گولێک له‌ نێو تاشه‌به‌رده‌وه‌ … بێریڤان جه‌مال حه‌مه‌ سه‌عید


زۆرن ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی دکتۆران و توانای خۆیان له‌ لێکۆڵینه‌وه‌ی‌ بوارێکدا تاقی کردۆته‌وه، بەڵام که‌من ئه‌وانه‌ی به‌هره‌مه‌ندن و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ بوارێکی گرنگ و ده‌گمه‌نی وه‌ک پزیشکیدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. پزیشکی کورد “له‌نگێزه‌ ساڵح فه‌ره‌یدون”، که ده‌رچووی زانکۆی ئیراسموسه‌ له‌ڕۆته‌ردام، (بەشی پزیشکی هه‌ناوی ــ نەخۆشی ژنانە و زانستی ده‌رمانی Erasmus medisch centrum Rotterdam / interne geneeskunde/gynaecologie en pharmacologie)، بابه‌تی نامه‌ی دکتۆراکه‌ی بریتی بووە له‌ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی به‌ ناوی (ناهاوسەنگی دەمارە خوێنییەکان لە ژەهراوی کردنی زیندۆڵەدا ــ ئاکامی نەخۆشییەکە، دیاریکردن‌ و پێشبینی Angiogenic imbalance in preeclampsia, Pathogenice, diagnostic and prognostic implications).

د. له‌نگێزه‌ ته‌مه‌نی ٢٧ ساڵه‌، له ‌سلێمانی له‌دایکبووه ‌و تا ‌ته‌مه‌نی نۆ ساڵی له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی له‌ کوردستاندا ژیاوه، هەر لەوێش قوتابخانەی بنەڕەتی دەستپێکردووە و خوێندکارێکی وریا و زیرەک بووه‌. وه‌ک زۆربه‌ی تاکی کورد، لە قۆناغه‌کانی منداڵیدا، ژیانی ئاوێزان بووە لە‌ دڵه‌راوه‌کێ و کێشمه‌کێش، به‌ جۆرێک شه‌پۆله‌کانی ژیانی پڕهاتونەهات ئه‌میان له‌م تاشه به‌رده‌وه‌ داوە به‌و تاشه‌ به‌رده‌دا،به‌ڵام خۆراگرو و کۆڵنه‌ده‌ر بووه‌، به‌ چه‌شنێک حه‌زی نه‌کردووە وه‌ک گیایه‌ک سه‌ر بۆ با دانه‌وێنت ، به‌ڵکو هه‌ر‌ وه‌ک گوڵیکی نێو تاشه‌به‌رد گه‌شه‌‌ی کردووە. له‌نگێزه‌ باوه‌ری به‌ خۆی دەبێت، دەزانێت چی له‌ ژیانیدا ده‌وێت. له‌ ته‌مه‌نی نۆ ساڵیدا، له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی ڕێی دەکەوێتە سەر ڕێی پڕ هەوراز و نشێوی ئاوارەیی‌ لەم وڵاتەوە بۆ ئەو وڵات، تا دواجار خۆی لە هۆلاند دەبینێتەوە و لەوێ نیشتەجێ دەبێت. ئه‌م کچه‌ ته‌مه‌نی چوار پێنج ساڵان بووه‌ له‌گه‌ڵ دایه‌گه‌وره‌ی سه‌ردانی ماڵانی کردوه‌، ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی که‌ له‌ ئاوێنه‌ی خه‌یاڵیدا کێشاویه‌تی، کاریگه‌ریی گه‌وره‌یان دانەوە له‌ قۆناغە یەک لەدوا یەکەکانی خوێندنیدا و ئه‌ندێشه‌ی گه‌وهه‌رییان فراوان کردوه، ‌کە لە هەر هەوڵ و ئاستەنگی فێربوونیدا مۆرکیان بەدیار کەوتووە. دایه‌گه‌وره‌ی بۆی چرایه‌کی ڕێنماییکه‌ری ڕێگای پڕ تاریکی بووە. وێنه‌ و بیرەوەرییەکانی منداڵیی له‌ هزری ساف و بێگەردیدا، وەکو دەستی گەرمی دایەگەورە یارمەتیدەری بووە نەک هەر بۆ سەرکەوتن بەسەر شاخی پڕ ئاستەنگی زانستدا، بەڵکو بۆ ئەو پیشەیەش کە هه‌ڵیبژاردوه‌. هاوڕێیەتی له‌نگێزەی کیژ لەگەڵ دایەگەورە له‌ کاتی سه‌ردانی ئەو ژنانە بووە کە منداڵانیان هێناوەتە ژیانەوە. دیمەنی ژنێکی پاڵکەوتووی داپۆشراو بە پەڕۆیەک بەسەر قاچییەوە له‌ ژوورێکدا و دەور دراو به‌ ‌قیژه‌و هاوار و ناله‌ و ئازار و گریان، ئینجا‌ پاشان خۆشی و که‌یف و گریانی کۆرپه‌ جێی قیژه‌و هاواری دایکه‌ بگرێته‌وه‌ ‌. ئه‌م گۆران و وه‌رگۆراندا له‌ ترس و هاوار و قیژه‌ بۆ خۆشی و شادی سه‌رنجی له‌نگێزه‌‌ی پێنج ساڵان ڕاده‌کێشت.
بە پێویستم زانی بۆ ناسینی هەرچی زێتری د. له‌نگێزه‌، ئه‌م دیمانەی لەگەڵ ئەنجام بدەم.

بێریڤان: لە کوردستاندا چه‌ند ساڵت خوێندووە‌‌؟ له‌ کام خوێندنگە‌؟ یاده‌وه‌رییەکانی ئەو ماوەیەت چییە‌؟

د. لەنگێزە: له‌ سابونکه‌ران له‌ قوتابخانه‌ی که‌ریمی عه‌له‌که‌، پۆلی یه‌که‌م و دووه‌می بنەڕەتیم تەواو کردووە. هه‌ر له‌مندالییەوه‌ حه‌زم له‌ خوێندن بووە، به‌ تایبه‌تی وانه‌ی ماتماتیک. کاتێک کە وچانی نێوان وانەکان ده‌ستی پێده‌کرد، مامۆستایان داوایان لە من ده‌کرد، چاودێری قوتابییه‌کان بکه‌م. هه‌ر لە سەرەتای تەمەنمەوە، زۆر ئاره‌زووی رێکخستن و سه‌رپه‌رشتیاریم هه‌بووە. له‌ وانه‌ی ‌ماتماتیک زۆر باش بووم، له‌ یادمه‌ جارێک هه‌ڵه‌یه‌کم کرد، مامۆستاکه‌ لێم تووره‌ بوو، سەرەڕای ئەوەش شه‌قێکی له‌ قاچم دا. تا رۆژی ئیمڕۆ مامۆستا نه‌سرین و شه‌قه‌که‌یم له‌ دڵ دەرنەچووە. زۆربه‌ی جار له‌ ماڵه‌وه‌ دایکم لە خوێندندا یارمەتی دەدام، گه‌ر شتیکم له‌ لا ڕوون نه‌بوایە هاوکاری دەکردم‌. ئەوە هه‌ر دایکم بوو بە هانامەوە دەهات، هەر کاتێک پێویستیم بە شتێک ببووایە. خراپی بارودۆخه‌وی کوردستان تەنگی پێهاڵچنین و‌ له‌ ساڵی 1998دا، وڵاتمان بەجێهێشت. له‌ کۆتایی ساڵی 1999دا، گەیشتینە هۆلاند، به‌و هۆییه‌وه‌، ساڵیکی خوێندم له‌ کیس چوو.

بێریڤان: قۆناغه‌کانی دواتری خوێندن له‌ هۆلاند‌ چۆن ده‌ستی پێکرد ‌و کێشه‌کانت چین بوون؟

د. لەنگێزە: هه‌ر بەگەیشتمان له‌پاش چەند مانگێک،‌ چوومەتە خوێندنگەی هۆلاندی و لە‌ پۆلی شەش دانرام، که‌ ده‌کاته‌ پۆلی چواری کوردستان. لێرەش هەروا لە ماتماتیکدا زۆر باش بووم، گه‌ر قوتابییه‌ هۆلاندییه‌کان نیو کاژێر خه‌ریکی خشتەی زه‌رب بونایه‌، من به‌ پێنج خوله‌ک ته‌واوم ده‌کرد. مامۆستاکان زۆر نه‌رم و له‌سه‌رخۆ بوون، وه‌ک کوردستان تووند نه‌بوون، گه‌ر هه‌له‌شم بکردایه‌، زۆر بە هێمنی ڕوونیان دەکردوە بۆم. لێدان نه‌بوو، به‌ڵکو ڕێزیان لێده‌گرتین، وه‌ک مرۆڤێکی ته‌واو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردین. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ وانه‌ی ماتماتیک و فیزیا خۆم زۆر باش بووم، زۆر پێوستی به‌ زمان نه‌بوو، هیچ کێشه‌یه‌م له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ دروست نه‌بوو، به‌ڵام له‌ وانه‌کانی تردا، که‌ پێوستی بەوە بوو توانایی زۆر بەسەر‌ زمانەکەدا هەبێت، بۆم زه‌حمه‌ت بوو، ده‌بووایه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ لەگەڵ دایکم بۆ واتای ووشه‌کان بگەڕامایە. جیا له‌وه‌ش وه‌ک کچیکی کورد، ئازادیم سنوردار بوو بەراورد بەو ئازادییەی کە کچه‌ هۆلاندییه هاوڕێکانم هەیان بوو. گه‌ر له‌ ئاهه‌نگی قوتابخانه‌ یان هەر ئاهەنگێکی تردا بمویستایە باشداری بکەم، بەو مەرجە بۆم هەبوو، کە لەو کاتەی بۆیان دانابووم، بگه‌ڕێمە‌ ماڵه‌وه. بەهۆی ئەوەی له قۆناغه‌کانی تری خوێندندا زۆر باش بووم، لە خوێندنگە تووشی هیچ کێشەیەک نەبووم.

بێریڤان: زۆر جار مرۆڤ له‌ ژیانیدا پێوستی به‌ کەسێک هەیە بۆئەوەی بیکات بە سەرمەشقی خۆی. بۆ تۆ ئەو کەسە دایەگەورەیە. زۆر که‌س هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی له‌ لای خۆمان، له‌و حاڵه‌تەی مناڵ لەدایکبوون ده‌ترسن، کەچی ئەمە لە لای تۆ وەها نییە، دەکرێت ڕوونی بکەیتەوە بۆچی؟

د. لەنگێزە: به‌ڵی هه‌روه‌کو ئەوەی باسم کردووە، هەمیشە دەستم بە دەستی نه‌نکمەوە بووە، ئێستاش وەک نمونه‌یه‌ک دەستم لێبەرنەداوە. هەرگیز ئەو ژنانەم لە بیر ناچێت، کە چۆن لەوپەڕی ئازار و زریکە زریکدا، هەر ئەوەندەی منداڵەکانیان بە دنیا دەهات، دەموچاویان دەگەشیەوە و زردەخەنه‌ دەکەوتە سەر لێوانیان. ئەم زەردەخەنانە بۆ من لەو چوکلێتانە خۆشتر بوون کە پێیان دەدام. منیش دەمەوێت وەک دایەگەورە، ژنان لەو خۆشی و شادیە بێبەش نەبن. هەر لەو تەمەنەوە ئه‌و حه‌زه‌م له‌لا گەڵاڵە بوو، که‌ ده‌مه‌وێت ببم به‌ پزیشکی ژنانی دووگیان. ئیتر ئەمە ورده‌ ورده وەک پشکۆیه‌‌ک لە‌ ناخمدا هەرچی زێتر گەشایەوە. ئەو بەرپرسیارییەم زۆر زوو لا درووست بوو، که‌ ئەوەندەی لە توانامدایە، دەبێت یاوەری دەستپێکی ژیانی هەر مرۆڤێک بم، هەتا لەپێش لەدایکبوونیدا.
وه‌ک پزیشکێک گرنگی ئه‌م بەرپرسیارییەتییە له‌وه‌دایه،‌ که لە حاڵەتە هەستیارەکاندا‌ ده‌بێت زۆر زوو بریار بده‌یت، کە چی دەکەیت. رزگارکردنی کۆرپه‌له‌ و ژیانی دایکه‌که، بریاردانی دەستبەجێ و دەستبەکاربوونی خێرای دەوێت. بۆ نمونه‌ لە کاتی ‘ژەهراویبوون Pre-eclapmsie’ی حاڵەتی سکپڕیدا، گه‌ربێتو گومانی ئەمە له‌ دایکه‌که‌ بکرێت، ئەوا پزیشک ڕووبه‌رووی دووڕیانێک ده‌بیته‌وه‌. ئایا دایکه‌که‌ بخرێتە سه‌ر ژانی پێشوەخت و منداڵه‌که‌ له‌دایکبێت و بەو شێوەیە ژیانی هه‌ردووکیان رزگار بکرێت یان چاوه‌روانی ژانی سروشتیی دایکەکە بکرێت؟

بێریڤان: ئەو لێکۆڵینه‌وەی ئەنجام داوە‌ له‌ سه‌ر چییه‌؟

د. لەنگێزە: لێکۆڵینەوەکەم له‌ سه‌ر نه‌خۆشی ژەهراویبوونە یان با بڵێین ئەو حاڵەتەی‌ که‌ ژن له‌ کاتی دووگیانیدا توشی ده‌بێت. که ئەگەری هەیە ببێتە‌ هۆی مردنی دایکه‌که‌ یان کۆرپه‌لەکه‌. ئه‌م حاله‌ته‌ش نزیکی % 3 ــ 5 ئەو ژنە سکپڕانە دەگرێتەوە. ژه‌هرایبوونیش‌‌ بریتییه‌ له‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پەستانی خوێنی دایکه‌که‌، هه‌روه‌ها خراپ کارکردنی گورچیله‌. هۆکاری ئه‌م حاله‌ته‌ش تا ئێستا ناروونه‌ و نه‌زانراوه‌، که‌ بۆچی ئه‌م کێشیه‌یه‌ له‌ کاتی سکپڕیدا ڕووده‌دات. لە هه‌ندێ حاڵەتەدا ئاسایی دەست دەبرێت بۆ‌ خستنه‌ سه‌ر ژانی ده‌ستکرد بۆ زووتر له‌دایکبوونی کۆرپه‌که. بە له‌دایکبوونی کۆرپه‌که‌، نه‌خۆشییه‌که‌ نامێنیت، به‌ڵام ئه‌م ژه‌هراویبوونه‌ مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ژیانی کۆرپه‌لە‌، چونکه‌ ئه‌ندام و ئۆرگانه‌کانی لەشی کۆرپه‌له‌ له‌ سکی دایکیدا هێشتا به‌ته‌واوی گه‌شه‌یان نه‌کردووه‌. خۆ ئه‌گه‌ربێتو ئەو هەوڵە نەدرێت، ئەوا ئەگەری مردنی دایکه‌که‌ هەیە. هەرچی چۆنێک بێت، ئه‌مە حاڵه‌تێکی مەترسیدارە‌ چ بۆ دایکه‌که بێت‌ یان بۆکۆرپه‌لەکەی.

بێریڤان : لە پەیوەند بە لێکۆلێنه‌وه‌که‌تدا، ئەرکێکی زۆرت کەوتۆتە سەر شان، دەکرێت زێتر بۆمان ڕوون بکەیتەوە؟

د. لەنگێزە: لە پەیوەند بەم لێکۆڵینه‌وه‌یه‌مدا، بۆ چه‌ندین جار به‌شداریم له‌ کۆنفرا‌نسی وڵاتانی تردا کردووه‌ و زۆر جاریش پرۆگرامی خۆمم پێشکه‌ش کردووه‌. له‌م نێوه‌ندا‌نەدا، پرۆگرامه‌کانم به‌ پله‌ی زۆر باش هه‌ڵسه‌نگێنراون و پێنج جاریش خه‌ڵاتم وه‌رگرتووه‌‌. بۆ نمونه‌ بۆ کۆنفرا‌نس له‌سه‌ر پەستانی خوێن سه‌فه‌رم بۆ میلان، بۆداپست، پاریس، ساوپالۆ، واشنتن، سانفرانسیسکۆ…هتد کردووه‌. جیا له‌وه‌ش چه‌ندین ووتاری زانستیم له‌ گۆڤاره‌ زانستییه‌کانی به‌ریتانیا و ئه‌مریکا بلاوکردۆته‌وه.

بێریڤان : پلانت بۆ ئایینده‌ چییه‌؟

د. لەنگێزە: هه‌ر له‌دوای به‌ده‌ستهێنانی دکتۆراکه‌م، له‌ دوو زانکۆ کۆنتراکتی کارم پێدراوە. یەکێکیان کۆنتراکتە بۆ سێ ساڵ له‌ زانکۆی هارفارد و ئەو تریان له‌لایه‌ن زانکۆی ئوکسفۆردەوە‌ داوام لێکراوە، کاریان له‌ گه‌ڵدا بکه‌م، به‌ڵام هێشتا بریارم نه‌داوه‌، کامه‌یان هه‌ڵبژێرم. ئێستا له‌ زانکۆی ئیراسموس، مامۆستام و سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌و خوێنکارانە دەکەم که‌ ماسته‌ر دەخوێنن.