Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دانانى ئۆفیسى هەواڵگرى….

دانانى ئۆفیسى هەواڵگرى….

Closed
by January 30, 2009 گشتی

 دانانى ئۆفیسى هەواڵگرى هاوبەشى نێوان توركیا وحكومەتى هەرێم نیشانەى كام سیاسەتە؟
 خەسرەو سایە

 Saya.xasraw@yahoo.co.uk

 چەند رۆژ لەمەوبەر هوشیار زێبارى لەكۆبوونەوەیەكى ڕۆژنامەوانیدا وبەئامادەبوونى على باباجان وەزیرى دەرەوەى توركیا، پێشنیارى كردنەوەى ئۆفیسێكى هەوالگرى هاوپەشى لەنێوان حكومەتى هەرێم و توركیاو ئەمریكاو عێراقدا ئاشكرا كرد. بەپآى هەواڵەكان ئەم ئۆفیسە لەشارى هەولێر و بەبەشدارى نوێنەرانى ئەولایەنانەى ئاماژەى پێدراوە پێكدێت، هەرچەند ڕوالەتى ڕاگەیەندراوى هەواڵەكە وا نیشان دەدات كە ئامانج لەم ئۆفیسە كردنەوەى بنكەیەكى هاوبەشە بۆ كۆكردنەوەى زانیارى و هاوئائەنگى كردنى نێوانیان لەمەر چونیەتى مامەڵەكردن، لەگەڵ پەكەكا و جموجۆلە سەربازیەكانیدا لەنێوخۆى كوردستان و ناوچە سەرسنورییەكان، بەلام پێدەچیت نەخشەیەكى واوەتر لە هەواڵگرى لەم كارە هاوبەشدا ئەوەبێت كە هەموولایەنەكان لەكاتى پێویستدا كردەوەى سەربازى هاوبەش لەدژى هیزەكانى پەكەكا و پەلامداردان بۆسەر بنكە وبارەگاكانى ئەم حیزبە بخاتە دەستورەوە. لێرەدا پرسیار ئەوەیە كەئایا پێشنیارێكى لەمجۆرە بۆكۆكردنەوە و زانیاریە لەسەر جموجۆلەكانى پەكەكا، یان ئامانجیكى واوەتر لەخۆدەگرێت؟ ئایا بەڕاستى دەوڵەتى توركیا كەمى زانیارى هەیە و دەسەلاتدارانى كوردستان تائێستا لەمبارەوە كورتیان لەكۆمەككردن بەدەوڵەتى فاشیستى توركیا هێناوە؟ سەرەنجام پێویستە بزانرىَ كە ڕیشەى سیاسى ئەم پێشنیارە لەكوآ دایە و بۆچى ئەحزابى ناسیونالیزمى كورد لەئێستادا دەست بۆپێشنیارێكى لەم جۆرە دەبەن؟
 بەجیا لەپێشنیارەكەى ئەمڕۆژانەى زێبارى، ئەوەى كەبەكردەوە بۆ خەڵكى كوردستان لەمێژووى چەند ساڵى دەسەلاتداریتى ئەحزابى ناسیونالیزمى كورددا ئاشكرابووە،  هاوكارى كردنى بەردەوامى ئەم حزبانە و پێشكەشكردنى خزمەتگوزارى سەربازى و هەواڵگرىیە  بەدەوڵەتانى ناوچەكە ولەوانەش دەوڵەتى توركیا كەلەسەر لایەنە ئۆپۆزسیونەكانى ئەم دەولەتانە كۆیانكردۆتەوە. هەربۆیە پێشنیارەكەى زیبارى لەواقعدا تەنها ئەتوانى ڕەسمیەتدانێك بیت بەم سیاسەت و كردەویەى یەكیتى وپارتى و بەسەراحەتەوە ڕایگەیەنێت.
 مەسڵەحەت خوازى و ئیستراتیژى چەرخاندنى سیاسەت بەنرخى ڕۆژى بزوتنەوەى كوردایەتى ئەو پرەنسیپەى ئاشكرا كردووە، كەیەكیتى وپارتى لەسەرو هەموو ئیعتباراتێكەوە وبۆمەرامى رۆژیان ئامادەن دەست بخنە نێو دەستى دەوڵەتانى كۆنەپەرستى ناوچكەو ئامادەبن بۆ هاوكارى كردن لەسەركوت وپەلاماردانى ئۆپۆزسیونى ئەم دەولەتانە كەلەخاكى كوردستاندا نیشتەجێن. تانەت تارادەى شوناسایى كردنى سەركردەو بارەگا و جموجۆڵى ئەم لایەنانە وئیسكۆرتكردنى سوپاى دەوڵەتانى وەك توركیاو ئیران بۆ كوشتن و تیرۆركردنى كەسانى نەیار بەم دەولەتانە. خەڵكى كوردستان ئەوەیان لەبیرناچێت كەچۆن لەكاتى شەرى ناوخۆدا یەكیتى نیشتمانى لەدژى حزبى دیموكرات و كۆمەڵە هاوكارى خۆى بۆكۆمارى ئیسلامى ئیران لەدانى زانیارى واوەتر برد و سوپاى پاسدارانى هێنایە سەر بارەگاكانى ئەم دوولایەنە. لەولاشەوە پارتى نەك هەر زانیارى لەسەر پەكەكا داوە بەدەولەتى توركیا بەڵكو خۆى بەكردەوە كەوتوتە شەڕى پەكەكاوە و كارێكى ئەنجام داوە كەئەركى سوپاى دەولەتى فاشیستى توركیایە. بەلام كارەسات لەمەش زیاترە وەختێك ڕووداوى 31 ئاب و ڕاكێشانى سوپاى بەعس بۆسەر شارى سلێمانى  دەبێتە بەشێك لەمێژوى لەبیرنەچووەوەى ئەم سیاسەتەى ئەحزابى كوردایەتى.
 هەرلەمبارەوە نابىَ ئاماژە بەوەش نەدەین كە چەرخاندنى سیاسەت بەنرخى رۆژ پرەنسیپى هەڵگرتنى هەوڵگرى یەكیتى وپارتى واوەتر واوەتر بردووە و ئەم چەكەى خستۆتە دەستى هەریەكێك لەدەولەتانى ناوچكەوە وبۆ پەلاماردان ولەشكركرێشى بەكاربان بردووە. تەنانەت لەسەرو هەموو ئیعتباراتیكەوە لەدژى یەكتریش بەكاریان هێناوە. بەواتایەكى تر، ئەوە یەكیتى وپارتى خۆیانن كەبەدرێژایى چەند ساڵى ڕابردوو كارى هەواڵگرىیان لەسەر یەكتر كردووە و دەیكەن. هەربۆیە لەم عادەتەو لەم پرەنسیپە سیاسەیەدا پێشنیارەكەى زێبارى ناكاتە شتێكى تازەو نامۆ. بەلام ئەگەر كردنەوەى ئۆفیسیكى هەواڵگرى هاوباش لەهەولێر لەگەڵ دەولەتى توركیادا نیشانەیەك بیت لەم سیاسەت و پرەنسیپەى حزبە بۆرژوازییەكانى بزوتنەوەى كوردایەتى، ئەوا دەبێت وەلامى ئەوپرسیارەش بدرێتەوە كەبۆچى لەم كاتەدا پێشنیارێكى ئاوا ڕادەگەیەنرێت؟
 لەوەلامى ئەم پرسیارەدا دەبىَ ئاوڕێك لەڕەوەندە سیاسییەكانى بارودۆخى كوردستان و حالەتێكى چاوەڕوانى سیاسى و بێئاسۆیى بەردەم بزوتنەوەى ناسیونالیزمى كورد و دەسەلاتەكەى لەئێستادا بدەێنەوە،  كەڕاستەوخۆ پەیوەندى بەڕەوەندێكەوە هەیە كە شكستى ئەمریكا لە عێراقدا هێناویتە كایەوە.
 شكستى سیاسى و سەربازى ئەمریكا لەعێراق و چونە ژیر پرسیارەوەى جێگاو ڕێگاى ئەم دەوڵەتە لەئاست دونیاو گۆڕانكایەكاندا بەتایبەتیش بەدواى هاتنە سەركارى ئۆباما، كاریگەریەكانى لەسەر مەقعیەتى ناسیونالیومى كورد و دەسەلاتەكەى لەكوردستان بەسیاسەتى چاوەڕوانى و بێئاسۆیەك داناوەتەوە، نیشانەكانى ئەم مەوقعیەتە، لە هەڵكشانى حكومەتى مالیكى و چونەسەرەوەى ناسیونالیزمى عەرەبى و تێكچوونى هاوپەیمانێتى پێشوو لەگەڵ دەستەوتاقمە شیعییەكان و بنبەستى فیدرالیزم وهەوڵدان بۆ پەڕوباڵكردنى ئختیاراتى هەرێمى كوردستان و ئەوكێشانەى لەپەیوەند بەدەستور و مەسەلەى كەركوك و بودجەوە ڕەنگى داوەتەوە، خۆى دەنوێنآ.  هەروەها هاتنە پێشەوەى ڕۆلى دەوڵەتانى ناوچكە لەوانە ئێران و توركیا گۆشەیەكى تر لەم شكستەى سیاسەتى ئەمریكا دەخاتەڕوو. ناسیونالیزمى كورد بۆ كردنەوەى دەرگا لەبەردەم خۆیدا و بۆدەربازبوون لە سیاسەتى چاوەروانییەى خۆى لەهەوڵى شاندانان دایە لەسەر پەیوەندى بەستن بە سیاسەت و ستراتیژى دەولەتانى ناوچەكەوە لەوانەش دەولەتى توركیا. كردنەوەى ئۆفیسى هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتى توركیا نیشاندانى"حوسنى ڕەزاى" ناسیونالیزمى كوردە بەدەخاڵەتى ئەم دەوڵەتە لە عێراق و كوردستاندا. بەتایبەتى كەئەم دەوڵەتە هێشتا وەك یەكێك لەهاوپەیمانە ستراتیژیەكانى ئەمریكا لەعێراق و ناوچەكەدا جیگاى هەیە.  تا لەم ڕێگایەوە زەمینەى داڕشتنى سیاسەتى پشت بەستن بەدەوڵەتانى ناوچەكە هێز و مەوقعەیتى خۆى ڕابگرىَ و لەئاكامە زیانبارەكانى شكستى ئەمریكا دەرچێت.
 كەوایە مەسەلەى پەكەكا و كۆكردنەوەى هەواڵگرى لەسەر جموجۆلە سەربازىیەكانى تەنها بابەت و كارتێكە بۆ ڕاكێشانى دەوڵەتى توركاو سوپاكەى. بەلام دیارە ئەم سیاسەتە بۆ خەڵكى كوردستان بەئالۆزكردنى بارودۆخەكان و سەركوتى سیاسى و زیادكردنى فاكتۆرێكى كۆنەپەرستانە تەواودەبێت، كە موحتەمەلە بەڕاكێشانى سوپاى توركیا بۆسەر شارەكانى كوردستان درێژە پێبجرێت.
 خەڵكى كوردستان دەبىَ بەتەواوى تواناوە ئەم سیاسەت و هەولانەى یەكیتى وپارتى وبزوتنەوەى كوردایەتى مەحكوم و ڕیسوابكان، نابىَ ڕێگا بدرێت كوردستان بكرێتە مەیدانى كارى جاسوسى كردن و موڵگەى رێكخاوەكانى میتى توركى و ئیتلاعاتى ئێرانى، نابىَ فرسەت بدرێت بە ناسیونالیزمى كورد و دەسەلاتەكەى بۆقازانجى خۆیان كوردستان بكەنە مەیدانى شەرو تەسفیەى حساباتى نێوان دەولەتانى ناوچەكە و نەیارانێك كەلەكوردستاندا چالاكن. دەبىَ خواستى جیابوونەوەى كوردستان و پێكهینانى دەولەتێكى سەربەخۆ وەك تەنها ڕێگاى دەربازكردنى كۆمەڵگاى كوردستان بەدەستەوە بگیرىَ و بكرێتە ئالاى بزوتنەوەیەكى سیاسى بەكردەوەى جەماوەرى، تا سیاسەتى كایەكردنى ناسیونالیزمى كورد و حزبەكانى بەیەكجارى ببەسترێت.   27/1/2009
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.