Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
شكستی كورد لە بەغدا بۆ ؟…..شوان داودی

شكستی كورد لە بەغدا بۆ ؟…..شوان داودی

Closed
by February 15, 2009 گشتی

 شكستی كورد لە بەغدا بۆ ؟
 شوان داودی
 
 لە شەش مانگی رابردوودا دووجار سەردانی شاری بەغدام كردوە، هەردوو جارەكەش ژمارەیەكی زۆر خەڵكم بینیووە جا چی خەڵكی سیاسیو كار بەدەست چی خەڵكی ئاسایی .. ئەوەی هەستم پێكرد ئەوەبوو كە دابڕانێكی زۆر لەنێوان ناوەندە سیاسیە كوردیەكانو شەقامی بەغدا بەگشتیو كوردی بەغدا بەتایبەتیو كوردە فەیلیەكانیش بەشێوەیەكی زۆر تایبەتتر  لە ئارادایە ..
 چەند جارێكو لەچەند كەناڵێكەوە هەوڵی ئەوەم داوە ئەم بۆچوونەی خۆم بگەیەنمە لایەنە پەیوەندیدارەكان ..
 *لە كۆبوونەوەیەكی  مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە لەگەڵ بەشێك لەراگەیاندن كاراندا سازكرا باسی ئەوەم كرد كە فەشەلمان لە  گەیاندنی خیتابی كوردی لە شەقامی عەرەبیو عێراقدا هێناوەو چەند نمونەشم لەو بارەیەوە خستە بەرچاو .. هەڤاڵێك بە توندی بەرپەرچی دامەوە .
 *لەگەناڵی ئاسمانی (گەلی كوردستان)یش چەند مانگێك پێش ئێستا داوای ئەوەم كرد كە كورد لە بەغدا بەشداری هەڵبژاردن نەكات باشە .. ئەو داوایەم لەڕوانگەی ئەو دابڕانەوە سەرچاوەی گرتبوو كە هەستم پێكردبوو .
 *لە هەڵبژاردنی 2005 لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە یەك ملیۆن كورد لە بەغدا نزیكەی 25 هەزار دەنگی بەدەستهێنابوو، لەكاتێكدا لەو ماوەیەدا كە كورد ئامادەییەكی بەهێزی لە بەغدا هەیە سەرۆك كۆمار كوردە ، جێگری یەكەمی سەرۆك وەزیرانو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كوردن، 58 ئەندام پەرلەمانی كورد لە بەغدان ، سەرۆكی ئەركانی سوپا كوردە، جگە لە دەیان وەزیرو جێگر وەزیرو بەرێوەبەری گشتی .. دوو رۆژنامەی كوردی رۆژانە بەزمانی عەرەبی (التأخیو الاتحاد) لەبەغدا دەردەچن – كەناڵی ئاسمانی (الحریە)ش كە لە بەغدایە بە زمانی عەرەبی بەرنامەكانی بڵاودەكاتەوە، چەندین رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی هەنودەیان گۆڤارو بەرنامەی رادیۆیی پەخش دەكرێن ، جگە لەمانە بڕی 100 هەزار دۆلار بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لەو شارەدا تەرخانكرابوو بۆ لیژنەی باڵای هەڵبژاردن .. ئەمە بێجگە لەو بڕە  پارەیە كە لەلایەن پارتیو یەكێتیەوە بەلقو مەڵبەند دراوەو جگە لەو پارانەی كە دراوە بە كاندیكراوەكان بۆ دەنگ كڕین .
 سەرباری هەموو ئەمانە بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنی 2005 زیاتر لە (10)هەزار دەنگ لیستی هاوپەیمانی كوردستان كەمی هێناوە ، دەنگی بەدەستهاتووی ئێستا تەنها 14,584 دەنگە.
  بۆ ؟
 رەنگە وەڵامی ئەم بۆیە بۆ من ئاسان نەبێ .. لەگەڵً ئەوەشدا هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر هەندێ لەو هۆكارانە كە لانی كەم لای من بەرجەستەبووە ..
 *هیچ جۆرە تەنسیقێك لەنێوان خەڵكانی  كوردو دامو دەزگا حزبیە كوردیەكانو بەرپەرسانی كورد بۆ كێشەو گیرو گرفتەكانی كوردی بەغدا لەئارادا نیە .
 *دەزگا حزبیەكان بەگشتیو لقو مەڵبەند بەتایبەتی دابڕانی تەواویان لەگەڵ شەقامی كوردی لە بەغداو كوردە فەیلیەكاندا هەیەو ئەوەی لەراگەیاندنەكاندا بانگەشەی بۆ كراوە لەسەر ئەرزی واقع بوونی نەبووە تەنها بۆ خەڵكانێكی حزبی سەربە خۆیان كە سودمەندن ..كەسى تر نەخوێندراوەتەوە ..
 نامەوێ لێرەدا باسی كەموكورتیەكانی برادەرانی پارتی بكەم ، نەوەك خوێندنەوەی حزبیانەی هەڵەی بۆ بكەن تەنها چەند نمونەیەكی یەكێتی دەخەمە بەرچاو :
 *ناوی كارگێری مەڵبەندم لایە كوڕەكانی لە ریزەكانی (جیش المهدی) كاردەكەن – وكوڕەكانی كارگێر مەڵبەندێكی تر دعایە بۆ لیستێكی تر دەكەنو داوا دەكەن دەنگ بە هاوپەیمانی كوردستان نەدرێ .
 *چەندین كارگێڕو ئەندام مەڵبەندو ئەندام كۆمیتەو خوارتریش ئەوەندە سەرقاڵی یاری دۆمینەو تاوڵەن لە چایخانەكانی فەزڵو كیفاح ئەوەندە ئاگایان لەماڵو منداڵەكانی خۆیان نیە نەك لەحیزبو لیستی هاوپەیمانی .
 باسی گرێی دەرونیو خۆ بەزلزانی بەرپرسی مەڵبەندەكەی یەكێتی لە بەغدا هەرمەكە … هەر فەیلیەكیش دۆستی كوردو یەكێتی بێت بەهۆی ئەو برادەرەوە ئەگەر دژایەتی كوردیش نەكەن ئەوە دەنگ بە كورد نادەن بۆ نموونە :
 -بەردەوام خەریكی كێشە دروستكردنە بۆ (د. سعد بشیر اسكندر ) كە پیاوێكی لێهاتووی فەیلیەكانەو بەرێوەبەری گشتی (دار الكتبو الوپائق)ەو ساڵی (2008 ) خەڵاتی (رجل الارشیف)ی بەدەستهێناوەو پێشمەرگەی كۆنی یەكێتی بووە …
 -ئەوەندە كێشە بۆ (جمعیە الكوردیە الفیلیە) دروست دەكات كە تەنها لە ساڵی رابردوودا دووجار دەستەی بەرێوەبەردنەكەی گۆڕیوە ، سەری لێیان شێواندووە .
 *لەگەڵ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی لیستی هاوپەیمانی كوردستاندا (رحمان ابو شفە) كەپیاوێكی ناسراوی ناو فەیلیەكانەو پێشمەرگەی كۆنی یەكێتیە لە(كفاح) پایتەختی فەیلیەكان لەبەغدا لافیتەی گەورەی هەڵواسیوەو تیایدا داوا لە نوری ئەلمالیكی دەكات سنورێك بۆ ناماقوڵیەكانی ئەو كابرایە دانێت .
 من دورم لە بەغداو لە ئەنجامی تەنها دوو سەردانی چەند رۆژەی كورت ئەم راستیانەم هەست پێكردووە دەبێ ئەوانەی تیایدا دەژین چی تریان لابێتو چی بەكورد بڵێن .
 بۆیە كاتی ئەوە هاتووە لێرەوە (بۆ)یەكی بۆڵت بخەینە بەردەم سەركردایەتی سیاسیو بڵێًین بۆ راستیەكان نابینین بۆ ؟
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.