له باره‌ى میدیاوه.. تیراژ…..محه‌مه‌د حاجى كه‌ریم
له باره‌ى میدیاوه.. تیراژ
محه‌مه‌د حاجى كهریمبهشی دوازده
چونكه له وڵاتى ئێمه حزب یان سیاسه‌ت رۆژنامه دروست ده‌كات، تا ئه‌وێ گاڤێ نه‌بووینه‌ته خاوه‌ن رۆژنامه‌یه‌كى چاك، رۆژنامه به‌و مانایه‌ى بووبێته رۆژنامه‌ى خه‌ڵك، یان وه‌ك پێویستى سه‌یرى بكرێ، نه‌ك به‌چاوى ململانێى سیاسى. بۆیه‌شه له رووى تیراژه‌وه رۆژنامه‌گه‌رى كوردى له‌و په‌ڕى هه‌ژاریدایه، راستییه‌كى تاڵه تیراژى رۆژنامه‌گه‌ریمان له ئاستێكى هێنده خراپدایه، مرۆڤ كاتێك له گه‌ڵ ژماره‌ى دانیشتوانى ئه‌و هه‌رێمه به‌راوردى ده‌كات نیگه‌ران ده‌بێت، چونكه تاكى كوردى وه‌ك پێویست ناپڕژێته سه‌ر خوێندنه‌وه‌و به‌دواى رۆژنامه‌دا ناگه‌ڕێت. به‌داخه‌وه چاوه‌ڕوانی تاكى كوردى بۆ رۆژنامه گه‌ر بڵێین له ئاستى نه‌بوون دایه، ره‌نگه له راستى لامان نه‌دابێ. زۆرى یان كه‌مى خوێنه‌ر له نێو هه‌ر میلله‌تێكدا ئاستى پێشكه‌وتن و دواكه‌وتنى ئه‌و میلله‌ته پیشانده‌دات، بۆیه ناكرێ كۆمه‌ڵگاى كوردستان له‌و هاوكێشه‌یه دوور بگرین. لێ هێشتا ماناى ئه‌وه نییه، كۆمه‌ڵگاى كوردستان بێ خوێنده‌وارو خوێنه‌ر بێت، یان مه‌یلى بۆ خوێندنه‌وه‌و به‌دواداچوونى پرسى جیاجیا ونكردبێت. ده‌ڵێن رۆژنامه‌ى باش خۆى خوێنه‌ر بۆخۆى په‌یدا ده‌كات، به پێچه‌وانه‌شه‌وه خوێنه‌رى وریا و به‌سه‌لیقه ده‌زانێت ده‌ست بۆ چ رۆژنامه‌یه‌ك ببات و چ هه‌ڵبژێرێت. ئیتر بۆ ده‌بێ دواى تێپه‌ڕبوونى حه‌ڤده‌ساڵ به‌سه‌ر قۆناخى دواى راپه‌ڕین، هێشتا كوردستان خاوه‌نى خوێنه‌رى وریا‌و رۆژنامه‌ى باش نه‌بێت؟ ئاخر گه‌ر رۆژنامه‌ى باشمان نه‌بێ، بوونى خوێنه‌رى زۆر دژوار ده‌بێت.
تیراژى هه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك پێوه‌رى پێشوازى كردن و قبوڵكردنیه‌تى له لایه‌ن خوێنه‌ر، له‌كاتێكى واشدا تیراژى رۆژنامه‌گه‌رى كوردى نه‌ك هه‌ر ئومێدبه‌خش نییه، به‌ڵكو جێى نیگه‌رانییه‌كى زۆره. له دونیادا رێكخراوى یۆنسكۆ به لایه‌نى كه‌م تیراژى(100)هه‌زار دانه‌ى بۆ رۆژنامه‌ى رۆژانه دیاركردووه، به لێكدانه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه هه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك هه‌فته‌ى چوار جار ده‌ربچێ ده‌بێته رۆژانه، ئه‌گه‌ر پێناسه‌ى یونسكۆ بكه‌ینه پێوه‌ر ناكرێ وه‌ك رۆژنامه‌ى رۆژانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆژنامه رۆژانه‌ییه‌كانمان بكه‌ین. تیراژى رۆژنامه رۆژانه‌ییه‌كان له پێنج هه‌زار تێناپه‌ڕێت، له كاتێكدا ئه‌و رێژه‌یه به‌هۆى هاوبه‌شى دامووده‌زگا حزبى و حكومییه‌كان ساغده‌كرێته‌وه، ئه‌گه‌رنا ره‌نگه له ده‌ره‌وه‌ى هاوبه‌شییه‌كانى داموده‌زگاكان( كه به‌شێكیان به‌سه‌ریان سه‌پێندراوه) دووسه‌د دانه‌یان لێ نه‌فرۆشرێت. هه‌رچى هه‌فته‌نامه‌كانن، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى ئیدیعاى ئه‌هلى بوونیش ده‌كه‌ن، حاڵیان زۆر له رۆژنامه رۆژانه‌ییه‌كان باشتر نییه، راسته به‌تیراژى زیاتر چاپ و بڵاوده‌بنه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش فرۆشیان له شه‌ش حه‌فت هه‌زار تێناپه‌ڕێت. هه‌ندێك گۆڤار‌و هه‌فته‌نامه واى پیشان ده‌ده‌ن، كه پڕ فرۆش و خاوه‌ن خوێنه‌رى زۆرن، بۆیه به ژماره‌ى خه‌یاڵى، دوو سێ به‌رامبه‌ر ژماره‌ى تیراژیان زیاد ده‌نووسن. سه‌رنووسه‌رى هیچ گۆڤار‌و رۆژنامه‌یه‌ك ئاره‌زوو ناكات بڵاوكراوه‌كه‌ى كه‌م فرۆش بێ، بۆیه په‌نا بۆ په‌یداكردنى خوێنه‌رى زیاتر ده‌بات، یان وایپیشان ده‌دات له رووى تیراژه‌وه حیاوازى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌كانى دیكه هه‌یه. سه‌رنووسه‌رى خراپترین رۆژنامه، كاتێك باس رۆژنامه‌كه‌ى ده‌كات، پێى وایه نه‌ك هه‌ر رۆژنامه‌كه‌ى پڕفرۆشه، به‌ڵكو له پێشه‌وه‌ى كاروانه‌كه‌یه. هه‌ڵبه‌ته بۆ رۆژنامه تیراژ زۆر گرنگه، له لایه‌كه‌وه ماناى ره‌نج به‌خه‌سار نه‌بوونى رۆژنامه‌نووسه‌كانیه‌تى، نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه خه‌ڵك ده‌یخوێنێته‌وه‌و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێت، چاوه‌ڕێى كاتى ده‌رچوونى ده‌كات، وه‌ك سه‌رچاوه‌ى زانیارى لێده‌ڕوانێت. له‌ولاشه‌وه زۆرى تیراژ له‌رووى ئابوورییه‌وه ده‌بێته داهات و به قازانجى رۆژنامه‌كه ته‌واو ده‌بێ، هاوكات رۆژنامه‌ى پڕ فرۆش ئاستى ریكلامى تێدا به‌رز ده‌بێته‌وه. به بڕواى من زۆر هۆكار له‌پاڵ نزمى ئاستى تیراژى رۆژنامه‌كانه‌وه‌ن، به‌ر له هه‌رشتێك په‌یوه‌ندى به نه‌بوونى كولتورى خوێندنه‌وه و لاوازى ئاستى خوێنده‌وارى له‌نێو كۆمه‌ڵى كورده‌وارییه‌وه هه‌یه.
دیسان ئه‌و زۆرى و بۆرى و پاشاگه‌ردانییه‌ى دونیاى رۆژنامه‌وانى كوردى گرتۆته‌وه، رۆڵى له‌كه‌م فرۆشى رۆژنامه‌دا هه‌یه. رۆژنامه ئه‌وكاته خوێنه‌ر به‌دواى خۆى راده‌كێشێ، كه كه‌توارى كۆمه‌ڵگاى تێدا ره‌نگبداته‌وه، له ئازار‌و نابه‌رابه‌رى و كه‌مووكوڕیه‌كان بدوێ، كار بۆ چاككردنى كۆمه‌ڵگا بكات، شته‌كان وه‌ك خۆى پیشان بدات، نه‌ك له‌ژێر كاریگه‌ریی ئایدیۆ لوژیاو بۆچوونى حزب كار بكات. به‌داخه‌وه خه‌ڵك تا ئێستا وه‌ك پێویست خوى له رۆژنامه‌كان نابێنێته‌وه، رۆژنامه‌كان نه‌بوونه‌ته مینبه‌رى خستنه‌رووى هه‌قیقه‌ت، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر رووپه‌ڕى زۆربه‌ى رۆژنامه حزبیه‌كان ده‌خوێندرێته‌وه ستایش و پێهه‌ڵدانه، یان جوینه‌وه‌ى قه‌وانى سووا و شتى بێ مانایه. ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر رووپه‌ڕى هه‌ندێك هه‌فته‌نامه و گۆڤارى به‌ناو ئه‌هلیش ده‌بینرێت، زێده‌ڕویى و زانیارى هه‌ڵه و مامه‌ڵه‌ى ناپیشه‌ییانه‌یه. ئه‌مه‌ش له هه‌ردوو دیوه‌كه‌ى جۆرێك له بێ متمانه‌یى دروست كردووه‌و وایكردووه خه‌ڵكى چاوه‌ڕوانییه‌كى ئه‌وتۆى له رۆژنامه‌گه‌رى كوردى نه‌بێت.
دواجار نابێ ئه‌وه‌شمان له‌بیربچێ خراپى سیسته‌مى دابه‌شكردنى گۆڤار‌و رۆژنامه‌كان، هۆكارێكى دیكه‌ى كه‌م تیراژى رۆژنامه‌ى كوردییه.
mehemedkerim@gmail.com