هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره…..فه‌هد گرده‌وانی
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره
گۆڕان له‌گه‌ڵ خۆی دههێنیباق باق له‌و لیسته
چه‌ند جوان و خۆشهویستهپهنجاوچوار زۆر به دڵمی
لیستی خێر و ئاوهدانیههر بژی مه‌سعود بارزانی
هه‌ر نه‌مری مامه‌ی تاڵه‌بانی
ئه‌و په‌یڤانه‌ی سه‌ره‌وه ، گۆرانیبێژ [عه‌زیز وه‌یسی]وگڕوپه‌که‌ی ده‌یڵێت . هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به دۆلاره‌کانی خه‌ڵکی کوردستان پڕوپاگه‌نده بۆ لیستی 54 کوردستانی و ژماره‌ی 12 ی مه‌سعود بارزانی ده‌که‌ن . هه‌تا ئه‌مڕۆکه پارتی و یه‌کێتی ڕاپۆڕتێکی داراییان بڵاونه‌کرده‌وه تاوه‌کو به خه‌ڵکی کوردستان بلێن چه‌ند دۆلاریان بۆ هه‌ڵبژاردن ته‌رخان کردووه . عه‌زیز وه‌یسی وه‌کو چاوه‌شه‌کانی سه‌رده‌می به‌عسی فاشی بۆ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و سه‌رکرده‌کانی هه‌ڵده‌په‌ڕێت و نه‌یتوانی جه‌ماوه‌ری خۆی بپارێزی و ببێته گۆرانیبیژی گشت خه‌ڵکی کوردستان . عه‌زیز وه‌یسی ده‌زانێت گه‌نده‌ڵی له کوردستانی عێراق له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی [مامه‌وکاکه] هه‌تا بنسمێڵی پانی هاتووه و خه‌ڵکی بێزارن له‌ده‌ست نه‌بوونی ئاوی پاک و کاره‌با و خۆراک و ده‌رمان . هه‌ژاری وای له منداڵی کورد کردووه له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان که‌وش بۆیاغ بکه‌ن و بنیشت بفروشن له‌بڕی ئه‌وه‌ی بچنه قوتابخانه. ژن کوشتن و کچ به زۆر به‌مێرد دان بووه به یاسای ئه‌و حکومه‌ته خۆ به عیلمانی زانه. قوتابی له ناو پۆله‌کانی قوتابخانه له سه‌رمان ده‌له‌رزی . بێ‌کاری گه‌نجانی تووشی ڕه‌شبینی ژیان کردووه و هه‌تا ئه‌مڕۆکه هه‌وڵده‌دات له‌و ژیانه‌ی کوردستان ڕابکات و ڕو له ده‌ره‌وه ده‌کات . ڕۆژانه ئه‌و پاره‌ی نه‌وتی کوردستان که حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ریده‌گرێت ، بۆ هه‌ڵبژاردنی لیستی 54 و مه‌سعود بارزانی به‌کار دێت و ده‌چیته گیرفانی پارتی یه‌کان و یه‌کێتی یه‌کان یان ده‌چیته بانقی په‌رله‌مان و حکومه‌ت. کێ ده‌وێری پرسیاربکات بزانی چ له‌و داهاتانه ده‌کرێت . عه‌زیز وه‌یسی که‌ی به خه‌لکی ده‌لێت چه‌ندی له‌و پاره‌یه خستۆته گیرفانی . گه‌لۆ که‌ی عه‌زیز وه‌یسی بۆ {حیزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه و پژاک و رێکخراه‌کانی کوردستانی ئێران و شه‌هیدانی کوردستان به‌گشتی و شه‌هید قاسملۆ به‌تایبه‌تی} ئاوا هه‌ڵده‌په‌ڕێ و گۆرانی ده‌ڵێت دژی ڕژێمی کۆنه‌په‌رستی ئێران {باق باق} ده‌کات . گوناحه پارتی و یه‌کێتی هونه‌رمه‌ندی کوردستان به پاره‌وپول ده‌که‌نه چاوه‌شی خۆیان . هه‌ڵبژاردنی [25ی ته‌مووزی هه‌رێمی کوردستانی عێراق] ئه‌وجاره گۆڕانێکی تازه له‌گه‌ڵ خۆی ده‌هێنیت و تاقسه‌رکرده‌ی هه‌تاهه‌تای قه‌بووڵ نی یه . حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار موتڵه‌ق ده‌نگی گشتی بۆخۆی تاپۆ ناکات . خه‌ڵکی کورد فێره ئۆپۆزیسیون و ده‌نگی نا بۆ پێشێلکردنی یاسا و نا بۆ گه‌نده‌ڵی و نا بۆ دزی ده‌کات . کورد له‌مه‌ودوا بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه بردنی باری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته خاوه‌ن ده‌نگ و خاوه‌ن بیروڕا. ئه‌و هه‌ڵبژاردنه هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری خه‌به‌ردارکرده‌وه که چه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان لێیان بێزارن بۆیه وا به‌خۆکه‌وتوون و جاره‌کی تر ویژدانی خه‌ڵکی به پاره و دابه‌ش کردنی زه‌ویوزار ده‌کڕن . ده‌نگ کڕین واته پێشێلکردنی یاسای هه‌ڵبژاردن . ئه‌و به‌ڵێنه فشانه جاره‌کی تر به خه‌لکی کوردیان ده‌فرۆشنه‌وه له‌جیاتی گه‌رانه‌وه‌ی ناوچه‌کانی ته‌عریب کراو و دۆڕاندی مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک و له‌ناونه‌بردنی ئاسه‌واری شه‌ڕی براکوژی . تێکه‌ڵاوکردنی ناوی شه‌هیدان و جاش له ده‌زگایه‌ک بووه به ریزنه‌گرتنی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان . سه‌رکه‌وتنی لیسته‌کانی تر و گه‌یشتنه په‌رله‌مان وا له‌و په‌ڕله‌مانه مردووه ده‌کات زیندوو ببێته‌وه و بتوانێ ئیشوکاره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم چاودێری بکات و ده‌سته‌ی تازه‌ش دابمه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه بکات ، به سه‌رمایه‌ی ئه‌و دزانه دابچێته‌وه لێیان بپرسێ ئه‌و پاره‌وسه‌رمایه‌تان چۆن په‌یداکردووه . دارایی نه‌وتی کوردستان و ڕێژه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی له عێراق وه‌رده‌گیرێت به‌شی ئه‌و هه‌رێمه ده‌کات که خه‌ڵکی تێدا ئاسووده و به‌خته‌وه‌ر بێت .
فه‌هد گرده‌وانی 7/7/2009ستۆکهۆڵم