بەغدا لە نێوان برێت ماكگۆرك و قاسم سلێمانیدا …. عەلی مەحمود محەمەد


تا نیوەڕۆی 12 ی مانگ، سندوقەكان بەتاڵ بوون، لە نوێژی نیوەڕۆوە فتواكان دەستیان پێكرد بۆ هاندانی خەڵك بۆ پڕكردنەوەی سندوقەكان، پەنجە شایەدمانە مۆركراوەكانی پیاوانی ئاینی رو لە ئاسمان بەرز كرایەوە بۆ هاندان، تا نیوەڕۆ تسۆنامی بایكۆت سەركەوتوو بوو، لە كوردستانیش حیزبییەكان سیناریۆی سەیرسەیریان بەناو ئەندامانیان بڵاو دەكردەوە تا زوو بیانێرنە سەر سندوقەكان، گوایە نەیارانیان بۆ ئێوارە قەرەباڵغی دروستە دەكەن، لە بەرامبەر ئەو بێئومێدییەی خەڵك لە ئەنجامی دەسەڵاتی نادادپەروەر لە هەموو هەرێمەكانی عێراق پەیڕەو دەكرا، بەتایبەتیش لەو پەرلەمانتار و بەرپرسان ەی بەغدا كەسیان لە گەندەڵی بێبەری نەبوونە لە رابردوو، لە كۆتاشدا رێژەی دەنگدان هەر 17.48٪ ی كەمتر بوو لە خولی پێشوو، وێڕای دەنگدان بە لیستە نوێكان بۆ خۆی سزادانی كۆنەكان بوو، راچەڵەكینی ئەو بەیانیانە مەترسیدار بوو بۆ رەتكردنەوەی چینی فەرمانڕەوای عێراقی،لە بیرمان بێت, شەوی یەك شەمەی 15ی ئۆكتۆبەر ی 2017 قاسم سلێمانی پشووی كۆتایی هەفتەی قۆستەوەو گۆڵی خۆی لە برێت ماكگۆرك كرد لە كەركوك كە لە هەوڵدا بوو شەڕ نەبێت, ماكگۆرك 14 ساڵە بە فەرمی كار لە ناو كونج و پێچە ئاڵۆزەكانی سیاسەت لە عێراق دەكات ئەو شەوە حاجی قاسمی كرێكاری بیناسازی گۆڵی لێكرد, ئەزموونی كرێكارێكی بیناسازی سەركەوت بەسەر شەهادەی باڵای زانكۆی بەناو بانگی كۆڵۆمبیا, بەمەش لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە توركە قزڵباشیە شیعەكانی لە دوز كردەوە بە فەرمانڕەوا, وێنایەكی دیكەی شەڕی نەغەدەو قاڕنێ و قەڵاتانیان دوبارە كردەوە لە دەڤەری كەركوك, كەركوكیش تەسلیم بە سەفەوییە عەرەبیەكانی سەر بە هادی عامری كرایەوە, مێژووی شا ئیسماعیلی سەفەوی لە كەركوك زیندو كردەوە, ئەگەر فەرمانڕەوایی یەكەمیان 26 ساڵی خایاندبێت (1508-1534), پێی دەچێت فەرمانڕەوایی ئەمجارەیان لە كەركوك كەمتر لە 26 مانگ تەمەنی بێت, ئێستا ئەم دوو پیاوە, یەكیان لە نێوان خەزراو هەولێرەو ئەوی دی لە نێوان خەزراو سلێمانییەوە هەوڵی خۆیان چڕ كردۆتەوە, بۆ ئەوەی گۆڵی خۆیان بكەن و حكومەتی پاشكۆی خۆیان لە بەغدا دامەزرێنن, حكومەتێك بەناو عێراقی و هەڵبژێردراوی عێراقییەكان بێت, لێ پەیوەستی دایكی و رۆڵایەتی پێیانەوە هەبێت, لە پاشكۆ پاشكۆتری سیاسەتەكانیان بێت لە قۆناغە هەستیارەكەی ئەمڕۆ, بەتایبەت لە ئێستادا بۆ هەر كامیان گرنگە بەغدا بۆخۆی ببات و پارسەنگی هێزی هەرێمایەتی بەلای خۆیدا بشكێنێتەوە, لێ بۆ كورد و هێزە عەلمانی و چەپ و نەتەوەییەكان دوبارە گەڕاندنەوەی سیناریۆی ئێرانی 1979 بۆ 1982 ە, لە كۆتادا چارەنووسیان وەك سنجابی و بازرگان و موجاهدین و تودەو كۆمەڵەی و دیموكرات دەبێت بەدەست ئەم مەلا چەفیە رەش و سپیانەوە.

ماكگۆرك لە دایك بووی 20ی ئەبرێلی 1973ی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا, هەڵگری دكتۆرا لە یاسا لە زانكۆی بەناوبانگی كۆڵۆمبیای ئەمەریكی, لە سەرەتای ساڵی 2004 ەوە لە بەغدا تێكەڵ بە جەنجەڵیەكانی سیاسی ئەم وڵاتە بووە, لە زۆرێك گفتوگۆ دورو درێژە ئاڵۆزییەكان بەشداری كردووەو ئەزموونی پەیدا كردووە, هەرچی حاجی قاسمی سلێمانییە, هەندێك لە ئێرانییەكان پێیان وایە بە رەچەڵەك تورك زمانە, 16 ساڵ پێش ماكگۆرك لە گوند رابوری كرمان لە دایك بووە, كرێكاری بیناسازی بووە و بەهۆی هەژارییەوە تا قۆناغی خوێندنی ناوەندی خوێندووە, لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران دەبێتە پاسدار, لە گەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی رۆژهەڵاتی كوردستان 1500 كیلۆمەتر دەبڕێت و چالاكانە بەشداری دەكات لە سەركوتكردنی شۆرشی گەلی كورد, ئەو یەكێك لەو چەكدارە 22 ساڵانەی ئیمامی زەمان بوو پۆستاڵەكەیان لە پێ دانەكەند تا گرتنەوەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر فەرمانڕەوایی حكومەتی ولایەتی فەقی, چۆن كەركوك و دوزیشی گەڕاندەوە بۆ ژێر فەرمانڕەوایی هاوڕێی دیرینی هادی عامری.بە پێچەوانەی برێت ماكگۆرك نێردەی ئەمریكا لەهاوپەیمانی دژی داعش كە بە دۆستی كوردەكانی رۆژئاوا دێتە ژماردن, قاسم سلێمانی سیاسەتی بە كوشتوبڕی كوردی رۆژهەڵات دەستپێكردووە و لە شەڕی عێراق ئێرانیشدا چالاك بوو لە گەرمكردنی ئەم شەڕە كۆنەپەرستانەیە,باسكەكانی خوێنی عێراقییەكانی لێ دەتكێ, ئێستاش لە درێژەی ئەو مێژووە بەردەوامە لە كارەكانی لە عێراق, شەڕ لای ئەو كۆتا نەبووەو بەردەوامە.

هێزە سیاسیەكان ئەوەی پێیان كرا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەنجامیان دا, لە شكاندنی شكۆی یەكترو ناشرینكردنی پیرۆزییەكانیان و تا دروستكردنی فلیم و هەڵبەستنی تۆمەتی ئەخلاقی,هاوكات 3 بۆ 4 ملیاردۆلار لە هەڵمەتەكان خەرجكران, بۆرسەی دەنگ كڕین رۆژ بە رۆژ لە بەرز بونەوەدا بوو,پارە بە بار خۆی دەكرد بە عێراقدا, لە تاریكیدا هەموو پارەكان خەرجكران, یەك لیستیش لە عێراق خەرجییەكانی ئاشكرا نەكرد, هیچ پێوانەیەك بۆ رێگری لە دەستێوەردان لە رێگای پارەوە نەبوو, بەو پارەیەی لە هەڵبژاردنەكە خەرجكرا دەكرا هەژاری پێ بنەبڕ بكرێت, وەلێ بۆ كورسییەكانی پەرلەمان چنگ گیركردن لە حكومەت تەرخانكرا, هەڵبژاردنی عێراق سێیەم تێچوی هەڵبژاردنەكانی جیهانی هەبوو دوای وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و هیندستان.

گۆڵی یەكەم ئەو لایەنە كردی دەنگەكانی هەژماركردو بەشی باشی بۆخۆی برد, گۆڵی دووەم و سەرەكی ئەوەیە پێگەی خۆی قایم دەكات لە خەزرا, حكومەتی ئەمجارە پێ دەچێت كۆتا جار بێت سەری ترامپ و حاجی قاسم سلێمانی لە مەنجەڵێكدا كۆبكاتەوە وەك رابردوو, حكومەتی خۆڵەمێشی نەما, پارت و هێزی خۆڵەمێشیش پێی لە هەردوولا بێت كۆتایی دێت بە توندبونەوەی ململانێی ئەمەریكا و ئێران, قاسم سلێمانی چۆن 16ی ئۆكتۆبەر هەوڵەكانی ماكگۆركی لەباربرد بۆ ئاشتی, گومان هەیە ئەمجارە لە هەوڵەكانی وەك 7 مانگ لەمەوپێش سەركەوتوو نەبێت بژاردەكانی مالكی- هادی عامری لە خەزرا شین بكاتەوە, وەلێ هێشتا پێگەی ئێران لەناو پارتە ئیسلامییە شیعەكان بەهێزەو ناتوانرێت حیسابی بۆ نەكرێت, خۆ لە ساڵی 2010 ئەمەریكا فشارێكی زۆری كرد تا مالكی لەسەر كورسی سەرۆك وەزیرانی دانا, كەچی ئێستا لە لیستی رەشیدایە, عەبادی و كاندیدی هەموو پارتە ئیسلامییە شیعەگەراكان لە كۆتادا هەروا دەردەچن.ئێستا ماكگۆرك و حاجی قاسم سلێمانی كە لە ” ماكگۆرك13 – 14قاسم سلێمانی”ی مانگەوە میوانی عێراقییەكانن و لە بەغدان , بۆ رێگا گرتن لە یەكتری , هەر یەكەی گڵۆپێكی سەوزیان بە دەستەوەیە بۆ لایەنگرانیان لە خەزرا, هەموو چاوەكان لەسەر جوڵەو هەوڵە دیبلۆماسیە ئاشكراو نهێنییەكانی ئەم دوانەن, جوڵەكانیان زیاتر لە جوڵەی دوو پاڵەوان دەچێت لە زۆرانبازیدا بن, ئەركیان وەك 3 جاری پێشوو سەردەمی بۆش و ئۆباما هاوكاریكردن یەكتر نییە, ئەوان ئێستا وەك جاران ناوبژیوانیكەر نین وڵات بۆ ئاشتی و تەبایی رێك بخەنەوە, ئەوان ئەمجارە عێراق بۆ شەڕی داهاتووی خۆیان رێك دەخەنەوە بەرامبەر یەكتر, شەڕی ئەمەریكا- ئێرانیان هێناوەتە خەزرا-هەولێر-سلێمانی, خەریكی پاشقول گرتنن لە یەكتری نەك هاوكاری, ئیتلافی فەتح هاتنی مەكگۆركی بە هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن زانی, وێنەی هاككەرێكی لە ماكگۆركدا وێنا كرد.
ئێستا زەمەنی هاك بە كۆتا گەیشت ئیتر زەمەنی كورسی كڕین و چاو سوركردنەوەو هەڕەشەی پەراوێز خستن هاتۆتە پێشەوە, تا 165 كورسی بۆ حكومەتە پڕ پینەو پەڕۆكە كۆبكرێنەوە, ئێران پارەیەكی زۆری لە هەڵبژاردنەكە خەرجكرد, تا هەنووكە 87 كورسی مەزموونی هەیە.

لە نێوان ئەلتەرناتیفی هەردوولا, هێزێك قیت بۆتەوە بەناوی سائیرون كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانیان دەكات, بەم بارودۆخە كە حكومەتی تەوافقی هەردوولا كۆتایی پێ هاتووە وەك 3 خولی پێشوو, وە شكستیشی خواردووە, ناتوانرێت گوێ لە هێزەكانی دژ بەهەردوولا نەگرترێت, عەلی ئەكبەر وڵایەتی راوێژكاری مورشیدی كۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی شوباتی رابردوو 100 رۆژ پێش دەنگدنە پڕ لە نائومێدییەكە, هەڵوێستی ئێرانی لەسەر ئەم هاوپەیمانییە دەربڕی و وتی رێگا نادەین شیوعی و لیبراڵی و عەلمانییەكان لە عێراق دەسەڵات بگرنە دەست, شەوی 12 لەسەر 13ی مانگیش ئەوان وەڵامی خۆیان بە دروشمی بۆ دەرەوە بۆ دەرەوە ئێران بۆ دەرەوە دایەوە, وەلێ 14 مانگ قاسم سلێمانی خۆی كرد بە بەغدایا.سائیرون هاوپەیمانییەكی لیچتقی عێراقییە و دەیەوێت كۆتایی بە باڵا دەستی ئێران بهێنێت لە عێراق, وەلێ باڵە بەهێزەكەی دژ بە شێوازی ئیسلامیانەی حوكمڕانی نییە, لە رابردوو خۆشیان لە گەڵ ئەمەریكا تاقیكردۆتەوە, جیاوازیان تەنها ئەوەندەیە لەگەڵ ئەوانی دی لە بڕی قوم پەیڕەو لە نەجەف دەكەن, لە ساڵی 2014 ەوە تەوژمی سەدری دژ بە ئێران و قاسم سلێمانی دروشم دەڵێنەوە. كاریگەری كشانەوەی ئەمەریكا لە رێكەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران, راستەوخۆ لەسەر پێك هێنانی كابینەی حكومەتی داهاتووی عێراق دەبێت, كێشمە كێشەكان توندتر دەكاتەوە, كاری حاجی قاسمی سلێمانی و مستەر ماكگۆرك سەختر دەكات, شەڕی هەردوولا پێش سوریاو ئێران لە عێراقەوە دەبێت, ئەگەر راگەیاندنی ئەنجامەكان لە بری 6 دەقە 6 رۆژی ویست كە دەبوایا دوای 48 كاتژمێر رابگەیەنرایا, بێشك پێك هێنانی حكومەت زۆری دەوێت.زۆربەی سیاسییەكان عێراق قەرزاری ئەم دوو وڵاتەن, بەشێكیشیان پەیوەندی ژێر بەژێریان لەگەڵ هەردولا هەیە, رۆڵی یاری سێو بە باخەڵ دەگێڕن, ئەوان نەبونایە هەر دەبوایا خەونیان بە گەڕانەوە بۆ عێراق ببینیایە نەك حوكمڕانی. پەرلەمانتاران پارەیەك زۆریان خەرجكردووە, دەیانەوێت زووو بَێنە مایە لە رێگای حكومەتەوە, وەلێ پێی ناچێت ئەمجارە رێگای حكومەت و گەیشتن بە خەزرا وەك جاری جاران ئارام بێت, عێراق چاوەڕوانی گەشتی یەكەمی شەڕی ئەمەریكا- ئێران دەكات, سەری دوو بەرانەكە نەك مەنجەڵەكە پێكەوە نایان كوڵێنێت, بگرە ئاگادار بن مەنجەڵیش دەشكێنێت.