Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
پرسیار و چاوەروانى و بوون لە نمایشى چەپكێك خەم

پرسیار و چاوەروانى و بوون لە نمایشى چەپكێك خەم

Closed
by February 1, 2009 شانۆ

 (پرسیار و چاوەروانى و بوون لە نمایشى چەپكێك خەم)*
 شكۆ عومەر

 
 ئیشەكانى سیروان بێلانە چ وەك نوسینى دەق چ وەك دەرهێنەر چ وەك ئەكتەر بە پێى ئەوەى كە من ئاگادارى بەشێكیان بم تا ئێستا ئەو بڕوایەیان لە لاى بینەر و شانۆكاران دروست نەكردوە كە جەخت لە سەر یەك ستیلێَك بكەن و میتۆدەكانى ئەو ستیلە بكەن بە بنەماى كاركردن و ڕێرەوى نمایشەكانیان و مۆركێكى تایبەت وەرگرن ،واتە بینەر كاتىَ بانگهێشتى نمایشێكى سیروان دەكرێت نازانىَ كە جۆرى ئیشەكە چوَنە و لە سەر چ رێبازێكە ،ئەوەش ئەگەرێتەوە بۆ لەنگەرنەگرتنى خودى دەرهێنەر لە سەر هیچ ستیلێك.
 بۆیە نمایشی چەپكێك خەم زۆر جیاواز بوو لە تەواوى ئیشەكانى ترى سیروان بێلانە و تیپەكەیان ،لەم نمایشەدا هەوڵ درابوو كە گوتارێك ئامادە بكرێت لە پشت ئیشەكەوە،بەڵام چ گوتارێك ؟ئەوەیە پرسیارەكە .ئایا ئەو گوتارە تا چەند لە خزمەتى ئیشەكەدابوو ؟ تا چەند لە خزمەتى رەوتە شانۆكەدا بوو؟
 گوتارێكى پرسیار و گومان ئامێز سەراپاى ئیشەكەى تەنیبوو ، پرسیار لە زەمەنى ئێستا و رابردوو و داهاتوو ، پرسیار و گومان لە هەموو شتیێك و شوین و كەسێك ،هەمیشە پرسیار ئامادەیە و هیچ كات وەڵامى دروست دەست ناكەوىَ و پاشان گومان كردنى خودى پرسیارەكە لە دروستیى پرسیارەكە ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەى كە هیچ كات پرسیارەكان زادە و هەڵقوڵاى بیرى خۆى نیە بەڵكو هەمیشە چەند پرسیارێكى سواو و دزراو  لە خەیاڵى پرسیاركەردا كۆبۆتەوە بۆ هەر شوێن و زەمەنێك بڕوات ئەبىَ ئەو چەند پرسیارە بكات كەهەیەتى، واتە كەسى پرسیارەكە هەر لە سەرەتاوە بڕیارى داوە كە پرسیار بكات ئیدى گرنگ نیە بە لایەوە كە پرسیارەكان لە كوىَ و لە كىَ و لە چ كات و تەوەرێك ئەكات، كە ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ نا ئاسایى بارى دەروونى پرسیاركەر، كە پى وایە بە كردنى پرسیارە باوەكانى ئەبێتە جێى سەرەنجى دەوروبەر، دواجار ئەگاتە ئەو بروایەى كە پرسیارەكان بە جىَ نین و بریارى پاشگەزە بووى خۆى لەو پرسیارانە ڕادەگەیەنێت و پرسیارەكانى(سحب) ئەكاتەوە بەڵام لێرەدا ناتەواویەك هەیە ئەویش ئەوەى كە پرسیارەكان رادەكێشێتەوە دەبێت ڕاستەوخۆ بینێرێتەوە بۆ لاى دروست كەرى پرسیارەكان نەك تەنها پاشگەز بوونەوە ڕابگەیەنىَ و بڕیار بدات كە ئیتر پرسیار نەكات و هەمیشە بە گێلى و دەبەنگى رۆژگار بگوزەرێنێت ،ڕەوشتى پرسیاركردنى بە یەكجارى لە خۆى دابماڵێنێت كە ئەمەش لەڕێى كڵاوى سەر ئەكتەرەكانە بەرجەستەكرا.
 وەك دواترش دەركەوەت مرۆڤ   كە قسە گەلێكى زۆر ئەكات  ئەو كات هەست ئەكات كە هیچى نەووتووە یانى گرنگ نیە كە قسە دەكات، بەڵكو ئەو هەزاران قسەیەى كە رۆژانە دەكرێن چەندیان بە كارن و شوێنى خۆیان ئەگرن، یاخود چەندیان لە شوێن و كاتى خۆیاندا دەكرێت كە شوێنێك بگرىَ یاخود وەك دیالۆگێك دا دەركەوت لە گوىَ ئەگرێت و هیچ نابیستین،لە ماوەى 24 كاتژمێردا سەدان هەزار ووشە و دەنگ و ئاواز ……هتد دەچێت بە گویماندا بەڵام لەو سەدان هەزار چەندیان بە كارن و شوێنێك ئەگرن؟ یان با واى دابنەین لەو هەموو شتەى كە دەیبیستین بەشێكیان بەسوودە بەڵام وەرگر تا چەند درك بە دروستى و سوودى بابەتە بیستراوەكە ئەكات، حەتمەن بۆ ئەمەش مرۆڤى  خاوەن مەعریفە بڕیار لە سەر بە سوودى و بىَ سوودى بابەتە وەرگێراوەكە دەكات،یاخود زۆر كەس گوێى خۆیان بۆ بیستنى جۆرە ئاواز و مۆسیقایەك هەڵدەخەن كە خراپ ترین كاریگەرى لە سەر دروست بوونى كەسایەتى كەسى وەرگر هەیە ئەمەش حەتمەن بوَ نەزانینى بە كارهێنانى ئەو هەستەوە ئەگەرێتەوە،
 لە شوێن و زەمەنى دووەمدا دەرهێنەر (ستراگۆن و فلادیمێر) بە بەختەوەرترین كەسێك دەشوبهێنى چونكە ئەوان هیچ نەبێت زانیویانە چاوەروانى كىَ دەكەن. لێرەدا ئەو خاڵەمان بۆ دێتە پێش كە دەرهێنەر تەواو تەواو ڕەشبینەوە و پێیوایە مرۆڤى ئەم سەردەمە زۆر نائومێدە و هیچ شتێك نیە بۆ ئەوەى چاوەروانى بكات، واتە ئێمە خۆمان نازانین چاوەریًى چى ئەكەین،ئەمەش ئەوە دەگەیەنى كە لە پلەى مرۆڤ بوون دابراوین و ئێستا جۆرێكى ترین لە بوونەوەر،دواتر لە كۆتایى زەمەنى دووەمدا ئەوە رادەگەیەنى كە ژیان وەستاوەو ئەمان هەر چاوەڕوانن كە پێموایە ئەم دوو بۆچوونەى دەرهێنەر هاودژەیەك دروستدەكات، لەزەمەنى سێیەمیشدا تەوەرى سەرەكى بوون و نەبوونە جیاكارى لەنێوان بوون و ماهیەتدا بابەتێكى زۆر گرنگە كە لەم ئیشەدا جەختى لەسەر نەكرابوو، ئەویش كاتێك دەڵێین: ئەو شتە یان ئەو كەسە بوونى هەیە، مەبەستمان لەوەیە كە ئەو كەسە هەیە، بوون و سیفەتى بابەت و بەشەكى پێدراوى بەخۆوە دەگرێت، بۆ نموونە دراوێكى زیوین، لەبەردەستماندایە، بەو پێیەى كە یەكێكە لەشتەكانى ئەم دنیایە ((بوونى هەیە))، بوونیش وەك رووداوێكە كە دەبێت قبوڵبكرێت و بەحەزى ئێمە نییە كە ئەم دراوە هەبێت یان نا، ئەگەرچى دەتوانم ئەو شێوەیەى كە تایبەتە بیگۆڕم، بەڵام ئەوەندە قسە لەسەر (ئەو شێوەیەى كە تیایەتى) دەكەین، واتە لەبوونەوە چووینە سەر ماهیەتى، ئەگەر بوونى شتێك بریتى بێت لەوەى ئەو شتە (هەیە) تەواو ماهیەتى ئەو بریتییە لە (چییە) ماهییەتى شتێك بریتییە لەو سیفاتە سەرەكى یانەى كەواى لێدەكەن ببێتەوە ئەو شتە دیاریكراوەى كە هەیە، نەك شتێكى دى، واتە ماهیەتى ئەو دراوە زیوە لەڕێگەى رەنگ و بریسكەى كانزاكەو پێكهاتەى كێشى و سەرنجڕاكێشى بەتایبەتێكەى و شێوەى ئەو نەخش و نیگارەى كە لەسەرێتى بەڵام كاتێك دەرهێنەر دێت بوونى كەسێك لەجوانى بوونى ئەوى تر لەویژداندا كۆدەكاتەوە، دەپرسین و دەڵێین ئەى چ بوونێك لەماهیەتەكەدا كۆدەكرێتەوە كە لەبنەڕەتدا هەموو بوونێك ئەگەڕێتەوە سەر ماهیەت، دواجار هەر خودى مرۆڤ بڕیار لەسەر بوون و نەبوونى مرۆڤى تر دەدات، بىَ ئەوەى بیر لەماهیەت بكاتەوە.
 خۆ ئەگەر باس لەلایەنى هونەریى نمایشەكە بكەین چەند راو تێبینییەك دێنە پێشەوە كە سەرەكیترینیان ئەوەیە لەم نمایشەدا هیچ پێوەرێك بۆ چەندایەتیى ئەكتەر نەبوو، ئەگەر هەموو دیالۆگەكان لەسەر دوو ئەكتەر چڕ بكرانایەتەوە یاخود بەپێچەوانەوە زیاتر، خاڵێكى تر ئەوەیە شوێن بەهیچ شێوەیەك لەڕووى هونەریەك لەخزمەتى ئیشەكەدا نەبوو بەڵام لەڕووى گووتارو بیرۆكە لەجوانى شوێن تەوزیف كرابوو، بەكارهێنانى ئەو سندوقەى زەمەنى یەكەم، بەكارهێنانێكى پۆزەتیڤ نەبوو، چونكە لەكاتى جوڵاندندا كاریگەریی لەسەر دیالۆگەكان هەبوو، دواتر بەدرێژایى ئیشەكە، هەوڵدەدرا كوتەلەو تەشكیلات دروستبكرێن، بەڵام زۆر بەكەمى كران، یان دەتوانین بڵێین لەهەریەك لەشوێنەكاندا تەنها یەك كوتەلەى جوان دەبینرا، بۆ ئەمەش پێموایە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى بەگشتى نمایشەكە زیاتر بەحیوارى بوو، واتە كەمترین جوڵەى تێدا كرا.
 كەباسى جووڵە دەكرێت، مەبەست لەجووڵەى مەدروسە نەك جوڵەى عەفەوى، یان بینەر دەیتوانى لەزۆر شوێندا ئاستى بینین فەرامۆش بكات و تەنها بەئاستى بیستین چاودێریى ئیشەكە بكات، سەرەنجام دەگەینە ئەو بڕوایەى ئەم نمایشە یەكێك بوو لەئەزمونەكانى رەوتى ئەزمونگەریى شانۆیى كەركوك، بەڵام نابێت تیپى ئاشتى و خودى دەرهێنەر نكۆڵى لەوە بكەن كە ئیشەكە كاریگەریی ئیشەكانى تیپى ئەزمونگەرى كەركوكى بەسەرەوە نەبوو، چونكە لەدیمەنى چاوەڕوانى سەر پەیژەكە ئەوە بەڕوونى دەركەوت كە هاوشێوەى نمایشى (پرۆڤەیەكى شانۆیى بۆ چاوەڕوانى گۆدۆ)یە كە چاوەڕووانییەكەى ئەوانیش لەسەر پەیژەكانى قشڵەى كەركوك هەر بۆ هاتنى گۆدۆ بوو، هەروەها بەكارهێنانى گوڵ لەكاتى مەرگدا، هەمان ئەو بەكارهێنانەى تیپى ئەزمونگەرى بوو لەنمایشى (هاملێتى كەركوك) لەكاتى مردنى هاملێتدا گوڵیان خستە سەر جەستەى.
 لەكۆتاییدا پێویستە شتێك بووترێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەو نمایشە بەتایبەت بۆ تەواوى مامۆستاو خوێندكارانى بەشى شانۆى پەیمانگەى هونەرە جوانەكانى كەركوك نمایشكرا، كەچى سەرەڕاى ئەوەى داوایان لێكرا یان لەمێزگردەكەى نمایشەكە ئامادەبن یاخود بە ووتار سەرنجەكانیان بنووسن، بەڵام سەیرە ئەوان هیچ كام لەو دوو ئەگەرەى سەرەوەیان هەڵنەبژارد .. جا نازانم بۆ ؟!
 
 *نمایشى (چەپكێكى خەم) رۆژى 20/10/2008 لەهۆڵى لقى كەركوكى رێكخراوى هونەرمەندانى كوردستان نمایشكرا كە لەنووسین و دەرهێنانى سیروان بێلانە و نوواندنى (سیروان بێلانە و سەلام زەنگەنە و مەهدى شۆراوى) بوو.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.