
ڕیفۆرمی ئه‌فسانه‌و ئه‌فسانه‌ی ڕیفۆرم!
ده‌کرێت ئه‌مه قسه‌یه‌کی دوباره بێت ئه‌گه‌ر بێژم:مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیزمی کورد مێژووی له خوێن هه‌ڵکێشانی نه‌یارانی خۆیان بووه،باوه‌ڕم وایه که‌سێک نه‌دۆزینه‌وه بێژێت نا،مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی مێژوو نابینن و ئه‌وه‌ی هه‌ر زۆر چاوقایم بێت.به‌ڵام ئه‌وه‌ی به لامه‌وه گرنگه‌و ده‌مه‌وێت جه‌ختی له سه‌ر بکه‌مه‌وه ،ڕه‌هه‌نده‌کانی پشتی ئه‌و گوزارشته‌و بکه‌ره‌کانی نێو ئه‌و مێژووه خوێناوییه‌یه،هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش له‌م ڕاستایه‌دا که کۆمه‌ک به‌م نوسینه ده‌کات،دیسان خوێندنه‌وه‌و ڕاڤه‌کردنێکی دروستی ئه‌و مێژووه به خوێن کێشراوه‌یه که تێیدا بچوکترین و ته‌نانه‌ت لاوازترین به‌رهه‌ڵستکارانی خۆی مه‌حکوم به مه‌رگ و له نێوبردن کردووه.بۆیه به‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ناسێونالیزمی کورد‌و ده‌رخستنی ئه‌و به‌هاو خه‌سڵه‌تانه‌ی که ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیگرتووه، مه‌حاڵه له گۆڕان و خه‌سڵه‌ت و بکه‌ره واقیعی و ڕیشه‌ییه‌کانی گۆڕان تێبگه‌ین.هه‌ڵبه‌ته بێگومانیشم که من ناتوانم له نوسینێکی وادا مێژووی سته‌مگه‌ریی ناسێونالیزمی کورد بنوسمه‌وه‌و ئامانجی ئه‌م نوسینه‌ش ئه‌وه نییه،به‌ڵکو هێنانه‌پێشچاوی گۆشه‌یه‌کی بچووکی ئه‌و میژووه پتر ئاسۆی دیتن و تێگه‌یشتنمان له په‌یوه‌ند گۆڕان ڕونتر ده‌کاته‌وه‌و لێره‌شه‌وه ڕونتر ده‌توانین شوناسی بزوتنه‌وه "ئاڵوگۆڕخوازه‌کان"ده‌رکبکه‌ین.
بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیزمی کورد:
هه‌ڵبه‌ته بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیستی له هه‌ر کوێ بێت و هه‌ر بانگه‌شه‌یه‌کی هه‌بێت،بزوتنه‌وه‌و ئایدۆلۆژیایه‌کی ته‌واو کۆنه‌په‌رست و نامۆ به خواسته مرۆییه‌کانی.ناسێونالیزم له به‌رزترین ئاستی گه‌شه‌کردنی خۆیدا گه‌ورترین توخمی جیاوازی و نابه‌رابه‌ری هه‌ڵگرتووه.ته‌نانه‌ت ئه‌و گوزارشته‌ی که ده‌ڵێت ناسێونالیزم له سه‌رده‌مێکدا بانگه‌شه‌و پراکتیکی پێشکه‌وتنخوازی هه‌بووه،گوزارستێکی پوچ و بێمانایه،شتێک نییه ناوی ناسێونالیزمی ڕۆشنگه‌رو ناسێونالیزمی کۆنه‌په‌رست بێت،ناسێونالیزم ئایدۆلۆژی و به‌رهه‌می سیسته‌می چینایه‌تی سه‌رمایه‌داری و له هه‌ناوی ئه‌وه‌وه هاتۆته‌ده‌ر،پایه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی موڵکایه‌تی تایبه‌ت و بازاڕ‌و کۆیله‌یه‌تی کاری به‌کرێ و هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زیی وجینایه‌تییه.مێژووی ناسێونالیزم مێژووی جه‌نگه گه‌وره‌و کۆمه‌ڵكوژییه‌کانی مرۆڤه. ناسێونالیزم. وه‌ک چۆن به‌رهه‌می سیسته‌می چینایه‌تی سته‌مگه‌رو نابه‌رابه‌ره، به هه‌مانشێوه مه‌حکومه به‌هاو ماف و ئازادی ساخته‌و درۆیینه به‌رهه‌م بهێنێت.
ناسێونالیزمی کورد هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه که چه‌ند ده‌سته‌ی چه‌کداری هه‌بووه‌و له‌و مێژوویه‌شه‌وه پایه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی فراوان بووه‌و وه‌کو بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌ربڵاو په‌لیهاویشتووه‌و ده‌سه‌ڵاتی په‌یدا کردووه،یه‌کیک له تایبه‌تمه‌ندی و بونیاده فکری و سیاسی و ئه‌خلاقییه‌کانی،زه‌بروزه‌نگ و تیرۆر‌و له نێوبردنی نه‌یارانی خۆی بووه.له هه‌ر کوێدا ده‌ستیان ڕۆیشتبێت سڵیان له هیچ کاریکی توندتیژ نه‌کردۆته‌وه،هه‌رگیز باوه‌ڕیان به ئازادی نه‌بووه.ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هیچکاتێک داوایه‌کی ڕیشه‌یی و شۆڕشگیڕانه‌ی نه‌بووه،که _هه‌رگیز ناتوانێت هه‌یبێت_ به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌کی کۆنخوازو نه‌رێتیی بووه.له باری پێکهاته‌ی ڕێکخراوه‌ییه‌وه ڕێبه‌رانی هه‌رده‌م شێخ و مه‌لاو پیاوه‌کانی خێڵ و "پیاوماقوڵانی"نێو کۆمه‌ڵگه بووه.نه‌ک ره‌خنه‌یه‌کی ڕادیکاڵیان له نه‌رێته کۆن و سواو و خیڵه‌کییه‌کان نه‌بووه به‌ڵکو به ته‌واوی هێزوئاگه‌ییانه‌وه له پشتی ئه‌و نه‌رێت و کولتوره خيڵه‌ڵکییانه‌وه ڕاوستاون و زیندوویان کردۆته‌وه. ناسێونالیزمی کورد له مێژووی خۆیدا هه‌رگیز داواوپرۆژه‌یه‌کی سیاسی و فکریی ڕۆشنگه‌ری نه‌بووه،نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ته‌نانه‌ت پرۆژه‌یه‌کی سیاسی سه‌قامگیریشی نه‌بووه،هه‌ر ڕۆژه‌و له سه‌ر په‌تێکی چڵکن یاری کردووه،ڕۆژێک بانگه‌شه‌ی چه‌پ و سۆسیالیست و نووێگه‌ریی کردووه،جارێک داوای ئۆتۆنۆمی و خود موختاری و جارجاریش به شه‌رمه‌وه‌و له هه‌ندێک هه‌لومه‌رجی تایبه‌تدا،بۆ فشار هێنان و نزیکبوونه‌وه له حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌و ئیمتیازی زیاتر‌و مانه‌وه‌یان به هه‌ر نرخێک بێت،باسێکیان له ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کردووه.دوا به‌یانی تاڵه‌بانیش(ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه)خه‌سڵه‌تی ته‌واو په‌تپه‌تێنبازی و به هه‌ر نرخێک بووه فریو بکه‌و بژی ده‌رخست.
مێژووی ناسێونالیزمی کورد مێژووی شه‌ڕی خوێناوی و به‌رانمبه‌رکێی نێو هه‌مان بزوتنه‌وه‌و ئایدۆلۆژییه‌کانیتر بووه.مێژووی سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر،مێژووی شه‌ڕی ناوخۆ‌و کوشتن و ئه‌تککردنی دیله‌کانی یه‌کتر،مێژووی په‌لاماردان و کۆکوژییه‌کانی ژنان و گه‌نده‌ڵی و دزینی نان و داهاتی کۆمه‌لگه، له‌شکرکێشی سوپای ده‌وڵه‌تانی کۆنه‌په‌ست و دژی ئازادی بۆ کۆکوژی خه‌ڵکی کوردستان و تاد…وه‌کو پێشتر ئامه‌ژه‌م پێدا من نامه‌وێت و کارێکی نه‌که‌رده‌شه لێره‌دا به نێو مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیزمی کوردا ڕۆبچم و بینوسمه‌وه،به‌ڵکو مه‌به‌ست له‌م ئاماژه کورته بۆ پتر به‌رجه‌سته‌کردنی ئامانجی ئه‌م نوسینه بوو،تاکو ئه‌وه نیشانبده‌ین که: بزوتنه‌وه‌ی ڕیفۆرم و گۆڕان له کوێوه دێن و هاتوون و خه‌سڵه‌ته کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌کانی ئه‌م بزوتنه‌وه گؤڕانخوازه چییه‌و چیبووه؟
نه‌وشێروان مسته‌فا و بزوتنه‌وه‌ی ڕیفۆرمخوازان:
گومانی تێدا نییه چی نه‌وشێروان مسته‌فاو چی ئه‌وانه‌ی له ده‌وری کۆبوونه‌ته‌وه‌و وه‌کو ره‌وتی گۆڕانکاری و چاکسازی خۆیان به‌یانکردووه‌و داوای ئاڵ و گۆڕ ده‌که‌ن،که‌سایه‌تی و بکه‌ری چالاکی نێو ئه‌و مێژووه بوونه که له سه‌ره‌وه زۆر به کورتی ئاماژه‌م پێ‌کرد،به تایبه‌ت نه‌وشێروان مسته‌فا وه‌ک ده‌ڵێن چڵ ساڵه که‌متر یان زیاتر که‌سایه‌تی دیار‌و چالاکی بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیستی کورد بووه،هه‌روه‌ها له نێو یه‌کێتی نیشتمانیدا جێگری سه‌کرتێرو که‌سایه‌تی دووه‌م بووه.واته ده‌نگی دووه‌م و داڕێژه‌ری پرۆژه‌ی ستراتیژی و_هه‌ڵبه‌ته ئه‌گه‌ر ستراتیژێکیان هه‌بووبێت_سیاسی و تاد بووه.واته به پێوه‌ری پێگه‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا له ئاراسته‌کردنی یه‌کێتیدا به‌شی شێری به‌رپرسیارێتییه‌کانی ده‌که‌ویته ئه‌ستۆ.گومان له‌وه‌شدا نییه که له فه‌رهه‌نگ و مێژووی بزوتنه‌وه‌ی ناسێونالیزم و پارته‌کانیدا،به‌رپرس و ڕێبه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌هایان هه‌بووه‌و هه‌میشه وه‌کو ئاغا‌و ڕه‌عیه‌ت مامه‌ڵه‌یان له گه‌ڵ خه‌ڵک و ته‌نانه‌ت پێشمه‌رگه‌کانی خۆشیاندا کردووه.زۆرن ئه‌و قسه‌و نوکته ڕاست و هه‌ڵبه‌ستراوانه‌ی سه‌باره‌ت گۆپاڵ و گۆچان و خاکه‌ناس وه‌شاندنه‌کانی جه‌لال تاڵه‌بانی له سه‌رجه‌سته‌ی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی به قه‌ولی ئه‌و سه‌رپێچییه‌کیان کردبێت.لێره‌وه ده‌توانین پراکتیکی سیاسی و فکری و کۆمه‌ڵاتی نه‌وشێروان مسته‌فا ده‌رکبکه‌ین و داوه‌ری له سه‌ر بکه‌ین،واته ئه‌گه‌ر له دیدێکی مێژووییه‌وه کارنامه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناوشێروان مسته‌فا هه‌ڵسه‌نگێنین،جی وه‌کو پارت و بزوتنه‌وه‌یه‌کی ناسێونالیستی له نێو یه‌کیتی نیشتمانیدا و چی وه‌کو که‌سێتیی خۆی،ئه‌وا هه‌م یه‌کێتی مێژوو و کارنامه‌یه‌کی پڕ له زه‌بروزه‌نگی دژی ئازادی و ماف و به‌ها مه‌ده‌نییه‌کان تۆمارکردووه‌و هه‌م نه‌وشێروان مسته‌فا وه‌کو که‌سایه‌تی و بکه‌ری به‌رجه‌سته‌ی نێو ئه‌و مێژووه،ده‌یان و سه‌دان به‌ڵگه‌و بیروبۆچوون و نوسینی جۆراوجۆر له سه‌ری هه‌یه،که له باری سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئه‌خلاقییه‌وه وه‌کو کاسایه‌تییه‌کی توڕه‌و سته‌مگه‌ر ناسێنراوه.واته هێنده‌ی باس و به‌ڵگه‌و بۆچوونی نێگه‌تیڤ له باره‌ی نه‌وشێروان مسته‌فا وه به‌یانکراوه،هه‌رگیز وه‌کو کاسایه‌تییه‌کی ئازادیخواز‌و پێشکه‌وتوخواز وه‌سف نه‌کراوه.من باوه‌ڕم وایه جیا له‌وه‌ی نه‌وشێروان نه‌یاری سیاسی هه‌بووه‌و هه‌یه‌و ده‌کرێت شتی زیاده‌ی نێگه‌تیڤ و پۆزه‌تیڤی پێوه لکێنرابێت،له گه‌ل ئه‌وه‌شدا بێگومانم،له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌قه‌لا زه‌به‌لاحانه‌ی بۆ شێواندنی مێژووی دروستی که‌سایه‌تی و پارت و بزتنه‌وه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌کرێت،مێژوویه‌کی ڕاسته‌قینه‌ش هه‌یه‌و وه‌ک خۆی ده‌نوسرێته‌وه،ئه‌وه‌ی له باره‌ی نه‌وشێروان مسته‌فاشه‌وه ده‌نوسرێت و ده‌گوترێت حه‌قانیه‌تی گه‌وره‌ی تێدایه‌و له مێژوودا تۆمار کراوه‌و کۆمه‌ڵگه‌ش که‌م و زۆر پێی ئاشنان.
به‌ڵام ئێستا با له نێو مێژوو بێینه ده‌ره‌وه‌و بپرسین:نه‌وشێروان مسته‌فا ئیستا چییه؟ئه‌گه‌ر مێژوو پێوه‌رو ئاوێنه‌و کارنامه‌ی که‌سایه‌تی و پارت و بزوتنه‌وه‌کان بێت دیسان هه‌مان ئه‌و کاره‌کته‌رانه له نێو مێژوودا قابیلی گۆڕانن،پرسیار ئه‌وه‌یه:نه‌وشێروان مسته‌فا چی ئاڵوگۆڕێکی فکری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی له خۆی نیشانداوه‌و به‌یان کردووه؟ئه‌و هێشتا خۆی له هه‌موو که‌سێکیتر پی یه‌کێتیتره، ده‌ڵێت له هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی یه‌کێتیدا به‌شدارم،ئایا که‌سێک له نێو پارته‌که‌یدا جێی نه‌بێته‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی گه‌نده‌ڵبوونی لێبگرێت و مه‌کته‌ب سیاسییه‌که‌ی به مجلیس قیاده سه‌وره‌که‌ی به‌عس بچوێنێت،چی فاکته‌رێک وای لێده‌کات به‌و هه‌موو ناکۆکییه‌وه دابڕانی خۆی له‌و پارته‌و ڕابردووی خۆی ڕانه‌گه‌یه‌نێت و داوای به‌شه میراتی خۆی بکات؟لێره‌دا ئامژه‌کردن به دوو خاڵ به گرنگ ده‌زانم،یه‌که‌م/ڕه‌وتی گۆڕان و ڕیفۆرمخوازان هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه سینارێوێک بێت بۆ ڕزگارکردنی یه‌کیتی و ته‌ره‌بوونی خه‌ڵک و ئه‌ندامانی و گه‌ڕانه‌وه‌یان له په‌نجه‌ره‌ی پشتی گرده‌که‌وه،له‌م گه‌مه‌یه‌شدا یه‌کێتی چه‌ند ئامانجی گه‌وره ده‌پێکێت:ڕزگارکردنی یه‌کێتی له‌و قه‌یرانه خنکێنه‌ره‌ی تێیکه‌وتووه،لێدان و کپکردنی ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ر بۆ سوڕێکی نادیار،لاوازبوون و ته‌ریککردنه‌وه‌ی پارتی دیموکرات.دووه‌م/باوه‌ڕ به خۆنه‌بوونی نه‌وشێروان مسته‌فاو ڕیفۆرمخوازان له به‌یانکردنی پرۆژه‌و ئامانجێکی سیاسی ڕون و دیاریکراو بۆ کۆمه‌ڵگه،که ئه‌وه جێی گومانێکی گه‌وره‌یه‌و هیچ متمانه‌یه‌کی پێناکرێت.بۆیه ئه‌وه‌ی که له کردار‌و گوتاری نه‌وشێروان مسته‌فاو ڕه‌وته‌که‌یدا په‌خشده‌کرێته‌وه‌و ده‌یبینین،نه شتێکی نوێیه‌و نه ئاڵوگۆڕێکی ڕیشه‌یی فکری سیاسییه‌و نه پرۆژه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕۆشنگه‌رییه بۆ کۆمه‌ڵگه.نزیک به دوو ده‌یه‌یه_واته له‌و سه‌ره‌تایه‌وه که نه‌وشێروان و پارته‌کانی ناسێونالیزم سه‌رقاڵی سات و سه‌ودای سیاسی و درستکردنی کۆمیدیای په‌رله‌مان بوون و حکومه‌تی کارتۆنییان دروست ده‌کردو ته‌واوی سامانی کۆمه‌لگه‌یان لوش ده‌دا،به هه‌زاران که‌س له چین و تویژو نوخبه جۆربه‌جۆره‌کانی کۆمه‌لگه،ئێستاشی له گه‌لدابێت پلاتفۆرم و پرۆژه‌ی زۆر گه‌وره‌ترو ڕیشه‌ییتریان به‌رزکردۆته‌وه‌و ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵتریان هه‌بووه‌و هه‌یه.بۆیه هه‌ر ڕه‌وت و بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی که خوازیاری ئاڵ و گۆڕه له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا،ده‌یان بابه‌ت و کایه‌ی زیندو و ده‌ردو تاعونی فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه ده‌بێت وه‌ڵامیان پێبداته‌وه‌و له‌و ڕاستایه‌دا ڕاشکاوانه‌وه پرۆژه‌کانی خۆی به‌یان بکات.هه‌ر له لێدان و کارپێکردنی منداڵانه‌وه که نه‌خۆشی وئازارێکی گه‌وره‌یه له جه‌سته‌و ویژدانی کۆمه‌ڵگه‌دا،تا ده‌گاته مافی به‌رابه‌ری ژن و پیاو،(حه‌رام)کردنی تیرۆر‌و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ڕه‌شه‌کوژی ژنان،ئازادییه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌کان، مافی ڕێکخراوبوون بۆ هه‌موو چین و توێژ‌و نوخبه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگه،ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری،بیمه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان،دابه‌شکردنی عادیلانه‌ی داهات جیاکردنه‌وه‌ی ئایین له ده‌وڵه‌ت و تاد …که ئه‌وانه کۆمه‌ڵێک ئه‌رک و مافی پایه‌یین له ژیانی کۆمه‌ڵگه‌دا ،بۆ هه‌ر ڕه‌وت و بزوتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی که داوای ڕیفۆرم و باشترکردنی ژیانی مرۆڤه‌کان ده‌کات،ده‌بێت ڕاشکاوانه بێته پای ڕاگه‌یاندنیان و کۆمه‌لگه گوێی له هاواره‌که‌ی بێت.هه‌ڵبه‌ته من هیچ گومانم نییه هیچ یه‌کێک له‌و ماف و خواسته به‌رحه‌ق و مرۆییانه له سیسته‌می چینایه‌تی سه‌رمایه‌دا به‌دی نایه‌ن،به‌ڵام له هه‌موو سه‌رده‌مێکدا زه‌مینه‌ی که‌مکردنه‌وه‌یان هه‌یه‌و یه‌که‌م هه‌نگاوی سه‌ره‌تاش ته‌قه‌لایه‌که بۆ هه‌ڵته‌کاندن و تێکشکانی گه‌وره.
پرسیار ئه‌وه‌یه:نه‌وشێروان و ڕیفۆرمخوازان له کوێی وه‌ها پرۆژه‌یه‌کی هه‌مه‌لان و ڕۆشنگه‌رو لانی که‌می دادپه‌روه‌ریدا ڕاوه‌ستاون و قه‌راریان گرتووه؟به باوه‌ڕم نه‌وشێروان هیچی نه‌گوتووه،ئه‌وه‌ی تاکو ئێستا ڕه‌وتی به نێو گۆڕان به‌یانیان کردووه،ده‌کرێت وه‌کو ته‌قه‌لای چاره‌سه‌ری قه‌یرانێکی پیسبوو بیبینین که ناسێونالیزمی کورد تێی که‌وتووه‌و گه‌یشتۆته ئاستی بۆگه‌نبوون،نه‌وشێروان وه‌ک حوکم و پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی نێو ئه‌و قه‌یرانه له دایک بووه‌و په‌یامه‌که‌شی به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌و تاعون و بۆگه‌نبوونه سیاسی و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه که هه‌ناسه‌ی له به‌ر بڕیون،نه‌ک وه‌ک ده‌نگێکی نوێخوازو به ئاراسته‌ی مۆدیرنیزه‌کردنی کۆمه‌لگه‌دا جوڵه بکات.به باوه‌ڕم هاوکێشه‌که ته‌واو پێچه‌وانه‌یه،نه‌وشێروان و ڕه‌وتی گۆڕانخوازان ئه‌و ته‌لیسم و فریوه گه‌وره‌یه‌یه که جارێکیترو بۆ سوڕێکیتری مێژوویی ته‌واوی ئومێد‌و ئاره‌زووه واقیعییه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان و ئه‌و هه‌ژێنه کۆمه‌ڵایه‌تی و ناوه‌کییه‌ی که نزیک به دوو ده‌یه‌یه له هه‌ناوی خه‌ڵکدا دروست بووه‌و جۆش ده‌دات به لاڕێدا ده‌بات،له یه‌ک ڕسته‌دا،ڕه‌وتی گۆڕانخوازان ئه‌و پاڵنه‌ره‌ن که جارێکی‌تر کۆمه‌ڵگه ده‌خزێننه نێو دنیای فه‌رهه‌نگ و کولتوری قه‌ومپه‌رستی و کۆمیدیای سیسته‌می په‌رله‌مانی و دیموکراسی.باوه‌ڕیشم وایه ئه‌وه‌ی که ئه‌مجاره‌ش خه‌ڵک ده‌چێته پای ده‌نگدان و ئه‌وه‌ش که نه‌وشێروان مسته‌فاو ڕه‌وته‌که‌ی زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی خه‌ڵک به ده‌ست دێنن،که بۆچوونم وایه ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش به ده‌ست نه‌هێنن،له نیوه که‌متر به دست ناهێنن،ده‌کرێت وه‌کو قۆناغ و پرۆسه‌و حوکمێکی مێژوویی بیبینین،پرۆسه‌یه‌کی مێژوویی ئاڵۆز‌و تایبه‌ت که هێشتا سه‌رباری نه‌فره‌ت و بێزاری خه‌ڵک له ئیداره‌ی سیاسی و فه‌رهه‌نگی ناسێونالیزم،جارێکی‌تر ڕاپێچی فریوی ده‌نگدان و گه‌مه‌کانی دنیای بازاڕ ده‌کرێن،پرۆسه‌یه‌ک له جیاتی ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه رادیکاڵ و سۆسیالیستی و کرێکارییه‌کان نه‌خشی خۆیان له پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕیوه‌بردنی کۆمه‌ڵگه بدایه‌و په‌رچه‌می خواسته به‌رابه‌رییه‌کانیان به‌رزبکردایه‌ته‌وه،به‌ڵام واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه له نه‌بوون و نه‌ڕسکانی هێشتای بزوتنه‌وه‌ی کرێکاریی و به‌رابه‌ریخوازیدا،جارێکی‌تر ناسێونالیزم و ته‌وژمی کۆنه‌په‌رستی و بازاڕی په‌رله‌مانی و دیموکراسی په‌رچه‌می درۆییه‌نه‌ی گۆڕان و چاکسازی به‌رز ده‌که‌نه‌وه.
کازم قادر
17.05.2009