Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
بۆ ئەمریکاییەکان (ژان پیاژێ) یان قبوڵکرد؟

بۆ ئەمریکاییەکان (ژان پیاژێ) یان قبوڵکرد؟

Closed
by February 25, 2009 گشتی

بۆ ئەمریکاییەکان (ژان پیاژێ) یان قبوڵکرد؟
فایەق سەعید

بۆ هەمووو لایەک ئاشکرایە تا 1830 ئەمریکا نە ئەو بایەخە گەورەیەی بەپەروەردە دەداو نە پەروەردش لەزانکۆکانی ئەمریکادا خاوەنی ستاتوی تایبەتی خۆی بوو. پەروەردەی ئەلمانی وەکو زانست رۆلێکی زۆر گەورەی لەجیهاندا دەگێراو تەنانەت خودی ئەمریکاییەکان بۆ خوێندنی پەروەردە بەرەو ئەلمانیا کۆچیان دەکرد. بەڵام کاتێک ژان پیاژێ لەسەرەتای سەدەی رابردووەوە دەستی دایە پەروەردە ئەوروپا لەسەردەمێکی تردا بوو. بەلام ئەوەی سەختی بۆ پیاژێ دروستکرد ئەو زۆر بەجیدی کاری لەسەر زانستی دەروناسی دەکرد کەزانایانی هیچ وڵاتێک بەئەندازەی ئەمریکاییەکان تیایدا باڵا دەست نەبوون. ئەوان سەرچاوەی داهێنانە نوێکان و تیۆرییە تازەکانیان مەهار کردبوو، بەهەمان شێوەش خاوەنی هەزارەها لێکۆلینەوەی گەورە بوون کەزیاتر مێتودی (کەمی) یان تیدا بەکار دەهێنا. بۆیە زۆر ئەستەم بوو ئەمریکاییەکان بایەلۆژیستێکی گەنجی سویسری کەلەبنەرەتدا هیچ پەیوەندییەکی بەتینی بەدەروناسیەوە نەبوو قبول بکەن. تەنانەت تەنانەت دوکتۆرانامەکەشی لەسەر سەدەفەکانی ناو ئاوی شیرین نووسیبوو،. دواجار نەک ئەمریکاییەکان بەلکو هەموو جیهان ناچاربوون لەبەر چەند هۆکارێک پیاژێ وەک خۆی قبول بکەن. بێشانسی پیاژێ لەوەدا بوو کەلەئەمریکا نەدەژیاو  سویسراش بۆ ئەمریکا لەو سەردەمەدا لەبواری دەروناسیدا وەکو کوێرە لادێییەک وابوو، سەرباری ئەوەش پیاژێ بەزمانی ئینگلیزی نەیدەنووسی بەلکو بەفەرەنسیەکی زۆر سەیر.
پیاژێ خاوەنی لێکۆڵینەوەی گەورە نەبوو، لەسەرەتاشدا لێکۆلینەوەکانی تەنها لەسەر منداڵەکانی خۆی ساز کردبوو، بۆیە ئەمە بەنیسبەت ئەمریکاییەکانەوە شتێکی هێندە گرینگ نەبوو تا سەرنجیان رابکێشێت. بەڵام دەبێ ئەوەش یاداشت بکەین کەلێکۆلینەوەکانی پیاژێ بەپێی مێتود (نەوعی) بوون و لەئەنجامیشیانەوە گەشتە چەند خالێک کەدواتر قوتابخانە دەروناسیەکان دانیان پێدا نا. لەلایەکی دیکەوە پیاژێ لەمەر پەیوەندی منداڵ و گەورەوە زوربەی هەرە زۆری تیۆرییەکانی فێربوونی رەت کردبوو کەسەرجەمیان لەلایەن دروناسە ناودارەکانی ئەمریکاوە دانرابوون. لەم بوارەدا دەکرێ هەندێک خال جێگەی سەرنج بن: بەپێی تیۆرییە دەروناسیەکانی فێربوون کەپرۆفیسۆری ئەمریکی سکینەر یەکێکە لەدامەزرێنەرە ناودارەکانی، منداڵ ئۆبژێکتەو گەورەش سوبژێکتە. واتە کورد گوتەنی منداڵ وەکو لاپەرەیەکی سپی وایەو گەورەکان هەموو شتێکی بۆ دیاری دەکەن و دەزانن کامانە هەلەن و کامانەش دروستن و منداڵ تەنها لەرێگەی کاریگەرییەکانی دەوروبەرەوە فێری شت دەبێت. بەڵام تیۆرییەکانی گەشەسەندن کەدەروناسی ئەمریکایی گێزیل یەکێکە لەدامەزرێنە ناودارەکانی پێی وایە بەپێچەوانەوە منداڵ سوبژێکتەو گەورە ئۆبژێکتە. واتە منداڵ بەبێ کاریگەری ژینگە خۆی گەشە دەکات چونکە فاکتەرە بۆماوەییەکان و هێزەکانی ناوەوە رۆلی سەرەکی لەگەشەکردنی مندالدا دەبینن. لەم نێوەندەدا پیاژێ وەک پرۆڤیسۆرێکی گەنج کەکاری لەسەر بیرکردنەوە مەعریفیەکانی منداڵ کردبوو تیۆرییەکی تەواو جودای خستەروو بەناوی تیۆری مەعریفی یا کۆگنەتیڤ. بەپێی تیۆرییەکەی پیاژێ منداڵ و گەورە هەردووکیان سوبژێکتن و وەکو دوو بوونەوەری ئەکتیڤ کار دەکەن و کار لەیەکتر دەکەن و منداڵ بەهیچ شێوەیەک پەسیڤ نیە، بەلکو لەرێگەی مامەلەکردنی کۆنکریتی لەگەل شتەکانی دەوروبەریدا دەتوانێت بۆچوونی هەبێت و گفتوگۆی خۆی هەبێت. منداڵ کەسێکە کەتوانای ئەوەی هەیە جیهانبینی خۆی بەدەستی خۆی دروست بکات و ئەو کائینە گوێ رایەلە نیە کەتەنها گوێ بگرێت بەلکو کائینێکە گفتوگۆ دەکات و بەرپەرچی گریمانەی گەورەکان دەداتەوە.  ئەمە بۆ ئەمریکاییەکان شتێکی نوێ بوو.  خالێکی دیکەی نوێی پیاژێ بۆ ئەمریکاییەکان ئەو تێروانینەی بوو کەمندال لەتەمەنێکدا ناتوانێت لەوە بگات کەکەسانی دیکە هەن بەشێوەیەکی جیاواز لەخۆی بیردەکەنەوە. بەپێی رەهەندی ئێگۆسەنتریزمی مندال تەنها بیر لەبۆچوونەکانی خۆی دەکاتەوە. تا منداڵ لەتەمەنێکی دواتر بەهەندێک ئۆپەراسیۆنی مێنتاڵیدا (ریڤێرسیبڵ) تێپەر نەبێت ناتوانێت لەرەهەندێکی دێسەنتراڵەوە تێگەیشتنی بۆ جیهان و بۆ ئەوانی دیکە هەبێت. خالێکی دیکەی نوێی پیاژێ بۆ ئەمریکاییەکان بریتی بوو لەو نووسینانەی لەبارەی زیرەکی زرینگی منداڵانەوە نووسیبووی. پیاژێ بەشێوەیەکی زۆر حیرەفیانەی ئامرازو هۆکارەکانی زیرەکی منداڵانی خستەروو کەهیچ پەیوەندییەکی بەفاکتەرە بۆماوەییەکانەوە نیە بەلکو بەشێوازی کاکردن و فێرکردنی منداڵانەوە هەیە. پیاژێ رەخنەی لەتیۆرییە ئەمریکاییە کۆنەکان گرت و پێی وابوو ئەوان زیرەکی بەرادەی تێگەیشتنی منداڵانەوە دەبەستنەوە لەکاتێکدا دەبێ زیرەکی بەتێگەیشتن و داهێنانەوە ببەسترێتەوە چونکە کاری ئەم دوو چەمکە بریتین لەداڕشتنی ستروکتور لەرێگەی ستروکتوریزەکردنی واقیع و ژینگەی دەوروبەرەوە. گرفتی زیرەکی و دواتریش گرفتی دیداکتیکی پەروەردەیی بەشێوەیەک لەشێوەکان ئاوێتەی گرفتی هەرە بنەڕتی ئیپستمۆلۆجیا بووە کەباس لەسروشتی زانستەکان دەکات: ئایا وشیاری مەعریفی بریتیە لەکۆپیکردنی واقیع یا بەپێچەوانەوە واقیع لەناو ستروکتوری گۆرانکارییەکاندا توێنراوەتەوە. ئەوەی لێرەدا پەیوەندی بەچەمکی زیرەکیەوە هەیەو کەپیاژێ دەرکی پێکرد ئەوەبوو کەوشیاری مەعریفی لەناو خودی رووداوەکان و کردارەکانەوە هەڵدەقوڵا. پیاژێ پێی وابوو کاتێ مندال لەبارەی ئۆبژێکتێکەوە بەدوای زانیاری و زانستدا دەگەرێت مانای وایە ئەم پرۆسەی گەرانەی قبوڵەو دەست بەگەران دەکات بەدوای ئەو زانیارییانەدا کەپێویستی پێی هەیە. دەستکەوتنی ئەو زانست و زانیارییانەش مانای ئاوێتەبوونی واقیعە لەناو (پرۆسەی) ستروکتوری گۆرانکارییەکاندا. لەراستیشدا خودی ئەم ستروکتورەیە کەگەشە بەزیرەکی دەدات و وەکو درێژکراوەی رووداوەکان نمایشی دەکات بەڵام لەسەر ئاستێکی مێنتاڵ. هەموو ئەمانەش بۆ ئەمریکاییەکان جێگەی سەرنج و لێکۆلینەوە بوو چونکە ئەوان مندالیان لەپراکتیکدا بەم شێوەیە وەکو کائینێکی ئەکتیڤ و بەتوانا وەسف نەکردبوو.
 جێگەی سەرنجە پیاژێ لەنووسین و شیکردنەوەی هەندێک خالی هاوپەیوەند بەخوێندنی منداڵانەوە لەناو جارنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ بەشدارییەکی یەکجار جوانی هەیە کەتاوەکو ئەم ساتەش گرینگی خۆی لەدەست نەداوە. ئەم هاوکارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەل پیاژێ دا لەزۆر بواردا دەرگایەکی باش بوو بۆ زیاتر ناساندنی پیاژێ.
لەباری زانستی وانەووتنەوەشدا پیاژێ بەشدارییەکی زۆر گەورەی هەبوو کەبووە بەردی بناغەی قوتابخانە رۆژئاواییەکان. ئەو قوتابخانانەی پیاژێ لەقۆناغێکی سەرەتاییدا رەخنە زۆری ئاراستەکردن کەقوتابخانە رۆئاواییەکان دەبێت لاسایی مندالەکان بکەنەوە نەک بەپێچەوانە. هەموو ئەم کارانەی پیاژێ  بووە هۆی ئەوەی ئەمریکاییەکان بەخۆشحالییەوە دەرگای سەرجەم ئۆرگان و پێگە زانستیەکانی خۆیان بۆ پیاژێ بخەنە سەرپشت. 
 faiekk@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.