Skip to Content

Friday, January 28th, 2022

وه‌رزی گۆڕان…….ئاسۆعوسمان

Closed
by April 28, 2009 گشتی

وه‌رزی گۆڕان
ئاسۆعوسمان
Lawa_0@hotmail.com

ه‌ر چه‌ند ساڵێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌و ئاوڕێك له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی دوو هه‌زارو پێنج بده‌ینه‌وه‌و لاپه‌ڕه‌  ره‌شكراوه‌كانی یه‌كێـتی وپارتی له‌وده‌مه‌دا بخوێنینه‌وه‌ ده‌بینین پڕیه‌تی له‌به‌ڵێنی جێبه‌جێ‌ نه‌كراو، له‌بیرمانه‌  به‌ڵێنی ئه‌وه‌تان پێداین گه‌ر سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن گونده‌كان ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ سلێمانی وهه‌ولێر ده‌كه‌ن به‌دوبه‌ی، دهۆكیش ده‌گه‌یه‌ننه‌ هاوشانی ئه‌نقه‌ره‌، هه‌لی كار بۆ خه‌ڵك ده‌ڕه‌خسێنن، ناوچه‌ دابڕاوه‌كان ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئازادیی بیروڕا دابینده‌كه‌ن، یاسا ده‌كه‌نه‌ سه‌روه‌ر، زانكۆكان پێشده‌خه‌ن، هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌نه‌ شاری نموونه‌یی، ئاوڕ له‌كه‌سوكاری شه‌هیده‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌، كه‌رتی ته‌ندرووستی پێشده‌خه‌ن. به‌كورتی وكرمانجی كوردستانتان ده‌كرد به‌نیشتیمانی خه‌ونه‌كان. ئه‌وه‌ چوارساڵ به‌سه‌رحكومڕانی ئێوه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت،  ئێستاش دواڕۆژه‌كانی حكومڕانیتان له‌كۆتایی نزیك بۆته‌وه‌. ده‌مه‌وێـت ئه‌و پرسیاره‌تان لێبكه‌م وپێتان بڵیم ئه‌رێ براینه‌ كام له‌م به‌ڵێنانه‌تان جێبه‌جێ‌ كردووه‌؟ ئه‌رێ‌ له‌خۆتان پرسیوه‌ له‌سایه‌ی چواری ساڵی حكومڕانی ئێوه‌دا بۆ گونده‌كانمان چۆڵبوون؟ بیرتان چووه‌ پێتان ده‌وتین شاره‌كان ده‌كه‌ین به‌دوبه‌ی، توو شه‌ره‌فتان دوبه‌ی له‌شه‌و و رۆژێكدا چه‌ند سه‌عات كاره‌بای ده‌بڕێت؟ له‌كوچه‌و كۆلانه‌كانی ئه‌و شاره‌دا چه‌ند تاسه‌ی تێدایه‌؟، خه‌ڵكی دوبه‌ی وه‌ك گه‌ڕه‌كه‌كانی سلێمانی ئاوی پیس ده‌خۆنه‌وه‌؟ بڕواش ناكه‌م كه‌س هه‌بێت له‌م كوردستانه‌دا به‌نموونه‌ی ئێوه‌ سه‌ردانی دوبه‌ی كردبێت، ده‌فه‌رموون یه‌كێكتان غیره‌ت بتانگرێت وجیاوازییه‌كانی سلێمانی ودوبه‌ی باسبكه‌ن.  ئه‌رێ ئێوه‌ پیاوانی به‌ڵێنده‌ر چیتان بۆ گه‌نجانی ئه‌م وڵاته‌ كردووه‌؟ كوا هه‌لی كار بۆ "لاوان "له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌دا رۆژانه‌ به‌ده‌یان گه‌نج سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن گه‌ر به‌كورتی له‌ته‌ك ئێوه‌دا دوو قسه‌ بكه‌ین ولێتان بپرسین كام له‌ئێوه‌ ئه‌و به‌ڵینانه‌تان له‌بیر ماوه‌و كێتان ده‌ست به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌؟ گه‌ر ئێستا بتانخه‌ینه‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌و پێتانبڵین ئه‌وه‌ به‌ڵێنانه‌ی كه‌به‌خه‌ڵكتانداو من له‌م په‌ره‌گرافانه‌دا باسم نه‌كردوون چیبوون؟ دڵنیام له‌نمره‌ی سه‌د سفر وه‌رده‌گرن. خۆشتان وته‌نی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ بۆ جێبه‌جێ‌ كردن نه‌بوون، ته‌نیا پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن بوو. كه‌واته‌ ده‌بێت ئه‌وهه‌قه‌مان پێبده‌ن ئیتر ئێمه‌ش ده‌نگتان پێنه‌ده‌ین و ئه‌م جاره‌یان سزاتان بده‌ین و ئێوه‌ش بۆیه‌ك جار به‌ڵێ‌ ته‌نیا یه‌كجار چاكه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بكه‌ن وڕێگه‌ بده‌ن با خه‌ڵكی به‌ئازادانه‌ ده‌نگبدات هه‌ڕه‌شه‌ی نان بڕین مه‌كه‌ن، خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت مه‌خه‌نه‌ خزمه‌ت سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌تان، له‌باتی ده‌مانچه‌كڕین بیر له‌وه‌بكه‌نه‌وه‌ خزمه‌تی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوه‌كان بكه‌ن كه‌له‌كاتی هێنانه‌وه‌ی رۆفاتی كه‌سوكاره‌كانیاندا راویاننان، له‌بری ئه‌و دۆلارانه‌ی ده‌یبه‌خشنه‌وه‌ به‌سه‌ر سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كاندا گوندگان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌، خوێندنگه‌و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت مه‌خه‌نه‌ خزمه‌ت لیسته‌كانتانه‌وه‌، خوێندكاران وفه‌رمانبه‌ران،  به‌وه‌ ناچارمه‌كه‌ن گه‌ر ده‌نگتان پێنه‌ده‌ن سزایان بده‌ن! براینه‌  هیچ كه‌سێك له‌مێژوودا به‌قه‌ده‌ر ئێوه‌ ده‌می له‌دیموكراسی وكۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نه‌كوتاوه‌، بۆ یه‌كجاریش بێت رێز له‌قسه‌و به‌ڵێنه‌كانتان بگرن. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا خه‌ڵك وشیاره‌و داوای گۆڕان ده‌كات، ئێوه‌ بتانه‌وێت یان نه‌تانه‌وێت گۆڕان هه‌ر ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر پێتانوابێـت ده‌بێت ده‌سه‌ڵات هه‌ر به‌ده‌ست ئێوه‌وه‌ بێت و كوڕه‌كانیشتان دوای خۆتان سه‌رۆك بن، هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، چاره‌نووسی خۆتان وگه‌له‌كه‌تان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ گه‌ر ده‌تانه‌وێـت له‌وه‌ زیاتر ئازاری ویژدانی كۆمه‌ڵگا نه‌ده‌ن، گه‌ر  وبه‌ڕاستانه‌ وئێوه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌تتان به‌لاوه‌ گرنگه‌ له‌باتی هه‌ڕه‌شكردن، ئازادیی بۆ ده‌نگده‌ر دابینبكه‌ن، له‌باتی هێرش بۆ سه‌ر لیسته‌كان رێگه‌یان پێبده‌ن ئه‌وانیش وه‌ك ئێوه‌ بانگه‌شه‌ی خۆیان بكه‌ن، له‌باتی ده‌نگ كڕین وبه‌هه‌ده‌ردانی پاره‌ی میلله‌ت بیر له‌چاكسازیی بكه‌نه‌وه‌. ئێوه‌ له‌به‌رده‌م دوو رێگادان" یان ده‌بێت جاڕی دیكتاتۆربوونی خۆتان بده‌ن یان ده‌بێـت هه‌ڵبژاردنێكی شه‌فافانه‌و بێ‌ ساخته‌كاریی ئه‌نجام بده‌ن ".وه‌ك خۆشتان ده‌ڵێن ئێوه‌ خه‌رمانێكتان له‌خزمه‌ت له‌م چوار ساڵه‌دا جێبه‌جێ‌ كردووه‌، ده‌فه‌رموون بێ‌ هه‌ڕه‌شه‌ وساخته‌كاریی بێنه‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌، ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش قبووڵبكه‌ن.

 

 

 

 

Previous
Next