کوردایەیتی – بەشی چوارەم … جیهاد محەمەد


فیوداڵی کوردایەتی

بە درێژایی خەبات و تێکۆشانی میللەتی کورد، لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا، ـ جگە لە بیری عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لەم چەند ساڵەی دوایەشدا بیری پەیەدە لە رۆژئاواداـ فیوداڵەکان سەرکردایەتی و رابەرایەتی ئەم خەبات و تێکۆشانەی کوردایەتیان کردووە، ئەگەر حیزبێکیش یان چەند حیزبێکیش، کە کۆمەڵێک خوێندەوار دایانمەزرادبێت بە ناوی درێژەدان بە هەمان خەبات و تێکۆشان بۆ سەندنی مافی نەتەوەیی گەلی کورد، هەمان عەقڵیەتی فیوداڵیەتیان هەبووە. فیوداڵەکان، شێخ و مەلاکان،یان ئەفەندیەکان هەمان عەقڵیەت و بیرکردنەوەی دەرەبەگایەتیان هەبووە. ئەوە ئاشکرایە لە دەستپێکی (شۆڕشی) ئەیلول ١٩٦١، بە رابەرایەتی مەلا مستەفای بارزان، فیوداڵەکانی دژ بە یاسای چاکسازی کشتوکاڵی ژمارە ٣٠ ساڵی ١٩٥٨ راپەڕین و هێزی چەکدارییان کۆکردەوە لە ژێر ناوی سەندنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد. تەنانەت باڵی مەکتەبی سیاسی هەمان حیزب(پارتی دیموکراتی کوردستان)، بە بە رابەرایەتی ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی، لەگەڵ ئەوەی خۆیان بە شاری و شارستانیی دەناساند، لەگەڵ ئەوەی روویان کردبووە بیری ماوتسی تۆنگ و پەیوەندیەکی باشیان لەگەڵ حیزبی توودەی ئیرانیدا هەبوو، وایان پیشان دەدا، کە تەبەنی بیری چەپ و چەپڕەویی دەکەن، بەڵام بە هەمان رەفتار و کرداری فیوداڵانەی بارزانی و (شۆڕش)ی ئەیلول رابەرایەتی هێزە چەکدارییەکەی خۆیان دەکرد.

ئەم فیوداڵانەی کوردایەتی، ئەو کاتانەی دەنگی خۆیان بەرزدەکردەوە و دەستیان دەکرد بە نەڕە نەڕی نەژاد پەرستی و رەگەزپەرستیی و دیماگۆگییانە خەڵکیان لە دەوری خۆیان کۆدەکردەوە و خوتووکەی هەستی نەتەوەیی خەڵکیان دەدا، دژ بە هاوبیرەکانییان و هاو مێنتاڵیەت و عەقڵیەتی حوکمڕانە شۆڤێنیەکانی بەغدا وەک سەدام و مالکی و عەبادی، یان حوکمڕانەکانی تر لە سوریا و تورکیا و ئێراندا، لە بچووکترین دەرفەتی هەستکردن بە هێز و دەسەڵات، هەمان رەفتار و کرداری حوکمڕانە چەوسێنەرەکانی گەلی کوردیان دەکرد بەرامبەر بە خەڵکە ستەمدیدەکەی، کە کردبوونیان بە سووتەمنی هێزە چەکدارەکانیان. وەک پاوڵۆ فرێری لە کتێبی(پێداگۆگی ستەملێکراوان)دا، ئاماژە دەدات بە ناشۆڕشگێڕێتی ئەم جۆرە لە شۆرش، پەروەردە شۆڕشگێڕێتی ئەم ناشۆرشگێرانە ئەوە بوو، کە هەموو خەڵکی کوردستانیان بە نەزان و بێ سەلیقە و نەخوێندەوار و گێل تەماشا دەکرد، خۆشیان بە زانا و دانا و تێگەیشتوو لە ماف و چەمکی مافی چارەنووس و ئازادی و سەربەخۆیی دەزانی، بۆیە بە هیچ جۆرێک دیالۆگ و دیبەیتیان لەگەڵ خەڵکدا نەدەکرد، بەڵکو خەڵکیان فێری ئەوە کردبوو، کە بێدەنگ و گوێڕایەڵانە دوایانکەون و هیچی تر.

ئەگەر بە وردی سەیری ئەدەبیات و نووسین وکتێب و بیرەوەرییەکانی ئەم فیوداڵانە بکەین، لە ماوەی سەد ساڵ زیاتری خەباتی میللی گەلی کوردا، بە دەگمەن نووسین و کتێب و بابەتی فکرییان هەبووە. ئەوەی کە هەیانبووە تەنها نووسینی بیرەوەرییەکانیانە و هیچی تر، هەڵبەت ئەگەر هەشیان بووبێت، کە بێ گومان لێرەو و لەوێ هەندێکیان بابەتی فکری و تیۆریایی شۆرشگێڕیان هەبووە، وەک نەوشیران مستەفا و قاسم لۆ و جەلال تاڵەبانی، بەڵام نەیانتوانیەوە پراکتیکەی ئەو بیر و بۆچوونە شۆڕشگێرییە بکەن، چونکە وەک نووسین نووسیوانن، مێنتاڵیەتە فیوداڵیەکەیان، دەسەڵاتخوازیەکەیان رێگەی پێنەداون پراکتیزەی کەمترین ئاستی تیۆریای شۆرشگێڕیی بکەن.

هەموو بیرەوەرییەکانی سەرکردە دیارەکانی ئەم بزووتنەوە چەکداریانەی کوردایەتی، پڕێتی لە باسی قارەمانێتی و پاڵەوانێتی و داستانی دەگمەن لە شەڕەکانیاندا دژ بە دەسەڵاتە حکومڕانە شۆڤێنیەکان، خۆی لە خۆیدا ئەمە راستە، هەموومان دەزانین، کە قارەمانێتی و پاڵەوانێتی پێشەمەرگە بێ وێنەیە لەم خەبات و تێکۆشانانەدا، بەڵام قسەمان لەسەر ئەوەیە، کە ئەم هەموو قارەمانێتی و پاڵاونێتیە، چونکە لە بیرێکی شۆرشگێریی و تیۆڕیایەکی شۆڕشگێرییەوە نەهاتووە، بەڵکو تەنها وەک شەڕ و دژایەتیەکی کورتبینانەو، بیرتەسکیی و بێ بفکرییەوە هاتووە، بۆیە لە حکومڕانیی ٢٧ ساڵەیاندا هەموو ئەم پاڵەوانێتی و قارەمانێتیی و داستانە بێ وێنانە بوون بە ئامرازێک بۆ دەستکەوتی خۆ دەوڵەمەندکرد و ڕووتانەوەی خەڵک و بە هەدەردانی سەدان ملیار دۆلاری داهاتی کوردستان.

ئەم فیوداڵانەی کوردایەتی، چونکە لە سەرەتاوە بە دوای دەسەڵاتخوازییەوە بوون، بۆیە نەگەڕاونەتەوە لە هیچ خیانەتکردنێک و هیچ فروفێڵ و زۆڵێتیەکی سیاسیی، کە خزمەتی دەسەڵات و درێژەدان بە دەسەڵاتیان بکات. جگە لەوەی کە نەگەڕونەتەوە لە جاشێتی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتی چەوسێنەری گەلی کورد، لە ناو خودی خۆشیاندا دەیان شەڕ و پێکدادانی خوێناویان بەرپا کردووە، لەسەر دەسەڵات و پۆست و پلەو پایەی سیاسیی و دزین و بە تاڵانبردنی سامان و داهاتی کوردستان، بۆ نموو لە ١/٥/١٩٩٤ تا ٨/٩/١٩٩٨ ئەو شەڕە خوێناوییەی، کە پەرایانکرد لە نێوان هێزە چەکدارەکانی پارتی و یەکێتیدا، لەسەر دزین و بەش بەشێنی داهاتی برایم خەلیل بوو، کە گەورەترین دهات و دەروازەی گومگرگی بوو لە جیهاندا، بە گوێرەی لێدوانی بەریتانیەکان لەو کاتەدا، ئەم شەڕە خێڵەکییە، ٤ ساڵاو ٤ مانگ و ٧ رۆژی خایاند، هەر بۆ گاڵتە پێکردن، کێبڕکێ دروستبووبوو لە نێوان سەدام حسەین و ئێران و تورکیادا بۆ ناوبژیوانی ئەم دوو هێزە چەکدارە، تا لە دواجاردا وەزیری درەوەی ئەمەریک (مادڵین ئۆلبرایت) بەو پەڕی نابەدڵێیەوە رێکیخستنەوە.

بێ فکریی و نەخوێندەواریی و خێڵەکێتی و دەسەڵاتخوازیی ئەم فیوداڵانەی کوردایەتی، زۆر جار پاڵنەریان بووە بۆ پەنابردن بە کۆنەپەرسترین بیریی ئیسلامی سیاسیی، لە پێناوی ئەوەی بەکاریان بهێنن دژی یەکتری، لە کاتێکدا کە بانگهێشتی بیری ئازاد و دیومکراتییان دەکرد، لە هەمانکاتدا زیاتر لەوان تەبەنی ئەو بیرەیان کردووە، کە پێی وایە، (ئەخلاق) کێشەی کورد وگەلی کوردە، واتە وەک ئیسلامی سیاسیی بیری لێ دەکاتەوە، نەبوونی مۆراڵ و ئاکاری بەرزی خەڵکە، کێشەی بۆ گەل و نەتەوە دروستکردووە، کە پێچەوانکەی راستە و ئەوەی مۆراڵ و ئاکاری بەرز دروستدەکات، پەروەردەیەکی هاوچەرخانە و شۆرشگێرییە، ئەوەیش بە سیستمێکی سیاسیی دادپەروەرانە و یەکسانخواز و دیموکراتخواز دروستدەکرێت. واتە بارودۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بنەمای مۆراڵ و ئاکاری مرۆڤدۆستییە، نەک ئامۆژگارییە دینیەکان بۆ دروستکردنی مۆراڵ و ئاکاری مرۆڤدۆستانە. هەتا سیستمێکی سیاسیی و حوکمڕانێکی دیموکراتییانە و دادپەروەرانە نەیەتە ئاراوە، نە پەروەدە، نە هیچ ئامۆژگارییەکی دینیی ناتوانێت بەها مرۆییەکان فەراهەم بکات. پەروەردەی دیومکراتیانە چ لە قوتابخانەکاندا، چ لە ناو خێزانەکاندا، چ لە ناو هەموو ئۆرگانە سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکاندا، دروست نابێت، بە بێ حوکمڕانییەکی دیموکراتیانە.

جگە پەنابردن بۆ فکری دواکەوتوویی و توندووتیژی ئیسلامی سیاسیی، پەنایان بۆ دیماگۆگییەکی تری یەجگار بێ مانای ریفرانۆدم برد، کە گوایە، گەلی کورد بە ئابووری سەربەخۆ و جیابوونەوە دەگات بە مافەکانی خۆی، لە کاتێکدا هەتا هەموو گەلی عێراق بە هەموو نەتەوە و دین و ئاینزاکانیەوە ئازادییەکی گشتی بە خۆیەوە نەبینێت، گەلی کورد و تەنانەت دین و ئاینزانکانیش ناگەن بە ئازادی و، ڕزگاریان نابێت لە چەوساندنەوە. نە دین، نە نەتەوە، نە تاک، نە رەگەز، نە چین، نە مرۆڤایەتی و ژینگە و ژینگەپارێزیی، ئازاد نابێت، تا بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئازاد نەبێت. دین کاتێک ئازاد دەبێت، کەسە دینی و کولتوورە دینیەکان کاتێک ئازاد دەبن، کە کۆی کۆمەڵ و کۆمەڵگا لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا ئازد بێت. ئەم ئازادیەش بە واتای خۆی، سڕینەوەی عەقڵیەتی دەسەڵاتخوازییەکانی دین و ناسینۆنالستیی و نەژادپەرستی و رەگەزپەرستیە، بۆیە ئەم فیوداڵە نەتەوەپەرست و دینیانە هەمیشە دژی ئازادین و بەردەوام کار لەسەر درێژەپێدانی کولتووری دواکەوتووی کۆمەڵایەتی دەکەن.

جیهاد محەمەد/ کوردستان
٥/٥/٢٠١٨