
دیدار له‌گه‌ڵ هه‌ندرێن…به‌شی دووه‌م
هه‌ندرێن: من وه‌ک چۆن له ته‌مه‌نی منداڵییدا کاته‌کانم به خۆزگه و خه‌ونبینین به هه‌وره کۆچکردووه‌کان، گێژه‌لوولکه‌ی هاوینه گه‌رمه‌کان، لاوفاوی ئه‌و بارانه به خووڕانهی که به ناو کهندهکانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سهریانههڵدهگرت، ئه‌ستێره دووره‌کانی ژێر رێگای کاکیشان، سهرابی سه‌ر رووخساری چیایه دووره‌کان و … تاد به‌سه‌ر ده‌برد، ئیستاش، به هه‌مان روحهوه، به ئاوێته‌یه‌ک له هه‌سته‌وه‌ریی و ویستێکی هزریی، کوشته‌ی ئه‌و خه‌یاڵاندن و مه‌یله مهحاڵانهم.
بوونێکی بێده‌نگکراو، ئۆقره نه‌گرو نادیاریی ناو، هه‌ڵاتن له ماڵ، بوون به پێشمه‌رگه، په‌راگه‌نده بوون له هه‌نده‌ران و … تاد، زاده‌ی ئه‌و نامۆبوونه‌ی منداڵییه‌تی هه‌ندرێنن. ئه‌و تا ئێستاش نازانێ ئه‌و نامۆبوونه‌ی له هاوپۆڵ، ماڵه‌وه‌و دانیشتوانی گونده‌که‌ی، له‌وانیتر بۆ نیگهرانهێنهرتره..
له‌وه ده‌چێ به تێشکێکی بزواوی ئه‌م كۆ پرس وه‌ڵامانه‌وه، ئه‌و نادیارییه‌ی ناو و شوێنگه‌ی هه‌ندرێن به‌دیار بكه‌ون، هه‌رچۆنێک بێت، له به‌ش به به‌شی ئه‌م ئاخاوتنه‌دا ئاکام و ڕهههندگهلێك ده‌خوێننه‌وه، به‌رله‌وه‌ش بچینه ناو گفتوگۆ، ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم ئه‌م ئاخاوتنه له‌سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌وه بوو دواجار له‌شێوه‌ی چاپكراوێكی تایبه‌تدا بڵاوبكرێته‌وه، وه‌لێ له‌به‌ر وه‌خۆگرتنی ئه‌ركی چاپكردنی دوا دیوانه شیعریه‌كه‌ی ( ته‌وته‌م …..) ئه‌و كاره پێده‌چێت مه‌وداكانی زیاتر خۆی لێبكێشێتهوه، هه‌روه‌ك چۆن نیوه زیاتری ئه‌م گفتوگۆیه له‌گۆڤاری ( زنار ) به‌شه‌ش به‌ش دابه‌زی، دیاره هه‌ندرێن خاوه‌ن 15 چاپكراوو ده‌یان وتار‌و چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی جیایه‌و ، روناكبیرێكه ئه‌وه‌ندی ده‌نوسێ زیاتر ده‌خوێنێته‌وه…
گفتووگۆی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود erselan_m@yahoo.co.uk
یه‌شی دووه‌م ………ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: به‌م وه‌ڵامه‌تان گوته‌یه‌كی ( بۆرخێس ) هاته‌وه بیرم، كاتێ كه‌ده‌ڵێ: گه‌وره‌ترین ساحیر ئه‌و كه‌سه‌یه سیحرێكی وا له‌خۆی بكات كه وه‌همه‌كانی خۆی له‌شێوه‌ی تارمایی سه‌ربه‌خۆدا بێته به‌رچاو، ئایا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌وه حاڵی ڕاسته‌قینه‌ی ئێوه‌ش نه‌بووه؟.. تائێستاش خه‌ونی له‌و جۆره ده‌بینن؟.. شڵه‌ژاندن و خوڵقاندنی گومانبینی ژیان له‌مناڵی و هه‌رزه‌یدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بۆ؟
هه‌ندرێن: خولیای بۆرخیس وه‌ک "ساحیر"ێکی دانسقه و رێزپه‌ڕ ئه‌وه‌بوو، سنووری نێوان خه‌ون و ژیان مهحفبکاتهوه، بۆیه مرۆ که ده‌قه خهونزانهکانی ده‌خوێنێته‌وه وا ده‌زانێ زنجیره‌یه‌ک له زینده‌خه‌و یان جیهانێکی ساحیرانه‌ی سه‌ربه‌خۆی ده‌خوێنێته‌وه. به‌مجۆره خودی بۆرخیس توانی ببێته ئه‌و ساحیره که "تارمایی" خۆی و زمانه‌که‌ی بکاته مه‌ته‌لێکی سه‌ربه‌خۆ.
راستت ده‌وێ، دوور له به‌راوردکاریی، ده‌کرێ بڵێین، من له‌و ژینگه‌یه‌ی که ئه‌زموونی منداڵیی هه‌رزه‌ییم تێدا به‌سه‌ر برد، هیچی ترم نه‌بوو له‌وه‌ی زیاتر بچمه‌وه ناوه‌وه‌ی خۆم. دواجار بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و جیهانه ناوه‌کییه هۆگریی و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ خۆیدا دروست بکا، له باڵهفڕێیهکی ره‌مه‌کیی زیاتر، هیچی تری نه‌بوو سێبوورییم پێ ببه‌خشێت. ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا شۆڕبوونه‌وه‌یه به‌ناو ته‌نیاییدا. سه‌ره‌تا وتمان، لاته‌ریک بوونی من له روشی باوی منداڵانی ئاوزه‌ی خۆم و بێزار بوون له په‌یوه‌ندییه داڕێژراوه‌کانی ماڵ و ده‌وروبه‌ر، جۆره فڕێدانێکی گۆشه‌گیریی و فڕێدانێکی ناچاری من بوو به‌ناو خه‌یاڵاندن. ئه‌مه‌ش دۆخێکی تژی له ژانی ده‌روونیی دروستکرد. ئاکامی ئه‌مه‌ش گیرۆده‌ی ناخێکی راماوی کردم، که له‌و ته‌مه‌نه‌دا ترسناک بوو. ئه‌و چوونه ناو خوده، رامانه به چاوی ناخ، سه‌ره‌تای تارمایی ئه‌و ته‌نیاییه بوو که 27 ساڵه به دوامه‌وه‌یه. که‌واته ئێستا، بیجگه له نووسینه‌وه‌ی ئه‌و تارماییه، خۆ کردن به ته‌رزه تهرماییهک نه‌بێت، رێگایه‌کی تر له به‌رده‌م ئه‌و ئه‌و بوونه ناوه‌کییه ته‌نیاییه نه‌ماوه‌ته‌وه. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و دۆخه‌ی بوونی من، ههڵکوتی ئه‌و مندڵییهتییه، که گه‌ڕانه‌وه بۆی مه‌حاڵه. هه‌رچه‌نده له‌وه‌ته‌ی له سوێدم به دوای دۆزینه‌وه‌ی هۆکردێکی لۆژیکی ئه‌و هه‌ڵکه‌وته‌ی مندڵیی خۆمم، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و بیانۆیه لۆژیکیی و ههستهکیانهی که هه‌ن، هه‌دادانم ناده‌ن.
دیاره له بهراییڕا، له منداڵییدا ئه‌و "وههم’انه سیحرێک نه‌بوون که منداڵی له ئاستی ئاگاییه‌کی رۆشنبیرییدا فامی کرد بن، به‌ڵکوو مه‌حاڵی ئه‌و ئاشتبوونه‌وه‌ی منداڵی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و ژینگه‌ی که بۆ منی منداڵ و هه‌رزه به تاڵ بوو له هه‌موو دڵبزواندنێک.
لێره‌دا بۆ ئه‌وه‌ی به ده‌ست نه‌بوونی وه‌ڵامێکی سێبووری به‌خش بۆ کێشه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و دڕدۆنگیی و گومانه منداڵییه‌ی، که تۆ ئاماژه‌یان پێده‌که‌یت، مه‌یسه‌ر بکه‌ین، هانا بۆ ئه‌و کۆپله شیعرانه ده‌به‌ین که له کاتی جیاوازدا سۆراغی ئه‌و "تارماییه سه‌ربه‌خۆ"یه‌یان کردووه:
"
تۆ ناخێکی راماویت و له راڕه‌وی چۆڵستانێکدا،
کات له سه‌متی رۆژێکی سه‌رقاڵ به ناوهختییهکهی ده‌چنێته‌وه.
منداڵێک تا چاوبڕکا به رێچکه‌ی ناو دره‌خته‌کاندا غارده‌دا.
بێده‌بگی له‌ناو یه‌که‌ی خۆیدا ده‌پچڕێ و به‌ناو نادیاریدا په‌رشده‌بێته‌وه.
غه‌ڵبه‌غه‌ڵبێک به‌ره‌و دواوه هه‌ڵتده‌گرێ:ئایا ده‌گه‌یته‌وه ئه‌وێ؟" (شیعری، ئاوێنه‌کانی خوێن، 2003)
به‌مجۆره دواجار ره‌نگه سیحری ئه‌و منداڵییه، ئیستاش وه‌ک "تارماییه‌کی سه‌ربه‌خۆیی"، هه‌میشه، وه‌ک چۆن له مندالییدا وامده‌زانی هه‌ڵاتن له ماڵ و چوون بۆ ناو ئاپۆره‌ی شارێکی دووری وه‌ک به‌غدا، که یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌ی هه‌ڵاتنی من بوو، دواجار به‌ره‌و چیاکان، بوونه پیشمه‌رگه، له مه‌یلی فڕین، هه‌میشه سه‌رهه‌ڵگرتن به‌ره‌و جیهانێکی دیکه‌ی نادیار یان بێکۆتاییدا خۆی بنوێنێ:
لهناوهکمڕا: باڵگهلی په‌یڤه‌کان؛
کۆچگهلی ناوه‌کی،
ئاوڕێکی له‌سه‌ر سه‌ربانی هاوینییه.
ها ئه‌وه رژانی ئه‌ستێران،
له گه‌مه‌ی کۆچکوچهی رێگای کاکێشان،
برووسکه‌ی گلۆپی کۆلاره‌ی بن ئاسمان،
چاوشلکێی ئه‌ستێره‌ی گه‌لاوێژ،
لهمدوی غوباری شه‌وانی پێده‌شتان،
شاگه‌شکه‌ت ده‌کا:
منداڵی ئه‌م ناوه‌ت. (شیعری، هه‌ندرێن، 2007)ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: لهلاوێتی و هه‌رزه‌كاریدا، هه‌ڵاتن جۆرێك سه‌ركێشی و، فڕینیش باڵێكی به‌ره‌و چیا‌و پێشمه‌رگایه‌تی پێبه‌خشی، به‌رله‌وه‌ی جارێ باسه‌كه‌مان به‌ره‌و ئه‌وێ به‌رین، ده‌مه‌وێ بزانم چی لێسه‌ندی، چی له‌خه‌م و ئازاره‌كانت زیادو كه‌مكردن ؟..
هه‌ندرێن: له‌وه‌ده‌چێ چاره‌نووسی مرۆڤ، ئازار و چێژی خۆشییه‌کانی، له‌و سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه رهنگبگرێت که هه‌وڵماندا له سه‌ره‌تای گفتوگۆکه‌ماندا پێناسه‌یه‌کی بۆ بکه‌ین. لێره‌وه چاره‌نووسه‌ی ، ئه‌و له ده‌ست چوون و "خه‌م و ئازار"انه‌ی که تۆ ئاماژه‌یان پێده‌که‌ی له‌و سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه ده‌ستیان پێ‌کرد که هه‌ستمکرد ئه‌و ژینگه، ماڵ، گه‌مه‌کانی منداڵان، نه‌ریتی ده‌وروبه‌ر، قوتابخانه و … تاد نامۆن به من. به‌مجۆره من به هۆی ئه‌و هه‌سته دژه به‌رانبه‌ر ئه‌و نۆرمه کۆمه‌ڵایه‌تییه، وه‌ک منداڵێکی گۆشه‌گیر له جیهانی منداڵانی ئه‌و ژینگه‌یه بێبه‌ش بووم و هه‌میش له نازی ماڵ. دیاره شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویسته، ئه‌گه‌ر مرۆڤ له هه‌ر ته‌مه‌نێک بێت له‌گه‌ڵ ره‌وت، نۆرمه‌کانی ماڵ و ژینگه‌که‌ی نه‌گونجێ، خوێن تاڵ ده‌کرێ. ئاکامی ئه‌مه‌ش گیرۆده‌بوونی ئازارێکی ناوه‌کیی، شه‌ڕێکی نه‌بڕاوه‌یه له‌گه‌ڵ خودی خۆیی و ژینگه‌که‌ی. مرۆڤ له هه‌موو جیهاندا داوای لێده‌کرێ تۆ ئه‌و که‌سایه‌تییه بیت که گشت خه‌ڵک به دڵیانه: گوێڕایه‌ڵی باوک، برا، مامۆستا، پیاو "نه‌ک ژن" ه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ده‌وروبه‌ر و جڤاکهکهت بیت. ئه‌گه‌ر وا نه‌بوویت ئه‌وه تۆ هه‌میشه سه‌رکۆنه ده‌کرێی، له هه‌موو مافێکت بێبه‌شت ده‌که‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ریسوات بکه‌ن.
به‌مجۆره من وه‌ک چۆن له ته‌مه‌نی منداڵییدا کاته‌کانم به خۆزگه و خه‌ونبینین به هه‌وره کۆچکردووه‌کان، گێژه‌لوولکه‌ی هاوینه گه‌رمه‌کان، لاوفاوی ئه‌و بارانه به خووڕانهی که به ناو کهندهکانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌دا سهریانههڵدهگرت، ئه‌ستێره دووره‌کانی ژێر رێگای کاکیشان، سهرابی سه‌ر رووخساری چیایه دووره‌کان و … تاد به‌سه‌ر ده‌برد، ئیستاش، به هه‌مان روحهوه، به ئاوێته‌یه‌ک له هه‌سته‌وه‌ریی و ویستێکی هزریی، کوشته‌ی ئه‌و خه‌یاڵاندن و مه‌یله مهحاڵانهم.
ئێستا به ده‌م ئه‌و ئاخاوتنه‌وه دهربڕینیكی نیکۆس کانتزاکیسم به یاد هاته‌وه که نزیکه‌ی 20 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خوێندوومه‌ته‌وه. کانتزاکسی له "راپۆرتێک بۆ گریکۆ"دا، به رێگای راناوی "تۆ"ه‌وه باسی ئه‌وه ده‌کا، که مرۆڤه ئاساییه‌کان، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین ئاپۆره‌ی ئه‌و مرۆڤانه‌ی که له منداڵییه‌وه وه‌ک " کاغه‌زێکی سپی" به ده‌ستی گه‌وره‌کان پڕکراوهنهتهوه ده‌کرێنه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پرسیاره‌کانیان؛ واتا خه‌ون، حه‌ز و ئامانجه‌کانیان دیاریکراو و ئاسانن: جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه نه‌ریتییه‌کانی ژیان، ماڵدانان، ژن هێنان/شووکردن، منداڵ دروستکردن و ئیش و خواردن، به‌ڵام، وه‌ک کانتزاکسی ده‌ڵێ، پرسیاره‌کانی تۆ، که‌سێکی په‌رۆشخۆر، مه‌یلدار به ژیانێکی سه‌ربه‌خۆ، هه‌رگیز کۆتای‌یان نایێ.
که‌واته کاتێک ئه‌و گومانی منداڵییه‌ی من ژینگه و نه‌ریته‌کانییه‌وه ساده‌یی ژیانی منداڵیی و لاوایهتییهکهی لێسه‌ندمه‌وه، ئیتر ئه‌و ئازار و خه‌مانه دوای ئه‌وه و ئیستاش هه‌میشه له زیاد بووندایه. چونکه من له‌و ته‌مه‌نه‌وه هاووڕهوتی منداڵ و هاوپۆله‌کانی ئه‌و ژینگه‌یه نه‌بووم، که به چاڵاکیی و نه‌ریته‌کانی ماڵهویاندا به‌خته‌وه‌ر بوون. له‌وێوه من به ته‌نیا مامه‌وه. ئاکامی ئه‌و ته‌نیاییه‌ش بێماڵیی، له ده‌ره‌وه‌ی سرووتی ماڵ و ژینگه سرووتهکهی، برسییه‌تی، بێ پاره‌یی و ژیانێکی سه‌هه‌نده‌یی بوو. دواجار هاوپۆڵهکانم نه له‌گه‌ڵ نه‌ریت و پێکهاته هارارکییهکانی ماڵ، گون و قوتابخانه تووشی گرفت بوون، نه له ماڵ تۆران، نه بوونه پیشمه‌رگه. هه‌موویان وه‌ک میراتگریی خێزانه‌کانیان کاسبییهکیان دۆزینه‌وه، ژنیان هێنا، منداڵیان دروستکرد، (ئێستاش هه‌ندێکیان، وه‌ک میراتگرانی پێشمه‌رگایه‌تی، خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی، ئیداریی و مووچه‌ی باشن! پیرۆزیان بێت).
ئه‌و دۆخه له ته‌نیایی و یاخیبوونه ههستهکییهش به‌وه‌نده کۆتایی نه‌هات که به‌رده‌وامی ژیانی رۆژانه‌ی سه‌ختتر ده‌کرم، به‌ڵکوو له هه‌موو ئه‌وانه‌ش مه‌ترسیدارتر، تێکه‌ڵاوبوونی من بوو به رێکخستنی "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان" و نواندنی چاڵاکی سیاسیی و عه‌سکه‌ریی له‌و ته‌مه‌نه ههرزهییهدا. ئاکامی ئه‌مه‌ش، دوای ماوه‌یه‌کی که‌م، ئاشکرابوونی ئه‌و چاڵاکییه سیاسییه‌ی من و هاتنه دوام بۆ قوتابخانه و راوهدوونانم له لایه‌ن ئه‌منه‌کانی رژێمی لێکه‌وته‌وه. ئه‌مه‌ش دواجار، وه‌ک ئه‌زموونی منداڵیی، رووبه‌ڕووی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌ختی کردمه‌وه: یان ده‌بوو به شێوه‌یه‌کی سه‌رکێشانه به‌ره‌و چیا و بوون به پێشمه‌رگه سه‌رهه‌ڵگرم، یانیش خۆم راده‌ستی قه‌ده‌ری رژێمی به‌عس و لۆمه‌کانی ماڵه‌وه بکه‌مه‌وه. به‌مجۆره، وه‌ک به‌رده‌وامییه‌ک له سهنگهساریی منداڵییم، ره‌مه‌کیی و هه‌سته‌کییانه، بێ بوونی ئاگاییه‌کی رۆشنبیریی و سیاسیی، بێ ئه‌وه‌ی وێنه‌یه‌کم له ئاکامه‌کانی ئه‌و سه‌رهه‌ڵگرتنه هه‌بێت، رێگای یه‌که‌مم هه‌ڵبژارد.
له ده‌ستپێکدا ئه‌و ته‌رزه لاملییهی منداڵیی به تێکه‌ڵاوییه‌ک له چێژی ئازادیی، دوور له سنوور و مه‌رجه‌کانی ماڵ و ده‌وروبه‌ر، ئازار و خه‌م ده‌ستی پێ‌کرد: له ژیانی ساده‌ی گونده‌وه بۆ ژیانی نادیاریی شار، ئازاد بوون له کۆنترۆڵی ماڵ و ژینگه‌یه‌کی به‌رته‌نگ، بهرههڵدانی هه‌ست و خۆدانه ده‌ست سه‌ره‌سووڕه و رزگار بوون له ژیانێکی بنده‌ستییه‌وه بۆ چه‌شنه ژیانێکی مه‌یله و سه‌ربه‌خۆ و … تاد . هاوکاتیش ئه‌گه‌رچی له مه‌رجی نه‌ریت و سنووره‌کانی ماڵ و ده‌ورووبه‌ر رزگار بووم، به‌ڵام ئه‌و ژیانه سه‌ربه‌خۆیه‌ی ناو شار مه‌رجێکی دیکه‌ی له به‌رانبه‌ر ئازادی ژیانم قووتکرده‌وه ئه‌ویش: مه‌رجی ئابووریی بوو. لێره‌وه ئه‌و ئازاره‌ی ژیان له چوارچێوه‌ی ماڵه‌وه بوو به ئازاری کۆی جڤاک. که‌واته ئه‌و لاملیی، گومان و دژایه‌تییه‌ی منداڵیی من به‌رانبه‌ر ماڵ گه‌یاندمی به دوڕیانێک، که هه‌م گه‌ڕانه‌وه بۆ ماڵی منداڵیی مه‌حاڵ بوو و هه‌میش دڵنیایی له رێکردن به‌ره‌و ماڵێکی سه‌ربه‌خۆی داهاتوو.
به‌مجۆره به ده‌م ئه‌و مڕکێش مڕکیشه ناوه‌کیی و سه‌رمه‌ستییه ده‌ره‌کییه‌ی ئه‌و ژیانه‌وه ناڕه‌زایی و ململانێیه‌کان هه‌ر له ئاستی ماڵ و ژینگه‌یه‌کی گوندییه‌وه نه‌مایه‌وه، به‌ڵکوو بوو به ناڕه‌زایی و ململانێیه‌کی مهتریسداتر له‌گه‌ڵ کۆی سیسته‌می سیاسیی و جڤاکییدا. هاوکاتیش به ده‌م ئه‌و دۆخه‌وه سرووتی ژیان و شته‌کانی گوند، بۆن و ره‌نگی وه‌رزه‌کان، نووستن له‌سه‌ر بانی ماڵه‌وه، کشانی ئه‌ستێره‌کان، رۆچوون له درێژایی رێگای کاکێشان، بۆنی خۆڵهپۆکی گه‌رمی هاوینان به ده‌م میزکردنی رۆژانه‌ی منداڵی به‌سه‌ریا، په‌نگدانه‌وه‌ی بۆنی دوای بارانی خاک له پاییزان، شه‌پۆڵی سه‌وزی کێڵگه‌ی گه‌نم و جۆکان، خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبه په‌ڕ بۆر و ئه‌زبه‌رکردنی ئه‌و کۆپله شیعرانه‌ی که مامۆستا عومه‌ر مه‌عرووف به‌رزه‌نجی به قه‌رز پێ ده‌داین، سه‌ردوولکه ناخگیرهکانی دایکم که نه‌مده‌زانی ئه‌و په‌رۆشیی و وهڕسییانه بۆ کام یادگاردیی بوون و ئه‌و سۆزانه له کام سه‌رچاوه‌وه ههڵدهقووڵان و به‌ره‌و کوێش منیان هه‌ڵده‌گرت، جریوه جیریوی به‌یانیانی نێره و په‌ڕه‌سێلکه نیره و مێیه‌کانی ناو هێلانه‌ی بنمیچی ماڵه‌که‌مان، غوبار، هوڕهبای هاوینان که هه‌میشه تووشی سه‌ر ئێشه بوورانه‌وه‌ی ده‌کردم و … تاد بوون به جیهانێکی خه‌یاڵیی و وهڕسییهکی روحیی، رۆژگارێکی که گه‌ڕانه‌ی مه‌حاڵ بوو.
لێره‌وه، به واتای سارته‌ریی، چاره‌نووسی ئه‌و منداڵییه‌ی من له‌و جیهانه راڕایهدا، وه‌ک هه‌تیوێک، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌و خود ئازاده، بێجگه له تاقیکردنه‌وه و چێژوه‌رگرتن له‌و بوونه سه‌هه‌نده و گه‌ڕان و سه‌رکێشییانه، هیچ بوارێکی دیکه‌ی له‌به‌رده‌م نه‌ماویه‌وه.
که‌واته چێژی ئه‌و منداڵییه‌ی من له‌ناو ئه‌و ژینگه سنوورداره و رۆژگاره‌دا، له هه‌ستکردن و ئاگاییه‌کی ناوه‌کیی له هه‌مبه‌ر ئه‌و ههتیووییهدا به‌رجه‌سته‌ده‌بێته‌وه، که ئه‌و خودئاگاییه له‌و رۆژگاره و ژینگه بهرتهنگهدا، دیارده‌یه‌کی ده‌گمه‌ن بوو . لێ زیانه‌کانی ئه‌و ههڵشاخانانهی منداڵیی و هه‌رزه‌یی، یان خودئاگاییه‌ی منداڵیی ئه‌وه‌یه، که ئه‌مڕۆ من دوای 27 ساڵ زیاتر به‌سه‌ر بردنی کۆی ژیانی لاویه‌تی به پێشمه‌رگایه‌تیی و ته‌مه‌نی هه‌راشی به ژیانی تاراوگه‌یی، له ماڵ و کۆی کوردستاندا نامۆم؛ له ماڵ و ده‌وروبه‌ری رۆشنبیریی و سیاسیی کوردستاندا هه‌روه‌ک که‌سێکی تر بم، تارماییه‌کی پێناسه‌نه‌کراو بم.
ئه‌رسه‌لان مه‌حمود: ئه‌گه‌رچی سه‌باره‌ت به‌خوێندن و پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسهرێتیتان، چییهكتان بۆ باسنهكردووم، سه‌ره‌ڕاش پێم وایه هه‌ندرێن زۆرتر ئاوێته‌یه‌ك بێت لهخهیاڵات و ئه‌زموون وه‌ك له‌وه‌ی تارماییه‌كی پێناسه نه‌كراو، ئێوه بیروڕایه‌كی جیاواتان هه‌یه؟..
هه‌ندرێن: ئه‌وه به‌سه‌رچوو که ئێمه به دوای لێکجیاکردنه‌وه یان ئاوێته‌کردنی خه‌یاڵ و تارمایی خۆمانه‌وه بین. تارمایی خۆی سێبه‌ری خه‌یاڵه، هه‌روه‌ک ئه‌زموونه‌کانی من له چڕی یان په‌رته‌وازه‌یی خهیاڵهکانن. بێئۆقره‌یی منداڵیی من، هه‌روه‌ک بوون به منداڵێکی بێئۆقره، له جێ‌نشین بوونی خه‌یاڵه‌وه‌یه. له‌وێدا ئه‌و منه هه‌میشه له‌گه‌ڵ تارماییه‌کانی خه‌یاڵه‌کانی خۆیدا له گفتوگۆیه‌کی بێ‌کۆتایی، تۆران و ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کی نیگه‌ران دایه.
ده‌مویست بڵێم، خه‌یاڵ رووی ده‌ره‌وه؛ ده‌رکه‌وتنی یه‌که‌م دیمانه‌ی تارماییه. وه‌لێ گرینگی ئه‌و "ئه‌زموون و خه‌یاڵه"ی من له‌وه‌دایه، که ئه‌و "ئاوێنه"یه بێت هه‌میشه ره‌سه‌نایه‌تی یان شوێنپێیه‌کانی خۆی ئاوێنهبکاتهوه. لێره‌وه من پێم خۆشه هه‌رگیز له پێناسه‌یه‌کدا به‌رجه‌سته نه‌کرێمه‌وه. چونکه مرۆڤ که پێناسه‌کرا، نه به خۆی مه‌یلی گه‌ڕان به دوای په‌نامه‌کی پرسیاره‌کانی تێدا ده‌مێنێ و نه بۆ ئه‌وانیتریش وه‌ک بوونه‌وه‌رێکی نادیار، دڵ‌بزوێن ده‌مێنێته‌وه. به‌مجۆره حه‌زی من ئه‌وه‌یه، هه‌میشه به‌ڕێوه‌بوونه؛ به‌ره‌و ئه‌و که‌سه‌ی دیکه، خوده ره‌سه‌نه‌که‌ی خۆم سه‌فه‌ر بکه‌م. جێنشینبوون له خه‌یاڵ، ئه‌و جووله‌یه که بوون به باو، یان بودا واتانی: له باخچه‌ی ماڵه‌که‌مدا چوارچمکی روونیشم؛ واتا مه‌رگ ره‌تبکه‌مه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی شوێنپێی ئه‌زموونه‌کانی ژیان و رامانهکانم بوونم شه‌به‌نگی بنوێنن.
لێ ئه‌گه‌ر تۆ، به لای که‌مییه‌وه، به تیله‌ی چاوێکتهوه شیعره‌کانی منت خوێندبێته‌وه، ده‌توانی شه‌به‌نگی ئه‌و "خه‌یاڵات و ئه‌زموونانه"ی ژیانی به‌دیبکه‌یت. ده‌با وه‌ک هانایه‌ک په‌نا بۆ ئه‌و رامانه شیعرییانه به‌رین، که له‌وێدا وردتر شهبهنگگهلی ئه‌و "خه‌یاڵات و ئه‌زموونانه" خۆیان نمایشده‌که‌ن:
" باڵێك له رۆح و
جه‌سته‌شم رۆناكی هه‌نار.
من چیتر به راڤه‌ی سه‌رهاتی هه‌بوونێك سه‌رقاڵ نیم
ماڵه‌كه‌م ده‌نگێكه،
له سروودی باڵنده و زایاڵه‌ی ئه‌زموونێك." (باڵه‌فڕه‌ی په‌یڤه‌كان به‌ده‌م رووتبونه‌وه‌ی هه‌ناره‌وه)
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و "خه‌یاڵات و ئه‌زموونه" منداڵییه ببنه شه‌به‌نگێک له ئه‌زموونی پیرییهتیدا، پێویسته به‌ره‌و زمان بگه‌ڕێینه‌وه، که جه‌سته‌ی شیعره:
"منداڵێك له جیاتی گۆڵئهستێرهیهك،
شهوبۆیهك بۆ هه‌تاو درێژ ده‌كا." (باڵه‌فڕه‌ی په‌یڤه‌كان به‌ده‌م رووتبونه‌وه‌ی هه‌ناره‌وه)
به‌ناو بارانی یادوه‌رییه‌وه هاتی،
تۆ ئه‌ی به‌ره‌به‌یانی پیریی."تۆ ده‌زانی له جڤاکێکی وه‌ک کورددا، ئه‌گه‌ر تۆ له بارتدا بێت ببیته ئه‌و "کاغه‌زه سپی"یه، مه‌یسه‌رکردنی پێناسه‌که‌ت کارێکی سه‌خت نییه. چونکه ئه‌وه خۆت نیت ئه‌و پێناسه‌یه دیاریکراوه ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌یته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌وه بنه‌ماڵه و مه‌رجه رهمهکییهکانی جڤاک، نه‌ریته باوه‌کانی جڤاکه که ئه‌و پێناسه‌یه به تۆ ده‌به‌خشن. ئه‌مڕۆش ئه‌و پێناسه‌یه باوه له چه‌ند شتی مایهکیدا به‌رجه‌سته ده‌بنه‌وه: بوون به که‌سێکی گه‌مه‌باز، وابه‌سته‌بوون به حیزبێک، ماشێنێک، خانووه‌کی که‌مێک گران، ژن هێنان. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر یان شاعیرێک بوویت ئه‌وه‌ی ده‌توانی به نووسینی چه‌ند شیعرێکی "ئاشقانه" و به‌کارهێنانی زمان و شێوازێکی ئاسۆیی، جار جاره‌ش ره‌خنه له گه‌نده‌ڵیی و هاوکاتیش په‌سندانی سه‌رۆکێک و … تاد، ناسنامه‌که‌ت ناسراو بێت و ببیه که‌سێکی به‌خته‌وه‌ر.
من له‌وه‌ته‌ی هه‌م به دژی ئه‌و ره‌وته رۆیشتووم. بۆیه من هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه ساوایه‌ی منداڵییوه هه‌میشه خوێندکارێکی لامل بووم، گرینگیم به ئه‌رکی مه‌کته‌ب نه‌داوه و له خۆشمه‌وه ئه‌و خوێندکاره گوێڕایه‌ڵ و مۆدهخوازه نه‌بوومه.
له ده‌ستپێکی گفتوگۆکهمانهوه هه‌وڵمدا، وه‌ک خۆی و زۆر ساکارانه، تیرێژێک له‌و ئه‌زموونی منداڵیی و هه‌رزه‌یی خۆم بچنمه‌وه، لێ وێده‌چێ نه‌متوانیبێت له‌مدیو ئه‌و بوونه نمایشکراوهی خۆمدا کۆی ورده‌کارییه‌کان یان ژیانه‌کانی ئه‌و قۆناغانه رۆشنبکهمهوه. له‌وه‌دا ویستم بێژم، من تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی خۆم له پرینسیپێک ده‌بینی که هه‌موو ژیانی ده‌گرته‌وه، واتا لای من، هه‌ڵوێست وه‌رگرتن هه‌ر ته‌نیا له بوارێک‌دا نه‌بووه، به‌ڵکوو کۆی نه‌ریته جێگیره‌کان بوو. له‌وێدا ئه‌و شێوه ژن هێنانه بۆ من زیندان یان نه‌ریتێکی پووچ بوو، هه‌روه‌ک ئێستاش لام پووچه. چونکه ئه‌و نه‌ریتێکی جڤاکیی و ئایینی باوه و مرۆڤ خۆی ده‌کاته دیلێکی ئه‌و سنوورانه‌وه. له‌وێدا ئه‌ڤینداریی ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌ک بۆ کۆتکردنی مه‌یله‌کانی مرۆڤ. به کورتی ئه‌و ژنهێنانه به‌شێکی بنه‌ڕه‌تییه له‌وه‌ی که تۆ خۆت بده‌یته ده‌ست ئه‌و نه‌ریته بۆماوانه‌ی که وه‌ک ئه‌و "کاغه‌زه سپی"یه، ئه‌و خوده‌ی تۆ پڕ بکرێته‌وه . من ئه‌وکات، نه‌ک ئێستا به هۆی ئه‌وه نییه که له سوێدم، گاڵته‌م به‌و شێوه نه‌ریتییه‌ی ژنهێنانه ده‌هات. بۆیه مه‌حاڵ بوو ژن به‌وجۆره بێنم که باو بوو و ئێستاش هه‌ر وا باوه. من حه‌زم ده‌کرد ئه‌ڤینداری کیژێک بـ‌م، که دانسقه بێت، ئازاد بێت، بڕوای به ژن و مێردایهتییهکی نه‌ریتیی نه‌بێت، شۆڕشگێڕ، دژی به‌عس بێت، به کورتی به مانای روحی ئه‌وکاته‌م یاخی بێت. دیاره ئه‌و ژیانه ئیدیالییه و کیژه یاخییه کوردهشم ئێستاش نه‌بینیوه‌ته‌وه.
به‌ڵێ، پیش‌تر وتم، له ته‌مه‌نی پانزه شانزه ساڵیدا له ماڵه‌وه سهرمههڵگرت، ماوه‌ی ساڵێک له کۆنه خانوویه‌ک ژیام که وێده‌چێ ته‌مه‌نی به قه‌د قه‌ڵای هه‌ولێر بێت. ئه‌و ته‌لاره هوتێلێک بوو که ئه‌وکات ناوی "هوتێل خانزاد" بوو. ئه‌و هوتێله ده‌که‌وێته سه‌ر "چایخانه‌ی مه‌چکۆ". من له‌و ژووره ده‌ژیام که ده‌که‌وێته سه‌ره‌تای ئه‌و پهییژانهی که به‌ره‌و په‌یکه‌ره "داماوه‌که‌ی"ی ئێستای ئیبن مسته‌وفی ده‌چێت. ژیان له‌و هوتێله زه‌نگینترین و سهرمهسترین ئه‌زموونی لاویه‌تی من بوو. ئه‌وکات ئه‌و "هوتێل خانزاده" لانه‌ی مرۆڤه لانه‌وازه‌کان، شێته جوانه‌کانی هه‌ولێر، ئه‌و خه‌ڵکه گوندییانه‌ی که بۆ سه‌ردان یان شت فرۆشتن ده‌هاتنه هه‌ولێر که زۆربه‌یان هی لای خۆشناوه‌تی بوون، کوڕباز و ژنی لاونهوازه و هه‌موو مرۆڤه سه‌یره‌کانی کوردستان و بگره عێراق و میسریش بوو. رووداوه سه‌یره‌کانی شه‌وانه‌ی ئه‌و هوتێله بۆ من دڵفڕێن بوون. شه‌وانه دره‌نگ هه‌میشه ئه‌و شێته گه‌نج و جه‌سته ساغ و سه‌ر سفره، چورچه، که یه‌کێک له شێته سه‌یره‌کانی هه‌ولێر بوو، ده‌هات له‌و هوتێله بخه‌وێ. کاتێک ئه‌و پیاوه‌ی که له پهسگهی ئه‌و هوتێله کاری ده‌کرد، رێگای به چورچه شێت نه‌ده‌دا، چورچه‌ش ده‌یکرده رۆژی عه‌شر، هاواری ده‌کرد و شه‌ڕه قۆچانێی له‌گه‌ڵ دیوار ده‌کرد و تا ده‌رگای لێ نه‌کراباوه وازی نهدهێنا. زۆر گوناح بوو. ئه‌و کابرایه لیقنهی که خۆی هۆمۆسێکسوال بوو، هێنده بێ ره‌حم بوو، تا چورچه سه‌ری خوێنی لێنهچۆڕاباوه، نه‌یده‌هێشت بێته ژووره‌وه. کاتێک چورچه ده‌هاته ناو هوتێله‌که، من ده‌مهێنا بۆ ژوره‌که‌ی خۆمان، که وابزانم له‌و ژووره بچووکه‌دا سێ چوار که‌س بوو ده‌ژیاین. ئیتر چورچه ده‌ستی ده‌کرد به قسه سه‌یره‌کانی خۆی. یه‌کێک له‌و سه‌ربردانه‌ی که چورچه بۆی ده‌گێڕاینه‌وه، گانکردن بوو له‌گه‌ڵ ژنه هولێرییهکان. چورچه چونکه له‌شێکی تۆکمه و جوانی هه‌بوو، دیار بوو ئه‌و له‌شه رێک و سه‌ره سفره‌که‌ی بۆ ژنانی ئه‌وکات زۆر سێکسی بوو. چورچه رۆژانه به ناو کۆڵانی گه‌ڕه‌کانی "ته‌عجیل"، "عه‌ره‌بان"، "ناو قه‌ڵات" و ئه‌و ده‌وروبه‌ره ده‌سووڕایه‌وه، جا که چورچه، به تایبه‌تی نیوه‌ڕۆیان، به‌و کۆڵانانه تێده‌په‌ڕیی، ئه‌و ژنه ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ی که مێرده‌کانیان له ماڵ نه‌ده‌بوون، دهینابرده ژووره‌وه سواری خۆیان ده‌کرد. دیاره ئه‌و توێژه ده‌وڵه‌مه‌ند و تورکمانانه‌ی ناو هه‌ولێر هه‌میشه داخراون، بۆیه ژنه‌کانیان بواریان نه‌بوو وه‌ک ژنی گه‌ڕه‌که هه‌ژاره‌کانی تر بێنه ناو شار و چاوبازیی خۆیان بکه‌ن.
هه‌ره‌وه‌ک له‌و هوتێله‌دا پیاوێکی جوامێرم ناسی، که ناوی عه‌بدولڕه‌حمان بوو، بۆ ئه‌وکات سه‌رنجکێشترین مرۆڤی کورد بوو که ناسیبێتم. ئه‌و پیاوه به هۆی بێکهسییوه 20 ساڵ زیاتر بوو له ژوورێکی 10 یان 15 مه‌تری تاریک‌دا ده‌ژیا. عه‌بدولڕه‌حمان رۆژانه، به قسه‌ی خۆی، ته‌نیا دوو سه‌عات له نزیک پارێزگای هه‌ولێر کاری وێنگرتنی شه‌مسی ده‌کرد. نزیک نیوه‌ڕۆیان به خۆی بوتێلێک ئاره‌قه‌وه ده‌هاته‌وه و که‌مێک ده‌خه‌وت و پاشان تا ئێواره ده‌یخوارده‌وه. دوای ئه‌وه ده‌چوو بۆ "نادی مامۆستایان" و له‌وێ ده‌یخوارده‌وه و شه‌و به خۆی بوتێلێکی تری عاره‌قه‌وه ده‌هاته‌وه. ئه‌و کابرایه، ئه‌وکات، بۆ من زۆر سه‌رنجکێش بوو، چونکه دوای ئه‌وه‌نده خواردنه‌وه نه‌ک هه‌ر وه‌ک سه‌رخۆشان تێکندهچوو، به‌ڵکوو ده‌بوو به جوانترین قسه‌که‌ر و پیاوێکی هێمن. شه‌وانه ده‌چووم له‌گه‌ڵی داده‌نیشتم و ئه‌ویش باسی ژیانی خۆی بۆ ده‌گێڕامه‌وه. ژیانی سه‌یر و بێکه‌سی ئه‌و بۆ من له رۆمانێکی سه‌یر ده‌چوو. به کورتی یه‌که‌مجار له شه‌وێکی به‌هاردا لای ئه‌و پیاوه ئاره‌قم خوارده‌وه. دوای خواردنه‌وه که له حه‌وشه‌که‌ی هوتێله‌که، که وه‌ک بالکۆنێکی گه‌وره وایه، خه‌وتم، ته‌واوی شه‌و گێژ بووم. به‌یانی که هه‌ستامه‌وه، له‌سه‌ر قهلهوێرهکهم که‌وتبوومه سه‌ر زه‌وی. به‌هه‌مه حاڵ، چنینه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و چیڕۆکانه و کاریگه‌رییه‌کانیان له‌سه‌ر من، لێره‌دا باسناکرێن.
پیش ئه‌و ساڵه‌ی که هاتمه ئه‌و "هوتێل خانزاده"، له دیبگه پۆلی چواره‌می ئه‌ده‌بیی بووم. به‌ڵام کۆتایی ئه‌وساڵه، به هۆی فشاری ماڵه‌وه و بێپاره‌ییه‌وه، چووم بۆ "ئاماده‌یی برینپێچی" که له هه‌ولێر تازه ده‌ستپێکردبوو. گوایه دوای ته‌واوکردنی سێ ساڵ، ده‌متوانی یه‌کسه‌ر کار بکه‌م. من زۆر رقم له‌و خوێندنه ده‌بۆوه. چونکه حه‌زم ده‌کرد به‌شی ئه‌ده‌بی بخوێنم و دوای بچم له زانستگا ئه‌ده‌ب یان بابه‌تێک به دڵی خۆم بخوێنم. هه‌رچۆنێک بێت، له‌و ماوه‌یه‌ی که له‌و هوتێله‌دا ده‌ژیام، بێ پاره بووم، بۆیه ماوه‌ی ساڵێک به‌یانیان نابه‌دڵ بێ نان خواردن ده‌چوومه مه‌کته‌ب و ئێواران یان دوای مه‌کته‌ب گهزێکم ده‌خوارد. ئه‌وکات رۆسته‌م حه‌مه‌ده‌مین، که براده‌رێکی دڵسۆزی هاوپۆڵ هه‌بوو، که دوایش بووین به هاوخه‌بات و پێکه‌وه‌ش چووینه شاخ ، زۆر جار یارمه‌تی ئابووریی ده‌دام.
پاشان ئه‌و ساڵه له پشووی هاویندا چوومه بۆ به‌غدا و له‌وێ کارم کرد. به‌مجۆره بووم به خاوه‌ن که‌مێک پاره. پاییزه‌که‌ی که هاتمه‌وه، ماڵی خوشکێکم خانوویه‌کیان له گه‌ڕه‌کی "کوران" کڕیبوو که به هۆی نه‌فرۆشتنی خانووه کۆنه‌که‌یان، ئه‌و خانوویهیان بۆ من ئاوه‌ڵاکرد که لێی بژیم. هۆی ئه‌وه به‌وه‌بوو که گوایه من له‌و به‌ره‌ڵاییه رزگار ده‌که‌ن. ئه‌وکات ئاسایی نه‌وبوو له‌و گه‌ڕه‌که‌دا کوڕێکی لاو به ته‌نیا بژیت. له‌وێدا ماڵێک به‌رانبه‌ر ماڵه‌که‌ی من بوو، ئه‌و ماڵه کیژێکی ژیکه‌ڵه‌ی هه‌رزه‌کاریان هه‌بوو، ئاشقم بوو. ئه‌و کیژه رۆژانه ده‌هاته سه‌ر بانی ماڵه‌که‌یانه‌وه، که ده‌یڕوانییه ناو حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌ی من. راستییه‌که‌ی ئه‌و کیژه زۆر سه‌رکیش بوو، چه‌ندان به شه‌و و رۆژ له ده‌رگاکه‌ی ده‌دام و ده‌هاته لام. جا خۆشی له‌وه‌دا بوو، ئه‌و کچه حه‌زی له ده‌ستبازیی ده‌کرد، که‌چی من باسی کتێب و شۆڕشم بۆ ده‌کرد. ئه‌ویش ده‌یگوت تۆ چیت پێخۆشه من وا ده‌که‌م. جا من بۆ ئه‌وه‌ی لێم دوور که‌وێته‌وه، ده‌مگوت ئه‌گه‌ر بچمه شاخ له‌گه‌ڵ دێیت، ئه‌ویش ده‌یگوت من دڵم نایێ تۆ به ته‌نیا بژیت، کێت حه‌ز لێیه، دێم له‌گه‌ڵتدا. به‌ڵێ له‌و قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ندان کیژ و ژن ئه‌ڤینداریم کردووه، به‌ڵام من له ناخه‌وه مه‌یلێکم بۆ ژنهێنان نه‌بووه.
هاوکاتیش هه‌ر له‌و هوتێله و ئه‌و خانووه‌ی که ته‌نیا لێی ده‌ژیام، که‌وتمه ناو سیاسه‌ت و خه‌باتی نهێنییه‌وه. له‌وێدا نه‌خشه‌ی ئه‌وه‌مان هه‌بوو کیژی ده‌وڵه‌مه‌ندترین هه‌ولێر بفڕێنین و له ماڵه ته‌نیاکه‌ی مندا دیلی بکه‌ین، تاکوو پاره‌یه‌کی زۆر له باوکی وه‌ربگرین و بینێرین بۆ "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران"، که ئه‌وکات وا فێرکرابووین، کۆمه‌ڵه له یه‌کێتی جیاوازه! به‌هه‌مه‌حاڵ، من که له 1981 دا په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵ "کۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران" له لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه ئاشکرا بوو، له خوێندکاری پۆلی پێنجه‌می"ئاماده‌یی برینپێچی هه‌ولێر" بووم.
بۆ مه‌سه‌له‌ی ژنهێنان، که سۆراغی ده‌که‌ی، گوتم که من ئه‌و رۆژگاره، هه‌روه‌ک ئێستاش، روانینێکی زۆر ئیدیالانه یان رادیکالانهم هه‌بوو بۆ ژیان به گشتی و به تایبه‌تیش په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی. بۆیه ئێستاش له‌و چوارچێوه‌دا من ژنم نه‌هێناوه. به‌ڵام هه‌م له شاخ ئاشق بوومه و هه‌میش له‌وه‌ته‌ی له سوێد ده‌ژیم، به شێوازێکی ئاوه‌ڵا، هاوڕێیانه، له‌گه‌ڵ چه‌ندان ژن ژیاوم و ئیستاش ئازادانه له‌گه‌ڵ ژنێکی سوێدیی ده‌ژیم، که له خوێندنی فه‌لسه‌فه‌دا هاوپۆڵم بوو.
که‌واته من له کۆی ئه‌و "خه‌یاڵات و ئه‌زموون"نانه‌وه، له ئاوێته‌بوونێکی نێوان "خه‌یاڵ" و "تارماییه‌کی سه‌ربه‌خۆ"دا، شهبهنگگهلێکی بزواوم. به‌ڵام من، به پێچه‌وانه‌ی نه‌ریتی مێگه‌لیی نووسه‌ریی کورد، ئه‌وکاته بوونم ده‌ناسرێته‌وه، که شه‌و چاوی لێکنا؛ که بێده‌نگی ده‌ستیپێکرد. لێره‌وه من هه‌ر له منداڵییه‌وه وه‌ک چۆن دژی هه‌موو ههرارکیی، ده‌مڕاستیی دهسهڵاتدارهکانم، به هه‌مان شێوه‌ش مه‌یلێکم بۆ دهمڕاستیکردنی نییه. بۆیه له‌وێ، ئه‌و شه‌به‌نگه‌ی من، نامۆیه.
لێره‌دا، ئه‌گه‌ر نهمتوانێبێت به‌رسڤێکی ئه‌و "خه‌یاڵات و ئه‌زموونه" په‌رته‌وازانه چڕ بکه‌ینه‌وه، ده‌کرێ دوای ئه‌و گفتوگۆیه بهرههڵدراوهمان، به نیگایه‌ک له‌و کۆپلانهوه، به دیمانه شه‌به‌نگێک له‌و "خه‌یاڵات و ئه‌زموونانه"ه‌وه سێبووری خۆمان بده‌ینه‌وه:
"له گهڕانتدایه مانایه‌ک
له مانا و له یادتدایه کۆچه‌که‌ت.
باڵێک له رابردوو و
رۆچوونێک له دڵی داهاتوو:
جووته باڵێکه هه‌بوونی په‌یڤی من، ئاسۆکهم.
……..
ئازارێک له چریکه‌ی جه‌سته‌وه
نمایشێک له یادی شه‌ڕه‌کان،
لێره‌وه بۆ ئه‌وێ،
له خه‌ودا راده‌بی:
نه لێره و نه له‌وێی.
له نێوان دوو ماوه؛ دوو وڵاتی نامۆدا،
خه‌ونێکه په‌رت و بڵاو ده‌جمێ، ده‌په‌یڤێ:
ئه‌م منه! (هه‌روا باڵه دره‌وشاوه‌کان(