
ساڵی سفر…….
سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
1
له ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌وه
گۆڕه‌پانێكی پڕ به‌روبووم ده‌بینم بیر له ڕه‌نج و ژیان ده‌كاته‌وه
ڕووناكی له ژووره‌كه‌یدا گه‌ڕا
چاوی به‌چكه پشیله پشكوت
به‌ڵام هێلكه‌ی مریشكه‌كانی ماڵی نه‌خوارد
ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه و چاو خێرا خێرا ده‌ترووكێ
وا خه‌ریكه ڕووداوێكی گرینگ ده‌بێته مێژوو
په‌نجه‌ره خه‌ڵكه‌كه‌ی به ناو خۆیدا تێده‌په‌ڕێنێت بچنه ناو مێژوو
به‌هه‌شت دوو مه‌تر له په‌نجه‌ره‌وه دووره
ده‌نگی باران نزم دێته گوێ
ده‌نگی به‌رز نیازخراپه و ئه‌و ناوه ده‌باته كه‌ناری چاره‌ڕشییه‌وه
بكه‌وم كه‌س شوێنم ناگرێته‌وه
له سێبه‌ری دره‌ختی باویدا
ئاره‌زووی خواردن و خواردنه‌وه ناكه‌م
سێبه‌ری دره‌ختی ئاسووده‌یی و دوعای یه‌كتر دۆزینه‌وه
چاو و دڵت ڕوون
نانم گه‌رمه و ئاوم سارد
خاچی مه‌سیح و پاچی فه‌رهاد
جوانترین كه‌لوپه‌لی گۆڕه‌پانی ئاگربازین
ئه‌ی ئاگرباز
له ده‌ره‌وه‌ی په‌نجه‌ره‌وه گۆڕه‌پانێكی پڕ به‌روبووم
به دڵنیاییه‌كی زۆره‌وه بانگمان ده‌كات
ده‌نگتان خۆشه وه‌رنه ئاهه‌نگ و ژوان
دوا مه‌كه‌ون له باره‌ی مۆمی جه‌ژنی سه‌ری ساڵه‌وه ده‌دوێین
ئاگری دیدار ده‌سووتێت2
ئێواره‌یه‌كی نه سارده نه گه‌رم
گلێنه‌ی چاوم له سپێنه‌یدا
ئاوازی هه‌ڵاتنی مانگ
له سه‌ره‌تای ئێواره‌وه بۆ دوا به‌شی شه‌و ده‌په‌ڕێنێته‌وه
ده‌نگ له دوور و نزیكه‌وه دێت
ده‌ربڕینه‌كانی ده‌موچاو
شێوازی دڵه
ته‌ماشای كه‌یت وه‌ك گوڵی خومار
چاوی ده‌كاته‌وه و ساكارانه ده‌دوێ
حیكمه‌تی ساكاری چییه ئه‌ی دڵ
دنیا ته‌نیا به خۆر ڕووناك نابێته‌وه
دڵ وزه‌یه‌كی سه‌یری تێدایه بۆ ڕوونبوونه‌وه‌ی
ده‌نگی زه‌نگۆڵه‌ی ملی به‌رخ و كرانه‌وه‌ی چاوی به‌چكه پشیله
هه‌موو بوونه‌وه‌ره‌كانی خودا جوانن
خودا‌ش سێبه‌ری له زه‌ویدا نییه
له ناو دڵ و چاوی بوونه‌وه‌ره‌كان درێژ ده‌بێته‌وه3
سامانی سروشت چێشتی خودایه
بۆ ئاده‌میزاد و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر و زینده‌وه‌ری لێ ناوه
ئه‌مڕۆ له حه‌كایه‌تی شارێكدا
له وێنه‌ی گۆڕێك وردبوومه‌وه
له چ ده‌رگایه‌كه‌وه بێمه ناوت كه شوێن هه‌مووی ده‌رگای تۆیه
ده‌رگا له‌گه‌ڵمدا نه‌رمی نانوێنێت
له سه‌ر بانی ماڵی باپیرانم نووستوم
ئه‌ستێره و مانگ كوڕ و كیژی منن
به ئه‌سپ سواری ده‌چنه
سه‌ردانی شاره مێرووله‌ی ناو مۆزه‌خانه و شوێنه‌واری دێرین
په‌یامی چیتان پێیه
چاوی هه‌ڵۆی تووڕه زوو كوێر ده‌بێت
ئه‌وانه‌ی چوون ده‌نگیان هاته‌وه و ڕه‌نگیان له‌گه‌ڵ باران چووه‌وه ناو هه‌موو شوێنێك
بای به گوڕ و گه‌رمی هاوین تامی چێشت ده‌گۆڕێت4
باڵنده‌یه‌ك هۆگر به سینی دانه‌وێڵه بژاركردنمان بووه
دانه‌وێڵه بژاركراوه‌كان ده‌خوات
باڵ لێك ده‌دا
قاچی به‌رز و نزم له زه‌وی داده‌نێ
ده‌نووكی ڕووه‌و ئاسمان ده‌كاته‌وه و ناز ده‌كات
ناشزانم چۆن بیر ده‌كاته‌وه
چوومه بن باڵه‌كانی و به گه‌رمایی خوێنی نووستم
بیركردنه‌وه له چۆنیه‌تی بیركردنه‌وه‌ی
خه‌وی زڕاندم
سینی دانه‌وێڵه بژاركردنم هێنایه‌وه ناو خێزان
بڕوا به‌وه ده‌هێنم چرا له ئه‌ستێره گه‌وره‌تره
ئه‌ڵماس بڕوای هێنا
دوای مردن هیچ دره‌وشانه‌وه‌یه‌ك نییه
سینی دانه‌وێڵه بژاركردن
لێواری ئاوێنه‌یه و یاده‌وه‌ری ماندووه
به‌رده‌وامیش گلێنه‌ی ده‌فڕێت
ئاخاوتن له‌گه‌ڵ خاڵخاڵۆكه فه‌رامۆشی چاوفڕینه5
گه‌نجینه‌ی نادیار مێژووی بۆ چاخی جوانی ده‌گه‌ڕێته‌وه
چاخی جوانی واته كه گورگ زانی كون بۆ خۆی لێ بدات
مه‌مكی بۆ بێچووه‌كانی داگیرسێنێت
مه‌مك به‌ڕاستی مه‌شخه‌ڵه
چوارچێوه‌ی وێنه‌ی پیاوی ئه‌ده‌ب و جه‌نگ مه‌رجانه
چاوی له‌سه‌ر هه‌موو شت هه‌ڵگرت
گیانی داماوی له ناو چوارچێوه‌ی مه‌رجان سه‌رقاڵی ئه‌وه‌یه
چ ڕێگایه‌ك مشتوماڵ بكات
گه‌نجینه‌ی نادیاری لێ هه‌ڵگرێته‌وه
ڕێگاش دوژمنداری ده‌كات
گه‌نجینه‌ی نادیار له ناو خۆتدا جێم بهێڵه
ده‌توانم بژیم و زه‌وی بۆ بۆنخۆشبوون ئاوڕشێن بكه‌م6
له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا
ناتواندرێت ژیان و مه‌رگ ببینی
دێوجامه‌ش تابلۆیه
له ته‌نیشت ڕووبارێكی بێ پێچی وه‌ك شیری تازه هه‌وێنكراو خه‌وتوو
بنه‌ماڵه‌یه‌ك له سه‌یران و وه‌رگرتنی چێژی ته‌واو دان
ماسی له ئاودا خۆی نقوم كرد
له له‌خۆباییبوونێكی بێ ئه‌ندازه‌دا كلكی هه‌ڵده‌بڕی و هێڵی ده‌كێشا و گازی ده‌گرت و دڵی نه‌ده‌ئێشاند
له دووری یه‌ك دوو مه‌ترێكیش له‌سه‌ر ڕه‌ژوو گۆشتیان ده‌فرۆشرا
كفه‌كف و قرچه‌ی برژان
ئاهی حه‌ز له ژیانبوونه ده‌دركێندرێن
به چاویلكه‌یه‌كی هه‌تاوییه‌وه له كه‌نار وه‌ستاوه
هه‌ر به‌و شێوه نه‌رمونیانه ده‌بێت قسه‌كانمان له‌گه‌ڵ ژیان و مردن‌دا بكه‌ین
باڵنده‌یه‌ك به باڵی بای ڕژانده ئه‌م ناوه‌وه
ئاهه‌كان به گۆرانی ده‌ڵێ7
له منداڵی سێوێكم كرد به دوو كه‌رته‌وه
كه‌رتێكی به‌هه‌شت
كه‌رتێكی دۆزه‌خ
هه‌تا ئێستاش له كه‌رتی به‌هه‌شت ده‌خۆم و ته‌واو نه‌بووه
چاوم ڕۆشنتر بكه‌وه ده‌چمه ناو په‌ڕه‌كانی تاووسه‌وه
كه‌رتی دۆزه‌خ نایه‌ته ناو ده‌سته‌وه
قه‌ل له نزیكیه‌وه‌یه و ده‌یه‌وێت ده‌نووكی له ناو ته‌ڕ بكات
پاشان له سه‌ر قوڵفی گۆزه‌ی شه‌راب
پشوو بدات و خه‌یاڵی به ده‌وروبه‌ردا بسووڕێنێت
پیلان بۆ شێواندنی په‌لكه زێڕینه دابنێت و گیا بشكێنێته‌وه
سێبه‌ری قه‌ل خۆری نایه‌ته ناو
په‌ری له سێبه‌ردا نین
ناوی نهێنی سه‌رپه‌رشتیاری به‌هه‌شت په‌رییه
ناوی نهێنی په‌ریش خۆره
ئه‌ی منداڵی سێوێكم به ده‌سته‌وه‌یه
چاوم داده‌خه‌م و ده‌یهاوێمه ناو ڕووبارێكی بێگه‌رده‌وه
كێ به من ده‌چێت بیگرێته‌وه بۆ تا هه‌تایه له كه‌رتی به‌هه‌شت ده‌خوات
ئه‌ی شاعیری ناو په‌ڕه‌كانی تاووس
به‌هه‌شت و منداڵی دوو لاڕوومه‌تی ده‌موچاوێكی خودایین8
كزه‌ی جه‌رگی
بینینی له نێوان زه‌وی ئاسمان ڕاگرتووه
بینین هه‌ڵده‌چێت و داده‌كه‌وێت
چۆكی دادایه سه‌ر زه‌وی و ده‌ستی خانه‌دانی ماچ كرد
هاواری كرد تكایه دایك و باوكم مه‌كوژن
ئه‌و هاواره‌یه درێژ بووه‌ته‌وه
ئێمه‌ش به ناویدا تێ ده‌په‌ڕین
له‌رزینێك له گه‌روودا ماوه9
ئه‌م وشه داستانیانه چین له باڵته‌وه ده‌ڕژێن
ئه‌ی باڵنده‌ی خێرا فڕیوی ناو ئه‌فسانه پاشاییه‌كان
ئه‌ڵماس نابریسكێته‌وه
چ گلێنه‌یه‌كه له ناو چاویدا ڕسكاوه
جاڵجاڵۆكه ته‌ونی به ده‌وریدا چنی
پاشان به سه‌رنجێكی قووڵه‌وه ته‌ماشای كرد و ڕۆیشت
باڵنده یاده‌وه‌رییه‌كی به‌هێزی له چنینی مورووی شاباڵی پاشاژن هه‌یه
مورووی شاڵی پاشاژنیش ده‌زانێت
باڵنده چۆن ماندووه و چ گلێنه‌یه‌ك له چاویدا ڕسكاوه10
مه‌سیح له سووڕانه‌وه‌ی به ده‌وری زه‌ویدا خوڵقا
له به‌هره‌ی ناوچه‌وانی شاعیرێك
سووڕی ژیانی ته‌واو كرد و خاكی حه‌ڵاڵزاده وه‌ری گرت
هاته ناو خوێنی زێوان و فێره لێبوورده‌یی بوو
یه‌كه‌م ژه‌م خواردنی له خوانی ماڵی مندا خوارد
لێوی به زمان سڕیه‌وه و ڕوخساری به یادگاری دره‌وشایه‌وه
خوێدانێكی وه‌ك په‌ند و حیكمه‌ت كرده دیاریم
ده‌ستی له سه‌ر دڵم دانا
دڵێكی خۆڕسك و شیرپاكه و تاسه له زه‌وی ده‌چێنێته‌وه
له شه‌قامه‌كان دووربكه‌ره‌وه
به سه‌ر شۆسته‌دا بڕۆ
ته‌مه‌نی جوانیت له سووڕانه‌وه به ده‌وری زه‌ویدا درێژ ده‌بێته‌وه
له پێناو ئاسووده‌یی گژوگیا بڕوادار به
وێنه‌ی پێغه‌مبه‌رێك له ئه‌لبوومت
چاو هه‌ڵده‌هێنێ و هه‌موومان ده‌بینێ
هه‌تاوی نیوه‌ڕۆی به‌هار هه‌قیقه‌ت نییه
گۆرانی ناڵێ و نانووسێت
له ئاخاوتن له‌گه‌ڵ ته‌مدا زاوزێ ده‌كا و ده‌فته‌ری ژیانی
له سه‌ر دووگردی نوێژ له بیر چووه
له ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كیدا چاوی ڕژا
ئێستا له هه‌موو كاتێك خێراتر له پرده‌كان ده‌په‌ڕێته‌وه
تێبینی: ئه‌م شیعره له ژماره (24)ی حه‌وته‌نامه‌ی (ئه‌ده‌ب و هونه‌ر)ی پاشكۆی ڕۆژنامه‌ی (كوردستان ڕاپۆرت)دا بڵاو بووه‌ته‌وه، ل 2 و 3. به‌روار 25ی 6ی 2009.