
ئه‌گه‌ر ته‌نیایی لێگه‌ڕێ….
ئه‌گه‌ر ته‌نیایی لێگه‌ڕێ
دڵم له باراندا شینه
زانا ساماندهمێك نیه وام..!!
ده‌مێك نیه
ته‌نیایی، به‌سه‌رپۆشه شێداره‌كه‌ی خۆی دامدهپۆشێو
زه‌ینم به په‌ڕۆیه‌كی كه‌سكه‌وه ده‌پێچێته‌وه
ته‌نیایی، ماڵه‌كه‌می به كپبوونی خۆی سواغداوه
ئاوێنهكهمی
له‌نێوان خۆی‌و خۆمدا بزركردووه،
هه‌ندێكجار
به خاتری ئه‌وه‌ی رامبێنێت له‌خۆی
هه‌ڵپه‌ی یارییه‌كی عه‌نتیكه ده‌كات
به‌زمان، فرمێسكی سه‌ر روومه‌تم ده‌لێسێته‌وه
ته‌نیایی..
له‌سه‌ر ئیقاعێكی غه‌ریب
رایهێناوم
هه‌موو جارێك
كه ده‌ست ده‌به‌م
بۆكردنه‌وه‌ی
ده‌رگای ژه‌نگنی ژووره‌كه‌م
ته‌نیایی.. نا نا نه‌كه‌یت
به‌جیڕه‌ی ئه‌و ده‌رگایه‌ت
كه‌ڕم بكهیتو
هه‌موو جارێك
تادێمه‌وه سه‌ر نه‌سه‌بی خۆم
چه‌ندین تاڵی تر له‌قژت
سپیبێتهوه،
ژووره‌كه‌ی من‌و ته‌نیایی
چه‌ندین رۆژنامه‌ی تیایه‌و
هه‌ر یه‌كه‌یان
به‌جۆرێك قسه‌ی خۆی دهڵێو
به‌چه‌شنێكی تر
پێناسه‌ی ساته‌كانی
بیرچوونه‌وه‌ی زه‌مه‌ن ده‌كه‌ن،له " رۆژنامه‌ی باران" دا
هه‌واڵی دۆزینه‌وه‌ی
گوڵێكی سووری تیایه
له‌نێو گه‌رووی
وشكهڵگهڕاوی شیعرێكداو
مژده‌ی دۆزینه‌وه‌ی
رێگاكانی ….
ئه‌ودیو قیامه‌ت ده‌رده‌خات،له "رۆژنامه‌ی گریان" دا
چیرۆكه هه‌واڵێكه
ده‌گێرێته‌وه‌و ده‌ڵێت:
له‌وكاته‌وه‌ی روبار تۆراوه له ئاسمان
ئاسمان یاخییه له‌هه‌ور
ئه‌م له‌بری بێتاقه‌ت بێ‌و داببارێت
قاقا له‌سه‌ر پشت كه‌وتووه‌و پێده‌كه‌نێت،له "رۆژنامه‌ی بێده‌نگی" دا
ریپۆرتاژێكه ده‌رباره‌ی
ژیانێكی تر نووسراوه
ئه‌و گوڵه حاجیلانه ئاگادار ده‌كاته‌وه
كهغهرقی تاوانه‌كانی خۆیان بوون
ئه‌و حیكایه‌ته سوورباوانه ده‌گێڕێته‌وه
كه‌باس له هاتو هه‌رای
خۆسوتاندنی شۆڕه‌بی ده‌كات،له "رۆژنامه‌ی ترس" دا
ستونێك هه‌یه
به‌ناوی
(په‌نجا وشه
له‌بری په‌نجا تاوان..؟!)
باس له كرمێبوونی ناوه‌وه‌ی ههنارێكه
قسه له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نكه هه‌نارانه ده‌كات
هه‌موویان له‌یه‌ك خوێنن
كه‌چی رۆحی یه‌كتر ده‌خۆن،له "رۆژنامه‌ی سێبه‌ر" دا
راپۆرتێك له خۆره‌وه
"روناكیتان لێده‌سێنمه‌وه
واده‌كه‌م چاوتان جوانی نه‌بینێ
به مانگ ده‌ڵێم : به تاریكیتان بسپێرێت
ئێوه، كه گهردێكن له ئاو
ئێوه، كهتهمی غوبارێكن
كه توخمێكن له مانا
كهوشهیهكن له خۆتان
گه‌ر ده‌ستان له‌خوێنی ئه‌م گه‌ردوونه ده‌رنه‌هێنن
تازه ئێوه‌و رووناكی…. رابردووی تاوانتان خۆش،له "رۆژنامه‌ی ره‌نگ" دا
خۆتان له ره‌نگی سپێده‌كانی ئومێد
رووتكردۆتهوهو
دڵتان به ته‌نافی حه‌وشه‌ی ماڵكانهوه هه‌ڵواسیوه
خۆتان له ره‌نگه‌كانی ژیان دوورخستۆته‌وه‌و
له كه‌ناره‌كانی مه‌رگدا گۆرانی ده‌ڵێن
من نازانم…
سه‌رم له حونجهكردنی زمانی ئێوه ده‌رناچێت،له "رۆژنامه‌ی شاهانه" دا
لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك هه‌یه
قسه‌له‌سه‌ر
نیگا به‌جێماوه‌كانی
ئێوارانی حوزن ده‌كات
ئه‌و ساتانه شیده‌كاته‌وه
كه‌له نوكی په‌نجه‌ی خهڵوهتنشینێك تكاو
روبارێك له ئامێزی گرت،له "رۆژنامه‌ی روانین" دا
وتارێكی گه‌لێك عه‌جیب دابه‌زیوه
ئه‌و وتاره
له‌خودی نامورادیدا
باخچه‌كانی هیوا
ئاوپرژێن ده‌كاته‌وه‌و
باڵه شكاوه‌كانی ته‌ماشا
به ئاسمانی نوێبوونه‌وه‌ی سهبوریدا
ده‌هێنێته‌وه هه‌ڵفڕین،له "رۆژنامه‌ی قه‌ده‌ر" دا
بابه‌تێكه له‌سه‌ر ته‌نیایی نوسراوه‌و
ده‌ڵێت:
" ته‌نیایی..واته دانبه‌خۆداگرتنی ماسیه‌ك
له‌به‌رده‌م هه‌ره‌سی چه‌قۆیه‌كی گرگندا..؟!
ته‌نیایی.. به‌شێكه له خه‌ونه كاڵه‌كانی موحیبهتو
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ئاوێنه نادیارانه‌یه
كه‌جیهان له‌به‌رده‌میدا، گه‌ردێكی وورده" ،بهمن بێت
هه‌موو رۆژنامهكانم ئهزبهربكهم
به ته‌نیایی بێت
ته‌نها شتێك بۆمن باشه..!!
وه‌ك گوێگرتنم له حیكایه‌ته شینهكانیو
وه‌ك ته‌ماشاكردنی ره‌نگه‌كانی خۆیی‌و
وه‌ك بیركردنه‌وه له بیرۆكهكانیو
وه‌ك دۆزینه‌وه له داهاتووی خۆی،بهمن بێت
سه‌ری خۆم بسپێرم به‌هه‌رچی جوانییه‌و
مناڵیم له‌به‌ر پێی شیعردا رابخهمو
پیریم له پێش په‌نجه‌ره‌كانی روانیندا ههڵخهمبه ته‌نیایی بێت
كێڵگه‌ی پێناسه‌یه‌كی تر له‌مه‌رگدا بكێڵمو
له‌نێو رۆحی عیشقێكی دیكه‌دا
تۆوی نیگه‌رانی كۆبكهمهوهبهمن بێت .. ئه‌مجاره
بهمن بێت
شاریكی تر
لهخۆشاوی وشه‌كانمدا دروستكه‌م
مه‌خلوقه‌كانی، تابلۆ‌و
مه‌خلوقه‌كانی، شیعر
مه‌خلوقه‌كانی، باخچه‌و
مه‌خلوقه‌كانی، باخه‌وان
مه‌خلوقه‌كانی، هه‌تاوو
مه‌خلوقه‌كانی، روبار
مه‌خلوقه‌كانی، مۆسیقا‌و
مه‌خلوقه‌كانی، فریشته
مه‌خلوقه‌كانی به‌شێكبن
له به‌شه داڕزیوه‌كانی جه‌سته‌ی خۆم‌و
له قریشكه ورده‌كانی ناو رۆحی خۆم،به ته‌نیایی بێت.. ئه‌مجاره
به‌ته‌نیایی بێت
له‌وڵاته‌كه‌ی ئه‌ودا بژیم
به‌شێكبم له‌و مه‌خلوقانه‌ی
به‌خوێنی گه‌ڵا ده‌ژین
لهحزهیهكبم له‌و رۆحانه‌ی
له‌ودیوی نه‌مریه‌وه
قه‌سیده ده‌نوسنه‌وه
نوكتهیهكبم له قسه‌یه‌كی شیریندا
باخهوانبم
له به‌هه‌شتێكی دیكه‌دا،
ته‌نیایی، هێند نزیكبووه‌ته‌وه
ئه‌وه‌نده له‌خۆیدا گیریكردووم
هه‌ر باشه نابم به‌ته‌م
هه‌ر باشه به‌شێكم ماوه
بۆ نوسینه‌وه‌ی ته‌مه‌نم
ته‌نیایی، رێگه‌م نادات
به ته‌نیا پیاسه‌یه‌ك بكه‌م
لێناگه‌ڕێ
ئاوڕێك له‌خۆم بده‌مه‌وه
نایه‌ڵێت .. ته‌نیایی .. نایه‌ڵێت
پهڕهسپیهكانی ئه‌زه‌ل بخوێنمه‌وه،
ته‌نیاییه.. ماوه‌م نادات
ئه‌م ژانی رۆحه هه‌ڵڕێژمه
كه‌ناری ماتڵبوونمهوه
ته‌نیایی
منی به‌ستۆته‌وه‌و
خۆیشی له‌گه‌ڕان ناكه‌وێت
سپاردوومی
بههیچستانی بێدهنگیو
ئاوڕێكم لێناداته‌وه،
سه‌رم پڕبووه لهكۆترو
بێده‌نگیم خوڕه‌ی لێنایه
دڵم كه‌وتووه‌ته خواره‌وه‌و
ئه‌م شیعره‌م پێ ته‌واو ناكرێت
ده‌گه‌ڕێمه‌وه لای خۆم‌و
بانگی ته‌نیایی ده‌كه‌م
كه‌چی وه‌ڵامێك نیه
ده‌ترسم
رۆشتبێو
لێره نهبێو لێره بێ‌و
ده‌رگاكه بكه‌مه‌وه
بـشـــڵــهقــــــێ،
سكاڵا ده‌نوسم … سكاڵا
به‌ڕێز/…….
بابه‌ت/مۆڵه‌ت
تكایه ره‌زامه‌ندی بفه‌رموون
به مۆڵهتدانم
هه‌ر هێنده‌ی كه‌وتنه خواره‌وه‌ی گه‌ڵایه‌ك
له ترۆپكی دره‌ختێكه‌وه هه‌تا سه‌ر زه‌وی
مۆڵه‌تێك
ئه‌وه‌نده‌ی نوسینی دێڕێك
له‌م دێڕانه‌ی به‌رده‌ستت
تا ئه‌م شیعره‌م ته‌واو بێت‌و
دڵی زه‌ردم
له باراندا شینكهمهوه .
له‌گه‌ڵ رێزی
لێزمه لێزمی باریندا
14/2/2009ئه‌م ده‌قه له ژماره 84 ی گۆڤاری ئاینده بڵاوبۆته‌وه