Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
لە رۆژی خۆشەویسیدا، با فێری خۆشەویستی بین…تامان شاكر

لە رۆژی خۆشەویسیدا، با فێری خۆشەویستی بین…تامان شاكر

Closed
by February 14, 2008 گشتی

 كە باس لە خۆشەویستی دەكرێ دونیایەكی فراوان و رەنگاو رەنگ دێتە پێش چاو، چونكە خۆشەویستی ژیانە ، بەبێ بوونی خۆشەویستی لە ژیاندا مرۆڤ تووشی نائومێدی دەبێت و ژیان دەوەستێت،چ كا رەساتێكە كە مرۆڤ هەست بە خۆشەویستی نەكات و هەست نەكات خەڵكانی تر خۆشیان دەوێت.
 خۆشەویستی قاڵبێكی دیاری كراوی نییە، خۆشەویستی جیهانێكی  فراوانە و لە هەموو سووچەكانی ژیاندا خۆی دەبینێتەوە ،ئەوەی كە ئێستا كۆمەڵگەی كوردی زیاد لە هەموو شتێك  سەرقاڵكردووە  خۆشەویستی نێوان نێرو مێە، كە رۆژانە لەم كۆمەڵگەیەدا هەزار تاوان و سوكایەتی  بە ناوی خۆشەویستییەوە دەكرێت. چەندین كەسیش دەبنە قوربانی وشەیەك كە لە مانا قوڵكەی نەگەیشتوون، بەڵام چەپاندنی سێكس و پێداویستی رەگەزی بەرامبەر وا دەكات ، هەموو درۆ بەناوی خۆشەویستیەوە بكەن و هەندێك جاریش ببنە قوربانی ئەو خۆشەویستیە كە جارێك لە ژیانیاندا هەستیان پێنەكردووە ،  لە كۆمەڵگەیەكی داخراوی پراو پر لە ستەمكاری نەك خۆشەویستسی جێگەی نابێتەوە بەڵكو رق دەبێتە كلتووری باو،گرنگ نییە شاعیرێك جواتنرین شیعر بۆ خۆشەویستی بنووسێ،لە كاتێكدا دەروونی پر لە رق بێت، نەوێرێت بە ئاشكرا  مومارسەی خۆشەویستی بكات.لە كۆمەلگەی ئێمەدا نرخ و بە های خۆشەویستی نەزانراوە، بەڵكو بە چاوی سووك سەیر دەكرێت و زۆرجار ئەوانەی خۆشیشمان دەوێن، بە سووكی سەیرمان دەكەن رێز لە هەست و سۆزەكانمان ناگرن ، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو كلتورە سەقەتەی كە فێری رقی كردین، لە جیاتی خۆشەویستی. سەیر نییە كوشتن و تێهەڵدان و جنێودان و ناو ناتۆرەی ناشیرین بەرامبەر بە خەڵك، ئاسانتربێ لە ماچی دوو خۆشەویست .
 ئەمە پەیوەندی بە سیستەمی پەروەردەی خێزان و كۆمەڵگەوە هەیە،كە  هەرلە منداڵییەوە پێت دەڵێن خۆشەویستی عەیبە. نە لێی تێبگە نەباسی بكە نە مومارەسەی بكە،
 ئێمە خۆشەویستیمان لێ زەوتكراوە،  هەستەكانمان داگیركراون مافەكانمان پێشیل كراون. لە خێزانی كوردیدا دایك و باوك خۆشەویستی نێوانیان لە مناڵەكانیان دەشارنەوە و كەچی بە بەرچاوی ئەوانەوە شەڕ دەكەن و سەدان جنێو قسەی ناشیرین بەیەكتری دەڵێن، منداڵەكانیان  توشی دڵەراوكێ دەكەن، لەوەدا شەرم ناكەن، ژینگەی كوردەواری شوێنكی گونجاو نییە بۆ خۆشەویستی و ژیان ، دەبینین لە ماڵێكدا دایك باوك و منداڵەكانیش هەموویان تاكە یەك ژووریان هەیە و ئەمەش وای كردووە ئازادی خێزانەكە بە تایبەتی ژن و مێرد  سنووردار بێت ، هەرچەندە لە زۆربەی حاڵەتەكاندا پیاو باڵا دەستەو ژن تەنها وەك خزمەت كارێك سەیر دەكرێت، مافی ئەوەی پێنەدراوە كەسی خۆش بووێت، یان كەس ئەوی خۆش بووێت ئەگەر بەو ژیانەش رازی نەبێت تووشی سزا دەبێت .    
 بۆیە پەیوەندیە خێزانییەكان پەیوەندیەكی سەقەتەو لە سەر بنەمای راستی و متمانە بەیەكتری دروست نەبووە، بەڵكو لەسەر بنەمای  سادیەت مازۆخیەت دروست بووە،واتە چەوسێنەرو چەوساوە .زۆرینەی پیاوان كەسانێكی سادین و دەیانەوێ ئەوەی بەرامبەریان بپوكێننەوەو لە ناوی بەرن، توندو تیژی لەگەڵدا بەكاردێنن، ژنانیش كەسانی مازۆخی و ملكەچی ئەو تووندو تیژیەن و لەگەڵیدا دەژین .جگە لە هۆكاری ئابووری  زۆر كێشەی تری كۆمەڵایەتی هەن كە  رەنگی خۆشەویستیان لەناو خێزانەكانماندا كاڵكردۆتەوە لە هەمووشیان گرنگتر ئازادیە، خۆشەویستی بەبێ ئازادی ناژی.چونكە لە ژینگەیەكی پر لە ستەم و كۆیلەداری ناتوانین خۆشەویستی بەرهەم بێنین.  
  تاكی كورد تا گەورەش دەبێت ناتوانێت لە خۆشەویستی تێبگات و بە هەڵە بەكاری دەهێنی و یان تەنها خۆشەویستی بە سێكس پێناسە دەكات ، ئەو خۆشەویستی تەنها بۆ یەك كەس دەبێت لەو حاڵەتەدا دەتوانین بڵێن مرۆڤ دەبێت  هەست بە خۆشەویستی ئەوانی تریش بكات واتە كەسێكی خۆشەویست بێت ئەو كاتە دەتوانین بڵێن خۆشەویستی لە ناخماندا هەیە . بە راشكاوی باس لە خۆشەویستی و ئەزموونەكانی ژیانمان بكەین، بە تایبەتی چینی رۆشنبیران و نووسەران، كە خۆیان بە نوخبە دەزانن ئەوان دەتوانن گۆرانكاری بكەن و دیوارەكان بروخێنن و سنوورەكان ببەزێنن، ئێمە بە پەرۆشەوە باس لە ئازارەكانی ژیانمان دەكەین، باس لە رۆژانی سەختی تەمەن دەكەین و هەست و سۆزی خەڵك بۆلای خۆمان رادەكێشین، دەكرێ هەندێك جار خۆشەویستیش بوبێتە بەشێك لە ئازارەكانی ژیان، كەچی خۆمانی لێ لادەدەین و لە ناخی خۆمانی حەشاری دەدەین و دەیكەین بە بەشێك لە رابردووی دوور و لە بیركراو. سەرچاوەی هەموو داهێنانەكانی ژیان مرۆڤە ، مرۆڤ دەتوانێ خۆشەویستی بكات لە هەمانكاتیشدا دەكرێ ببێتە دڕِندە ،پرسیارەكە ئەوەیە ئایا مرۆڤ  لایەنە باشەكانی لە خۆیدا پەرە پێداوەو پەروەردەی كردووە،  یان لایەنە خراپ شەرانییەكەی پەرە پێداوەو لە مرۆڤایەتی دوور كەوتۆتەوە ؟.
  كۆمەڵگەی كوردی دنیایەكە پڕیەتی لە تابوو ، ئەوەش وای كردووە مرۆڤ بە ترسەوە دەست بۆ هەموو شتێك بەرێت، متمانەی بە خۆی دەورووبەری لە دەستداوە، لە حەقیقەتی خۆی و ئەوانی تر تێناگات، چونكە مرۆڤەكان بوون بە خاوەنی چەندین دەمامك، بۆ هەر بۆنەیەك یەكێك بەكاردەهێنن،ئەوەی كە زۆر كەم لەم ولاتەدا  دەوترێت راستیی و خۆشەویستی و لێبووردەییە ، ئەوەشی زۆر دەوترێت درۆیە لەگەڵ دەوروبەر لەگەڵ خودی مرۆڤ خۆی، ئەو كاتە مانایەك بۆ خۆشەویستی نامێنێتەوە.  
 پاڵنەری سێكسی وایكردووە، تەنها بیر لە سێكس بكرێتەوە، خۆشەویستی بە مانا راستەقینەكەی فەرامۆش بكەن، بۆیە پاش پێكهێنانی ژیانی هاوسەری بە ماوەیەكی كورت بێزاری روو لەماڵەكان دەكات و خۆشەویستی لە پەنجەرەوە رادەكات رق و كینەو شەڕ جێگای دەگرێتەوە چونكە لە سەرەتاوە خۆشەویستی و متمانەو دڵنیایی لە و نێوەندەدا ون بووە و سێكس پاڵنەری سەرەكی ئەم پەیوەندیە بووە .
 مرۆڤ تا نرخی خۆشەویستی نەزانی نرخی ژیان نازانێت و بەزەیم بەو كەسانە دێتەوە كەلەژیانیاندا نەیانتوانیوە كەسیان خۆشبووێت و كەسیش خۆشی نەویستوون .زۆر جاریش بە تایبەتی لەسەر دەمی هەرزەكاری پیوانەكانی مرۆڤ هەڵەن و تەنها جوانی یان سەروەت و سامان دەبیتە پێوانە بۆ خۆشەیستی لە راستیدا  مرۆڤ نابێت بە پێوانەی جوانییەكانی دەم و چاو خەڵكی خۆشبووێت، چونكە جوانییەكانی مرۆڤ لە ناوەوەدێت. ئەو دەموچاوە جوانانەش لە ژێر كاریگەری زەمەندا چرچ و لۆچیان تێدەكەوێت و ئەوەی كە بۆ هەمیشە بە جوانی دەمێنێتەوە هەڵوێستە جوانەكانی مرۆڤە . من چی لە دەموچاوێكی جوان بكەم كە لێم تێنەگات و قسەكانی وەك شمشێر لەت لەتم كەن. مەرج نییە هەموو سیمایەكی جوان ناخیشی جوان بێت ئێمە لەگەڵ مرۆڤ دەژین هەڵسوكەوتەكانی مرۆڤ كاریگەریان دەبێت بەسەرمانەوە نەك جوانی و ناشیرنیەكانی دەموچاو یان هەژاری و دەوڵەمەندی.هەرچەندە لەم رۆژگارەدا پارە وای لێهاتووە نەنگیەكانی مرۆڤ دادەپۆشی و مرۆڤەكان بە پێی پلەو پایەو پارەی گیرفانیان حیسابیان بۆ دەكرێت و رێزیان دەگیرێت، هەژارەكانیش هەرچەندە كەسانی خۆشەویست و باش بن هەر بەكەم سەیر دەكرێن، خۆشەویستیش دەبێتە یاریەكی هەڵخەلەتێنەر.بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەكار دەهێنرێ .
 كەواتە یادكردنەوەی رۆژی خۆشەویستی لە كۆمەڵگەیەكی داخراو و سیستەمێكی كۆیلەدا مانایەكی نییە
 كەی ئێمە فێری خۆشەویستی و لێبووردەیی  بووین و لە ناخەوە هەستمان بە خۆشەویستی كرد و ژینگەیەكی گونجاومان هەبو بۆ خۆشەویستی و بە ناوی خۆشەویستی سوكایەتیمان بەكەس نەكرد و ئەوكەسەی ئەمرۆ خۆشمان دەوێ سبەی نەبوو بە دوژمنمان، ئەو كاتە دەتوانین بڵێن خەڵكی كوردستان  هەموو رۆژەكانی خۆشەویستیتان باش. 
 
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.