Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
نیشتیمانێک له‌‌درۆ  سه‌رکرده‌یه‌ک له‌په‌رۆ!

نیشتیمانێک له‌‌درۆ سه‌رکرده‌یه‌ک له‌په‌رۆ!

Closed
by June 27, 2009 گشتی

نیشتیمانێک له‌‌درۆ  سه‌رکرده‌یه‌ک له‌په‌رۆ!  
    نامۆ سامان

 

 

 

 

هاورێ!
ئه‌م نیشتیمانه که‌بۆته هوتێل کوردستان، پاره‌ی چه‌ند ڕۆژێکی هوتێلم نه‌داوه‌و، زۆر ئه‌ترسم خاوه‌ن هوتێل که‌نازانم کوێنه‌رییه، له‌شه‌وێکی وه‌ک ئه‌م شه‌وه‌دا که‌سه‌رما په‌نجه‌کان ئه‌گه‌سێ بمکاته‌ ده‌ره‌وه، ئیتر من‌و شار یه‌ک جه‌سته‌ی سارد بین تا به‌یانی به‌له‌دێیه‌ک.نیشتیمان وه‌ک
په‌تێک وایه، وه‌ک داوی جاڵجاڵۆکه‌ ته‌نراوه هه‌ر سه‌رێکی  به‌ده‌ست حیزبێکه‌وه‌یه به‌م ڕۆژگاره وه‌ک مه‌یمون په‌تپه‌تێنمان پێده‌که‌ن. شیعر گه‌یشتنه به‌حه‌قیقه‌ت، ئه‌وه حه‌قیقه‌تی ئه‌و شیعرانه بوون به‌ ده‌یان شاعیری له‌سه‌‌ر سێداره‌ دران به‌ ده‌یان شاعیری ئاواره‌ی زیده‌ی خۆیکرد، حیزب گه‌یشتنه به‌ ده‌سه‌ڵات، سیاسه‌ت پیاوه گێله‌کانی پێ ناساندین، حیزب له‌ نیشتیمانه‌که‌ی خۆماندا نامۆی کردین. مه‌حمود ده‌روێش شاعیری فه‌له‌ستینی، شیعری بۆ عه‌ره‌ب‌و فه‌له‌ستین ده‌نووسی پێمان ده‌وت شاعیره شۆرشگێره‌که! عه‌بدوڵا په‌شێو شاعیری کورد، شیعری بۆ منداڵ‌و کورد ده‌نوسی پێمان ده‌وت شاعیره شۆڤێنێکه ئای له‌و کاره‌ساته به‌ده‌ستی عه‌قڵی پیاوانی په‌رۆوه!
رێگه‌م بده بێمه ڕۆحته‌وه..
 رێگه‌م بده له‌چاوه‌كانتا وه‌ک باران برژێمه ده‌رونته‌وه ..
رێگه‌م بده له‌دڵه حوزنه‌كه‌تدا فوویه‌ك له‌ئه‌نگوسته‌ی ته‌مه‌نت بكه‌م ..
ئه‌م په‌لكه سه‌وزانه به‌سه‌ر په‌نجه‌ی تۆوه زه‌رد ده‌چنه‌وه
ئه‌م روانینانه به‌نیگای تۆوه بۆ كوێمان ده‌بات..
رێگه‌م بده وه‌ك [با] به‌‌ده‌‌ربه‌ندی چاوه‌كانتا گوزه‌ركه‌م
وه‌ک عه‌شق له‌چاوه‌کانتا ‌هه‌ڵکه‌م
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی کوردی ته‌نها خه‌یاڵ بێت ئه‌وا چوونی تورکیا بۆ بازاری ئه‌وروپا‌و بۆ ناو جیهانی ئه‌وروپی ئه‌وا نه‌ک خه‌یاڵه به‌ڵکو کابوسێکه، قسه‌کردنیش له‌سه‌ر فاکته‌ری بنه‌ماکانی ئه‌وروپا تورکیا وڵاتێکی نه‌ک شایانی ئه‌وه‌‌یه بێته ئه‌وروپاوه به‌ڵکو شایانی ئه‌وه‌یش نییه گوێ لێبگیرێت دوا هه‌واڵی فه‌ره‌نسا که‌دروستکه‌ری یه‌کێتی ئه‌وروپایه ئه‌وه‌ بوو که‌ تورکیای خسته زبڵخانه‌ی گفتوگۆوه. سه‌رکرده‌کانی ئێمه له‌و باشووره‌دا له‌ خه‌یاڵدا ناژین به‌ڵکو ئه‌وان زۆر واقیع  بینینانه ئه‌روانه ده‌وروبه‌ر، سه‌رکرده‌کانی ئێمه هه‌رگیز له‌خه‌یاڵدا نه‌ژیاون ئه‌وان زۆر له‌ تـۆ‌و ده‌وروبه‌ر واقیع بینینترن ئه‌وان به‌درێژای مێژوو بیریان له ده‌وڵه‌تی کوردی نه‌کردۆته‌وه به‌ڵکو فاکته‌رێکیش
بوون بۆ تراژدیای کــورد ئه‌وان دایـمــــه خۆیان به‌و عێراقه شه‌ق‌و شره‌وه‌ لکاندووه که دروست نابێت.‌ ئاخ خۆزگه‌ سه‌رکرده‌یه‌کمان ده‌بوو خه‌ونی به‌ ده‌وڵه‌تی کوردییه‌وه ده‌بینی چونکه رۆژێک دێت ئه‌و خه‌ونه بێته‌ دی، سه‌رکرده‌کان ئه‌و خه‌ونه‌یشیان پێ ڕه‌وا نه‌بینین.
باشور!
هه‌موو تراژدیای عه‌ره‌بى فه‌له‌ستینی ناگه‌ن به
 تۆزی ئه‌نفال‌و هه‌ناسه‌ ژه‌هراوێکه‌ی تۆ!
ئێمه به بڕواوه ده‌مردین
به بڕواوه له سه‌نگه‌ره‌کانی مردنه‌وه
ته‌قه‌مان له ژیان ده‌کرد
به‌بێ بڕوا ده‌ژیان
به‌بێ بڕوا له سکه‌کانی ژیاندا
سنگمان له ئازاره‌کانی یه‌ک ده‌سوو
باشور!
تۆ به‌ کۆڵی چاڵی جه‌نگه‌وه
به‌ کۆڵی خه‌می ووردیله‌و دایکانی ره‌شپۆشه‌وه
به‌ کۆڵی ئه‌نفال‌ و ژه‌هر و کۆچه‌وه 
باشور ئه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌ی ته‌مه‌نی من
باشور ئه‌ی خه‌مه سه‌وزه‌که‌ی ئازاری من
من به‌جانتایه‌ک درۆو
به‌دڵێکی پیس‌و پڕ خیانه‌ته‌وه
هاتم بێشه‌رمانه بێ ئابڕوانه
چوومه عه‌شقته‌وه
دڵه کریستاڵه 4 پارچه‌که‌تم دزی
کردم به‌ شه‌ش ‌پارچه‌وه
ئێمه‌ی هیچ، ئێمه‌ له‌ قسه‌یه‌ک که‌ مانا ناگه‌یه‌نێت جگه‌ له‌ ماڵوێرانی  نه‌یشمانتوانی له‌سه‌ر بنه‌ماکانی هیچ، هیچ بنیانێت نێین نه‌مانتوانی گوندێک بسوتێنین، شارێک وێران که‌ین، ئاسمان له‌ باڵنده‌کان قه‌ده‌غه‌که‌ین، نه‌مانتوانی به‌درێژایی مێژوو بستێ له‌‌خاکی بێگانه داگیرکه‌ین، بووینه نۆکه‌ری هه‌موو داگیرکه‌ران‌و نه‌مانتوانی که‌سێک بکه‌ین  به‌سیخوری خۆمان، نه‌مانتوانی شه‌ر له‌ماڵه‌که‌ی خۆمان ده‌رکه‌ین، دایمه ئاشتیمان بۆ دراوسێ ویستووه ئاژاوه‌کانیش بۆ ماڵی خۆمان.
ئێمه که‌ له‌سه‌ر بنه‌ماکانی خۆ به‌که‌مزانین دایمه سه‌رمان شۆر بووه له‌ ئاستی دوژمناندا. سه‌رانی کورد له‌و باشوره‌دا وا ده‌زانن کورد به‌شی خوراوه نه‌ک وڵاته‌که‌ی داگیر کراوه ئه‌وان هه‌رگیز هه‌ستیان به‌وه نه‌کردووه که‌ کورد له‌و جوگرافیایه‌دا پێویستی به نیشتیمانێک هه‌یه که‌ تیایدا ئاسووده بێت نه‌ک مافه‌‌کانی پارێزراو بێت،
کورد واده‌زانێ مافه‌کانی خوراوه نه‌ک نیشتیمانه‌که‌ی داگیرکراوه.
نیشتیمان موڵکی نه‌وه‌ی داهاتووه‌، ‌ نه‌ک خێل‌و حیزب
ئای! له‌ ئێمه
ئێمه‌ی  هیچ
ئێمه‌ی  دوای کڵاوی سه‌رکرده‌کان‌و
دوای خواکانی جه‌نگ‌و
دوای وتی وتی پیاوه په‌رۆکان
له‌ دۆراندن نه‌بێت
له‌ راکردن‌و گاڵته‌کردن به‌ موحیبه‌تی گوڵه‌کان نه‌بێت
ئه‌گه‌ر ئێمه بستێ خاکمان هه‌بێت بۆ گوڵ‌‌و بۆ منداڵ
ئێمه نیشتیمانێکمان هه‌یه به قسه‌، تاپۆکه‌ی له‌ گیرفانی دوژنمدایه
ئێمه سه‌رکرده‌یه‌کمان هه‌یه له‌ په‌رۆ، وته‌کانی له‌ دڵی دوژمندایه
ئێمه خاکێکمان هه‌یه فێری خیانه‌تمان کردووه رۆژێک خیانه‌تی لێنه‌که‌ین  واده‌زانیـــن شتێکمان ونکردووه ئێمه له‌وه‌ته‌ی هه‌ین به‌دووی بازنه‌کانی خیانه‌تدا خولده‌خۆین وه‌کو مزراح وه‌کو دڵی ره‌شی دوژمن ئێمه فێری  ئه‌وه‌بوین که‌نیشتیمان  مانایه‌ک نابه‌خشێت به‌ بوون.
  

ماڵێکمان هه‌یه له‌ گوڵه هێرۆ
بۆ پیاوه بوده‌ڵه‌کان
نیشتیمانێکمان هه‌یه له‌ ژه‌هر و ئه‌نفال
 بۆ ژن بۆ منداڵ
ئازیز! نیشتیمانه‌که‌ت بخه‌ جانتاکه‌ته‌وه
ئێره جوگرافیای جه‌نگه، جه‌نگ
کابوسێکه به‌ده‌م زورنای مه‌رگه‌وه
نابینی ئازیز هه‌نگاوه‌کان چۆن لێکده‌ئاڵێن
چۆن سه‌فۆنیانی مه‌رگ ده‌ستی گرتووین
نیشتیمانمان به‌و هه‌موو ئازاره‌وه جێهێشت
سکی نیشتیمانمان پڕ کرد، بێ شه‌رمانه هه‌ڵهاتین
بێ شه‌رمانه نیشتیمانمان به‌خشی به‌ پیاوه په‌رۆکان
 ئازیز! ئێمه دڵه سرک‌ و جوانه‌که‌ی نیشتیمانمان سۆزانی کرد، ئاخر ئازیز تۆ نازانی ئه‌وه باجی  شمشێره‌که‌ی سه‌لاحه‌دینه ئێستاکه لێمان ده‌سه‌ننه‌وه ئه‌ی نازانی ئازیـز قه‌رز کۆن ده‌بێت به‌ڵام نافه‌وتێ، ئازیز ئه‌وه‌ی ده‌نکه‌ جۆیه‌کــــی مــاڵی مه‌سیـحی دزیبێت ئه‌بێت به‌ ته‌ن له‌ گه‌روی بێته ده‌ره‌وه، تا له‌ شاخ بووین شیعرییان به‌زۆر بۆ فه‌له‌ستین پێ ده‌نووسین‌ و به‌ زۆر شان به‌‌شانی برا فه‌له‌ستینیکانمانه‌ ده‌جه‌نگایـن ئازیز ئه‌م سوکایه‌تیه‌ی ئێستا پێمانده‌کــه‌ن  باجه‌که‌یه‌ی ئێمه ئه‌یده‌ین. ئێمه به‌فرمانی پیاوه په‌رۆکان بۆمان نییه وته‌یه‌کی ناشیرین به‌برا عه‌ره‌باکانمان بڵێن بۆمان نییه به‌ مولازم موحسینه‌کان بڵێن شه‌رم ناکه‌ن دێنه ماڵه‌کانمان که‌ هێشتاکه دایکانی نیشتیمان زامی ته‌حسین‌و به‌عسێکانیان لێده‌چۆرێت ئێمه به‌فرمانی په‌رۆ نیشتیمانه‌که‌مان پردکرد له‌ جه‌رده‌و دزو شه‌لاتیو خۆفرۆش، ماڵه‌کانمان پڕدکرد لـه سۆزانێکان ئێمه بۆمان نییه له‌ژێر ئاڵا
ئێکسپایه‌ره‌که‌ی دیموکراسیدا وته‌یه‌ک به میوانه داگیرکه‌رکانمان بڵێن، عه‌ره‌ب نیشتیمانه‌که‌ی داگیرکردووین زمان‌و  کلتوری شێواندووین  که‌چی بۆمان نه‌بێت پێیان بێڵن شه‌رم ناکه‌ن دێنه ماڵه‌که‌مان، تورک به‌ ناوی دیموکراسییه‌وه گاڵته به‌ موعاناتمان ده‌کات زمانی به‌ مه‌ڵاشووه‌ ئاڵاندووین که‌چی بۆمان نه‌بێت له‌ ماڵه‌که‌ی خۆماندا قسه‌یه‌کیان پێ بڵێن. 

ئای که‌ شه‌رمه
ئه‌ستێره له‌‌و وڵاته‌دا هه‌ڵدێت
من بم له‌ جیاتی خودا
ئه‌و نیشتیمانه‌ ده‌که‌م به‌ په‌ڵه‌یه‌کی ره‌ش
 به‌ نێوچاوانی سه‌رانی کورده‌وه
من بم له‌ جیاتی خودا
ئه‌و دووپێیه ده‌به‌مه‌وه
له‌ سکرابخانه‌که‌ما فرێ ئه‌ده‌م
تا شته جوانه‌کانم لێ دزێوو نه‌کات
تا ئه‌وه‌نده‌ی تر نه‌مخاته گومانه‌وه
من بم له‌جێ باران
له‌ تونێتیدا خۆم ده‌خنکێنم
ئیتر نابارێم له‌‌خاکێکدا
که‌ خیانه‌ت به‌رهه‌می زاوزێ بارینم بێت
به گمه‌گمی کۆتره‌کان بڵێن فرین چی مانایه‌ک ئه‌به‌خشێ به‌بوون
به په‌نجه‌ره‌کان بڵێن له‌ چاوه‌روانی چیدا ئێشک ده‌گرن
که‌ زه‌مه‌ن میقاتێک بێت ته‌نها بۆ ئه‌نفال
به‌ ژنانی نیشتیمانه‌که‌م بڵێن
ئه‌نفال گه‌نجێتی لێساندن ئێستاکه به‌دیار
پیربوونی ئێواره‌وه دڵنیابن له‌وه‌ی
ئیتر پیاوه‌کانتان ناگه‌رێنه‌وه
مردن تراژدیایه‌که کۆتای به‌ ژیان دێنێت، جه‌سته‌کان ژێر خاک ده‌نێ جه‌نگێکه‌ له‌گه‌ڵ عه‌شق‌و هه‌ناسه‌کاندا ده‌چنه‌ سه‌نگه‌ره‌وه به‌ڵام خودی مرد واژه‌یه‌ک بووه بۆ ژیان، ئێمه به‌ پێچه‌وانه‌وه له‌و باشـووره‌وه ژیانمان کردوه به‌ سه‌نگه‌رێک بۆ مردن دایمه له چاڵه‌کانی مردنه‌و‌ه ته‌قه‌مـان له ژیان کردووه، ئێمه که‌ له‌ جه‌وهه‌ری ئازادی نه‌گه‌یشتین نه‌یشمان توانـی په‌نجه‌کان به‌یه‌ک ئاشنا که‌ین ‌و خێزانێک له‌سه‌ر بنه‌ماکانی خۆشه‌ویستی بنیات نێین هه‌ر له‌یه‌وه هه‌موومان کۆیله‌ بووین، کۆیله بوونی ئێمه په‌یوه‌ندی به‌جوگرافیای عه‌قڵه‌وه هه‌یه‌ فاکته‌رێکه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماکانی مانه‌وه جه‌نگ له‌ پێناوی مانه‌وه‌دا، ئێمه له‌نێوان مردن‌و ژیاندا‌ مانه‌وه‌مان هه‌ڵبژاردووه، مانه‌وه له‌پێناوی مردندا نه‌ک ژیاندا، ئێمه له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نیشتیمان نه‌گه‌یشتین بۆیه له‌یه‌وه هه‌موومان کۆیله‌ بووین، نه‌مانزانی ئه‌وه‌ی بستی خاکی نه‌بێت ده‌بێت قه‌ره‌ج ئاسا به‌دووی رۆحی خۆیدا وێڵ بێت.
‌ ئه‌وه‌‌ی نیشتیمانی نه‌بێت، نازانی مانای ئازادی‌و خۆشه‌ویستی بریتیه‌ له‌‌رێزگرتینی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ. تاکه‌کانی ئێمه‌‌ ئاواره‌ی ناخی خۆیانن.
میلله‌تیک تاکی ئازادی نه‌بێت وته‌ی ئازادیشی نابێت
به‌ خستنی قنگی سیگاره‌یه‌ك
بۆ ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵی نیشتیمان مانای خۆشه‌ویستییه‌ بۆ نیشتیمان..
 به‌ڵام مه‌خابن ئێمه‌ ته‌نه‌‌كه‌ی خۆڵمان نه‌بوو،
ناچار نیشتیمانه‌که‌مان کرد به‌ ته‌نه‌که‌ی خۆڵ
تۆ ئه‌ی قه‌ره‌ج جانتاکه‌ت نیشتیمانته
تۆ ئه‌ی کورد جانتاکه‌ت ئه‌نفالته
له‌نێوان نیشتیمان‌و ئه‌نفالدا
ئێمه پێناسێکین ون 
مردن تاپوتێکه
هه‌موومانی تیا پاڵکه‌وتووین
ئێواره‌یه‌که‌ که‌ شه‌و داهات
ئیتر خۆری تیا هه‌ڵنایه‌ت
ئێمه‌ که‌ دڵمان خاڵی بوو له‌ ژن
له‌ شه‌رمی گوڵه‌کان‌و
چپه‌ی عاشقان نه‌گه‌یشتین
ئیتر چۆن بتوانین
له‌م په‌نجه‌ره‌ی مردنه‌وه
له‌ حونجه‌کردنی نیشتیمان بگه‌ین
حیزب به‌‌ به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه فایله‌ ناخ ره‌شه‌کانی ئازاد کرد،
حیزب به‌ به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه پیاوانی پێش ره‌دووی ئه‌نفالی ئازاد کرد،
حیزب به به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه به‌کر عه‌لێکانی تیرۆر کرد،
حیزب به به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه کچه جوانه‌کانی له‌خۆ ماره‌کرد،
حیزب به‌ به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه له‌ کوردستانه‌وه به‌ره‌و عێراقی بردین،
حیزب به به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه ده‌ستوری عێراقی پێ ئیمزا کردین،
حیزب به به‌ر چاوانی هه‌موومانه‌وه کوره‌کانی بۆ به‌ره‌کانی تیرۆر راپێچکردین،
ئێمه له‌و هه‌موو تاوانه پرسیارێکمان نه‌بوو،
ئێمه له‌و هه‌موو دۆراندنه پشوویه‌کمان نه‌بوو،
ئای که‌ شه‌رمه
ئه‌ستێره له‌و وڵاته‌دا هه‌ڵدێ
ئێمه‌ی بوده‌ڵه‌و رۆشنبیری ناو چایخانه‌کانی شار،
 ئێمه‌ی دوای رشانه‌وه‌ی شه‌وه‌کان‌‌و
دوای قه‌ده‌غه‌کردنی هاتووچۆی شه‌قامه‌کانی شار
 چیمان چنی له ستایش‌‌و سوجده بردن بۆ گه‌وره‌کان
تۆ ئه‌ی سه‌رکرده
ترسنۆکیم به‌رێ من ئازادیت پێده‌به‌خشم
تۆ ئه‌ی سه‌رکرده
کورسێکه‌تم به‌رێ من نه‌وه‌یه‌ک شکده‌به‌م
له‌ داهاتوو سه‌روه‌ریت پێده‌به‌خشێ
تۆ ئه‌ی سه‌رکرده
هه‌ڵبژاردنێکم به‌رێ فرێتداته زبڵخانه‌ی مێژووه
تۆ ئه‌ی سه‌رکرده
که‌ ئازاره‌کانی منت به‌ په‌رۆ ره‌نگکرد
له‌ماڵوێرانی نه‌بێت بۆمنی کۆیله‌ و بێ نیشتیمان
هیچی تر شک نابه‌یت بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات 

 

نامۆ سامان/
070308

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.