Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
لەپایتەختی رۆشنبیرییدا رۆژنامەفرۆشتن قەدەغەیە!

لەپایتەختی رۆشنبیرییدا رۆژنامەفرۆشتن قەدەغەیە!

Closed
by February 7, 2009 گشتی

 لەپایتەختی رۆشنبیرییدا رۆژنامەفرۆشتن قەدەغەیە!
 ستیڤان ئەحمەد "شەمزینانی"
 
 ماوەیەكە پۆلیس لەبەردەركی سەرای شاری سلێمانی رۆژنامەفرۆشتنی قەدەغەكردووەو تائێستاش چەندین جار رۆژنامەفرۆشەكانی ئەو گوزرە دەستگیركراون ودەستگیراوە بەسەر رۆژنامەو گۆڤارەكانیاندا. یەكێك لەرۆژنامەفرۆشەكان پێیوتم هەر لەم گوزرە چەندان فرۆشیاری تر هەن لەسەر شەقامەكە، بەهاوار هاواری هەڕاجە پانتۆڵی توركی، مامۆستا سبوغی ناكەیت، رێبوارانیان هەراسان كردووەو پۆلیسیش مێش میوانی نییە، كەچی ئێمەی رۆژنامەفرۆشەكان دەكەوینەبەر رەحمەتی شەق وزللەو بەراكێشان وئیهانە، چەندان جار بۆ چەندین كاژێر لەبنكەی پۆلیس بەندمان دەكەن. ئەم رەفتارەی پۆلیسی سلێمانی لەشارێكدایە ناوی بەپایتەختی رۆشنبیریی كوردستان دەركردووە، لەشارێكدایە بەحیساب مەڵبەندی رووناكبیریی وپەخشكردنەوەی بیری پێشكەوتووخواز وسەردەمانەیە، لەشارێكدایە هەموو رۆژێك بەرپرسانی، بەشان وشەوكەتی شاعیرو نووسەرو دەستەبژێرە رۆشنبیرەكەیدا هەڵدەدەن. ئەم رەفتارەی پۆلیسی سلێمانی جیا لەوەی نانبڕینی كۆمەڵێك خەڵكی دەستكورت ومەحرومی شارەكەیە، لەهەمان كاتدا جۆرێكە لەدژایەتیكردنی رۆژنامەو بڵاوكراوەكانی كوردستان، چونكە دەیانەوێت لەم رێگەیەوە خوێنەری شارەكە بێبەش بكەن لەو هەواڵ وزانیاریانەی بەهۆی رۆژنامەو گۆڤارەكانەوە بڵاودەبنەوە. هەندێك رۆژنامەفرۆش دەیانووت سیاسەتەكە لەبنەمادا دژی بڵاوكراوەكانە، چونكە دەیانەوێ رێگە لەدروستبوونی رای گشتیی بگرن كە خەریكە بەهۆی رۆژنامەكانی كوردستانەوە چەكەرە دەكات. بەڵام هەندێكی تر لەو بڕوایەدان بەشێك لەبەرپرسانی دامودەزگا پەیوەندییدارەكان دەیانەوێت لەم رێگەیەوە رۆژنامەفرۆشەكان ناچاربكەن بەپارەیەكی زۆر ئەو كۆشكە رۆژنامەفرۆشییانە بكڕننەوە كەبڕیارە لەچەند جێگەیەكی شار دابنرێن. یاخود هەن پێیانوایە بەشێك لەكتێبخانە دەستڕۆیشتووەكان بەرەشوە ئەو كارە بەپۆلیسی شار دەكەن. سیاسەت وهۆیەكە هەرچییەك بێت، ناكاتە ئەوەی رێگە لەبڵاوكراوەكان بگیرێت، بەپێی لۆجیكیش هیچ پاساوێكی بەهێز لەئارادا نییە بۆ قەدەغەكردنی رۆژنامەفرۆشیی لەو جێگەیەی شار كەچەندین دەیەیە شوێنی ئەو پیشەیە بووە لەسلێمانیدا، تەنانەت بەعس ودامودەزگا تۆقێنەرەكانی رژێمی ئێراق بەهیچ شێوەیەك دژی ئەوە نەبوون لەسەر شەقامەكانی شار كاری رۆژنامەفرۆشی بكرێت، بۆیەكا ئەم رەفتارەی پیاوانی ئیدارەی شاری سلێمانی بەهەموو ماناو پێوەرێك تەنیاو تەنیا بەشێكە لەدژایەتیكردنی رۆژنامەو بڵاوكراوە كوردییە ئەهلییەكان، چونكە رۆژنامە حیزبییەكان بەتایبەت كوردستانی نوێ وخەبات بەناچاریی دەچنە هەموو دامودەزگایەكی حكومیی وحیزبیی و رەنگبێ كەمترین پێویستییان بەوە هەبێ لەسەر شەقامەكان بیانفرۆشن، ئەمەش بەڵگەیەكە بۆئەوەی سیاسەتەكە لەدژی بڵاوكراوە سەربەخۆكان پیادە دەكرێت، بەڵگەی بەهێزیش بۆ ئەم رایە، لەوەدا دەبینمەوە، هەر لەتەنیشت رۆژنامەفرۆشەكانەوە چەندین فرۆشیاری جلوبەرگ وعارەبانەو سبوغچی دەبینرێن وبەهیچ شێوەیەكیش كاریان لێ قەدەغە نەكراوە، بەڵام ئەوەی بۆچی تەنیا رۆژنامەفرۆشەكان دەردەكرێن؟ ئەوە سیاسەتەكە لێرەدا خۆی ئاشكرا دەكات كەدەسەڵاتی شار نیگەرانن لەوەی ئەو هەموو رۆژنامەو بڵاوكراوەیە بڵاودەبنەوەو رووی راستەقیینەی دەسەڵاتی ئەمڕۆی كوردستان بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان دەردەخەن. ئەمە بەڵگەیەكە بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی شار نایانەوێ لەرێگەی قەدەغەكردنی رۆژنامەكان وگرتن وئازاردانی رۆژنامەنووسانەوە بەر بەبڵاوبوونەوەی هەندێك لەراستییەكان بگرن، بەڵكو ئەمڕۆكە رامیارییەكی زیرەكانەو ناڕاستەوخۆ پەیڕەو دەكەن كەئەویش رێگە گرتنە لەكاری رۆژنامەفرۆشیی لەجەرگەی شاردا، چونكە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر رۆژنامەیەكی ئەهلی وهەر گۆڤارێكی گەنجانەو سەربەخۆدا حاشاماتی خوێنەران دەبینن چۆن بەتامەزرۆییەوە تاویان دەدەنێ تاكەمێك لەدیوی شاراوەی ئەو سیناریۆو رووداوانە ئاگادار ببنەوە ئەمڕۆكە لەگۆڕەپانی كاری رامیاریی كوردستاندا دێنە پێشەوەو سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بەوپەڕی توانایانەوە دەیهەوێت لەخەڵكی بشارێتەوەو تەنیا لەژێرزەمینە تاریكەكانی خۆیدا بیانهێڵێتەوە. بەهەرحاڵ سەیرەكە لەوێیە هەر لەهەمان شارداو لەبازاڕی دارەسووتاوەكە، فرۆشتنی سیدی سێكسیی وسیدی ئاهەنگی تایبەتی هاووڵاتیان، قەدەغە نییە، هەر لەهەمان شارو لەبازاڕو سوپەرماركێتەكاندا فرۆشتنی خواردنی ئێكسپایەر قەدەغە نییە، هەر لەهەمان شاردا فرۆشتنی دەرمان وحەب بەمێرمنداڵان بەمەبەستی بەكارهێنانیان وەك ماددەی بێهوشكەر قەدەغە نییە، هەر لەهەمان شارو لەبەرچاوی بەرپرسانەوە دەیان قومارخانەو ماڵی لەشفرۆشیی قەدەغە نییە، هەر لەهەمان شار هەزارەها شتی خراپ قەدەغە نییە، كەچی رۆژنامەفرۆشیی بووەتە تریاكفرۆشیی وقەدەغە دەكرێت وخەڵكیشی لەسەر بەند دەكرێت!!!!! رۆژگارێكی سەیرە گوڵم لەپایتەختی رۆشنبیرییدا رۆژنامەفرۆشتن تاوانە!.
 Shamzini79@hotmail.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.