو بەناو دەمارەکانیدا دەڕوات نەک خوێن. هەڵۆ بۆ کاریگەری عیشقی هاجەرە کە باوکی ئەو زمان و رەوانبێژییەی نیە کە وەسفی بکات، جومێرانە جڵەوی زمان لە باوکی وەردەگرێتەوە و شاعیرانە دەکەوێتە گێڕانەوەی داستانی ئەوینداری باوکی کە جێگۆڕکێیەکی میهرپەروەرانەیە کە لەتەک دایکیدا دووانەی بەخشندەیی و رۆحی ئاشتیەوانی دەنوێنن لە بەرامبەر پیرەی شەیدا و دێوانەی هاجەرە کە وەک تارمایی دێتەوە بەردەمی و لە چاوتروکانێکدا بزر دەبێت و شوێنبزر دەبێت!
***

Previous
Next

Leave a Reply