Skip to Content

416 Views

دەقی شعری.  نەوە زۆڵەکانی ئادەم. (بەشی ١ ) …. بەرزنجی جەمال

دەقی شعری. نەوە زۆڵەکانی ئادەم. (بەشی ١ ) …. بەرزنجی جەمال

Be First!
by May 17, 2018 General, Poems
image_print

من نامەوێت بچمەوە سەر ئادەم،
هەستەکەم نەوەی زەمەنێکم؛
هێشتا هیج سێوێک نەخوراوە.
ئاخر نەک وشەکانم،
پێستیشم نامۆیە بەم حەشاماتە.
شەو تا گزنگ، ڕۆژ تا زەردە پەڕ
بەشوێن خوایا ئەگەڕێم.
ئەڵێم بەڵکوشەقێکم لێ بداو
هەڵم بداتەوەعەدەن.
من زوو زوو لۆمەی ئادەم ئەکەم.
بیرمە شەوێ هاتە خەونم ، ووتی:
من لەبرسا سێوەکەم نەخواردووە.
تێگەیشتم کە لەبەر لیبیدۆ بووە،
ئاخر ئەم ئاگرە حەوا نەبێت،
کێ ئەتوانێت خامۆشی کات…؟!

نەوەکانی ئادەم زۆڵ نین
هەر کت و مت ئادەم خۆی.
من نامەوێت بچمەوە سەر ئادەم.
سەیرە..!!
جەند خرە بەردێکی خشڵاوی،
بەتاڵە مووی ئافرەتێکەوە،
بەدەست چەند بەربەرییەکەوە

(١)

ئاخر دڵۆپە سوێرەکانی نێوان پەنجەکان بێ رەحم بن،
تەنانەت ئاویش نابێت تینوێتی زەوی بشکێنێت.
ئەوان بە ئاوی سوێر تینوێتییان ئەشکێ،
من هاکا خنکام.
ئەوان زۆر لە سوتان ڕائەمێنن،
هەنێ جاریش لە خنکان.
کەچی هەر سەیر ئەکەن
وەک بڵێی چێژ لەودیمەنە وەرگرن.
بیرمە گەنج بووم، نە ئەخەوتم،
ڕام ئەکرد خێرا، خێرا
هەر کە ئەگەیشتمە لوتکەی چیاکە.
گەمژانە لەوێ خەوتبوون.
هەر بەخەوتوویی لەوێیان دانابوون.
ئیتر هەر ڕووم نەبوو بچمە سەرەکەشەوە.
سەر شۆڕ، مل حیز ئەگەڕامەوە.
شەوتا بەیان دایکم چقڵی پێکانمی دەرئەهێنا.
ئەو حەپۆلە لیکنانە هەر بەخەواڵویی هەموو گوڵەکانیان برد،
هێشتا دركێک نەچووە دەستیان.
من ساڵەهایە ئەم چیرۆکە ئەخوێنم و ئەخوێنمەوە.
ئیتر بێزار بووم بێزار.

زۆرجار کە ئەچوومە محازەرەوە
مامۆستا گەمژەکانم هەر ئەیان ووتو ئەیان ووتەوە؛
ئەم بەردە خڕەی ئێمە لەسەری ئەژین،
هێشتا پڕپڕە لە جوانی، پڕپڕە لە هیوا.
چەنێ گاڵتەجاڕییە…
خۆیان بێ هیوا،
بە دنیایەک ناشرینییەوە سەریان نایەوە.

(٢)

ئادەمییەکان زۆر بی هەستن.
جمەیان دێت، قوڵپ ئەدەن، ئەبن بە هەڵم.
هێشتا ئاگری ژێر ئەم دۆزەخە خۆشتر ئەکەن.
وەک بڵێی کێ بڕکێیان بێت،
کامیان زۆرترین ئازار بچننەوە.
ئەوشەوە زۆر گریام بەدیار تیڤیەکەمەوە
سەکسارێکی سور،
چی داری سەر زەمنی خوا هەیە ئەیبڕێت.
بودەڵەیەکی گرگن،
گەوهەری ژێر ئەم خاکە،ئەڕژێنێتە سەر زەمینی خوا.
ئەو جەلادە بەربەرییەش سوێندی خواردووە؛
وەجاخی ژێر ئەم دۆزەخە نابێت هەرگیز خامۆش بێت.
چەند ناشیرینە ئەم دوکەڵە.
ئێوچێژ لە ئازار ئەبینن،
من نامەوێت ببم بە هەڵم، ببم بە ئازار.
ئەمەوێت هەستی پێ بکەم.

من نەوە زۆڵەکەی ئادەمم.
چیرۆکی زۆرم نوسیوە.
باپیرم هەر ئەی ووت؛
‘جنێو بەهەموو کەس بدە، بە پیاوانی خوا نا’.
لە وەسیەتەکەیدا بۆی نوسیبوم؛
‘ئەوان یان جادوگەرن، یان بریکاری خوا’.
هەر بەڕاست کەس جورئەت ئەکا، بچێ بە گژ خوا…!
تێگەیشتم ئەوان چەنێ گەورەن.
ئەم جارە کە هاتە خەونم،
هەموو شتێکی پێووتم لەبارەی پیاوانی خواوە.
ووتی؛ ‘ ئەگەر دەرگای بەهەشتیان بۆت وڵآ کرد، تۆ بچۆرە دۆزەخ’

(٣)

ئەو گەمژانا زۆر بێ ئاگان،
خوا دەمێکە دۆزەخی گواستۆتەوە سەر ئەم زەمینە.
وەرە ببە بە ‘با’
با ئەم ئاگرە خامۆش بێت،
یانیش خۆشتر.

هەر بەڕاست نەوەکانی ئادەم زۆر زانینخوازن.
لە دوای مەرگی باوکەوە هەر ئەڕۆن و ڕێ ئەکەن.
جارێ ناوەستن، ناپرسن،
ئاخۆ کام تولە ڕێ ئەمان باتەوە عەدەن..؟
کام ڕەشەبا شوێن پێکانمان هەڵئەگرێتەوە سەر زەمینی باوک..؟
تیغی ملی مامز و گەردی نیوکلییە مان خستە سناپچاتەوە
هێشتا دەستمان نەدا لە خۆر…
نەچوینەوە سەر کوچەی ماڵی باوک..
ئێمە چەنێ وونین..!
چیمان دورییەوە..؟
هەر ئازاری توندتر، خوێنی خەستتر.
مامۆستاکانم زۆر گەمژە بوون.
لەدوای شەڕی براکانەوە،
جوانی و هیوا؛
هەرپۆڵیشی سەرلێومان بوون.
نەتوانیمان قوتیان بەین، نە هێشتمان بێنە ناومانەوە.
ئەفسوس…
من میزی درەنگانی شەوبێزارم ئەکات و
خەوم ئەزڕێنێ.
سوڵتانەکانی ئادەمیش، فەیس بوک و نیوکلیە.
هەموو شەوێک ئەکەومە هەلەکە سەما وچاوەرێی شەبەقم.

(٤)

کەڵکەڵەی عەدەم لێی داوم.
ئەوان هێشتا خەون بە تڕی زلترەوە ئەبینن.
چۆن ووشەی درێژتر گۆبکەن…؟
ڕستەی زیاتر هەڵچنن….؟

من نەوە زۆڵەکەی ئادەمم
نامەوێت بچمەوە سەر باوکم.
هەموو شەوێک خەون بەو شارە مێروولانەوە ئەبینم؛
بەژێرپێی ئادەمییەکانەوە
چ دژوارە ئاسەوارێکیان جێ هێشتووە..!
زۆر ڕقم لە شارە…
شاری ئادەمییەکان زۆر تاقەت پڕوکێنە.
جمەی دێت و تۆ ناتوانی هیچ مرۆڤێ ببینی،
مەگەر لوتت بەی لە لوتی.
من ئەمەوێت بچمەوە شاری خوا.
لەوێ دە چاو هەیە بۆ بینین؛
تەنها بینی خوا…
نە بۆ گریان..
نە بۆ تێڕامانی پوزی قەحپەکان…
لەوێ هیچ دەستێ تەور ناوەشێنێ.
دەستەکان تەنها گوڵ ئەگرن.

نەوەکانی ئادەم زۆڵ نین
ڕێک ئادەم خۆی.
پڕپڕن لە غەریزە؛ لە خوێن لە شەهوەت.
ئەوان ئەگرین و هەڵئەپەڕن.
هەمیشە خەواڵون یا خەوتوون.

(٥)

من نەوە بیژوەکەی ئادەمم.
من هەرگیز نێرگز نیم.
عەیامێکە دەفکرم…
هەر بەد گومانم.
زۆر دەترسم هەموو شتێ خەونێ بێت.
هێشتا دەمەوێت هەموو شەوێک تاریکی دونیا قوت بدەم.
ئەو هەموو بیرکرنەوەیە سەری من ئەخوا
دەستم پڕ پڕە لە سێو و نایخۆم.
من ئەمەوێت کوڕی زەمەنێک بم
هێشتا هیچ درەختێک نەژاکابێت..
مەلۆتکەیەکەی جێ ماوی ژێر درەختی سێوەکە بم.
هێشتا بەر شەقی خوا نەکەوتبێتم..
ئاخر من زۆر ڕقم لەو کۆچە بوو
ئەمزانی ئەم مەنفایە گەڕانەوەی نیە.
ئەم کۆچە زۆر دوورە
ساڵەهایە ئەیپێوین، هەر ئەڕۆین و ڕێ ئەکەین
بێ ئەوەی لە حیکمەتی ڕۆیشتن تێبگەین.
نە جارێ ئەوەستین…
نە جارێ ئەپرسین…
ئاخۆ کام تولە ڕێ ئامان باتەوە باغی عەدەن..؟
هەموو شتێ خەونێکی خۆش بوو؛ زڕا.

من لەگەڵ ئەم حەشآماتە هەڵناکەم
تەنانەت ڕقم لە گوڵ فرۆشەکانیشە.
ئەوان جەلادن جەلاد…
لقی کام دەرەخت نەما سەری نەپەڕێنن؟
کام چرۆ نەما هەتیوی نەکەن؟

(٦)

هەموو گوڵەکانیان ڕنی…
باخەکانیان ڕووتانەوە…
گەڵاکانیان وشک کرد و
خۆیان تۆزێ..تەنها تۆزێ گەروویان تەڕبویەوە.

ماوەیەکە وا هەست ئەکەم زۆر ئاسودەم.
ساڵانێکە پەڕەیەکیشم نەخوێندۆتەوە
ئاخر من پێم وایە؛ وشەیەک زیاتر، ئازارێک زیاتر…
ژانی ئەو ئازارە جەرگ بڕە.
بەڵام هەرکات سەیری تیڤییەکان دەکەم
سەرم پڕپڕ دەبێ لە ووشە.
ڕێک ئەو برادەرەم بیردێتەوە
لەگەڵ هەموو گو کردنێکدا
دنیایەک ووشەی دا ئەنا..
تومەس دێرکانی قوت دابوو،
هیچیانی نەخوێندبۆوە.

نەوەکانی ئادەم زۆر حەز بەبینینی خوا ئەکەن.
زوو زوو ئەچنە ماڵەکەی؛ بەزۆری لەدەرگای پشتەوە،
هەندێ جاریش لە پەنجەرەوە.
من زۆر بەغیلی بە ئادەم ئەبەم.
ئاخر ئەو هەردوو دوونیای بینی..
کەچی فەیس بوک نا.
ئەو ڕوخساری خواشی بینیوە.
من تەنها ئەو گەمژانە دەبینم؛
ناویان لەخۆیان ناوە خوا…
دوێنێ شەو لە خەوما ببووم بە دکتۆر،

٧
هی مرۆڤ نا.
هی ئاژەڵ.
دەمێکە نەژادی مرۆڤ لەسەر لەم هەسەرەیە نەماوە.
یان سیزیفن یان نێرگز.
وەلێ بت شکێن دەمێکە مردوون.
زۆر جار خەون بە یوسفەوە ئەبینم
هەموو جار ئەڵێت؛
هەرگیز پێت وانەبێت ئاو تینوەتی تۆ ئەشکێنێت.
تینوەتی خۆی زادەی ئاوە، ئاو نەبێت تۆ هەرگیز تینوت نابێت.
من میزی شەوانی زستان زوو زوو لەخەوم ڕائەچڵەکێنێ
نەک تینوێتی..
زۆر جار تەمی سەر پەنجەرەکە لائەدەم،
سەیرێکی گڵۆپی سەر شەقامەکان ئەکەم.
تۆ بڵێی ئەو تروسکایە ڕێگا ڕۆشن کاتەوە..؟
نا..
ئەسڵەن ڕووناکی ئیشی ئەوەیە چاوت کوێر بکات.
هێزی ڕووناکی نەبوایە
ئێمە هەرگیز سڵمان لە تاریکی نە ئەکردوە.

نەوەکانی ئادەم؛
پڕ پڕن
لە خوێن
لە شەهوەت
ڕێک ئادەم خۆی..
تۆ هرگیز دیقەتت داوە..
هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە
ئەسرینی، مناڵێکی پێ پەتی- چڵمن، نەوەرێت..؟
چۆن ئەتوانی ئەو فرمێسکە وشک بکەیت..؟

(٨)

چاوی دەرئەکەی؟
کوێری ئەکەی؟
بۆڕی فرمێسکی ئەبڕیت؟
پەڕەیەکی کتێبەکەیت ئەدڕیت و لەسە گۆنای ئەیسڕیت؟
نا..
خوا سوڵتانەکانی سەر زەمینی ئادەم
هەرگیز ناهێڵن ئەو ئەشکە وشک کات.
کارێزێکەو لەبن نایات.
ژانێکی ئەبەدییە خواکان سەرمەست ئەکات.
نەوەکانی ئادەم زۆر حەز بە بینینی خوا ئەکەن.
زۆرجاریش ئەچن بەگژ خواکەی ئادەما..
وەلێ لەمەڕ خواکانی خۆیان زۆر دەستە پاچەن..
هەمووان شکەتن،
وا ئەچنە ڕیزەکەوە.
چ جەنگەڵێکە ئێرە…!!
نەوکانی ئادەم هەر دەڵێی داری بنیامینن قۆخیان گرتووە.
هەموومان مەحکومی تارماییەکەی ئادەمین.
ئادەمیش کوشتەی ناوگەڵی حەوا..
حەوا …!!
هەرکات دێتە سەر باسی ئەو من ئیتر ئەترسم..
ئەوەستم، دەمێکی لاڵ و قەڵەمێکی شکاوم.
من هەرگیز ناتوانم حەوا بناسم.
کەس ناتوانێت
خوا نەبێت.

نەوکانی ئادەم زۆر ئەچنەوە سەر باوانیان.
وەلێ من ئەمەوێت کوڕی زەمەنێک بم؛
هێشتا هیچ سێوێک نەخورابێت.
(٩)
دەبا مەلۆتکەیەکی ژێر درەختی سێوەکە بم؛
هێشتا بەرشەقی خوا نەکەوتبێتم..
من زۆر ڕقم لەو کۆچە بوو..
ئەمزانی
ئەو ڕۆیشتنە گەڕانەوەی نیە.
من چیتر ووشە و ڕستەی کتێبەکان تۆخ ناکەمەوە..
تەنها ژیان دەنوسمەوە بەبێ درۆ..
من هێشتاش خەون بە بینینی خواوە ئەبینم.
کام خوا؟ لە کوێ؟
لەناو لەپی دەستا…
لە بن پەڕەی گوێدا
یان لە هیج شوێنێ …!

بەرزنجی جەمال
هاوینی ٢٠١٧/ سلێمانی/ کوردسات

Previous
Next

Leave a Reply