
ئیێران و ئه‌گه‌ری ڕیفۆرمكـــردنی كۆمه‌ڵگـه‌ی ئـــایینی!
سازدانی: كریستیانه هۆفمان
وه‌رگێڕانی له‌عه‌ره‌بیه‌وه: بڕوا عهلادینبۆ چه‌ندین ساڵ ده‌چێت، له‌ئێران بایه‌خێكی زۆر به‌فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌ڵمانی ده‌درێت. یه‌كێك له‌و فه‌یله‌سوفانه‌شی كه خه‌ڵكانێكی زۆر گرنگی پێده‌ده‌ن، یۆرگن هابرماسه. ئه‌م فه‌یله‌سوفه هه‌فته‌یه‌كی له‌ئێران برده سه‌ر، له‌سه‌ر داوای بانگهێشتكردنی له‌لایه‌ن "سه‌نته‌ری دیالۆگی ژیاره‌كان" ه‌وه كه سه‌رۆك خاته‌می دایمه‌زراندوه. پاش گه‌ڕانه‌وه‌شی له‌ئێران، هابرماس كه‌وته وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه سه‌باره‌ت به‌گه‌شته‌كه‌ی.
ئه‌و سه‌رسوڕمانی خۆی باسكرد به‌رامبه‌ر جیاوازی تێڕوانینیان سه‌باره‌ت به‌سیستمی ئایینی له‌زۆربه‌ی ئه‌و گفتوگۆ و مشتومڕه ڕه‌سمی و ناڕهسمیانهدا كه فه‌یله‌سوف و سۆسیۆلۆژیست و رۆژنامه‌گه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌كان له‌گه‌ڵیدا باسیانكردبوو.
له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆردا و له‌جێگه‌یه‌كی زۆر سیمبولیی كۆماری ئیسلامی وه‌ك "زانكۆی تاران" دا كه هه‌میشه یه‌كێك له‌ئایه‌توڵڵا ڕاسپێردراوهكان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئایینییه‌وه نوێژی جومعه‌ی تێداده‌كات، هابرماس باسێكی به‌ناوی "عه‌لمانیه‌ت له‌كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوایی پۆست عه‌لمانییه‌ت" ه‌وه پێشكه‌شكرد. جێگه‌كه هێند قه‌ره‌باڵغ بوو، ته‌نانه‌ت خوێندكاران له‌به‌رده‌م هۆڵی وانهوتنهوهكانیشدا ڕاوه‌ستابوون و بهكهفوكولێكی زۆره‌وه مشتومڕیان بوو. رۆژنامه‌گه‌ریی ئێرانییش زۆر به‌وردی باسی لێكچهرهكانیان كرد و به‌ستیانه‌وه به‌بارودۆخی سیاسی هه‌نوكه‌ی ئێرانه‌وه. ته‌نها رۆژنامه‌گه‌ری دژ به‌ڕیفۆرم ڕه‌خنه‌یان لێگرت و باسی لێدوانه كۆنه‌كانی هابرماسیان كرده‌وه كه په‌یوه‌ستبوو به‌كێشه‌ی "سه‌لمان روشدی" یه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی تاوانباركردنی "عه‌تا ئه‌ڵڵا موهاجرانی" وه‌زیری پێشوی رۆشنبیری كه ئه‌وه بۆ ساڵ و نیوێك ده‌بێت به‌هۆی سیاسه‌ته لیبراڵییهكهیهوه ده‌ستی له‌كار كێشاوه‌ته‌وه.كریستیانه هۆفمان: چ شتێك وایلێكردیت بچیت بۆ ئێران، به‌تایبه‌تی له‌م كاته‌دا؟
هابرماس: حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی سه‌ره‌تاماندا تێپه‌ڕی. دواجار پایزی پار له‌ڕێی ئه‌و گفتوگۆ و مشتومڕانهوهی كه له‌گه‌ڵ هه‌ندێك هاوڕێی ئێرانی‌دا ئه‌نجاممدا، بڕیارمدا له‌و شوێنه گونجاوه‌دا ئاماده‌بم كه ئه‌وان بۆم ده‌ستنیشانده‌كه‌ن. وه‌زیری پێشوی رۆشنبیری ئێران "عه‌تا ئه‌ڵڵا موهاجرانی" كه نزیكیشه له‌سه‌رۆك "خاته‌می" یه‌وه، له‌سه‌رده‌می پۆستی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا ململانێیه‌كی توندی بوو بۆ ئازادكردنی رۆژنامه‌گه‌ری لهكۆتوپێوهندهكان. جارێك "نه‌جیب مه‌حفوز" یش وتبووی: " تا له‌ژێر پێی ئه‌وانی دیكه‌دا نهپلیشێینهوه، خۆرئاوا بایه‌خ بهمێشكمان ده‌دات".
كریستیانه هۆفمان: تۆ چاوه‌ڕوانی چیت ده‌كرد، ئه‌ی گومانت له‌چی بوو؟
هابرماس: بێگومان كه‌سێك نا‌بینیت پێیخۆشبێت ئه‌م فرسه‌ته به‌مه‌به‌ستی ریكلامكردن له‌لایه‌نێكی هه‌ڵه‌وه بۆ خزمه‌تی ئامانج و كێشه‌یه‌كی هه‌ڵه بقۆزرێته‌وه و بهكارببرێت. پێشتر ئیمه‌یڵێكم له‌لایه‌ن خوێندكارێكی ئێرانی خۆمه‌وه بۆ هات كه لهشیكاغۆ ده‌ژی، نامه‌كه‌ی یه‌كپارچه دوودڵی و ڕاڕایی بوو سه‌باره‌ت بهچوونم بۆ ئێران. ئه‌مه جگه له‌لیستی زیندانه سیاسییه‌كان كه رۆژ به‌رۆژ له‌زیادبووندایه. وه‌ك چۆن نامه‌یه‌كم له‌ژنه‌كه‌ی "خه‌لیل رۆستهمخانی" یه‌وه پێگه‌یشت كه چه‌ندین ساڵه زیندانیكراوه. سه‌نته‌ری یانه‌ی قه‌ڵه‌می ئه‌ڵمانیش پێی ڕاگه‌یاندم كه به‌م زوانه رۆژنامه‌نوس "سیاماك بورزهند" ی ته‌مه‌ن هه‌فتا ساڵ، فه‌رمانی زیندانیكردنه‌وه‌ی حه‌وت ساڵی دیكه‌ی به‌سه‌ردا دراوه.
كریستیانه هۆفمان: ئه‌ی ئه‌مجاره‌یان نه‌ترسایت؟
هابرماس: بێگومان نا‌توانیت پاساو بۆ ئه‌و جیاكاریه یاساییه بهێنیته‌وه كه به‌رامبه‌ر به‌مافی ئافره‌ت و ڕاوه‌دونانی سیاسییانه‌ی ئۆپۆزسیۆن و پشتگیریكردنی "حیزبوڵڵا" پیاده ده‌كرێت، ئه‌مه له‌حاڵه‌تێكدا كه ئه‌گه‌ر ئه‌و زانیارییانه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسیانده‌كات ڕاستبن. ئه‌و لافیتانه‌ی كه وێنه‌یه‌كی قه‌باره ئاسایی كه‌لله‌سه‌ری هه‌ردوو مورشیدهكهی شۆڕشی ئیسلامی‌یان له‌سه‌ر كێشرابوو، كۆماری ئه‌ڵمانیای رۆژگاری هۆنیكهریان ده‌هێنایه‌وه یادم و هه‌ر له‌یه‌كه‌م نیگاوه شۆكیان ده‌كردم و هه‌روا دۆشدادهمام. به‌ڵام سیمای شه‌هیده‌كان له‌سه‌ر وێنه لهزگهییهكان به‌هایه‌كی دیكه‌ی هه‌بوو، چونكه له‌هه‌موو شه‌قامه‌كانی تاران و هه‌موو جێگه‌كانی شاردا ئه‌و كه‌سانه‌ی بیرده‌خستینه‌وه كه كوژراو و قوربانیه‌كانی جه‌نگه درێژخایه‌نه‌كه‌یان بوو له‌گه‌ڵ عێراقدا. له‌و سه‌نته‌ره كولتورییهیشدا كه بێهیچ ڕاگه‌یاندنێك چوینه ناوی، دیمه‌نێكی سه‌یر و سه‌مه‌رم بینی كه وه‌ك دیمه‌نی محه‌مه‌د وابوو له‌به‌رده‌م مه‌ككه‌دا: ڕاسته‌وخۆ شانۆگه‌ری ئازاره‌كانی مه‌سیحم بیركه‌وته‌وه لهئۆپێراكاندا. دیاره ئه‌م تێبینیانه‌ی سه‌ره‌تا مرۆڤ دوودڵ و ڕاڕا ده‌كات. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و حوكمه پێشوه‌ختانه‌ی له‌كاتی گه‌شتێكدا بۆ شوێنێك پێته و بیریان لێده‌كه‌یته‌وه، پاشتر ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ژیانه ئاساییه‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌وه كه زۆر كهللهڕهقانه سنوره‌كانی هه‌موو سیستمێك ده‌به‌زێنێت. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌ی كه من بینیم و له‌گه‌ڵ رۆشنبیران و هاوڵاتییه‌كانی شاره‌كه‌دا بێهیچ ترس و دوودڵییه‌ك و زۆر هۆشیارانه باسمان لێ‌كرد، وێنه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگه بێده‌نگكراوه نه‌بوو كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ره‌وه ئاڕاستهدهكرێت و وه‌كو بارودۆخی ئاسایشیش سه‌رجه‌می سوچ و په‌ناكانی كۆنترۆڵكراوه. ئه‌و ده‌زگا په‌رشوبڵاوه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش كه هه‌یه، به‌رله‌وه‌ی هه‌موو كۆمه‌ڵگه كۆنترۆڵبكات و به‌سه‌ریدا زاڵ‌بێت، ده‌كه‌وێته نێو ئه‌و دینامیكییهته نێوخۆییه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه كه به‌سه‌ر زیاد له‌سه‌نته‌ر و كه‌نارێكدا دابه‌شبووه. دیاره ئێستا به‌بۆنه‌ی دوودڵی ریفۆرمیستهكانهوه، هاوڵاتیانیش زۆرتر دوودڵ و ڕاڕان. یه‌كێك له‌و براده‌ره لاوانه‌م كه مامۆستای زانسته سیاسیه‌كانه و له‌و گروپه‌دا ناسیم كه رۆشنگه‌ر و هاوسۆزی ئه‌زموونی ئه‌مریكان، هه‌میشه باسی ئه‌وه‌م بۆ ده‌كات كه سه‌رباری هه‌موو مه‌ترسی و نالهبارییهكانی بارودۆخه‌كه، به‌ڵام هه‌ر لهشیكاغۆوه ده‌گه‌ڕێته‌وه تاوه‌كو وانه بڵێته‌وه. ئه‌مێستا له‌ئێراندا لانیكه‌م ڕایه‌كی گشتی سیاسی پڕ لهكهفوكوڵ و حه‌ماسه‌ت هه‌یه بۆ گفتوگۆ و ئارگیومێنت.
كریستیانه هۆفمان: ئه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ست و تابۆیانه‌ی لهقسهكانتدا بهریانهكهوتیت چی بوون؟
هابرماس: ئه‌و براده‌رانه له‌گفتوگۆكانیاندا زۆر مولته‌زیم و شاره‌زابوون، هه‌ر بۆیه بێهیچ كێشه‌و ئاڵۆزییه‌ك زۆر گفتوگۆ و مشتومڕی وروژێنه‌ر و جه‌وهه‌ریمان ئه‌نجامدا. ته‌نانه‌ت له‌كایه‌ی سیاسیش‌دا هیچ جۆره كاردانه‌وه‌یه‌كی نێگه‌تیڤم نه‌بینی. هه‌ندێك جار باسی مافی بوونی ئیسرائیلمان ده‌كرد، وه‌ك چۆن باسی ئه‌و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی سیستمه‌كه‌مان ده‌كرد كه زیندانیكرابوون. سنووره زاتییه‌كان شتێكن كه مرۆڤ به‌چاو نایانبینێت و ههستیانپێناكات. شتێك كه وه‌ك كۆسپێك بهریكهوتم، مه‌لایه‌كی گه‌نج بوو كه له‌مۆنتریال دكتۆرای هێنابوو وه له‌شاره موقه‌ده‌سه كۆنه‌كه "قوم" ه‌وه هاتبوو كه كۆلیـژی مه‌ڵبه‌ندی فێركاری پیاوانی شیعه‌ی تێدایه. ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا كوڕه‌كه‌ی و سێ برای موسوڵمانیشی هێنابوو كه یه‌كێكیان ئه‌مریكی بوو، هه‌روه‌ها پرسارێكی زۆر گرنگی ئاڕاستهكردم. پرسیاره‌كه‌ی په‌یوه‌ست بهپێشنیارهكهمهوه سه‌باره‌ت به‌وه‌رگێڕانی ناوه‌رۆكه ده‌لالییه‌كانی زمانی ئایینی بۆ زمانێكی فه‌لسه‌فی یان دنیایی. ئه‌و وتی باشه و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌مه‌دا نیه، به‌ڵام داخۆ ئه‌و كاته هه‌موو جیهان به‌ناوی ئایینه‌وه تاریكناكهن؟ ئیدی كه‌شوهه‌وای گفتوگۆكه تێكچوو، چونكه منیش لێم‌پرسی: بۆچی ئیسلام پشت به وشه نابه‌ستێت وه‌ك نێوه‌ندێك و واز له‌ئامرازه‌كانی به‌زۆر سه‌پاندنی ڕقی سیاسی بهێنێت؟ ئه‌وه بوو ئه‌و میوانه زۆر نه‌رمونیان و به‌ڕێزه به‌پاساوێكی ئایینی زۆر ڕه‌ق و توندوتیـژهوه وه‌ڵامی دامه‌وه. ئه‌وه چركه‌ساتی په‌رده‌هه‌ڵماڵینی بوو له‌سه‌ر ڕاستییه دۆگماییهكانی. دواجار له‌كۆتایی گفتوگۆكه‌دا "ئایه‌توڵڵا شێخ" كه زۆر به‌ئارامی و بێده‌نگ گوێی لهقوتابیهكهی گرتبوو، بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی كه‌شوهه‌وای گفتوگۆكه كتێبێكی دامێ. سه‌نته‌ره‌كه‌یان كتێبێكی دانابوو كه له‌لایه‌ن "سه‌نته‌ری پاراستنی تێكسته ئایینییه كۆنه‌كان" لهئهمریكاوه وه‌رگێڕدرابوو بۆ ئینگلیزی. پاش كه‌مێك بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و كتێبه وه‌ك هه‌ر تێكستێكی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست ده‌خوێنرێته‌وه. له‌گفتوگۆكه‌ی پاشتریشدا یه‌كێك له‌و براده‌رانه‌ی كه سه‌رقاڵی كاری فه‌لسه‌فی بوو، هه‌وڵیدا به‌ڵگه‌یه‌كم بۆ بهێنێته‌وه كه مه‌لاكه‌ی پێشوو پشتی پێبه‌ستبوو، به‌قسه‌ی خۆی ده‌یویست چه‌مكه‌كه‌ی "ماكس فیبه‌ر" ده‌رباره‌ی ئه‌قڵانیه‌تی خۆرئاوا ڕێكبكاته‌وه و ده‌یگوت: ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی وا له‌په‌ره‌سه‌ندنی مۆدێرنه‌ی ئه‌وروپی ده‌ڕوانن كه گوایه له‌چاو كولتوره گه‌وره‌كانی دیكه‌دا ڕه‌فتارێكی زۆر تایبه‌تیه، پێویسته مرۆڤ به‌رله‌وه‌ی كه له‌ئیسلام ڕابمێنێت و لێیوردبێتهوه، له‌كێشه و قه‌یرانه باتۆلۆژییهكانی بكۆڵێته‌وه. ئایا ئه‌مه ئێدوارد سهعیدێكی ئاوه‌ژوو نییه؟ من ده‌ڵێم له‌به‌رامبه‌ر تێڕوانینه كه‌مته‌رخه‌م و كهموكوڕهكهماندا بۆ خۆرهه‌ڵات، له‌وبه‌ریشه‌وه خۆرئاواناسییهك له‌گۆڕێیه. له‌ڕاستیدا ئه‌م دۆخه زهیینییه هیچ مۆركێكی تایبه‌تی نییه له‌چاو ئه‌و بارودۆخه ئهكادیمییهدا كه له‌تاران بینیمان.
كریستیانه هۆفمان: ئایا چۆن ئه‌و گفتوگۆ فه‌لسه‌فی و سۆسیۆلۆژییانه‌ی خۆرئاوا له‌خزمه‌تی گفتوگۆ ئایینی ـ فه‌لسه‌فییه‌كانی ئێران‌دا به‌كارده‌هێنیت و تهوزیفیدهكهیت؟
هابرماس: ئه‌گه‌ر مرۆڤ سهفهریكرد و كه‌ره‌سته‌یه‌كی فیكری كه‌می پێ‌بوو، ئه‌وا هه‌ر زوو ده‌كه‌وێته نێو ئاژاوه و گێژاوی ئه‌و بارودۆخی تێگه‌یشتنه‌وه كه ده‌بێت رۆڵی به‌ربه‌رییه‌كانی تێدا ببینێت: به‌و مانایه‌ی ئه‌وان زیاتر له‌ئێمه تێده‌گه‌ن نه‌وه‌ك ئێمه له‌وان تێبگه‌ین. ئه‌و سۆسیۆلۆژیستانهیان كه زۆربه‌یان له‌فه‌ره‌نسا وانه‌یان خوێندوه، ئاگاداری هه‌موو په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌مریكان. لهفهلسهفهشدا بایه‌خێكی زۆر ده‌ده‌ن به "كانت" و "شیكه‌ره‌وه ئهنگلۆساكسۆنییهكان" و پره‌نسیپه‌كانی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی هاوچه‌رخ. به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه پارێزگاریكهر له‌و ململانێ فیكرییانه‌ی كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ڕای گشتی هه‌یه، له‌سه‌رچاوه‌ی دیكه‌وه دێن. له‌نه‌وه‌ده‌كاندا "مارتن هایدگه‌ر" و "كارل پۆپه‌ر" سه‌رچاوه‌ی خاڵه سه‌ره‌كییه‌كانی گفتوگۆی نێوان "ره‌زا داوه‌ری ئه‌ركانی" و "عه‌بدولكه‌ریم سروش" بوون كه ئێستا "داوه‌ری" سه‌رۆكی ئه‌كادیمیای زانسته‌كانه و به‌لایه‌نگری "پۆستمۆدێرنه" حیسابدهكرێت. ئه‌و به‌رله‌هه‌موو شتێك، پشتی به دوا كاریه‌كانی "هایدگه‌ر" به‌ست سه‌باره‌ت به شیكردنه‌وه‌ی "جه‌وهه‌ری ته‌كنیك" و به‌ستنه‌وه‌ی بهڕهخنهیهكی نێوخۆییه‌وه لهمۆدێرنهی خۆرئاوا. به‌ڵام "سروش" كه ئێستا میوانی وه‌رزێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی زانكۆی هارڤارده، حه‌زی به‌ئاڕاسته‌یه‌كی سۆفیزمی دیاریكراوی ئیسلامه‌و وه‌ك یه‌كێك له‌لایه‌نگرانی "پۆپه‌ر"، داوای جیاكردنه‌وه‌یه‌كی پێودانگئاسای ئایین ده‌كات له‌زانست. ئه‌گه‌ر به‌باشی له‌جه‌وهه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له‌یه تێگه‌یشتبێتم ئه‌وا ده‌ڵێم "داوه‌ری" وه‌ك قسه‌كه‌رێكی فه‌لسه‌فی به‌ڵام به‌زمانی ترادسیۆنی شیعه‌وه ده‌دوێت، له‌كاتێكدا "سروش" ئه‌مڕۆش وه‌ك جاران ـ به‌ڵام بهكاریگهرییهكی كه‌متره‌وه ـ داوای جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ده‌زگایی ده‌كات له‌نێوان سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئایینییدا. زۆر دڵم خۆش‌بوو كه له‌یه‌كه‌م رۆژی چاوپێكه‌وتنه ڕهسمییهكهدا و له‌نێو تهمومـژی هه‌موو ده‌نگه‌كاندا ناوێكم بیست كه ده‌یه‌وێت قسه‌بكات: ئه‌ویش "داوه‌ری" بوو. داوه‌ری وتی چه‌مكی ئه‌و ئه‌قڵه‌ی له‌سایه‌ی میتافیزیكای خۆرئاواییدا گه‌شه‌یكردووه، زۆر له‌وه به‌رته‌سكتره بتوانێت هه‌موو ئه‌و توانا پێشبینیئامێزو حهدسییانه بگرێته‌خۆ كه له‌سنوری شته زۆر ئه‌قڵانییه‌كان لاده‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش بوارێكی باش بوو بۆ ئارگیومێنت سازكردن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چۆن ده‌بێت مرۆڤ زۆر به‌ئاسانی ئه‌قڵ و ئه‌قڵی پۆزه‌تیڤیزم یه‌كسان بكات به‌یه‌ك. به‌ڵام ئه‌وه بوو گفتوگۆكه زۆری نه‌خایاند چونكه براده‌رێك شێواندی و پرسیاریكرد له‌كێشه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ وتی: ئایا ده‌بێت هاوه‌ڵانی "راوڵس" سه‌رباری مێژووه خۆرئاواییهكهیان هه‌قی ئه‌وه به‌خۆیان بده‌ن كه ئه‌و ئایدیایه به‌سه‌ر هه‌موواندا بسه‌پێنن؟ ئه‌وه وه‌رگێڕی كاره‌كانی "كارل پۆپه‌ر" بوو كه ئه‌م پرسیاره‌ی كرد، منیش وه‌ڵامێكی كانتیزمانهم دایه‌وه. ئیدی سه‌رله‌نوێ و به‌بێئه‌وه‌ی كه‌س مه‌به‌ستی بێت، كه‌شوهه‌وای كۆنی گفتوگۆكه‌ی نێوان ئایدیاكانی هایدگه‌ر و پۆپه‌ر دووباره‌بۆوه.
كریستیانه هۆفمان: بۆچی تا ئێستایش له‌ئێراندا ـ به‌هۆی رۆشنگه‌ری و عه‌لمانیه‌ت و ده‌ستوره‌كان و گه‌رانتی ئازادی بیروڕاوه له‌ئه‌وروپا ـ ئه‌م تهنگـژانه چاره‌سه‌ر نه‌كراون، مه‌به‌ستم په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و ئاین و كۆمه‌ڵگه و ئایینه؟
هابرماس: هه‌ر دوو ئه‌و لێكچهرهی كه پێشكهشمكردن به‌جه‌ماوه‌ری گشتی، تایبه‌ت بوون به‌م پرسیاره. به‌ڕاستی سه‌رم سوڕما كه بینیم له‌و نێوه‌نده به‌رفراوانه‌ی زانكۆدا كه‌س باس له‌بنه‌ماكانی سیۆكراتیزم ناكات!
كریستیانه هۆفمان: ده‌توانیت به‌دیاریكراوی ڕوونیبكهیتهوه كه مه‌به‌ستت چییه؟
هابرماس: ده‌سه‌ڵاتی ئایینیی ڕێگه بهكهمیینه ئایینییه‌كانی وه‌ك زه‌راده‌شتی و یه‌هودی و مه‌سیحییه‌ت ده‌دات به‌ئاشكرا سروتهكانیان پیاده‌بكه‌ن، واته ئه‌وانه‌ی كه كه‌وتونه‌ته پێش سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامه‌وه، به‌ڵام بۆنمونه ڕێگه بهكهمینهی به‌هائییه‌كان نادات. له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر هه‌موو هاوڵاتیاندا زاڵده‌كات، به‌موسوڵمان و ناموسوڵمانهكانیشیهوه ، ئه‌و شێوازی زیندهگییهیان به‌سه‌ردا زاڵده‌كات كه شه‌ریعه‌تی ئیسلامی چه‌سپاندویه‌تی. ئه‌مه‌ش خۆی ئه‌و پرسیاره ده‌هێنێته گۆڕێ كه داخۆ ئایین به‌وازهێنانی له‌ده‌سه‌ڵاته سیاسییه‌كه‌ی، ده‌توانێت له‌داڕشتنی مۆدێلێكی زینده‌گیدا هێزه‌كه‌ی بپارێزێت، واته ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ویـژدانی ئه‌و تاكهكهسهدا گفتوگۆبكات كه سه‌ر بهتایفهكهی خۆیه‌تی و ناڕاسته‌وخۆیش كاریگه‌رییه سیاسییه‌كه‌ی له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و فرهدهنگییهدا پراكتیزهبكات كه له‌سایه‌ی ڕایه‌كی گشتی لیبراڵیدایه؟ به‌ر له‌هه‌ر شتێك، گفتوگۆكه‌مان له‌سه‌ر توانای ئه‌گه‌ری گوێزانه‌وه‌ی نمونه‌ی ئه‌وروپی و به‌ستنه‌وه‌ی بوو بهكۆنزێنس "سیاق" ه تایبهتیهكهیهوه. ئایا ئه‌و فره‌ده‌نگییه ئایینییه‌ی یاسا گه‌رانتی بوونیه‌تی، دیارده‌یه‌كی خۆرئاواییه؟ ئه‌ی ئایا فره‌ده‌نگی پابه‌نده به‌هه‌لومه‌رجی سه‌رهه‌ڵدانه مێژووییه‌كه‌یه‌وه، یان چاره‌سه‌رێكی ماقوڵمان ده‌داتێ بۆ كێشه‌یه‌ك كه ئه‌مڕۆ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنن؟ ئایا نابێت كولتوره‌كانی دیكه‌یش لانیكه‌م چاره‌سه‌رێكی هاوشێوه بدۆزنه‌وه؟
كریستیانه هۆفمان: له‌چاوپێكه‌وتنه‌كانی ئێرانتدا مرۆڤ وا هه‌ستده‌كات ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ریفۆرمی پرۆتستانتی، یان ڕات وایه كه ئه‌و جۆره پرسیارانه لهئهوروپایشدا هه‌ن؟
هابرماس: ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هۆشیارییه ئایینییه‌ی كه له‌ناو چوارچێوه‌ی تایبه‌تمه‌ندی مۆدێرنه‌دا دێته‌دی، كێشه‌یه‌كه كه ده‌بێت له‌ناوه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت. به‌ڵام ئایا ئیسلام چۆن ئه‌م پێكهوهگونجانه به‌دیده‌هێنێت، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كه تایبه‌ته به‌ئێمه له‌ئه‌وروپا، چونكه ئێمه ته‌نها نیمچه چاره‌سه‌رێك بۆ تایفه ئیسلامییه‌كانمان نادۆزینه‌وه. پێویسته هاوڵاتیانی ده‌وڵه‌ت بتوانن به‌توانای ده‌رككردنی سوبێكتی خۆیان پره‌نسیپه‌كانی ده‌ستور قبوڵبكه‌ن، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بڕوایشم وایه كه ده‌بێت جه‌خت بكرێته سه‌ر ململانێ ئایینییه‌كانی نێو ئیسلام خۆیشی. ئه‌مڕۆكه كه‌سانی ئایینی وه‌ك "محه‌مه‌د موجته‌هید شابستاری" هه‌ن كه ڕه‌خنه‌گری مه‌زنن و ڕۆڵێكی گهروهیان هه‌یه ته‌واو وه‌ك ئه‌و ڕۆڵه‌ی كه فه‌یله‌سوفی دونیایی "سروش" له‌نه‌وه‌ده‌كاندا هه‌یبوو. با ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت كه "شابستاری" چه‌ند ساڵێك له‌هامبۆرگ ژیاوه و بهئهڵمانییهكی ته‌واو قسه‌ده‌كات. ئه‌و سه‌ر به‌قوتابخانه‌ی ترادسیۆنالی هێرمۆنۆتیكایه و وه‌ك ڕاڤه‌كاری وه‌حی ده‌ڕوانێته كه‌سی خاوه‌نباوه‌ڕ، به‌شێكی زۆری به‌ڵگه و سهلماندنهكانیشی خاوه‌ن مۆركێكی پرۆتستانتین له‌دژی باڵاده‌ستی ئهرسۆزیكسی. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌و جهختهكاتهوه سه‌ر خودی مرۆڤ وه‌ك جێگه و سه‌رچاوه‌ی ئایینیی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌وڵده‌دات به‌هۆی تێگهیشتنهكهیهوه له‌په‌یوه‌ندی دیاله‌كتیكی نێوان دۆگمای ئایینی و زانست ده‌روازه‌ی لاهوتی ئیسلامی بكاته‌وه بۆ زانسته مرۆییه‌كان و فه‌لسه‌فه‌ی هاوچه‌رخ. به‌ڵام ئه‌و به‌ر له‌هه‌ر شتێك خاوه‌نی چه‌مكێكی هێرمۆنۆتیكی رۆشنگه‌رانه بوو سه‌باره‌ت به ترادسیۆنی ئایینی، كه ڕێگهخۆشكهربوو بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌بستراكت لهناوهرۆكه جه‌وهه‌رییه‌كه‌ی فه‌رمایشته‌كانی پێغه‌مبه‌ر تێبگات و له‌عورف و نه‌ریته ترادسیۆنالییهكانی مۆدێلی زیندهگییانهی مێژووی جیابكاته‌وه.
كریستیانه هۆفمان: تۆ له‌ئێران چاوت كه‌وت به‌هه‌ندێك بیریاری ریفۆرمیست كه له‌چوارده‌وری "خاته‌می" كۆبوونه‌ته‌وه. ئایا به‌ڕای تۆ ریفۆرمیسته‌كان ئاماده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و ململانێیه‌ی نێوان دیموكراسی و سیۆكراسیدا زاڵ‌بن كه له‌ده‌ستوری ئێرانی‌دا هه‌یه، تاوه‌كو بتوانن دیموكراسی سه‌قامگیربكه‌ن؟
هابرماس: كه مه‌لا "موحسین فدیوار" ی لاو ڕه‌خنه شیعهگهراكهی بڵاوكرده‌وه له‌بنه‌ما یاساییه‌كانی سیستمه‌كه‌ی "خومه‌ینی"، زیندانیكرا. هه‌ر لهماڵهكهیشیدا چاوم كه‌وت به‌هه‌ندێك له‌و ڕیفۆرمیستانه: له‌پاڵ "شابستاری" دا چاوم كه‌وت به "سه‌عید هاجهریان" و سه‌رتاپای جه‌سته‌ی پاشماوه‌ی پرۆسه‌ی هه‌وڵدانی تیرۆركردنه‌كه‌ی به‌ر له‌دوو ساڵ پێش ئێستای بوو. له‌و دانیشتنه‌دا به‌دیاریكراوی قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م كێشه‌یه كرد. باسی ئه‌وه‌مان كرد كه داخۆ ریفۆرمیسته‌كان ده‌توانن تاوه‌كو چ ئاستێك بڕۆن؟ ئه‌ی ئایا كشانه‌وه لهلكاندنی فه‌رمایشته ئایینییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی ئایینی به‌ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌وه تاچه‌نده گرنگ و جیدیه بۆ ڕیفۆرمیسته‌كان؟ دیاره من ته‌نها كۆمه‌ڵێك زانیاری پراگماتیكیم لێیان بینی: مرۆڤ ده‌بێت هه‌نگاو به‌هه‌نگاو كاربكات و ئه‌زمون وه‌ربگرێت و.. له‌مجۆره قسانه. ته‌نانه‌ت له‌ڕه‌وتی ئه‌م قسه زۆر گرنگانهیشدا بۆم ده‌رنه‌كه‌وت كه ئه‌م ریفۆرمیستانه‌ی ڕێگه‌ی سێهه‌م "واته پێكه‌وه‌لكاندنی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا" چۆن بیرده‌كه‌نه‌وه و مه‌به‌ستیان چییه. پاشتر له‌هه‌ندێ دانیشتن و ئاخاوتنی دیكه‌دا توانیم سروشتی ئه‌و شۆڕشگێڕانه بناسم كه ته‌واو نائومێدن. ئه‌وه سیستمی ته‌كنۆكراتی په‌هله‌وییه ته‌واو نامۆیه به‌هاوڵاتییان و خۆیشی سیستمێكی گه‌نده‌ڵ بووه و ساڵانی 1978 بۆ 1979 له‌سه‌ر بنه‌مای ترادسیۆن و كه‌له‌پوری بۆماوه‌ی ئایینی ژیاوه، وه‌ك ته‌نها هێزی ئاكاری بێ زیان. ماركسیزمیش وه‌كو لایه‌نی تیۆری فیكری و وه‌كو كولتوریش هه‌ر له‌سه‌ر میراتی خۆرئاوایه. ئه‌و كات خه‌ڵكه لاوه‌كه ئه‌ڵته‌رناتیڤێكی ئازادیخوازیان ویستوه، هه‌ر بۆیه دیسپۆتیزمێكی ئایینی‌یان له‌فۆرمی ده‌سه‌ڵاتێكی دووفاقی نادیموكراتیدا ده‌سكه‌وتوه. له‌وانه‌یه سه‌ره‌تا به‌ستنه‌وه‌ی ته‌وژمی ئازادیخوازی به‌ناوی خومهینییهوه شتێكی سه‌یر و شاز بووبێت، به‌ڵام ئه‌و په‌یوه‌ندییه ئه‌زمونێكی تاكه‌كه‌سی تایبه‌تمه‌ند بووه له‌دۆخی وروژاندنی كه‌فوكوڵی شۆڕشگێڕاندا. ئه‌وه‌ی من بۆم ده‌ركه‌وتوه، ریفۆرمیسته‌كان نایانه‌وێت ببنه كه‌سی مورته‌د و زۆربه‌شیان ره‌خنه‌ی سیستمه‌كه ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌یه‌ك كاتدا نوێنه‌رایه‌تیشی ده‌كه‌ن. ئه‌وان داواده‌كه‌ن وا لهریفۆرمهكانیان تێبگه‌ن ـ ریفۆرم به‌مانای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی یاسا و دیموكراسی و دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی كارا و بوژاندنه‌وه‌ی گه‌شه‌ی ئابووری له‌به‌رامبه‌ر كرانه‌وه‌یه‌كی پرۆگرامیزهكراوی به‌رده‌م بازاڕی جیهانیدا ـ كه به‌رده‌وامییه‌كی ڕاستكراوه‌ی ره‌وتی شۆڕش خۆیه‌تی. به‌م مانایه‌ش، ریفۆرمیسته‌كان خۆیان ئاره‌زوویان ده‌ستوره. ئه‌وه‌بوو كوڕی "ئایه‌توڵڵا به‌هه‌شتی" كاتێك هات بۆ قوتابخانه له‌ئه‌ڵمانیا گوزارشتی له‌مه كرد و وتی: له‌ناو شۆڕشدا شۆڕش ناكرێت.
كریستیانه هۆفمان: به‌ڕای تۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی ده‌توانێت ئه‌م ناكۆكییانه چاره‌سه‌ربكات؟
هابرماس: دیاره ئه‌مه شتێكه كه‌س نایزانێت. بۆ نمونه پێویسته مرۆڤ بزانێت چی له‌بیری لاواندایه، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی خاوه‌ن په‌روه‌رده و خوێندنی ئه‌كادیمی و زانكۆن. ئه‌مڕۆ ئافره‌تان نیوه‌ی قوتابیانن. داخۆ ئه‌گه‌ر ڕێگه‌یان بدرێتێ، چه‌ندیان به‌ئاشكرا سه‌رپۆش و حیجابه‌كانیان لاده‌به‌ن؟ ئایا له‌مێشكیاندا ماته‌ریاڵی دینامیتئاسا و ته‌قینه‌وه هه‌یه وا سیستمی ئایه‌توڵڵا و شێخه‌كان لێیان ده‌ترسن؟ یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی كه ڕێبه‌رێكی گه‌شته‌كه‌م بوو و تاوه‌كو "برسیپۆلیس" هاوه‌ڵم بوو، ئافره‌تێك بوو نه‌وه‌ك سیاسی بێت، ماوه‌یه‌كی كه‌م بوو خوێندنی ته‌واو كردبوو، ئینگلیزی قسه‌یده‌كرد و بایه‌خی بهفرۆید و یۆنگ ده‌دا و رۆمانی ئه‌مریكی و پورتوگالی هاوچه‌رخی ده‌خوێنده‌وه. ئه‌و خانمه باسی هاوڕێیه‌كی خۆی بۆ كردم كه شوی به‌پیاوێكی خراپ كردووه و ئه‌میش داوای جیابوونه‌وه‌ی لێكردووه، به‌ڵام هه‌ر ته‌ڵاقی نه‌داوه، هه‌ر بۆیه یاسای دادوه‌ری ئامۆژگارییان كردووه جارێكی دیكه هه‌وڵبداته‌وه. نا، ئه‌و جیاكردنه‌وه‌ی ڕه‌گه‌زی نێر و مێ له‌مزگه‌وته‌كاندا كێشه‌ی بۆ دروستناكات، به‌ڵام ناتوانێت یاسا ترادسیۆنالییهكانی نه‌ریتی ئایینی پراكتیزهبكات. ئه‌گه‌ر هه‌ستێكی ئایینی قوڵ هه‌بوایه، ئه‌وا وه‌ك چۆن بۆ مه‌سیحی و یههودییش هه‌یه، بۆ موسوڵمانیش ده‌بوو. ئه‌و خانمه دڵنیابوو له‌وه‌ی كه له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م هه‌ڵبـژاردنی خاته‌میدا په‌یوه‌ندییه كولتورییه‌كان ـ واته ئازادی جوڵه و هاتوچۆی زینده‌گی تایبه‌تی خود ـ گۆڕاون، به‌ڵگه‌شی بۆ ئه‌وه بریتی بوو له‌وه‌ی كه كه‌مێك قـژی ده‌ركه‌وتبوو..
تێبینی: ئه‌م دیالۆگه له‌ژماره 16ـ17 ی گۆڤاری ره‌هه‌ند دا بڵاوكراوه‌ته‌وه
سه‌رچاوه: گۆڤاری "فكر و فن" ی ئه‌ڵمانی، ژماره 76.