
شێوازی خه‌ونی له مانیفێستی شیعری(سه‌باح ره‌نجده‌ر)دا
شێوازی خه‌ونی له مانیفێستی شیعری
(سه‌باح ره‌نجده‌ر)دا
حه‌مه مهنتكلهساڵی(1999-2000)شاعیری یاخی و نوێخواز (سه‌باح ره‌نجده‌ر)مانیفێستێكی شیعری بڵاوده‌كاته‌وه له دیوانی(خه‌ون وا خۆی گێرایه‌وه) كه له‌ساڵی(2004) له‌ده‌زگای ئاراس له‌شاری هه‌ولێر چاپكراوه.ئه‌م مانیفێسته‌ش وه‌كو زۆربه‌ی مانیفێسته‌كانی پێشتر كه له مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی بڵاوكراونه‌ته‌وه گرنگی و تایبه‌تی خۆی هه‌یه،كه لێره‌دا ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند پرسیارێك وه‌كو: ئایا شاعیر له‌م مانیفێسته‌دا چیمان پێده‌ڵێت؟ ئایا ده‌یه‌وێت به‌هۆی ئه‌م مانیفێسته‌وه ڕێچكه‌و ئاراسته‌یه‌كی شیعری بۆ شیعری كوردی دیاری بكات؟ كاریگه‌ری ئه‌م مانیفێسته چی‌بوو له شیعری كوردی؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بێت گه‌ڕانێك به‌ناو ئه‌و مانیفێسته‌دا بكه‌ین، هه‌روه‌ها دونیای شیعری ئه‌م شاعیره‌ش شه‌ن وكه‌وبكه‌ین.
بێگومان (سه‌باح ره‌نجده‌ر)یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی كه له‌ساڵانی هه‌شتاكان و دوای راپه‌ڕینی ساڵی(1991) ڕێچكه‌ی شیعری كوردیان شكاند له‌گه‌ڵ(ع.ع. یوسف، هاشم سه‌ڕاج ، فه‌رهادپیرباڵ ،ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی…)كه فۆرمی نائاسایی و قووڵیان هێنایه ناو شیعری كوردیه‌وه، چونكه له‌لای زۆربه‌ی خوێنه‌ران شیعره‌كانیان هه‌رس نه‌ده‌كرا بۆیه ئه‌م ناوه‌یان لێ‌نرا.به‌ڵام ئه‌مانه هه‌ریه‌كه‌یان شێواز‌و رێچكه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه.(سه‌باح ره‌نجده‌ر)یش له دیوانه‌كانی(زێوان -1988، رووه‌كه‌كانی خواوه‌ند-1999، خه‌ون واخۆی گێرایه‌وه-2004، شه‌ڕی چل ساڵه-2005، مردوویه‌ك ئاگای له هه‌مووانه-2008، سه‌دو یه‌ك شه‌وه-2008) هه‌ر نوێخواز بووه هه‌رده‌م به‌دوای داهێنان و وشه‌ی نوێ و ده‌سته‌واژه‌ی تازه‌وه بووه.
پێشتر مانیفێستی ئه‌ده‌بی و شیعری تر له‌ئه‌ده‌بی كوردیدا بڵاوكراونه‌ته‌وه، هه‌ریه‌كه‌یان گفتوگۆ و مشت ومڕێكی زۆری دروستكردووه وه‌كو بانگه‌وازی (ڕوانگه- شێركۆ بێكه‌س،حوسێن عارف،جه‌لالی میرزا كه‌ریم،جه‌مال شارباژێری، كاكه مه‌م بۆتانی) و (گرووپی كفری- له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، فه‌رهاد شاكه‌لی) و مانیفێستی گۆڤاری وێران.ئه‌م مانیفێسته‌ی (سه‌باح ره‌نجده‌ر) تا ڕاده‌یه‌كی زۆر پته‌و تر‌و شیعریتره له‌وانی پێشتر پشتی ته‌واو به خه‌ون ده‌به‌ستێت.شێوازی خه‌ونی گرتۆته به‌ر و ده‌یه‌وێت له‌دوای ئه‌م مانیفێسته‌وه ده‌قی خه‌ونی بخوڵقێنێ.
ئه‌م شاعیره ده‌یه‌وێت پرسیاره‌كانی ژیان بكات ،بۆ ئه‌مه‌ش په‌نا بۆ شیعر ده‌بات و له رێگای شیعره‌وه پرسیار دروست ده‌كات.كه‌سێك بیه‌وێت پرسیار بكات دیاره به‌دوای وه‌ڵامدا ده‌گه‌ڕێت ،ده‌یه‌وێت شتێكمان بۆ ڕوونبكاته‌وه یاخود فێری پرسیاركردنمان بكات بۆیه له‌م مانیفێسته‌دا ده‌ڵێت”خه‌ون كاریگه‌ریبوون به‌شیعری تێدا به‌هێزه ،جیهانبینی منی لێوه ڕوونبۆته‌وه و بووه‌ته په‌یوه‌ستێكی پته‌و له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی ژیان” ل5كه‌واته خه‌ون و شیعر تێكه‌ڵاوی یه‌كترن له رێگای شیعره‌وه ده‌بێ خه‌ون ببینین ،چونكه خه‌ون و شیعر په‌یوه‌ندیه‌كی توند‌و تۆڵیان له‌گه‌ڵ پرسیاره‌كانی ژیان و بوون هه‌یه،مرۆڤ ئه‌گه‌ر خه‌ونی نه‌بێت ناتوانێ بیر له‌داهاتوو بكاته‌وه ،ناتوانێ داهاتووی هه‌بێت، هه‌روه‌ها داهێنان بكات.
شاعیر له‌م مانیفێسته‌دا هه‌وڵده‌دات پێمان بڵێت كه ئه‌و جیا له هه‌موو شاعیره‌كانی تر په‌یوه‌ندی نێوان شیعر‌و خه‌ونی دۆزیوه‌ته‌وه و شیعری بۆ خه‌ون گێڕاوه‌ته‌وه،كه‌واته ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه ده‌بێت ڕێچكه‌یه‌كی نوێ بێت له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردیدا.واته پێشتر شیعر‌و خه‌ون په‌یوه‌ندیان له نێوان هه‌بووه‌و په‌یوه‌ست بوونه به‌یه‌كتره‌وه ،به‌ڵام لێك دابڕاون و وایان لێكراوه كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌یان له نێوان نه‌مێنێت.
دیاره داهێنان به هۆی شتی نوێوه ده‌كرێت ده‌بێ رێچكه‌ی نوێ بگیرێته به‌ر ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌سه‌ر رێچكه‌ی پێشتر بڕۆین كه‌واته كارمان ته‌نها لاساییكردنه‌وه‌یه ئه‌م په‌یوه‌ندی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی نێوان شیعر‌و خه‌ون وا ده‌كات داهێنان بكرێت و كاری نوێ پێشكه‌ش بكرێت.خه‌ون بیركردنه‌وه‌یه و پرسیاركردنه له ژیان ،له‌پاكیه‌تی ژیان،شیكردنه‌وه‌ن بۆ لایه‌نه‌كانی ژیان.له‌م رێگایه‌وه شاعیر ده‌یه‌وێت ژیانمان بۆ وێنا بكات ،ژیانمان بۆ پێناسه بكات،جوانی بكات، شیرینی بكات. تێكه‌ڵاوكردنی شیعر‌و خه‌ون واده‌كات ژیان بنووسێت .(سه‌باح ره‌نجده‌ر) په‌یامێكی بۆمان پێیه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت”من ژیان ده‌نووسم ،له‌باره‌ی ژیانه‌وه نانووسم”ل7 واته ژیان رابردووه ،ئه‌و ژیان ده‌نووسێت ،خودی ژیان داهاتووه،واته شاعیر ژیانێكی نوێمان بۆ ده‌نووسێت كه زۆر جیاوازه له‌م ژیانه‌ی ئێستامان ،ئه‌و خه‌ونی هه‌یه ،خه‌ون بینین نووسین و دروستكردنی ژیانێكی نوێیه.
شاعیر له‌م مانیفێسته‌دا ده‌یه‌وێت خۆی جودابكاته‌وه له هه‌موو گرووپ و كه‌سێك ،واته خۆی به لایه‌نگرو سه‌ر به‌هیچ گرووپ و تاقمێك نازانێت.بێگومان ئه‌مه‌ش كاری یاخیبووانه ،كاری داهێنه‌رانه،كاری نوێخوازانه، به‌راستی كه‌سێك بیه‌وێت یاخی بێت ،داهێنان بكات ،ده‌بێت له‌كه‌سی تر نه‌چێت،هه‌موو كارێكی نوێ‌و تازه ره‌چه شكێن داهێنه‌رانه‌یه.”له ڕووی هیچ ره‌گه‌زێكی ئه‌ده‌بی حه‌زم نه‌كردووه وه‌ك كه‌س بم ،كه‌سیشم له‌به‌رچاو نه‌گرتووه،هاوڕێی ئه‌و كه‌سانه كه‌پێش من پڕۆژه‌ی داهێنانیان هه‌بووه ،ئه‌وانه‌ی هاوچه‌رخن ،ئه‌وانه‌ی دوای منیش دێن و ده‌بن به نووسه‌ری خاوه‌ن پڕۆژه.”ل6 كه‌واته ئه‌م خۆ جیاكردنه‌وه‌یه خۆ دوورخستنه‌وه‌یه و تاكخوازییه ده‌بێت پڕۆژه بێت،واته (سه‌باح ره‌نجده‌ر) ده‌بێت پڕۆژه‌ی هه‌بێت.كاری تاكخوازی و گرتنه‌به‌ری رێگای جیاواز به پرۆژه‌ی داهێنه‌رانه ده‌بێت.شاعیر كاری داهێنان به كاری تاكخوازی داده‌نێت واته به‌لای شاعیره‌وه تاك به ته‌نها ده‌توانێت داهێنان بكات به‌بێ چوونه ناو هیچ گرووپ و كۆمه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی ،له‌به‌ر ئه‌وه داهێنان و كاری تازه ده‌به‌ستێته‌وه به‌تاكیه‌تی. تاك وه‌كو مرۆڤێك ده‌توانێت له زۆر رێگاوه خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند بكات و پرسیار دروست بكات هه‌رنا پرسیار بورووژێنێ و زه‌مینه‌ی بۆ خۆشبكات بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانێك بكات.
تاكی ئه‌كتیڤ ده‌توانێت زۆر شت بكات، چونكه خاوه‌ن قسه‌یه،خاوه‌ن هاواره، یاخییه ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها بێت ده‌توانێت گۆڕان دروست بكات .تاكه ڕێگه‌ی(سه‌باح ره‌نجده‌ر) شیعره له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ژیانێكی نوێ دروست بكات له‌وێوه‌ش ئاینده‌یه‌كی نوێ‌و تازه بۆ مرۆڤی كورد دروستبكات.به‌راستی ده‌رچوون له‌م قالبه‌ی ئێستای كه تاكی كورد تیایه‌تی یاخیبوون و هاوارێكی زۆری ده‌وێت ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت یاخیبن ره‌نگه قوربانییه‌كی زۆر بده‌ن هه‌ر له‌وه‌وه بگره كه ره‌نگه ده‌یان ناو و ناتۆره‌یان لێبنێن و به‌ده‌یان وتار‌و به‌رهه‌ڵستكاریان بكرێت ئه‌مه‌ش سوننه‌تی هه‌موو كارێكی نوێیه كه هه‌موو شتێكی تازه‌و نوێ به‌رهه‌ڵستی ده‌كرێت تووشی ره‌خنه‌ی ناماقووڵ و نازانستی ده‌بێته‌وه له لایه‌ن كۆنخوازه‌كان ،بۆیه (سه‌باح ره‌نجده‌ر) تووشی ئه‌م ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌یه‌و ده‌مه‌قالییه بووه له‌گه‌ل كۆنخوازه‌كان ،چونكه ئه‌و پرسیاری پێیه و ده‌یه‌وێت ئایینده دروست بكات و فۆڕم وشێوه‌ی تازه‌ی بۆ شیعر‌و ژیان پێیه و جیایه له هه‌موو كه‌سێكی تر”خۆم له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو نه‌وه‌یه‌كدا ده‌بینم، ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ شیعری له پێشتری خۆشم نیم، سه‌ر به ئه‌زموون و ئه‌فسانه‌ی ئه‌و شیعره‌م كه دوا شیعرمه‌و له نووسیندام….. ناچمه ناو هیچ گرووپێكی ئه‌ده‌بی، خۆشم به هیچ گرووپێك نه‌زانییووه .له بنه‌ره‌تدا ئه‌ده‌ب و داهێنان كاری تاكییه ،چوونه ناو بازنه‌ی گرووپ ده‌ركردن و چه‌واشه‌كردنی ئه‌م تاكییه‌له بازنه‌ی ئه‌ده‌ب و داهێنان.”ل6(سه‌باح ره‌نجده‌ر)تاكه چه‌ك كه له‌ده‌ستی بێت شیعره بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شه‌ڕی پێده‌فرۆشن .له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م شاعیره به‌رامبه‌ر شیعر زۆر ئه‌مه‌كداره و به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها كردوویه‌تی به په‌یامی خۆی به‌مه‌ش وای له دووژمنانی خۆی كردووه (مه‌به‌ست له دووژمن ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌ی نابه‌جێی لێده‌گرن) كه هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری بكه‌ن و به‌رامبه‌ر ئه‌م شاعیره یاخی و نوێخوازه ده‌سته وه‌ستان بووه‌ستن”شیعر بۆ من په‌یامی راچله‌كاندن و ئه‌و ئاگره‌یه قه‌ت ڕووی له خامۆشی نییه ته‌واو بڕوام پێیهێناوه و ئه‌مه‌كدارم بۆی.دووژمنه‌كانم له ناوه‌وه‌یدا له ئاست ئه‌م ئه‌مه‌كداریه‌ی من داته‌پیوون خۆیان به گوڕنه‌ته‌ڵه و چه‌وساوه‌ی ده‌قه‌كانم ده‌بینن. منیش له‌شه‌ڕه بێفه‌ڕه‌كان خۆم پاراستووه و فه‌رامۆشیان ده‌كه‌م.”ل9
كه‌واته شاعیر له‌شه‌ڕێكی به‌رده‌وامی دوژمنه‌كانییه‌تی ئه‌مه‌ش بێگومان دونیای كه‌سێكه كه یاخییه ، هه‌ر مرۆڤه چالاكه‌كان و خاوه‌ن پڕۆژه‌كان ئه‌م دونیایه‌یان هه‌یه.هه‌ر ئه‌وانن تووشی ده‌یان شه‌ڕی ناماقووڵ ده‌بنه‌وه،به‌ڵام ئه‌وان كۆڵ ناده‌ن به‌رده‌وام به‌هۆی شیعره‌وه بێت یان هه‌ر ژانرێكی تری ئه‌ده‌بی كه به شێواز‌و فۆرم و ناوه‌رۆكێكی نوێ‌و تازه دایده‌هێنن په‌ره‌ی پێده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كۆسپ و دیواره‌كان تێك بشكێنن ،به‌ڵام شتێكی زۆر گرنگ له‌لای (سه‌باح ره‌نجده‌ر) هه‌یه له‌م مانیفێسته‌دا كه‌وا ئه‌و نه‌هاتووه جیهانی كۆن،ده‌ستووری كۆن،بڕوخێنێ و له‌ناوی ببات به‌ڵكو هاتووه له‌ناو ئه‌و جیهانه كۆنه جیهانێكی تازه‌و نوێ و ڕوون بدۆزێته‌وه كه‌وا باوه‌ڕناكه‌م ئه‌وه لای شاعیرانی تر هه‌بێت. هه‌موو شاعیر‌و مانیفێسته‌كانی پێشتر به‌ته‌واوی جیهانی كۆن و ئه‌وانی پێشتری خۆیان ره‌تكردۆته‌وه به شێوه‌یه‌كی ره‌ها هێڵی راست و چه‌پیان به‌سه‌ردا هێناون. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا په‌تایه‌كی كوشنده‌یه،چونكه به‌ڕاستی ئه‌وه‌ی ئێستا كۆنه له‌سه‌رده‌می خۆی نوێبووه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌بوایه ئه‌وانیش ناتوانن داهێنان و نوێخوازی بكه‌ن .بۆیه ئێمه كارێكی زۆر هه‌ڵه ده‌كه‌ین كه‌كۆن به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها و ته‌واوه‌تی ره‌تبكه‌ینه‌وه.له‌به‌رئه‌وه ئه‌م شاعیره ئه‌م یاسایه‌ی تێك‌شكاند ،ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه كه‌وا وه‌كو ئه‌وانی پێشتر كه ده‌یانه‌وێت گۆڕان بكه‌ن له‌ناو ئه‌ده‌بیات و شیعری كوردی كه كۆنیان به‌هه‌موو جوانییه‌كه‌ی و شته نایاب و ناشرینییه‌كانی ره‌تده‌كه‌نه‌وه.ئه‌و هات ئه‌مه‌ی ره‌تكرده‌وه و ده‌ڵێت: كۆن ناروخێنم به‌ڵكو له‌سه‌ر ئه‌و كۆنه ،له‌ناو ئه‌و كۆنه ده‌یه‌ها شتی جوان هه‌یه ،شتی ناوازه‌و نایاب هه‌یه، ئه‌و ته‌كنیكه جوان و نایابانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی نوێ‌و تازه داهێنم كه ده‌بێته شتێكی ته‌واو جیاواز له كۆن.هه‌رچه‌نده ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی كوردی مێژوویه‌كی بۆ خۆی تۆماركردووه(مه‌سه‌له‌ی كۆن و نوێ)هه‌ر له وتاره‌كه‌ی(سیاپۆش)ه‌وه تا ئه‌و وتار‌و ده‌مه‌قاڵێیانه‌ی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه كۆنه‌كانی ساڵانی(1940،1930،1920…)به‌سه‌ره‌وه تا ئێستاش به‌رده‌وامه هه‌موویان دژی كۆن بوون و ره‌تیان ده‌كرده‌وه.(سه‌باح ره‌نجده‌ر) له‌م مانیفێسیته‌ی ده‌ڵێت” نه‌مویستووه جیهانی كۆن بروخێنم و جیهانی نوێ بنیاد بنێم .تێكۆشاوم له‌ناو جیهانی كۆن جیهانی تر بدۆزمه‌وه‌و بیكه‌م به نموونه‌ی ڕوونی و خاوێنی به‌هه‌شتی تا هه‌تایه”ل9
لایه‌نێكی تری شاعیر كه‌له‌م مانیفێسته گرنگی پێده‌دات و به‌لایه‌وه گرنگه شوێنه.ئه‌گه‌ر شوێن نه‌بێت هیچ جووڵه‌یه‌ك و ڕووداوێك روونادات.شوێن جێگای یاده‌وه‌ری و خه‌یاڵ و خه‌ونه.شوێن زه‌مینه‌ی جێبه‌جێكردنی كاره ،ده‌توانین له‌سه‌ر شوێن موماره‌سه‌ی خه‌ونه‌كانمان بكه‌ین .تاكوئه‌و خه‌ونانه‌ی هه‌مانه بیانكه‌ین به واقیع ،وا بكه‌ین به‌هۆی ئه‌و خه‌ونانه‌وه گۆڕان دروست بكه‌ین ده‌بێت له‌سه‌ر شوێن جێبه‌جێیان بكه‌ین .شوێن نه‌ك هه‌ر له‌شیعر به‌ڵكو له‌ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌بی وه‌كو چیرۆك و ڕۆمان كۆڵه‌كه‌و بنیادێكی سه‌ره‌كین بۆ چیرۆك و رۆمانی سه‌ركه‌وتوو.ئه‌م شاعیره‌ش گرنگی ئه‌مه ده‌زانێت و بایه‌خێكی یه‌كجار زۆری پێده‌دات بۆ دروستكردنی گۆڕان تاكو سه‌ر زه‌مینێكی هه‌بێت بۆ خه‌ونه تازه‌كانی هه‌روه‌ك ده‌ڵێت” پێوه‌ندیشم له‌گه‌ڵ شوێندا پێوه‌ندیه‌كی گیانییه،یه‌كه‌م خه‌یاڵگه‌ی به‌پیتمه هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌كانم له‌شوێن خه‌وتوون كه چاو بواری نییه كۆیان بكاته‌وه‌و بیانگرێت مه‌گه‌ر له‌رێگای خه‌ون بینینه‌وه به‌ئاگایان بهێنمه‌وه ئاوی چاوی تیشكهاوێژم بده‌م،بیانخه‌مه ناو چاڵاكییه هه‌ستی و خه‌ونییه‌كانم .ئه‌گه‌ر ڕۆژێك به‌هه‌ستی ده‌ستی نیانی هه‌تاوی شوێن له‌خه‌و به‌ئاگام نه‌هێنێت وا ده‌زانم ئه‌و شه‌وه چالاكی هه‌ستی و خه‌ونی تێدا نه‌بووه.شوێن له ده‌قدا خه‌یاڵ و روانین و خه‌ونی شاعیر دایده‌مه‌زرێنێ جیاوازه له‌و زه‌وییه‌ی رۆژانه به‌سه‌ریدا گوزه‌ر ده‌كه‌یت.”ل11 به‌ڵام شتێكی تر هه‌یه ، ئه‌و زه‌وییه‌ی كه شاعیر ده‌یه‌وێت موماره‌سه‌ی خه‌ونه‌كانی تێدا بكات جیاوازه له‌و زه‌وییه‌ی كه مرۆڤه‌كان رۆژانه هاتووچۆی به‌سه‌ردا ده‌كه‌ن.ته‌نانه‌ت دونیای شاعیر له‌گه‌ڵ دونیای مرۆڤێكی ئاسایی جیاوازه، ئه‌مه‌ش واده‌كات خه‌ونه‌كانیان،هیواكانیان، جیاوازبێت هه‌تا بگره هه‌ڵسوكه‌وت و قسه‌كردنیان جیاوازه له‌خه‌ڵكی تر.چونكه ئه‌وان به چاوێكی تر ده‌ڕواننه ژیان و بوون. خوێندنه‌وه‌ی شاعیر‌و ڕۆشنبیره‌كان ده‌رباره‌ی ژیان و مردن جیاوازه له خوێندنه‌وه‌ی كه‌سێكی ئاسایی بۆ ئه‌م شتانه بۆیه ده‌بێت خه‌ونیشیان جیاوازبێت.شوێنه‌كان له خه‌یاڵگه‌ی شاعیر پاشماوه‌ی خۆیان به جێده‌هێڵن بۆیه ده‌توانین ناوی بنێین (شوێنی خه‌ونی) ئه‌و شوێنه‌ی خه‌ون تێیدا موماره‌سه ده‌كرێت.ئه‌و شوێنه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێت تێیدا موماره‌سه‌ی خه‌ونه‌كانی خۆی تێدا بكات به‌پێی خه‌یاڵ وئاراسته‌ی خۆی دایده‌مه‌زرێنێ بێگومان ده‌بێت باكگراوندێكی هه‌بێت واته ئه‌و شوێنانه‌ی له منداڵی خۆی شوێنیان جێهێشتووه، ئه‌و شوێنانه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر خه‌یاڵ و خه‌ونی به جێهێشتووه له‌سه‌ر ئه‌مانه شوێنێكی خه‌یاڵی دروست ده‌كات و به‌پێی خه‌ون و خه‌یاڵی خۆی تاكو به چێژێكی زۆره‌وه خه‌ونه‌كانی تیا جێبه‌جێ بكات.
ئه‌و شته‌ی ئه‌م شاعیره ده‌یه‌وێت له دونیای شاعیری و شیعریه‌تی خۆی په‌یڕه‌وی بكات بریتییه له‌مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگ ئه‌ویش په‌یره‌وكردنی(شێوازی خه‌ونی) یه. كه‌واته شاعیره‌كه‌مان ده‌یه‌وێت پێمان رابگه‌یه‌نێت كه ئه‌و خه‌ون ده‌نووسێت.ئه‌و شیعر ده‌نووسێت به‌شێوه‌ی خه‌ون.خه‌ون گرنگ و بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه لای شاعیر. یاخیبوون و نوێبوونه‌وه له خه‌وندا ده‌دۆزێته‌وه.كاتێك شێوازی خه‌ونی په‌یڕه‌و بكرێت بێگومان ده‌قی خه‌ونی له‌دایك ده‌بێت. ده‌قی خه‌ونی واته دروستكردنی پرسیاره‌كانی ژیان، نووسینه‌وه‌ی ژیان كه تێیدا ده‌رباره‌ی ژیان ده‌دوێت ،ژیان به‌هه‌موو مانایه‌ك. له‌رێگای ده‌قی خه‌ونی داهێنانی جوان ده‌كرێت و ده‌قی نایاب به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. شێوازی خه‌ونی ئه‌و شێوازه‌یه كه له‌رێگایه‌وه پرسیار دروست ده‌بێت ئه‌م پرسیارانه‌ش ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی گۆڕانێك دروست بكه‌ن.
به‌هۆی ده‌قی خه‌ونی ده‌توانین ناخی شته‌كان به خودی شاعیره‌وه‌ش بخوێنینه‌وه و شاره‌زایان بین.له رێگای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌قانه‌وه ئه‌و پرسیارانه‌ی شاعیر ده‌یه‌وێت ئاراسته‌مان بكات ده‌رباره‌ی ژیان و ناشرینییه‌كان و دیارده‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا و ده‌سه‌ڵات په‌رده‌یان له‌سه‌ر لابده‌ین و ئێمه‌ش به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه بگه‌ڕێین و له‌خۆمانی بكه‌ین ،به‌ڵام شتێكی گرنگ هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه شاعیری راسته‌قینه له‌م مانیفێسته‌ی سه‌باح ره‌نجده‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه له‌ناو شیعره‌كانیدا كه به‌شێوازی خه‌ونی نووسراوه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی ژیان هه‌بێت، چونكه ئامانجی شاعیر له ده‌قی خه‌ونیدا گه‌ڕانه به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ری مرۆڤ له‌رێگای پرسیاره‌وه.
ده‌قی خه‌ونی كه (سه‌باح ره‌نجده‌ر) به‌رهه‌می ده‌هێنێت جه‌ربه‌زه‌یی و ریزپه‌ڕی تێدایه، به‌ومانایه‌ی ده‌قی خه‌ونی مانا‌و وشه كۆت و زنجیر ناكات، به‌ڵكو ئه‌و سنووره‌ی كه بۆ ده‌سته‌واژه رسته‌كان داده‌نرێت له ده‌قه‌كانی تر له ده‌قی خه‌ونی ئه‌و سنووره نامێنێت. كه‌واته ده‌قی خه‌ونی به‌به‌زێنه‌ری سنووره‌كانی مانا‌و ده‌سته‌واژه داده‌نرێت.گوێ به‌هیچ شتێك نادات هه‌موو كۆت و پێوه‌نده‌كان ده‌به‌زێنێت.به‌مه‌ش ده‌توانێت هه‌موو پرسیارێك بورووژێنێت، چونكه كاتێك ده‌قێك هه‌ڵسێت به شكاندنی دیواره‌كان و له هیچ شتێك سڵنه‌كاته‌وه ئه‌وا پرسیاری جه‌وهه‌ری ده‌كات، بێگومان بۆیه پرسیار ده‌كات گومانی هه‌یه.له‌لای ئه‌م شاعیره له ده‌قی خه‌ونیدا ژیان ده‌بێته گومان، بۆیه‌ش پرسیاركردن له ژیان و بوون سه‌رهه‌ڵده‌دات تاكو ئه‌و گومانه بڕه‌وێنێته‌وه كاتێك گومان ده‌ڕه‌وێته‌وه كه حه‌قیقه‌تی دۆزیه‌وه.هه‌ر ده‌قێك به‌لای ئێمه‌وه په‌نجه له‌سه‌ر دیارده‌كان دانه‌نێت و پرسیار‌و گومان دروست نه‌كات ئه‌وا ده‌قێكی نوێ نییه، نایاب نییه،داهێنانی تێدا نه‌كراوه. بۆیه ئه‌م شاعیره گومان و دڵه‌ڕاوكێ به بناغه‌و هه‌وێنی ده‌قی كراوه و فره ئاراسته خه‌ونی داده‌نێت.
له‌رێگای ده‌قی خه‌ونییه‌وه شاعیر ده‌یه‌وێت هه‌روه‌ك وتمان گۆڕان دروست بكات، بێگومان گۆڕان به هه‌موو كه‌سێك ناكرێت و پێویستی به یاخیبوون و شۆڕشێكی فیكری و ئه‌ده‌بی گه‌وره هه‌یه، كه هه‌موو شتێكی كۆنی دواكه‌وتوو له‌ناوببات.كه‌واته شۆڕش پێویسته بۆ گۆڕینی دونیابینی تاكی كۆمه‌ڵگا. شاعیر گۆڕان به ئه‌ركێكی سه‌ره‌كی خۆی ده‌زانێت كه له‌رێگایه‌وه ده‌قی كراوه‌و ئێستێتیكا دروست بكات.
هه‌ر له‌م مانیفێسته‌دا شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ركی گۆڕان راپه‌رێنێت په‌نا ده‌باته به‌ر ره‌خنه ، بۆیه ره‌خنه لای شاعیر دۆزینه‌وه‌ی داهێنانه له‌ناو ده‌قدا.ئێمه كه باسمان له‌گۆڕان كردكه ده‌بێته هۆی گۆڕینی تێڕوانین و دونیا بینی تاك، مه‌به‌ستمان له هه‌موو لایه‌نێكی ژیانه ، مه‌به‌ستمان له‌هه‌موو زانستێك و لایه‌نێك هه‌یه كه ژیان جوان ده‌كه‌ن. ره‌خنه‌ش به‌یه‌كێك له‌و هۆكارانه داده‌نرێت كه ده‌بێته هۆی ده‌ست نیشانكردنی لایه‌نی لاواز‌و به‌هێزی ده‌ق بۆیه ره‌خنه هه‌نگاوێكه بۆ هێنانه‌دی گۆڕان. له‌ره‌خنه‌شدا نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك بترسین كه‌وا ئێمه ره‌خنه له كێ ده‌گرین؟ له چ ده‌گرین؟ ئێمه ده‌بێت له ره‌خنه‌دا به‌دوای داهێنانی ده‌قدا بگه‌ڕێین، با واز بهێنین له ده‌ست نیشانكردنی خاڵی لاواز و به‌هێزی ده‌قه‌كان با چیتر ده‌ق له به‌هێزی و لاوازی قه‌تیس نه‌كه‌ین .به‌ڵكو به‌دوای ئه‌و هونه‌ره وردانه بگه‌ڕێین كه نووسه‌ر(شاعیر) له ده‌قه‌كه‌ی دایهێناوه، با ره‌خنه‌گران دۆزینه‌وه‌ی داهێنان له ده‌قدا بكه‌نه یه‌كه‌م ئامانجی ره‌خنه‌گرتن، به‌ڕاستی به‌مه‌ش ره‌خنه له‌و بارودۆخه‌ی ئێستا تێیكه‌وتووه رزگاری ده‌بێت.ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌م جاره له‌م مانیفێسته‌دا ئاماژه بۆ ئامانجێكی وا گرنگ كراوه كه به‌ڕاستی من به‌پێویستی ده‌زانم له‌مه‌ودوا په‌یڕه‌و بكرێت ره‌خنه‌گران له‌سه‌ری بڕۆن.بۆیه ره‌خنه‌گری سه‌ركه‌توو خۆی به‌ده‌قێك خه‌ریك ناكات كه هه‌ستی نه‌جووڵێنێت، چێژی پێنه‌به‌خشێت.خۆی به‌ده‌قێك سه‌رقاڵ ده‌كات كه ده‌قه‌كه ئه‌م سه‌رو ئه‌وسه‌ری پێبكات و وای لێبكات به قووڵی تێكه‌ڵی خۆی بكات، به‌ڵام مه‌خابن ئه‌م ره‌خنه‌گرانه‌ی به‌م شێوه‌یه بیرده‌كه‌نه‌وه چه‌ند دانه‌یه‌كن، له دونیای ئه‌ده‌بی كوردی ئه‌م نووسینه سه‌قه‌تانه زۆرن كه خۆیان به‌ره‌خنه له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.پڕبووه له ره‌خنه‌ی لاواز و بێ بنه‌ما. لاپه‌ڕه‌ی هه‌ر گۆڤار‌و ڕۆژنامه‌یه‌ك هه‌ڵده‌دیته‌وه كه‌سێك خۆی وه‌ك ره‌خنه‌گر پێشكه‌ش ده‌كات و له‌سه‌ر بابه‌تێك یان ده‌قێك ده‌نووسێت سه‌ره‌تا به شان و باڵی خاوه‌ن ده‌ق هه‌ڵده‌ڵێت ده‌یگه‌یه‌نێته لووتكه‌ی كه‌سایه‌تیه‌كی داهێنه‌ر دواتر به‌ئاره‌زووی خۆی ده‌كه‌وێته شه‌ن وكه‌وكردنی ده‌قه‌كه، به‌ڵام بێ ئاگایه له‌وه‌ی هه‌م ده‌قه‌كه و هه‌م نووسینه‌كه‌ی لاوازه و ده‌بێته هۆی دابه‌زینی ئاستی ره‌خنه.له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م شاعیره ده‌یه‌وێت هێڵێكی راست و چه‌پ به‌سه‌ر ئه‌و جۆره ره‌خنانه دابهێنێت، ئه‌ركی ره‌خنه له دۆزینه‌وه‌ی داهێنان له‌ده‌قدا ده‌ست نیشان ده‌كات ئێمه ناوی ده‌نێین (رۆحی ده‌ق) كه‌واته گه‌یشتن به رۆحی ده‌ق و دۆزینه‌وه‌ی وا ده‌كات هه‌م نرخ بۆ ده‌قه‌كه داده‌نرێت و نرخی خۆی پێده‌درێت هه‌م ره‌خنه به‌مانای ره‌خنه ئه‌زموون ده‌كرێت.كه‌واته ره‌خنه‌گره‌كان تاكو نه‌گه‌ن به رۆحی ده‌ق ناتوانن پرۆسه‌ی ره‌خنه ئه‌نجام بده‌ن.
شاعیر به‌راستی هه‌ندێك داهێنانی كردووه، ئه‌مه‌ش هه‌روا قسه‌یه‌كی بێ به‌ڵگه نییه. وه‌ك( ره‌گه‌زی كت و پڕی) هه‌روه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێده‌كات” جۆرێك په‌رتی و بایه‌خنه‌دان به یه‌كێتی بابه‌تم وه‌ك ره‌گه‌زی كت و پڕی په‌یڕه‌و كردووه” ئه‌م ره‌گه‌زی كت و پڕییه هونه‌رێكی ورده و تا ئێستا هیچ كه‌سێك هه‌ستی پێنه‌كردووه، به‌راستی دیاریكردنی ئه‌م هونه‌ره نوێیانه و قسه له‌سه‌ركردنیان ئه‌ركی ره‌خنه‌گره، به‌ڵام كام ره‌خنه‌گر؟ سه‌باح ره‌نجده‌ر شاعیرێكه پێویسته مرۆڤ زۆر به وردی لێی ورد بێته‌وه. هونه‌ری ورد له‌ناو شیعره‌كانی هه‌یه. پێویستی به‌گه‌ڕان و پشكنینی قووڵ هه‌یه، چونكه به‌راستی هه‌روا زوو ئاسان نییه. ئه‌م هونه‌رانه ده‌ست نیشان بكه‌ین. ئه‌م شاعیره له‌ناو شیعری كوردی رێچكه‌یه‌كی بۆ خۆی دیاریكردووه و هونه‌رێكی هه‌یه كه پێی ده‌ناسرێته‌وه.ئه‌م ره‌گه‌زی كت و پڕیه له‌لای سه‌باح ره‌نجده‌ر به‌و شێوه‌یه دێت له‌ناو شیعره‌كانی چه‌ندان وێنه ده‌هێنێته‌وه له‌نێوان دوو وێنه دێڕێك ده‌هێنێته‌وه كه ئه‌م دێڕه نه په‌یوه‌ندی به وێنه‌ی پێش خۆی هه‌یه نه په‌یوه‌ندی به وێنه‌ی پاش خۆی هه‌یه.وا له‌خوێنه‌ر ده‌كات به‌شێوه‌یه‌كی كت و پڕ تووشی راچڵه‌كینی بكات. وا ده‌كات خوێنه‌ر زوو زوو له‌ناو فه‌زای ده‌قه‌كه به‌ئاگا بهێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به وردی ده‌قه‌كه بخوێنێته‌وه، ئه‌مه تاكو ئێستا له‌ناو شیعری كوردی نه‌بووه ، ئه‌مه‌ش هۆكارێكه بۆ جیاوازبوونی سه‌باح ره‌نجده‌ر.
شتێكی تر كه لای ئه‌م شاعیره زۆر جێگای سه‌رنجه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه راستگۆیه،كه له لایه‌كی تر مانیفێسته‌كه‌مان بۆ پته‌و تر ده‌كات.كه تا ئێستا له مانیفێسته‌كانی تر ئه‌مه به‌ر چاو ناكه‌وێت.ئه‌و ئه‌م هونه‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌ی داهێناوه به‌ڵام به‌سوود وه‌رگرتن له شاعیرانی كلاسیك وه‌ك(نالی،سالم، مه‌حوی…)، ئێمه ده‌ڵێین به سوود وه‌رگرتن نه‌ك لاساییكردنه‌وه، هه‌روه‌ك ده‌ڵێت”ئه‌م هونه‌ره‌ش له شیعری كلاسیكی فێر بووم له شیعری كلاسیكی یه‌كێتی بابه‌ت نییه، به‌ڵكو یه‌كێتی دێڕ هه‌یه ، من ئه‌م یه‌كێتی دێڕه‌م گۆڕیوه بۆ یه‌كێتی وێنه” كه‌واته شاعیره‌كه‌مان له‌م مانیفێسته راستگۆییانه قسان ده‌كات. نه‌ك هه‌موو شتێك ره‌ت بكاته‌وه ، به‌ڵكو راستگۆییانه ده‌ڵێت سوودم وه‌رگرتووه له شاعیرانی كلاسیك له‌سه‌ر ئه‌و سوود وه‌رگرتنه داهێنانم كردووه ئه‌ویش (یه‌كێتی وێنه)یه. بێگومان ئه‌مه‌ش راسته‌قینه‌یی شاعیری داهێنه‌رو ره‌چه‌شكێنه، چونكه لاسایی نه‌كردۆته‌وه به‌ڵكو سوودی لێیان وه‌رگرتووه ئه‌مه‌ش مافی هه‌موو كه‌سێكه سوود له ئه‌زموونی كه‌سانی داهێنه‌ر وه‌ربگرێت، به‌ڵام نابێت وه‌كو ئه‌و به‌كاری بهێنێت ،چونكه ده بێته لاساییكردنه‌وه.
ده‌سه‌ڵات به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، كاریگه‌ریان له‌سه‌ر شاعیر‌و نووسه‌ران هه‌یه. ئێمه لێره‌دا مه‌به‌ستمان له نووسه‌رو شاعیری حیزب و ده‌سه‌ڵات نییه.به‌و مانایه‌ی هه‌میشه ده‌سه‌ڵاته‌كان نووسه‌رو شاعیره داهێنه‌ره‌كانیان ئازار داوه ،ئازارێكی رۆحی وا كه ته‌نانه‌ت له خودی خۆیان بێزار بوونه گه‌یشتۆته ئه‌و راده‌یه‌ی بیر له خۆ كوشتن بكه‌نه‌وه.ره‌نگه له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆردا ئازاری جه‌سته‌ییش دراون .كه‌سێكی وه‌كو سه‌باح ره‌نجده‌ر له‌م ئازاره به‌ده‌ر نه‌بووه.به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می دیكتاتۆردا كه له‌ساڵی(1988) (زێوان)ی بڵاوكرده‌وه چه‌ندان جار ره‌تكرایه‌وه‌و چاپ نه‌كرا ،ته‌نانه‌ت زۆر له رۆشنبیرانی ئه‌و سه‌رده‌م رێگر بوون له‌به‌رده‌م چاپكردنی كه كوردبوون و نووسه‌ری سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات بوون به وڕێنه‌ی گه‌نجێكیان ده‌زانی، داوایان ده‌كرد رێگه له‌م جۆره به‌رهه‌مانه بگیرێت و نه‌هێڵن چاپكرێت.
به‌ڵام له‌و كاته‌وه سه‌باح ره‌نجده‌ر سه‌لماندی كه‌سێكی جیاوازه‌و كه‌سێكه داهێنانی پێیه، بۆیه به‌رده‌وام بوو تاكو به‌رهه‌مه‌كه‌شی چاپكرد.
بۆیه له‌م مانیفێسته كتێبخانه به ته‌كیه‌ی خۆی ده‌زانێت كاتێك ده‌یان ره‌نجاند په‌نای بۆ ده‌برد زیكری رۆحی له‌وێ ده‌كرد.پرسیاره‌كانی بوون و ژیان له‌وێ سه‌ریان هه‌ڵده‌دا، كه‌واته كتێبخانه له هه‌موو ماڵێك پێویسته. مرۆڤ له‌ناو كتێبخانه ده‌توانێت جوانترین بیر بخولقێنێت.ماڵی بێ كتێب ماڵێكی بێ بیركردنه‌وه، پرۆسه‌ی بیركردنه‌وه‌ی تێیدا به‌ڕێوه ناچێت. مرۆڤ تاكو زیاتر ئاشنای كتێب بێت ئه‌وا ده‌توانێت زیاتر خه‌ون ببینێت، كاتێك خه‌ونیشی بینی پرسیاری جه‌وهه‌ری له‌خۆی ده‌كات ده‌رباره‌ی شته گرنگه‌كانی ژیان وسه‌رده‌م.كه‌واته شاعیر له‌م مانیفێسته گرنگی به‌م لایه‌نه ده‌دات. به‌بایه‌خه‌وه سه‌یری ده‌كات بۆیه به(ئه‌نوای خه‌ون) ناوی ده‌بات. به‌ڕاستی كاتێك مرۆڤ هه‌وڵده‌دات بنووسێت بێجگه له به‌هره‌و ئاره‌زووی نووسین ده‌بێت خاوه‌نی كتێب و كتێبخانه بێت،كتێب هاوڕێی راسته‌قینه‌ی بێت. بۆیه لێره‌دا بۆمان روون ده‌بێته‌وه ئه‌م مانیفێسته زۆر قووڵتر له‌وانی تر له‌دونیای شیعر‌و ئه‌ده‌بی روانیوه هه‌روه‌ك (د.ئازاد حه‌مه شه‌ریف) له ژماره‌ی(136)ی گۆڤاری رامان له باره‌ی ئه‌م مانیفێسته‌وه ده‌ڵێت:(ئه‌وه‌ی سه‌باح ره نجده‌ر زۆر له‌وانه‌ی پێش خۆی رێكوپێكترو قوڵتر‌و شیعریتره.). به‌بایه‌خه‌وه لایه‌نه‌كانی رۆشنبیری كوردی له‌م مانیفێسته ئاماژه‌ی پێكراوه.
ره‌ت نه‌كردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وه‌ی پێش سه‌باح ره‌نجده‌ر كه خاڵێكی زۆر گرنگ و جه‌وهه‌رییه له‌لای ئه‌م شاعیره.هه‌رچی شاعیر‌و گرووپی تر هه‌یه كه مانیفێستیان له ئه‌ده‌بی كوردی بڵاوكردبێته‌وه ئه‌وا هێڵێكی راست و چه‌پیان به‌سه‌ر به‌رهه‌می كلاسیك و نه‌وه‌ی پێش خۆیاندا هێناوه‌و داوایان كردووه فڕێبدرێته ناو زبڵخانه‌ی مێژووه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه له‌لای ئه‌م شاعیره ته‌واو پێچه‌وانه‌یه. به‌وه‌ی به‌نرخه‌وه سه‌یری به‌رهه‌می شیعری كلاسیكی و به‌رهه‌می نه‌وه‌ی پێش خۆی ده‌كات و ته‌نانه‌ت سوودیان لێ ده‌بینێت بۆ ئه‌وه‌ی داهێنان بكات نه‌ك لاساییان بكاته‌وه.ته‌نانه‌ت زمانی شیعری كلاسیكی به‌رزو گه‌وره ده‌نرخێنێت له‌وێوه ئه‌و ده‌توانێت سوودی لێ ببینێت زمانێكی شیعری تایبه‌ت به‌خۆی دابمه‌زرێنێ” ده‌مه‌وێت له وشیاری نووسیندا كه گوزارشت له خه‌م و هونه‌ری كوردی ده‌كا زمانێكی نزیك له شیعری كلاسیكی ریشه‌دارو فره ئاسۆیی ئه‌گه‌ر بتوانم دابهێنم، یان به‌كاربهێنم وه‌ك شێواز نا وه‌ك گیان و زمان و سرووش و پرسیاره گه‌ردوونی و چاره‌نووسسازه‌كان ده‌چمه ناو كلاسیك و خاڵی ده‌رچوون ده‌دۆزمه‌وه”
كه‌واته شاعیر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌قی خه‌ونی بكات یان ده‌قی خه‌ونی دابهێنێت ده‌بێت زمانێكی باڵا و پته‌وی هه‌بێت بۆ ئه‌مه‌ش سوود له زمانی شیعری كلاسیكی ده‌بینێت ، به‌ڵام زمانێك تایبه‌ت به‌خۆی داده‌هێنێت به سوود وه‌رگرتن له زمانی كلایسكی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ده‌قی خه‌ونی بكات له‌وێوه پرسیاره جه‌وهه‌ریه‌كان بكات.
هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان به‌ره‌خنه‌دا له‌م مانیفێسته كه شاعیر پشتگیری ته‌واوی له ره‌خنه‌ی بونیادنه‌رانه كردووه ، به‌و مانایه ره‌خنه‌یه‌ك به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی هونه‌ره ورده‌كانی ناو ده‌قه‌كه یاخود داهێنانی ناو ده‌قه‌كه بدۆزێته‌وه.
به‌ڕاستی له‌ناو ئه‌ده‌بی كوردی ده‌یان شه‌ڕه قسه و په‌لاماردانی یه‌كتر دروست بووه به‌ناوی ره‌خنه‌وه ته‌نانه‌ت گه‌یشتۆته راده‌ی شه‌ڕه جوێن و تاوانباركردنی یه‌كتر به‌كاری ناڕه‌وا.هه‌ر بۆنموونه ئه‌و شه‌ڕه قسه‌یه‌ی له نێوان خوالێخۆشبوو(د.ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف)و (پ.د. وریا ئه‌مین) ڕوویدا له هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتی.كه به‌ڕاستی دوو كه‌سایه‌تی وا رۆشنبیر و خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی گرنگ له ئه‌ده‌بی كوردی كه نووسینه‌كان ده‌خوێنیته‌وه هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌ی چۆن ئه‌و كه‌سانه ئه‌م جۆره قسانه ده‌كه‌ن.ئه‌مه‌یه حاڵی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی كه نه‌ده‌ببوایه هه‌فته‌نامه‌ی هاوڵاتیش ئه‌م جۆره وتارانه بڵاوبكاته‌وه.بۆیه شاعیر له‌م مانیفێسته ئاگادارمان ده‌كاته‌وه كه ده‌بێت رۆشنبیر‌و شاعیران خۆیان له‌م ململانێیه بپارێزن، چونكه به‌ڕاستی ئه‌مانه له نرخی داهێنان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه.
شاعیر هه‌ر له‌م مانیفێسته‌دا ئاماژه بۆ شتێكی گرنگ ده‌كات ئه‌ویش ئه‌و نه‌خۆشیه‌یه كه زۆربه‌ی نووسه‌رانی ئێمه‌ی گرتۆته‌وه كه هه‌ریه‌كه خۆی له‌وی تر به‌به‌رزتر ده‌زانێت. هه‌ریه‌ك له رۆشنبیرانمان ده‌ڵێت فلان رسته من دامهێناوه، فلانه وشه من له فلان ساڵ وام وتووه، فلان هونه‌ر هی منه.به‌ڵام ئێمه ده‌پرسین ئایا وشه‌ی زمان موڵكی یه‌ك كه‌سه؟ ئه‌گه‌ر وا بێت هه‌ر كه‌سێك وشه‌یه‌ك له رسته‌یه‌ك ده‌رببڕێت به موڵكی خۆی بزانێت كه‌سی تر مافی ئه‌وه‌ی نه‌بێت به‌كاری بهێنێت ، ئه‌وا وشه‌و رسته نامێنێت خه‌ڵكی تر به‌كاریبهێنێت.ئه‌مه‌ش بایه‌خی ئه‌م مانیفێسته‌و فراوانی ئه‌م مانیفێسته‌مان بۆ ده‌رده‌خات كه به‌ڕاستی ئه‌گه‌ر به وردی بخوێندرێته‌وه ئه‌وا هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت بیكاته رێباز‌و رێچكه‌یه‌ك له‌سه‌ری بڕوات ، هه‌رچه‌نده شاعیر ئه‌م مانیفێسته‌ی له‌ناو ئه‌زموون به‌رهه‌مه شیعرییه‌كانی خۆی هه‌ڵێنجاوه كه‌وا زیاتر باس له ئه‌زموونی خۆی ده‌كات،به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت بۆ داهێنان سوودی لێوه‌گرێت.
له‌م مانیفێسته‌دا هه‌موو شتێك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌ون ، خه‌ون وا له شاعیر ده‌كات”پێوه‌ندییه‌كانی مرۆڤ و ژیان و جیهان بدۆزێته‌وه”ل24
شاعیر له‌م مانیفێسته‌دا زۆر پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر نوێبه‌خشی ده‌كات و نوێبه‌خشی تاكه مه‌رجه بۆ داهێنانی نوێ و جوان، به‌ڵام به چ شێوه‌یه‌ك نوێبه‌خشی ده‌كرێت؟ نوێبه‌خشی به‌ڕاستی به گۆڕان ده‌كرێت، گۆڕانێك له ڕه‌گ و ڕیشه‌وه ڕووبدات. نوێبه‌خشی به‌و مانایه من به‌كاری ده‌هێنم كه گۆڕان له هه‌موو بنه‌ماكانی ده‌ق بكرێت،من ناڵێم شتی دوێنێ كۆنه‌و باوی نه‌ماوه و ده‌بێت فڕێ بدرێته ناو زبڵخانه‌ی مێژووه‌وه، ئه‌مه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی زۆر دواكه‌وتووه بێ مانا‌و قۆڕه، به‌ڵكو ده‌بێت به‌بایه‌خه‌وه هه‌ڵبگیرێت، چونكه ئه‌گه‌ر دوێنێ نه‌بوایه ئه‌مرۆش بنیاد نانرێت. هه‌روه‌ها دوێنێ به‌گوێره‌ی رۆژو سه‌رده‌می خۆی نوێ بووه.
به‌ڵام ده‌توانین به‌هۆی لاسایی نه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و شێواز‌و ته‌كنیكانه بتوانین شتی نوێ دابهێنین، به‌و مانایه‌ی سوود له‌و شێواز و ته‌كنیكانه ببینین و به‌شێوازێكی نوێ داهێنان بكه‌ین.بۆیه ئه‌وانه‌ی هه‌رده‌م به‌هه‌ڵه له نوێبه‌خشی ده‌گه‌ن وا ده‌زانن نوێبه‌خشی واته ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نه‌وه‌ی دوێنێ. شاعیر زۆر به روونی ئه‌مه‌ی له‌م مانیفێسته‌دا ررونكردۆته‌وه.
له‌لایه‌كی تر هه‌رده‌م نوێبه‌خشی و نوێخوازی دوژمنی خۆی هه‌یه و دژی ده‌وه‌ستنه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر خودی شاعیر سه‌باح ره‌نجده‌ردا هات كاتێك له هه‌شتاكان (زێوان)ی بڵاوكرده‌وه به وڕێنه‌یان دانا، به‌ڵام ئه‌و كۆڵی نه‌دا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌سی نوێخواز ده‌بێت باكگراوندی فیكری و فه‌لسه‌فی و رۆشنبیریه‌كی نوێی هه‌بێت.مرۆڤ ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ئه‌م جۆره باكگراوندانه نه‌بێت و پاشخانێكی وای نه‌بێت ناتوانێت داهێنان بكات.
له‌كۆتاییدا ده‌گه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌وا سه‌باح ره‌نجده‌ر به‌وردی په‌نجه‌ی له‌سه‌ر زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی نێو رۆشنبیری كوردی داناوه و هه‌وڵیداوه به‌روونی ئه‌و كه‌م و كوڕیانه ده‌ست نیشان بكات كه ئه‌ده‌بی كرودی و شیعری كوردی پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت. هه‌روه‌ها ئه‌و هونه‌ره داهێنه‌رانه روون بكاته‌وه كه پێویسته نووسه‌ران و شاعیران هه‌نگاوی بۆ بهاوێژن.هه‌رچه‌نده ئه‌م مانیفێسته زۆر له‌وه زیاتر هه‌ڵده‌گرێت،به‌ڵام ئێمه به‌وه‌نده واز ده‌هێنین. نیسانی 2009 هه‌ولێر