عه‌زیز وه‌یسی… ده‌نگی نه‌ریتی کورده…..حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
عه‌زیز وه‌یسی… ده‌نگی نه‌ریتی کورده
حه‌کیم کاکه‌وه‌یس
به‌ینێکه له سایته کوردییه‌کاندا، به تایبه‌تی له کوردستاننێتدا، شه‌ڕه‌ده‌نووکێکی نه‌ختێ ناخۆش که‌وتۆته نێوان نووسه‌رانی ئه‌و سایتانه‌وه، ئه‌وه‌ش به هۆی نووسنێکی مه‌هابادا خان قه‌ره‌داغییه‌وه که له‌سه‌ر عه‌زیز وه‌یسی نووسی و به شیرپه‌نجه‌ی گۆرانی کوردی ناوی برد. دوای ئه‌وه، وشه‌ی له‌وه قورس‌تر و ناهه‌قیتر هاتنه نووسین و بڵاوکردنه‌وه.
من له‌م بابه‌ته‌دا ڕای خۆم ڕوون ده‌که‌مه‌وه بێ ئه‌وه‌ی بکه‌ومه ژێر کاریگه‌ری هیچ که‌سێ له‌و به‌ڕێزانه‌وه که له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌یان نووسی:
گۆرانییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده، ڕاست و ڕاست ته‌عبیر له نه‌ریتی کوردد ده‌که‌ن و به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ی ئه‌و به‌کاریان دێنێ، له ڕابردوویه‌کی نێزیکدا ته‌نها له گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێدا مه‌ودای هه‌ناسه‌دانیان هه‌بووه. وه‌کی دی زه‌لامیان له سه‌ر ده‌کوژرا.
وای بۆ ده‌چم ئه‌و هونه‌رمه‌نده لێنه‌گه‌ڕاوه ئه‌و به‌شه‌ی نه‌ریتی کورد بکه‌وێته بن پێچکه‌ی ته‌کنیک و مه‌کینه زه‌به‌لاحه‌کانی سه‌رده‌مه‌وه و من به‌ش به حاڵی خۆم هه‌ست به جۆره پێزانینێک ده‌که‌م و له هه‌ر کوێ، له ناو خێزان و منداڵ و به ئاماده‌بوونی کیژی شه‌رمن و مه‌کته‌بنه‌دیو و خوێنده‌وار و شاده‌دار، ئه‌و گۆرانیانه گوترابێتن بوونه‌ته مایه‌ی خۆشی و پێکه‌نینی گه‌وره و بچووک و نه‌مدی که‌س به هۆی ئه‌و وشانه‌وه شه‌رم بیگرێ یا مه‌جلیس چۆڵ بکا. هۆیه‌که‌ش له ڕه‌سه‌نایه‌تیه‌که‌یدایه و نه ئاوازه‌کانی به لای کورده‌وه نه‌شازن، نه وشه‌کانی. منداڵان له هه‌موان زیاتر به‌و ئاوازانه خۆشحاڵن.
ئه‌و کیژ و کوڕه‌ی به‌ر له بیست سیی ساڵێک نه‌ده‌وێران ته‌نانه‌ت ته‌ماشای یه‌کتریش بکه‌ن، که ده‌چوونه زه‌ماوه‌نده‌وه و هه‌ڵپه‌ڕکێ ده‌ستی پێ ده‌کرد و گۆرانی ده‌گوترا، کار ده‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی گۆرانیبێژ بڵێ: "سمتم له سمتی ده‌خشێ… یا مامکی له باسکم ده‌خشێ" و که‌سیش به ناوێڵی نه‌زانیوه و تاکه مه‌رجی ده‌ستگرتنی کیژیش له هه‌ڵپه‌ڕکێدا ئه‌وه بووه کیژه‌که بچێته ده‌ستی کوڕه‌که‌وه، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه… ئیتر ئه‌و کوڕه هه‌رکێ بووبێ. ئه‌و هه‌ڵپه‌ڕكێ و ئه‌و گۆرانیانه به‌و وشانه‌وه تاکه مه‌نفه‌زێک بوون کوڕ و کچ هه‌ناسه‌ی لێوه بده‌ن و نه باب و برای کچه‌ش له به‌ریان گران بووه نه که‌س… ئا، ته‌نها مه‌گه‌ر مه‌لای گوند له به‌ری گران بووبێ و ئه‌گه‌ر له‌و نێزیکانه بوایه، بۆ ڕێزگرتنی شاییان ده‌وه‌ستان تا تێده‌په‌ڕی. ئه‌ویش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ره‌قه‌تی نه‌ریت نه‌ده‌هات بۆڵه‌بۆڵێکی ده‌کرد و ره‌ت ده‌بوو.
نازانم که سویدییه‌کان و نه‌رویجییه‌کان و دانمارکیه‌کان له ناوه‌ڕاستی هاویندا دارێکی درێژ ده‌ڕازێننه‌وه و ده‌یچه‌قێنن و ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه به ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه و گه‌وره و بچووکیان، به نێر و مێوه، هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه و ده‌ڵێن: "بۆقه بچکۆله‌کان… بۆقه بچکۆله‌کان…" ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌له‌پوور نه‌بێ و له خۆشی هه‌تاو و ڕۆژی درێژ نه‌بێ چ زانایی و دانایی و حیکمه‌تێکی تێدایه! سووڕانه‌وه‌شیان، ڕیزێ له‌گه‌ڵ میلی سه‌عاتدایه و ڕیزه‌که‌ی تر به پێچه‌وانه‌ی میلی سه‌عاته‌وه‌یه. ئه‌دی ئه‌و گوڵه‌ی کچانی سوید به ده‌وری سه‌ریاندا ده‌یپێچن تا شه‌و خه‌ون به هاوسه‌ری له‌چاره نووسراوی خۆیانه‌وه ببینن؟ خۆ شکسپیریش شانۆگه‌رییه‌کی له سه‌ر ئه‌و به‌زمه به ناوی (خه‌ونی شه‌وی ناوه‌ڕاستی هاوین)ه‌وه نووسیوه. تۆ بڵێی ئه‌وانه له جوانی و له‌شسووکیدا لاسیی په‌پووله نه‌که‌نه‌وه!
من پێم وایه ڕه‌خنه له که‌له‌پوور ناگیرێ و مه‌گه‌ر خۆی خۆی بگۆڕێ یا په‌ره به خۆی بدا… ده‌نا هیچی له‌گه‌ڵدا ناکرێ. نه‌ریت و خه‌ڵک هێند تێکه‌ڵن، ئه‌گه‌ر لێکیان دابڕین خوێن له برینی خه‌ڵکه‌که دێ. عه‌زیز وه‌یسیش ده‌نگی ئه‌و نه‌ریته‌یه و با له بری سوپاسکردن و ده‌ستخۆشی لۆمه‌شی نه‌که‌ین!
بزانه چ گۆڕانکارییه‌ک له نه‌ریتی کوردی‌دا ڕووی داوه. کیژی کورد گه‌یشتۆته ئه‌وه‌ی بتوانێ بنووسێ: "سه‌گبابی زمانخۆش" و که‌سیش ڕێ به خۆی نادا به شیرپه‌نجه‌ی شیعری کوردی بزانێ.
kakaways@hotmail.com