Skip to Content

60 Views

وەرگێڕانی کتێبێک و ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک … نوری کەریم

وەرگێڕانی کتێبێک و ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک … نوری کەریم

Be First!
image_print

خەریکی وەرگێڕانی کتێبێکم بە ناوی “مێژووی زمان ــ کنەیەک بەناو شوێن و کاتدا The History of Languages” لەلایەن تۆرە یانسۆن Tore Janson، بە زمانی ئینگلی (ئینگلیزی) نووسراوە. کتێبەکە باسێکی مێژوویی زانستییە سەبارەت بە پەیدابوونی زمان، پەرەسەندن، جۆراوجۆربوون و نەمانیان.
خوێندنەوەی دەقێکی وەها و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانێکی تر، قووڵبوونەوەیەکی زۆر زێتر دەخوازێت لە وەرگێڕ، کە شایەنی بەراوردکردن نییە بە خوێندنەوەیەکی ئاسایی هەر کەسێکی تر. لەم شێوە خوێندنەوەیەدایە کە هەندێک جار وەرگێڕ پەی دەبات بەو هەڵانەی کە نووسەرێک دەیانکات. ئەم قووڵبوونەوەیە لە دەقێک و وەرگێڕانی بۆ زمانێکی تر، بەپێی دوور و نزیکیی کەلتووری و جوگرافیاییی نێوان هەر دوو زمانەکە، کەم تا زۆر هەمیشە هاوڕێیە لەگەڵ گرفتگەلێکی زۆر، بەتایبەتی ئەگەربێتو دەقەکە نووسراوەیەکی فەلسەفی یان زانستی بێت، کە هەم خۆیان و هەم زاراوەکانیان بەردەوام لە نوێبوونەوەدان. ڕۆشنە ئەم گرفتانە زۆر کەمترن لە دەقی ڕۆمانێکدا یان هەر نووسراوەیەکی تر، کە زۆر کەمتر زاراوەی زانستی لە خۆ دەگرێت. تێگەیشتن لە دەقی زانستی و فەلسەفی ئاسان نییە. بەیانکردنی بیر و بۆچوون ئاسایی بە ‘لەوانەیە’، ‘ڕێیتێدەچێت’، ‘ئەگەر’ ‘ئەگەرنا’ …. دەردەبڕدرێن و ڕستەکانیان بەزۆری مەرجین. ئەو زاراوانەی کە ئێمە بە کوردی فێریان بووین، زۆر جار ڕێگر دەبن لە تێگەیشتنی دەق بە زمانی بێگانە، بە تایبەتی لەم بوارانەدا. بۆیە بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئەم سەختییانە، من جەخت لەسەر ئەوە دەکەم، کە دەبێت ئەم جۆرە دەقانە لە زمانی ژێدەرییەوە وەرگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی و لەم پەیوەندەدا، وەرگێڕ بەلایەنی کەمەوە بەسەر دوو سێ زمانی ئەوروپیدا توانایی بشکێت بۆ تێگەیشتنی هەمەلایەنە و بەدەستهێنانی زانیاری.

هیچ کەسێک نکوولی لەوە ناکات، کە زمانی کوردی لە ڕووی هەنبانەوشەوە vocabulary زۆر هەژارە، بەڵام تا چ ئەندازەیەک هەژارە، ئەو کاتە دەردەکەوێت، کە وەرگێڕێک دەست دەداتە وەرگێڕانی دەقێکی زانستی یان فەلسەفی لە زمانێکی وەکو ئینگلیی ئەوپەڕی بەتوانا لە ڕووی زانستییەوە بۆ سەر زمانی کوردی. وەرگێڕ نەک هەر بەرەوڕووە لەگەڵ نەبوون یان کەمیی وشە و زاراوەی زانستی لە زمانی کوردیدا، بەڵکو بەشێکی نە کەمی ئەو وشە و زاراوانە کە لەم بوارەدا لە فەرهەنگەکاندا هەن هەڵەن. هەڵەبوونی ئەم وشە و زاراوانە نە پەیوەندی بە تایبەتمەندیی زمانی کوردییەوە هەیە، کە لەڕووی سستمییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ زمانی ئینگلی نییە، و نە پەیوەندی بە لێهاتوویی و تواناییی دانەرانی بەڕێزی ئەو فەرهەنگانەوە هەیە. بەڵکو پەیوەندی بە پلەوپایەی زمانی کوردییەوە هەیە لەناو کۆمەڵگای کوردیدا. ئەم وشە و زاراوانە، لە پاش چەند دەستاودەستکردن، ئێمە کۆمان کردوونەتەوە، نەک لە ئاکامی بە زانستبوونی زمانی کوردییەوە هاتبێتن.

ئەمە وا دەکات، وەرگێڕانی ئەم جۆرە دەقانە زۆر پڕزەحمەت بن. بێهۆ نییە وەرگێڕانی دەقێکی زۆر گرنگی وەک ‘ڕەچەڵەکی چەشن’ی ‘چارلز داروین’، لە پاش دەرچوونی بە زێتر لە سەدە و نیوێک، هێشتا زوو بێت بۆ زمانی کوردی ئەرکێکی وا لە ئەستۆ بگرێت. مەگەر ئەوەی وەرگێڕ پەنا بباتە بەر داهێنانی وشە و زاراوە و پێدانی واتای تایبەتیتر بەوانەی هەیە. لە وەرگێڕانی ئەم کارە مەزنە زانستییەدا هەر وام کرد، کە بۆ من مایەی کارێکی ئێجگار سەخت بوو.

ئەو کتێبەی ئێستا خەریکی وەرگێڕانیم، نووسەر لە ساڵی 2012دا نووسیویەتی. بۆ ئەم کتێبە بەرەوڕووم لەگەڵ بەشێک لە ناو و زاراوەی هەڵەی فەرهەنگی کوردی لە بەرامبەر هاوتا ئینگلییەکانیاندا، بۆیە ڕاستکردنەوەکانی من تەنیا ئەو وشە و زاراوە هەڵانە دەگرێتەوە کە لەم وەرگێڕانەدا هاتوون، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە، ڕاستکردنەوەکانم بەپێی زمانی ئینگلییە، وەک زانستیترین زمانی جیهانی، و هەروەها بۆ ئەم مەبەستە، کەڵكێکی زۆرم لە زمانی سویدی وەرگرتووە (زمانی سویدی نەک تەنیا یەکێکە لە زمانە هیندو ئەوروپییەکان، بەڵکو لەگەڵ زمانی ئینگلی سەر بە یەک گرووپی زمانین).

وەک خوێنەر دەیبینێت، ئەم هەڵانەی هەن، بەشێک لەو وشە و زاراوانە دەگرێتەوە، وەکی تر باقییەکەیان دێنەوە لەگەڵ هاوتا ئینگلییەکانیان. بێگومان دەبێت جیاوازیی دەنگزانی نێوان زمانی ئینگلی و کوردی لەبەرچاو بگیرێن لە وەرگێڕاندا. هەروەها ئەوانەی من لەم نووسراوەیەدا وەک نموونە ئاماژەیان پێدەکەم، تەنیا بەشێکی بچووکن لەوەی لە وەرگێڕانەکەدا هاتوون. بێگومان وشە و زاراوەی تر زۆرن کە تەنانەت لەناو ئەم کتێبەدا نەهاتوون. ئەو نموونانەی من لێرەدا هێناومن، بۆ ئەو مەبەستەشە، کە خوێنەر بزانێت بۆ ڕاستکردنەوەیان چ ڕەواڵکارێکم گرتۆتە بەر.

ئەم وشە و زاراوە هەڵانەی فەرهەنگی ئینگلی ــ کوردی لە بواری زمانەوانیدا، دەبن بە دوو دەستەوە:

دەستەی یەکەم: ناوی وڵات، شار و شوێن.

‘Finland’ لە فەرهەنگی کوردیدا بە ‘فینلەندا’ واتا کراوە، ڕاستترە بوترێت ‘فینلاند’. ‘Holland’ بە ‘هۆڵندا’ واتا کراوە، دروستترە بوترێت ‘هۆلاند’. ‘Spain’ بە ‘ئیسپانیا’ واتا کراوە، دروستترە بوترێت ‘سپانیا’. ‘Sweden’ بە ‘سوید’ واتا کراوە، دروسترە بوترێت ‘سویدن’. هەر ناوێکی هەڵەی ئەم دەستەیە، تا ئاستێکی زۆر ڕێگری ناکات لە دەربڕینی وردی بۆچوونەکان یان ببێتە هۆی لێکدانەوەی هەڵە لەلای خوێنەران. دەکرا وەکو زۆر ناوی تری بە هەڵە وەرگێڕدارو هەروا پشتگوێ بخرانایە.

دەستەی دووەم: ناوی زمانەکانە.

ناوهێنانی بە هەڵەی زمانەکان، ڕێگر بوون لەوەی من بتوانم بیروبۆچوونی زانستی ئەم کتێبە، بە کوردی بەیان بکەم. بێئەم ڕاستکردنەوانە بۆ من ئاستەم بوو ئەوەی نووسراوە، بە دروستی وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی. ئەمە کارێکە دەبێت هەر ئیمڕۆ بکرێت، لەبەر هەر هۆیەک بێت ناکرێت دوا بخرێت.
دەکرێت پیتی ‘ی’ کە دەبێت بە پاشگری ناوێک، ئاماژە بێت بە ناوی زمانێک. هەر وەکو ‘ska’ لە زمانی سویدیدا، بۆ نموونە ‘kurdiska’ کە بە واتای زمانی کوردی دێت. بەڵام لە زمانی ئینگلیدا دەکرێت، چەند پاشگر هەبن کە ئاماژە بن بەناوی زمان. وەکو:
ــ ‘ish’ لە ناوی زمانی ‘Kurdish’: ‘کوردی’. ‘Swedish’: ‘سویدی’. ‘Turkish’: ‘تورکی’.
ــ ‘ian’ لە ناوی زمانی ‘ Norwegian’: ‘نەرویجی’. ‘ Russian’: ‘ڕووسی’. ‘Italian’: ‘ئیتالی’
ــ ‘ese’ لە ناوی زمانی ‘Chinese’: ‘چینی’. ‘Japanese’: ‘جاپانی’. ‘Maltese’: ‘ماڵتی’
ــ ‘ic’ لە ناوی زمانی ‘Arabic’: ‘عەرەبیک’. ‘Turkic’: ‘تورکیک’. ‘Germanic’: ‘جەرمەنیک’.
ــ …
ــ یان دەکرێت هیچ پاشگرێکی نەبێت بۆ ئاماژەکردن. وەک ‘Khmer’: ‘خمێر’. ‘Sanskrit’: ‘سانسکریت’. ‘creole’: ‘کرێول’.
هەر یەک لەم وشانە، بۆ نموونە ‘ Swedish’، ‘Russian’، ‘Japanese’، …، دەکرێت وەکو ئاوەڵناو بەکار بهێنرێت لەگەڵ ناوی وڵات، گەل، کەلتوور، زمان … . بەڵام وەک ناو تەنیا بە واتای ناوی زمان دێت. بۆیە هەر یەک لەم وشانە دەبێت وەکو ناو وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی، کە ئەگەر وەها نەبێت، ئەوا هەڵە دەردەچێت. ئەمە یەکێکە لەو هەڵانەی کە فەرهەنگی زمانی کوردی تێیکەوتووە. بۆ نموونە ‘scottish’ هەم ناوە و هەم ئاوەڵناو. وەک ناو بە واتای ‘زمانی سکۆتی’ دێت، کە لە فەرهەنگی کوردیدا بە ‘ئوسکوتلەندی’ واتا کراوە، بەڵام وەک ئاوەڵناو بە واتای ‘سکۆتلاندی’ دێت وەکو ‘scottish people’: ‘خەڵكی سۆتلاندی’ و ‘scottish government’: ‘حکومەتی سکۆتلاندی’.

یەکێکی تر لەو هەڵانەی کە لەناو فەرهەنگی زمانی کوردیدا هەیە ئەوەیە، کە ناوی زمان لە ناوی وڵاتەوە وەرگیراوە، لە جیاتی ئەوەی لەناوی زمانەوە وەرگیرێت. هەر چەند لە چەند حاڵەتێکی کەمدا، ناوی زمان لە ناوی وڵاتکەوە وەرگیراوە وەک ‘فەڕەنسی’: ‘ french’ لە ‘فەڕەنسا’: ‘France’، یان بە پێچەوانەوە، ناوی وڵات لە ناوی زمانەوە وەرگیراوە. هەرچی چۆنێک بێت زمان ناوی تایبەت بە خۆی هەیە، دەبێت ئەوە بەکار بهێنرێت، ئیتر لە هەر شتێکەوە سەرچاوەی گرتبێت.
ئەوەندەی بەم وەرگێڕانە دەگەڕێتەوە، ناوهێنانی زمان بە ناوی وڵاتەوە یان وەرگێڕانی وشەکە وەک ئاوەڵناوێک لە جیاتی ناو، لە زۆر بواردا دەبێتە مایەی هەڵە، کە لێرە ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەم:

ــ ‘Finnish’ لە فەرهەنگی کوردیدا لە پەیوەند بە ناوی زماندا بە ‘فینلەندی’ واتا کراوە. لە ڕاستیدا دەکرێت بڵێین، ‘هاوڵاتییەکی فینلاندی’ (ئەگەر ناوی وڵاتەکە بە دروستی بنووسین)، ‘پەرلەمانی فینلاندی’ یان ‘سوپای فینلاندی’ یان هەر شتێک کە بە وڵاتی فینلاند بگەڕێتەوە، بەڵام ‘زمانی فینلاندی’ بوونی نییە، بەڵکو ‘زمانی فینی’، ‘زمانی سویدی’، ‘زمانی سامی’، … هەیە. هەر وەکو چۆن ‘زمانی عێراقی’ بوونی نییە، بەڵکو ‘زمانی کوردی’، ‘زمانی تورکی’، … هەیە. هەروەها ‘زمانی بەریتانی’ نییە، بەڵکو ‘زمانی ئینگلی’ هەیە کە یەکێکە لەو چوار زمانە سەرەکییەکەی بەریتانیا.
ــ ‘portuguese’ لە فەرهەنگی کوردیدا بە ‘پورتوگالی’ واتا کراوە، کە دەکرێت لە ناوی وڵاتەکەوە، ‘پورتوگال’، وەرگیرابێت، بەڵام ئەم زمانە لە گەلێک وڵاتانی تردا قسەی پێدەکرێت و زمانی ڕەسمی و زمانی دایکیی خەڵکەکانیانن، بۆ نموونە لە بەڕازیل. بۆیە ناکرێت یەک زمان بێت، بەڵام ناوی جۆراوجۆری هەبێت بەپێی ناوی ئەو وڵاتەی کە تێدایە، بەڵکو دەبێت بە ‘پورتوگی’ وەربگێڕدرێت و ئەوسا دەکرێت بوترێت، ‘پورتوگیی پورتوگالی’، ‘پورتوگیی بەڕازیلی’، هەر وەکو چۆن دەڵێین، ‘ئینگلیی بەریتانی’، ‘ئینگلیی ئوسترالی’، ….

ــ لە کۆتایی سەدەی نۆیەمدا، خێڵـێکی باشووری سکەندیناڤیا بە ناوی ‘دان’ لە بەشگەلێکی ڕۆژهەڵاتی ئینگلاند نیشتەجێ دەبێت و هەڕەشەی داگیرکردنی تەواوی ئینگلاند دەکات. بۆ دژوەستانەوەی ئەم هەڕەشەیە، ئانگلەکان و ساکسۆنەکان کە لەوەوپێش ئینگلاندیان داگیر کردبوو، پاشانشینی خۆیان تێدا دامەزراندبوو، بە زمانی ئینگلی دەدوان، بەرەیەکیان پێکهێنا بە ناوی ‘بەرەی ئینگلی’ لەبەرامبەر ‘بەرەی دانی’. ‘بەرەی دانی’ لەوەوە هاتبوو چونکو دانەکان بە زمانی دانی دەدوان. ‘دانی’ وەک زاراوەیەک لە ئینگلیدا دەبێت بە ‘danish’ و لە فەرهەنگی کوردیدا وەک زمان بە ‘دانیمارکی’ واتا کراوە. بێگومان ئەگەر بەم پێیە ئەم زاراوەیە واتا بکرێت، خوێنەر بە هەڵەدا دەبات.
ــ ناوهێنانی زمانێک بە ناوی وڵاتەوە، لە زۆربەری هەرە زۆری حاڵەتەکاندا ڕێگری دروست دەکات بۆ بەدواچوونی ڕەچەڵەکی زمانەکە، چونکو دەشێت دروستکردنی وڵات دیاردەیەکی زۆر نوێ بێت لەچاوی ئەو زمانەی کە تێیدا قسەی پێدەکرێت.
ــ …
هەڵەیەکی تری فەرهەنگی کوردی ئەوەیە، کە هەندێک ناوی زمانی بە هەڵە وەرگێڕدراوە. بۆ نموونە، ‘English’ بە ‘ئینگلیزی’ی واتا کراوە کە دەبێت ‘ئینگلی’ بێت، هەر وەک چۆن ‘Turkish’مان کردووە بە ‘تورکی’. هەروەها ‘Spanish’ بە ‘ئیسپانی’ واتا کراوە کە دەبێت ‘سپانی’ بێت.
دەکرێت زمانێک لە سەردەمانێکدا بە ناوێک بەیان کرابێت، بەڵام پاشان لە ئاکامی گۆڕانێکی زۆر بەسەریدا، ناوەکەی گۆڕابێت وەک ئەماژەیەک بۆ فۆرمی مۆدێرنی ئەو زمانە. بۆ نموونە، ‘Englisc ئینگلیسک’ فۆرمی دێرینی زمانی ئینگلی ‘English ئینگلیش’ی مۆدێرنە. هەروەها ‘Scyttisc سکۆتیسک’ فۆرمی کۆنی زمانی سکۆتی ‘ Scottish سکۆتش’ی مۆدێرنە. هەروەها بە هەمان شێوە ‘ Pyhtisc پیکتیسک’ و ‘ Pictish پیکتی’ ناوی فۆرمی کۆن و تازەی زمانەکەیە. هەندێک زمان کە لە سەردمانێکی زوودا، بە ناو ناوچەگەلێکی زۆر بەرفراواندا بوونیان هەبووە، لە ئاکامی گۆڕان و گەشەکردنێکی زۆر، زاراوەکانیان بوون بە زمانی سەربەخۆی جیا لە یەک. بۆ نموونە ‘Turkic تورکیک’ فۆرمی کۆنی زمانی تورکی ‘Turkish تورکیش’ی مۆدیرنە، بەڵام ئەم فۆرمە کۆنــە گرووپێکی (خێزانێکی) زمانیش پێکدەهێنێت، کە 35 زمان لە ئێستادا لە خۆ دەگرێت و زمانی تورکیی مۆدێرن یەکێکە لەوانە.

Tore Janson

هەر وەک ‘جەرمەنیک Germanic’ کە فۆرمێکی دێرینی زمانی جەرمەنیی مۆدێرنە و هەروەها ڕەچەڵەکی گەلێک زمانی ترە وەکو ئینگلی، سویدی، نەرویجی، …. بەڵام مەرج نییە هەموو زمانەکانی ئێستا فۆرمی کۆنیان هەبێت، بۆ نموونە زمانە ڕۆمانسییەکانی وەکو فەڕەنسی، سپانی، پورتوگی، … کە لە زمانی لاتینییەوە سەرچاوەیان گرتووە. هەروەها هەندێک زمان هەن بە فۆرمە کۆنەکەی خۆیان ماونەتەوە و گۆڕانکارییەکی وەهایان بەسەردا نەهاتووە، کە وەکو فۆرمگەلێکی نوێ ناویان بهێنرێت. بۆ نموونە، ‘عەرەبیک Arabic’ کە هەر ئەو فۆرمە ستانداردەی نووسینی هەیە وەک هەزار و چوار سەد ساڵ لەوەوپێش، بە هۆی لکاندنی بە ئاینەوە، سەرەڕای ئەوەی لە ئاخاوتندا لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە، تا ئاستێک کە لە گفتوگۆدا تێگەیشتن لەیەکتری ئاسان نەبێت. هەروەها زمانی ‘ئایسلاندیک Icelandic’، ئیتر لەبەر هەر هۆیەک بووبێت، پەرەی نەسەندووە و بە فۆرمە کۆنەکەی ماوەتەوە.

دەکرێت لە زمانی ئینگلیدا، پاشگری پیتی ‘c’ بۆ ناوی زمانێک، ئاماژە بێت بۆ فۆرمێکی کۆنی ئەو زمانە و / یان ناوی گرووپێک لە زمان، وەک ئەوەی لە سەرەوە دەردەکەوێت. بێگومان نابێت ئەو چاوەڕوانییەمان لە فەرهەنگی کوردی هەبێت، وەرگێڕانی بۆ هەموو ئەم ناوی زمانانە هەبێت، بەڵام ئەوەی سەیرە، ئەگەر وەرگێڕانی بۆ هەر یەکێک لەم جۆرە ناوانە کردبێت، ئەوا ئەم پاشگرەی پشتگوێ خستووە، وەک ئەوەی هەر بوونی نەبێت. بۆ نموونە، ‘Turkic تورکیک’ و ‘Turkish تورکیش’، هەر دووکیان وەک یەک بە ‘تورکی’ واتا کراون. ‘Germanic جەرمەنیک’ و ‘German جەرمەن’ی بە ‘زمانی ئەڵمانیی کۆن’ و ‘زمانی ئەڵمانیی نوێ’ واتا کردووە. هەروەها ‘Slavic سلاڤیک’ی بە ‘سلاڤی’، ‘ئایسلاندیک Icelandic’ی بە ‘ئایسلاندی’ و ‘Arabic عەرەبیک’ی بە ‘عەرەبی’.

بۆ وەرگێڕانی ناوی فۆرمی زمانێک، ناکرێت وشەی ‘کۆن’ و ‘نوێ’ بە کار بهێنرێت، چونکو بەکارهێنانی وشەی ‘کۆن’ بۆ فۆرمێکی زمان، مەرج نییە بەو واتایە بێت کە ئەو زمانە فۆرمی ‘نوێ’ی هەیە و هەروەها پێچەوانەکەشی ڕاستە. پێشنیاری من ئەوەیە، ئەو پیتە پاشگرەی ‘c’ لە بەرچاو بگیرێت و ئینجا پاشگرەی ‘ی’، کە ئاماژەیە بۆ ناوی زمان، بلکێنرێت بە وشەکەوە. بەو شێویە ‘Germanic جەرمەنیک’ بە ‘جەرمەنیکی’ واتا دەکرێت، ‘Slavic سلاڤیک’ بە ‘سلاڤیکی’، ‘ئایسلاندیک Icelandic’ بە ‘ئایسلاندیکی’، ‘Englisc ئینگلیسک’ بە ‘ئینگلیسکی’، ‘Arabic عەرەبیک’ بە ‘عەرەبیکی’، …

وەکو لە سەرەوە بەیانم کردووە، لە ئینگلیدا گەلێک ناوی زمان هەیە کە هیچ پاشگرێکیان پێوە نییە وەک ئاماژەیەک بۆ ناوی زمان. لە واتاکردنی ئەم جۆرە ناوانەدا، فەرهەنگی کوردی پاشگری ‘ی’ی لکاندووە بە هەر دانەیەکیانەوە. بەو شێوەیە، ‘Khmer خمێر’ی کردووە بە ‘خمێری’، ‘Sanskrit سانسکریت’ی بە ‘سانسکریتی’، ‘creole کرێول’ی بە ‘کرێولی’، …. من ئەمە بە هەڵە دەزانم و پێشنیارم ئەوەیە، کە ئەم جۆرە ناوانە وەکو خۆیان بەیان بکرێن، بەبێ پاشگری ‘ی’، فەرهەنگی سویدیش هەر وای کردووە.

وەرگێڕانی ئەم کتێبەم تەواو کردووە، بەڵام جارێ نەمناردووە بۆ چاپکردن. ناوی ئەو زمانانەی کە لە کتێبەکەدا هاتوون و لە فەرهەنگی کوردیدا بە بۆچوونی من، بە هەڵە واتا کراون، بەپێی ئەم ڕەواڵکارەی سەرەوە ڕاستم کردوونەتەوە. دەکرێت کەسانێک هەبن، لەگەڵ ئەو پێشنیارانەی مندا نەبن یان پێشنیاری باشتریان بۆ ئەم ڕاستکردنەوانە هەبێت. مەبەست لە نووسینی ئەم وتارە ئەوەیە، خوێنەران ئاگادار بکەمەوە، کە هەر بەڕێزێک لەم پەیوەندەدا هەر سەرنج و پێشنیارێکی هەیە ئاگادارم بکاتەوە، زۆر مەمنوون دەبم. دەکرێت لەم ڕێگایانەوە پەیوەندی بە منەوە بکرێت.

ئیمەیل ئەدرێس: nourikarim52@yahoo.com فەیسبووک: Nouri Karim. دەکرێت لەو پێشنیار و ڕاستکردنەوانەی من کردوومن، زۆر سەرکەوتوو نەبم، بەڵام بە دڵنیایییەوە دەتوانم جەخت لەسەر ئەوە بکەم، کە بەم هەوڵانەی ئەنجامم داون، تەواوی تێگەیشتە زانستییەکانی ئەم کتێبەم گەیاندووە بە خوێنەرانی کوردیزمان. وە هەر ئەم هۆیە بوو منی وا لێکرد پەی بەو هەڵانەی فەرهەنگی کوردی ببم و دەستبکەم بە ڕاستکردنەوەیان. لە کۆتاییدا پێم خۆشە ئەو سەرنجەش بدەم، ئەم هەوڵ و کۆششانەی من بۆ ڕاستکردنەوەی ناوی بەشێک لەم زمانانە بەپێی زمانی ئینگلی، بە مەبەستی هەرچی زێتر زانستیکردنی زمانی کوردییە. لە دوور و نزیکەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو هەوڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نییە بۆ پەراوێزخستنی زمانی کوردی، لە ڕێگای بە ئینگلیکردنی فێرکاری و زمانی خوێندنگە لە باخچەی منداڵان و خوێندنگەکاندا، کە تاکو ئێستا گەیشتۆتە پۆلی دووەمی قۆناغی بنەڕەتی.

وەرگێڕ: نوری کەریم
19.3.2018

Previous
Next

Leave a Reply