
دوو وشه
ئه‌حمه‌دی مه‌لا….
زمان ئاداتێكه بۆ ته‌عبیر به‌ڵام به‌رامبه‌ر گه‌لێ كاره‌ساتی ده‌ركی یا ناوه‌كی هێزه بنه‌ڕه‌ته‌كانی ون ده‌كات و بێده‌نگییه‌كی قووڵ، به‌ڵام پڕ مانا، سامناك و دڵته‌زێن جێگای ده‌گرێته‌وه. ئه‌م تێگه‌یشتنه بوو، بوو با زاده‌ی ئافراندنی ئه‌ده‌بێكی ده‌وڵه‌مه‌ند له هه‌ندێ فهرهنگی دونیادا.
چی بوترێت به‌رامبه‌ر به هێڕشی یه‌كێ له له شكره هه‌ره به‌تواناكانی ناتۆ! له‌شكركێشییه‌كی وه‌حشه‌تناك. هێزێكی كوێر و نابینا. ده‌یه‌وێ دونیا ته‌نها له ئیراده‌ی هێزه‌وه ببینێ.
ئامانج پێكان واته له ناوبردنی ئیراده‌یه میلله‌تێك كه ده‌یه‌وێ به زمانی خۆی باس له خۆی بكات، به زمانی خۆی چیرۆكی تراژیدیا بگیڕێته‌وه، به هه‌نگا و ریتمی خۆی به‌یت و حه‌كایه‌ته‌كانی شه‌وانی هه‌زارساڵه‌ی خوی بنووسێته‌وه. منداڵانی خۆی بنێرێته ئه‌و قووتابخانانه‌ی كه به زمانی ئه‌و گۆرانی و سروود ئه‌زبه‌ر بكه‌ن، باسی ئه‌و " دارا"یه بكه‌ن كه ده‌یه‌وێ لا جیاتی بڕینی دار، فێری سهزكردن و چاندنی دار ببێت، له جیاتی ئه‌وه‌ی خانوو و دیوار ببینێ كه چۆن ده‌ڕمێنه سه‌ر یه‌ك، دوو حه‌رف له باره‌ی بنیاتنانه‌وه فێر بێت، له جیاتی ئه‌وه‌ی له زاكیره هه‌ره سه‌وز و پاراوه‌كه‌ی شریتی گوندچۆڵكردن و ئاواره‌بوون دووپاتكاتهوه، زاكیره‌یه‌ك ببووژێنێته‌وه ئایندهی بكاته ئامانج!!
سیاسه‌تی له‌شكری تورك سیاسه‌تێكه ته‌نها له سه‌ر هێز ئیش ده‌كات، هێزی رووت و قووت ته‌نها هه‌ر به‌سه‌ر خۆی ده‌شكێته‌وه. ده‌كرێ بكرێته پرۆپاگه‌نده، ده‌كرێ هه‌ناسه‌یه‌ك و پشوویه‌ك بداته جه‌نه‌راله‌كان، به‌ڵام هێزی رووت له دوا پێناسه‌دا دهروخێته سه‌ر خۆی. ئه‌مه جه‌ده‌لی هه‌موو دیارده‌یه‌كی تاكڕه‌هه‌نده.
توركیا به‌م هه‌ڵوێسته له ئه‌ورووپا دوورده‌كه‌وێته‌وه و ده‌كه‌وێته باوه‌شی ئه‌و هێزه رووته‌ی كه ناوی ئهمهریكیایه. یه‌كێك له سه‌مبۆله هه‌ره له‌به‌رچاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دوو بورجه‌كه‌ی شاری نیۆیۆرك بوو. سه‌مبۆلی هێزێكی رووت، له شیكل و ناوه‌رۆكدا به‌روه فه‌زایه‌كی نادیار به‌رزببووه. كۆكه‌ره‌وه‌ی توانا و به‌رجه‌سته‌بووی هیزێكی ماددی بوو به بێ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له ئامانجه‌كانی هێز. به شێویه‌كی تراژیدی رمایه سه‌رخۆی. وه‌كو سه‌هۆڵ له به‌ر تیشكی هه‌تاو توایه‌وه. له‌م رووه‌وه درێدا به جوانی ئاماژه بۆ ئه‌م داروخانه‌ی سه‌مبۆل ده‌كات.
ئاكاره‌كانی هێزی رووت دووباره‌بوونه‌وه‌ی چه‌ندین وێنه‌یه بۆ ئێمه :
وێنه‌یه‌كی دووپاتببوه، جارێكی دی بۆ ئێمه‌ی كورد دووپاتبووه‌وه : گوندێی وێران، دوو مێرمنداڵ وه‌كو دوو به‌چكه شێری توقیو، مێگهلهمهڕێك وه‌كو ئه‌وه‌ی زاكیره‌ی عومه‌ر خاوه‌ر له سه‌ر له‌وحی ئه‌به‌دییه‌ت تۆماری كردبێت، منداڵێك له نێو به‌رد و كه‌رپووچی هه‌پڕوون به هه‌پڕوون بوو، باوه‌شی له ریحلهیهك داوه، ده‌یه‌وێ بیباته به‌رده‌م باره‌گاكانی بێده‌نگیی، وێنه‌یه‌كی خامهكی، پیره‌ژنه‌كه‌ی سالێ ١٩٩١ مان ده‌خاته‌وه یا كه به پێی په‌تی قوڕ و چڵپیاوهی ساردی مانگی ئازاری دهشیڵا…زۆر شتی دیكه‌مان بینی. خه‌یاڵی ئینسانی كورد سیخناخه به وێنه ئاوهژووهكانی مێژووی خۆی.
وێنه‌ی هێزی رووت ده‌مێك ساڵه به رووتی قه‌ده‌ری كورد تۆمار ده‌كات. به‌ڵام مێژوو ئه‌گه‌ر واتایه‌كی هه‌بێت، ئه‌وه به ده‌ستێك هێزی رووت دروست ده‌كات، به دهستیكیش دهیروخێنێ. ئه‌گه‌ر تا ئیستا مێژوو له یه‌ك تای دا له گه‌ڵ كورد بووه، واته له دیوه تراژیدییه‌كه‌ی، به بڕاوی من، لاپه‌ره‌ی مێژوویه‌كی دیكه خه‌ریكه یهكئاڵا ده‌بێته‌وه!!!