
ئه‌نفلۆنزای هه‌ڵبژاردن له کوردستاندا
عه‌دنان که‌ریم ( ئه‌حمه‌د معین )*
ئایاری 2009مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و سه‌رۆکی هه‌رێم باڵی کێشاوه به‌سه‌ر وتاری سیاسی سه‌رجه‌م کۆمه‌ڵگای کوردستانی‌دا. هۆی ئه‌وه‌ش په‌نهان نیه بۆ هه‌ر که‌سێک که ئاگاداری کون و که‌له‌به‌ره‌کانی ژیانی سیاسی ئه‌م ووڵاته بێت. جگه له‌وه‌ش ئه‌وه دیارده‌یه‌کی دروست و سازگاره گه‌ر به دابڕاو له‌هه‌موو فاکته‌ره‌کانی تر وه‌ریبگرین . به‌واتایه‌کی تر و به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئێستا چ جۆرێک له باوه‌ڕ وپلاتفۆرمی سیاسی له کوردستاندا ڕه‌واجی زیاتری هه‌یه ، به‌ڵام ئه‌م په‌رۆشی و گوێ قوڵاغیه بۆ ڕۆژژمێری هه‌ڵبژاردنه‌کان له کوردستان له‌لایه‌ن هاووڵاتی ساده‌وه نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه که گۆڕان و ئومێد به‌گۆڕان و به‌دیهێنانی ئاڵوگۆڕ له لایه‌نه جۆراوجۆره‌کانی ژیانی خه‌ڵکدا ، له‌وه زیاتر قابیلی دواخستن نین.
ئه‌ڵبه‌ته خه‌ڵکی کوردستان تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر و دووریان له‌م بواره‌دا نیه. ڕه‌نگ بێ ئه‌وه‌ش وا بکات که زۆر مه‌سه‌له و گه‌مه‌ی هێزه سیاسیه‌کان به‌سانایی به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕێت. جگه له‌وه‌ش به‌سه‌رنجدان له ریکلامی سیاسی زۆربه‌ی هێزه سیاسیه‌کانی گۆڕه‌پانی کوردستان و به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته و یا ئه‌وانه‌ی که ته‌ماحی ده‌سه‌ڵات وێڵی کردوون ، دیماغۆجیه‌تێکی سیاسی بێوێنه و پۆشته و په‌رداخ خۆی ئه‌نوێنێت. که‌س له‌بواری سیاسی‌دا ناتوانێت سه‌رزه‌نشتی هیچ هێزێکی سیاسی بکات که بۆ وا شه‌یدایی ده‌سه‌ڵات داویه‌تی له‌که‌لله‌ی . ده‌سه‌ڵات ناوه‌ڕۆک و تێزی سه‌ره‌کی سیاسه‌ته. به‌مانایه‌کی تر سیاسه‌ت کورتترین ڕێگه‌ی ئاڵوگۆڕه له‌سه‌رجه‌م بواره‌کانی تری چالاکی و بوونی کۆمه‌ڵایه‌تیدا. ئه‌وه‌نده‌یش که باسه‌که په‌یوه‌ندی به وتاری سیاسی باوی ئه‌م ماوه‌یه‌ی گۆڕه‌پانی سیاسه‌ت له‌کوردستانه‌وه هه‌بێت تازه‌یی مه‌سه‌له‌که خودی ریکلامی سیاسی لایه‌نه‌کان نیه به‌ڵکوو شێواز و مۆدێلێکه له خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی سیاسی که جیاوازه له ده‌وره‌کانی پێشووتری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له کوردستاندا.
تا ئه‌و جێیه‌ی به‌هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتداری هه‌رێمی کوردستان واته پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی ئه‌گه‌ڕێته‌وه ، که‌س ناتوانێت ئه‌و ڕاستیه بشارێته‌وه که شێوه و ناوه‌ڕۆکی پلاتفۆرمی سیاسیان له‌په‌یوه‌ند به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه ، به‌تووندی که‌وتۆته ژێر کاریگه‌ری 2 فاکته‌ر:
یه‌که‌م : له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یاریکه‌رێکی سیاسی تازه هاتۆته ناو گۆڕه‌پانی ململانێ و ژیانی سیاسی و حیزبی له کوردستاندا که ئه‌ویش لیستی گۆڕانه که گه‌رچی ڕه‌قیبی سه‌ره‌کی ئه‌م لیسته بریتیه له یه‌کیتی نیشتیمانی به‌ڵام پارتیش به‌تووندی که‌وتۆته ژێرکاریگه‌ری ئه‌م هاوکێشه سیاسیه تازه‌یه‌وه و دووکه‌ڵی ئه‌م ئاگره ئه‌چێت به لووتی ئه‌وانیشدا .
ڕیزبه‌ستنێکی سیاسی نوێ که به‌هاتنه‌مه‌یدانی باڵی ڕیفۆرم و لیستی گۆڕان هاتۆته ئاراوه یه‌کێتی و پارتی به‌ته‌واوی تووشی شپرزی و هه‌ناسه‌ته‌نگی سیاسی کردوه.
دووه‌م: کاسه‌ی سه‌بر و حه‌وسه‌ڵه‌ی خه‌ڵک پڕبووه له به‌رانبه‌ر به‌رنامه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی هه‌رێمی کوردستاندا. جه‌ماوه‌رێ به‌رینی خه‌ڵکی کوردستان 18 ساڵ ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی و پارتی به ماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌زانن که به‌تایبه‌تی له 6 ساڵی دوای ڕووخانی ڕژێمی عێراقه‌وه جگه له هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی گونجاوتر که بۆیان ڕه‌خسا ، ئیمکانات و داهاتێکی مالی زۆریشیان که‌وته به‌رده‌ست. ده‌سه‌ڵاتێک که به‌و بارودۆخه گونجاو و داهاته به لێشاوه‌وه ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاوی له ژیان و گوزه‌رانی ئه‌واندا به‌دی نه‌هێنابێت ، چیتر جێی متمانه نیه و ناکرێ پشت به‌به‌ڵێنه‌کانی 2 مانگ پێش هه‌ڵبژاردنیشی ببه‌سترێت.
کاریگه‌ری ئه‌و 2 فاکته‌ره ڕۆچووه به‌ناو هه‌موو جموجۆڵ و ڕاگه‌یاندنه سیاسیه‌کانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی یه‌کێتی و پارتیدا. ئه‌وان له هه‌موو که‌س زیاتر ئاگاداری میزاجی سیاسی و سایکۆلۆجیای سیاسی خه‌ڵکی کوردستانن. ده‌لیلی ئه‌وه‌ش زۆر ڕۆشنه : ئه‌وان زۆر له هه‌موو پسپۆرێ باشتر ئه‌زانن که چیان کردووه و بۆشایی نێوان خۆیان و خه‌لک چه‌ند گه‌وره‌بۆته‌وه. گه‌ر ئێمه نه‌زانین داهاتی کوردستان چه‌نده ئه‌وان به‌ژماره و دۆکیۆمێنت ده‌یزانن . گه‌ر ئێمه ورده‌کاری سیستمی ناڕه‌وای کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ستکردی ئه‌وان نه‌زانین ئه‌وان به‌هۆی جێ و شوێنیانه‌وه وه‌کوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار باش ئه‌زانن چ ناڕه‌واییه‌ک ده‌رهه‌ق به خه‌ڵک کراوه. بۆیه شپرزی و له‌نگی وتاری سیاسی ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و فاکته‌ره تازانه‌ی که له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا خه‌ریکن سه‌رده‌ردێنن. ئه‌و فاکته‌ره نوێیه‌یه که سه‌رتاخواری یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی به‌سیج کردووه تا ماشینی زه‌به‌لاحی ڕاگه‌یاندنی پشت به‌ستوو به ملیۆنه‌ها دۆلاری سه‌روه‌تی خه‌ڵک بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئاوه‌ژووکردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کان و شه‌رعیه‌تدان به سیاسه‌ته‌کان و کرده‌وه‌کانی تا ئێستایان . لایه‌نی سه‌رنج ڕاکێشی ئه‌و وتاره سیاسیه ئه‌وه‌یه که له‌به‌رانبه‌ر ده‌ریایه‌ک به‌ڵگه و مه‌نتیقدا که نیشانده‌ری ئه‌وه‌ن که ئه‌و ڕێبازه سیاسیه‌ی ئه‌وان تا سه‌رئێسقان ئازاری به‌خه‌ڵک گه‌یاندووه ، به‌ڵام هه‌ردوو حیزب و سه‌رکردایه‌تی یه‌ک زه‌ڕڕه په‌شیمانی نانوێنن و ئاماده‌ی پاشه‌کشه‌ی فۆرمالیش نین له‌و ڕووه‌وه . هه‌ر له لاپه‌ڕه‌کانی ئاوێنه‌وه مه‌لا به‌ختیار ، کارگێڕی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی ، له گفتوگۆیه‌کیدا به‌ئاشکرا و بێپه‌رده دیفاع له سیاسه‌ت نان بڕینی خه‌ڵک ئه‌کات وه‌کوو شێوه‌یه‌کی سزادان به‌هۆی هه‌ڵوێستی سیاسی هه‌رکه‌سێکه‌وه که نه‌یاری ئه‌مان بێت.
له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پێدراوه تازانه‌ی هاوکێشه‌ی سیاسی له کوردستاندا له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ، سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوولا شێوازێکی تریشیاین گرتۆته‌به‌ر. به پێی قسه‌کان وپروپاگه‌نده‌کانی ئه‌مان بێت کوردستان زۆر له سویسرا ئاوه‌دانتر و پۆشته‌و په‌رداختره . هه‌ر که‌س سه‌رنج بداته وتاری سیاسی ئه‌م ماوه‌یه‌ی پارتی و یه‌کێتی وا ئه‌زانێت که ئازادی بیروڕا ، سه‌ربه‌ست بوونی میدیا ، مافه سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ، یه‌کسانی و عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌ت ، ده‌سپاکی و نه‌زاهه‌ت ، نه‌بوونی بیرۆکراتیه‌ت و ڕۆتین و واسیته ، که‌سی گونجاو بۆ شوێنی گونجاو و سه‌رجه‌م مافه‌کانی تاک و کۆمه‌ل و مافه‌کانی خه‌ڵک به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌تی سیاسیه‌وه و .. تاد ، له کوردستاندا له‌سه‌رده‌ستی ئه‌مان به‌زیا‌ده‌وه دابین و فه‌راهه‌م کراون . ئه‌وان پێیان وایه هاووڵاتی کوردی ئه‌مڕۆ ، ئینسانی سه‌رده‌می په‌نجاکان و حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابووردوون . ئه‌وه له بیری خۆیان ئه‌به‌نه‌وه که ساڵانه هه‌ردوو ڕێکخراوی ئه‌منیستی ئینته‌رناشیناڵ و هیومان ڕایتس ووچ ( ته‌نها وه‌کوو 2 نموونه‌ی زه‌ق و دیار ) ڕاپۆرتی دوورودرێژیان له‌سه‌ر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و بوونی زیندانی نهێنی و ئه‌شکه‌نجه له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر ئه‌ماندا بڵاوکردۆته‌وه . ئه‌وان چاویان نووقاندووه سه‌باره‌ت به‌و هه‌موو ده‌نگ ناڕازیانه‌ی له دنیادا به‌رزبۆوه سه‌باره‌ت به یاسای فره‌ژنی که له‌په‌رله‌مانه‌که‌یانه‌وه ده‌ریان کرد . هه‌ر له‌کوردستاندا چه‌ندین ڕاپۆرت بڵاو بوونه‌وه سه‌باره‌ت به جیاوازی زۆری نێوان ژیان و داهاتی ده‌سه‌ڵاتداران و خه‌ڵکی ساده‌دا. که‌س دادگایی‌کردنی ڕۆژنامه‌ی هاووڵاتی له‌یاد نه‌چووه له‌سه‌ر شکاتی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نێشتیمانی .
به‌ڵام واش نیه که سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو هێزی ده‌سه‌ڵاتدار گوێی خۆیان له‌و ڕاستیانه خه‌واندبێت . وه‌کوو پێشتریش ووتم ئه‌وان له‌هه‌موو که‌س باشتر ئه‌زانن له‌سه‌ر چ به‌رمیلێکی بارووت نوستوون . هه‌ردوولا جگه له‌هه‌وڵێکی بێپه‌روا بۆ به‌گری له‌خۆیان و تۆماری ده‌سه‌ڵات و حیزبه‌کانیان به‌شی زۆرتری هه‌وڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه ته‌رخان ئه‌که‌ن که چۆن کاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی خه‌ڵک دابنێن و چۆن تای ته‌رازووه‌که له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به قازانجی خۆیان ڕاست بکه‌نه‌وه . بۆ ئه‌مه‌ش باش ئه‌زانن که خه‌ڵک به‌وشێوه به‌رگریه‌ی ئه‌وان بڕوا ناکات و ڕاستیه‌کان له‌وه به‌هێزترن که به‌و هه‌وڵانه په‌رده‌پۆشبکرێن . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ماوه‌ی ڕابووردوو په‌نایان بۆ شێوازێکی تریش بردووه . ئه‌م شێوازه‌شیان له‌ڕووی ناوه‌ڕۆکه‌وه له‌وی تریان باشتر نیه و ئه‌ویش بریتیه له به‌ڵێندان وهه‌ڵڕشتنی ده‌ریای به‌ڵێن و له‌م باره‌وه که‌وتوونه‌ته جموجۆڵێکی که‌م وێنه. ئه‌م که‌مپه‌ینی به‌ڵێندانه‌ی ئه‌مان که هه‌ندێکیان به به‌ڵێنی سیاسه‌تمه‌داره‌کانی ووڵاتانی ڕۆژئاوای دیموکراتی به‌راوردی ئه‌که‌ن ، به‌پێچه‌وانه‌وه زیاتر له که‌ره‌م و سه‌خاوه‌تی کۆمه‌ڵگای ده‌ره‌به‌گی وشێوازی خانه‌کان و عه‌قڵیه‌تی ئه‌و جۆره کۆمه‌ڵگایانه ئه‌چێت. من پێم وایه جگه له توێژیکی که‌می خه‌ڵک ، زۆربه‌ی هاووڵاتیانی کوردستان به‌م شێوازه‌ی ئه‌مان زیاتر په‌ی به‌و ڕاستیه ئه‌به‌ن که ئه‌مان بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ئاماده‌ن په‌نا بۆ هه‌ر شتێک ببه‌ن . ئه‌و ده‌زگا یا که‌سانه‌ی که شاره‌زای بواری که‌مپه‌ینی هه‌ڵبژاردنن و ئه‌م ڕێگه‌یه‌یان بۆ هه‌ردوو حیزبی ناوبراو داناوه زۆر به‌هه‌ڵه‌دا چوون له خوێندنه‌وه‌ی میزاجی خه‌ڵکی کوردستان له‌م قۆناغه‌دا . ئه‌و ڕێنماییه‌ی که ئه‌وان بۆیان داناون ڕه‌نگ با بۆ خولی پێشتری هه‌ڵبژاردنه‌کانی 2005 گونجاو بوایه له‌گه‌ڵ هاوکێشه سیاسیه‌کانی کوردستان و عێراق و میزاج وتاقیکردنه‌وه‌ی تائه‌و کاته‌ی خه‌ڵکدا . به‌ڵام بۆ ئه‌م خوله پێم وا نیه ئه‌میشیان فریای ڕاستکردنه‌وه‌ی تای ته‌رازووه‌که به قازانجی ئه‌مان بکه‌وێت.
په‌نابردن بۆ ئه‌م شێوازه له که‌مپه‌ینی سیاسی مان و ئاکامی زۆری هه‌یه و ده‌یبێ .
سه‌ره‌تا له‌باری ئه‌خلاقی و مه‌عنه‌ویه‌وه بۆ هێزێک یا ده‌سه‌ڵاتێک که 18 ساڵه سووکان به‌ده‌ستی ئه‌م سیسته‌مه‌ن ئه‌و پرسیاره دێته‌ئاراوه که بۆ ڕێک له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا ئه‌و هه‌موو به‌ڵێنه ئه‌ده‌ن و بۆ پێشتر جورێکی تریان ئه‌کرد؟ ئایا به‌تاقیکردنه‌وه‌ی تا ئێستای خه‌ڵک ئه‌مان ئه‌م به‌ڵێنانه ئه‌به‌نه‌سه‌ر یا گه‌ر سه‌رکه‌ون هه‌مووی ئه‌بنه بڵقی سه‌رئاو؟ تا ئێستا کێ ده‌ستیگرتبوون له ئه‌نجامدانی نیوه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ش نه‌ک هه‌مووی ؟ جگه له‌وه‌ش ئایا له‌باری ئه‌ده‌بی و یاساییشه‌وه ئه‌وان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵک بۆ ڕیکلامی سیاسی حیزب و لایه‌نه‌کانی خۆیان بخه‌نه‌گه‌ڕ به‌مه‌رجێک ڕاستیش نه‌بن ؟ ئایا هه‌مان ئه‌و لایه‌نانه هه‌ر ئێستا و ڕۆژانه هه‌ڕه‌شه‌ی نان بڕین و گوێ بادان له‌و که‌سانه ناکه‌ن که به‌ئاشکرا هه‌ڵوێستی سیاسی خۆیان له‌پێشه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ویستی ئه‌مان یه‌کلاکردبێته‌وه؟ ئه‌مانه وده‌یان پرسیاری تر به‌په‌یوه‌ند به کارکردی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار له میانه‌ی که‌مپه‌ینی ئه‌مساڵی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستاندا خۆیان ئه‌سه‌پێنن.
له‌ترادیسیۆنی ژۆرنالیستی لوبناندا به‌و شیوازه ئه‌ڵێن به‌کارهێنانی پاره‌ی سیاسی ( المال السیاسی ) و هه‌ر ئێستا له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئه‌و ووڵاته‌دا که بڕیاره مانگی حوزه‌یران ئه‌نجام بدرێت یه‌کێک له کێشه ئه‌ده‌بی و یاسایی و مه‌عنه‌ویه‌کانی سیستمی سیاسی ئه‌و ووڵاته‌یه. ڕه‌نگ بێ ته‌نها جیاوازیه‌کی نێوان ئه‌و 2 دیارده‌یه له لوبنان و کوردستاندا ئه‌وه بێت که سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ( پاره سیاسی ) یه‌ی لوبنان کیسه‌ی سعد الحریری و نجیب المیقاتی بێت که 2 که‌س له قوتبه‌کانی سیاسی ئه‌و ووڵاته و له‌هه‌مان کاتدا دوان له ملیاردێره به‌ناوبانگه‌کانی دنیان به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی لێره بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانه که به هۆی تێکه‌ڵکردنی به‌رنامه‌داڕێژراوی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حکوومه‌ته‌وه ئه‌مان به‌ئاسانی بتوانن بۆ ئامانجی تایبه‌تی خۆیان به‌کاری بهێننه‌وه . لێره‌شه‌وه جارێکی تر هه‌م بایه‌خی ئه‌و شیعاره زه‌قتر ده‌رئه‌که‌وێ که زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان پێی له‌سه‌ر دائه‌گرن و هه‌م یه‌کێتی و پارتیش به ئاشکرا و نهێنی هه‌وڵی به‌تاڵکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ن له‌مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی : جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حیزب و حکوومه‌ت !!. * له‌چه‌ند ساڵی ڕابووردوودا به‌شێوازی نووسین ، سیمینار ، به‌شداری له کۆنگره و کۆنفرانس و کۆڕ وکۆمه‌ڵی جۆراوجۆر‌و دا له‌ژێرنازناوی ئه‌حمه‌د معین دا درێژه‌م به‌چالاکی سیاسی و فه‌رهه‌نگی خۆم داوه. من سه‌رباری پێداگرتن له‌سه‌ر لێپرسراوه‌تی ته‌واوم سه‌باره‌ت به هه‌موو ئه‌و چالاکیانه‌ی که‌به‌و ناوه‌وه کردومه له‌مڕۆدا به‌ناوی خۆم عه‌دنان که‌ریمه‌وه درێژه به‌چالاکیه‌کانم له‌و بوارانه‌دا ئه‌ده‌م. عورفی سیاسی و ئه‌ده‌بی وا پێویست ئه‌کات ئه‌و سه‌رنجه بۆ ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نم گه‌رچی له ئاستێکی فراوانیشدا ئاشکرا بووبێت که ئه‌و دوانه ناوی یه‌ک که‌سایه‌تین.