Skip to Content

140 Views

وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ – بەشی یەکەم … دکتۆر جەبار قادر

وێستگە مێژووییە گرنگەکانی کێشەی مووسڵ – بەشی یەکەم … دکتۆر جەبار قادر

Be First!
by November 3, 2016 General, Opinion
image_print

لە هەوڵی تێگەیشتنماندا لەو هەموو ئاڵۆزییەی لە بارەی مووسڵەوە لە ئارادان، گەڕانەوە بۆ گرنگترین وێستگەکانی مێژووی سەرهەڵدان، پەرەسەندن و ئاڵۆزبوونی کێشەی مووسڵ لە چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، کارێکی پێویست و بەجێیە. بێ لێکدانەوەی ئەو پاشخانە مێژووییە ئاڵۆزە، ئەستەمە مرۆڤ لەم هەموو کەین و بەینە سەر دەربکات.

لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە سەر کەشتی ئاگەمەمنون Agamemnon لە بەندەری مۆدروس Moudrosلە دورگەی لێمنۆسی Lemnos عوسمانی ئەوجا و یۆنانی ئێستا لە دەریای ئیجە، ئاگربەستی مۆدروس لە نێوان هاوپەیمانان و عوسمانییەکاندا ئیمزا کرا. لە سەر ناوی دەوڵەتی عوسمانی ڕەوف بەگ وەزیری دەریاوانی و لە سەر ناوی دەوڵەتانی هاوپەیمانیش ئەدمیراڵی بریتانیSomerest Arthur Gough- Calthorpe ئیمزایان کرد. ئاگربەستی مۆدروس، کە تورکەکان بە موتارەکەی موندرۆس (Mondros Mütarekesi) ناوی دەبەن، کۆتایی بەشەڕی یەکەمی جیهانی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتدا هێنا. لەو ساتەدا هێزە سەربازییەکانی بریتانیا ١٢ مایل (نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر) لە باشوری شاری مووسڵ بوون. بە پێی بەندەکانی ئاگربەستەکە دەبوایە هێزە شەڕکەرەکان لە جێگەی خۆیان ڕاوەستن و جووڵەیان پێ نەکرێت.

بریتانییەکان زۆریان مەبەست بوو شاری مووسڵ داگیر بکەن، بۆیە دوای چەند ڕۆژێک تورکەکانیان ناچار کرد شارەکە چۆڵکەن . بریتانیا وەک هێزێکی ئیمپراتۆری مەزن و لە شەڕدا سەرکەوتوو، زۆر ئاسان بوو بۆی خواستەکانی خۆی بەسەر لایەنی دۆڕاودا بسەپێنێت. پاکانەی بریتانییەکان بۆ داگیرکردنی مووسڵ بەندەکانی ٧ و ١٦ی ئاگربەستەکە بوون. بەندی ٧ ئەو مافەی دەدا بە هاوپەیمانان کە هەموو ئەو خاڵە ستراتیژیانە داگیربکەن لە حاڵەتی پەیدابوونی هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکانیان. ئەم “باری هەڕەشە لە سەر ئاسایشی هێزەکان” سەد لێکدانەوەی هەڵدەگرت. خاڵی ١٦ش لایەنی عوسمانی ناچار کردبوو، هەموو بنکە سەربازییەکانی حیجاز، عەسیر، یەمەن، سوریا و میزۆپۆتامیا ڕادەستی نزیکترین فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان بکات، هێزەکانیشی لە کیلیکیا بکێشێتەوە، تەنها ئەوانە نەبن کە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش پێویستن، وەک لە خاڵی ٥ مدا باسی لێوە کراوە. کەس باوەڕی بەوە نەبوو سوپای عوسمانی لە پەل و پۆ کەوتوو توانای ئەوەی مابێت هەڕەشە لە سەر هێزی هاوپەیمانان دروست بکات. حکومەتی عوسمانی لە ئەستەموڵ، لە دوای ئەویش حکومەتی کەمالی لە ئەنقەرە داگیرکردنی مووسڵیان بە کردەوەیەکی ناقانونی دانا، چونکە لە دوای مۆرکردنی ئاگربەستەکە و بە لێکدانەوەی ئەوان لە دژی بنەما سەرەکییەکەی بوو. ئا لێرەوە کێشەیەک بە ناوی کێشەی ویلایەتی مووسڵ (کێشەی مووسڵ) لە نیوان بریتانیا و عیراقی ژێردەستەی لە لایەک و تورکیا لە لایەکی ترەوە پەیدا بوو.

بریتانیا دەمێک بوو چاوی بڕیبووە ویلایەتی مووسڵ، هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتننامەی سایکس – پێکۆ دانی بەوەدا نابوو کە بەشی هەرە زۆری بدرێت بە فرەنسا، بەڵام بەشە گرنگەکەی، کە کەرکوک بوو بۆ خۆی دابڕیبوو. لەو نەخشەیەی ناوچەکانی دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ و دەڤەری باڵادەستی (هێژیمۆنی – نفوذ)ی بریتانیا و فرەنسای لە سەر دیار کراون و لە گەڵ ڕێکەوتننامەکەدا هاوپێچ کراوە، تا زێی بچووک بە شاری کەرکوکەوە کرابوو بە ناوچەی باڵادەستی بریتانیا.

دواتر لە کۆنفرانسی سان ڕیمۆ کە لە ئیتالیا لە(١٩ – ٢٦ نیسانی ١٩٢٠) بەسترا و سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا و نوێنەرانی یۆنان، ژاپۆن و بەلجیکا ئامادەی بوون و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکاش وەک چاودێر ئامادە بوو، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لوید جۆرج توانی سەرۆک وەزیرانی فرەنسا جۆرج کلیمەنسۆ قایل بکات دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، کە بە پێی سایکس – پیکۆ بۆی دانرا بوو. لە بەرامبەر ئەم پیاوەتییەی کلیمەنسۆ فرەنسا هەندێ شتی دەست کەوت، بەڵام لە گەڵ گرنگی مووسڵا بەراورد نەدەکران. لەم سان ڕیمۆ دەبوایە دەولەتانی هاوپەیمانی سەرکەوتوو لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بڕێار لە سەر چارەنووسی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە ئاسیا بدەن. لێرەدا ئامادەبووان دوا پێداچوونەوەیان بە ڕەشنووسی پەیماننامەی ئاشتیدا کرد، کە دواتر لە ١٠ ئابی هەمان ساڵ لە پاریس مۆر کرا و بە پەیماننامەی سێڤر ناوی دەرکرد. هەر لە سان ڕیمۆش ڕژێمی مەندەیتیان داهێنا و فلەستین و میزۆپۆتامیا خرانە ژێر مەندەیتی بریتانیا و لە بەرامبەر وازهێنانی فرەنسا لە مووسڵ، بریتانیا دانی نا بە مەندەیتی فرەنسادا لە سەر سوریا و لوبنان. ئەوەی مایەی سەرنج و تێڕامانە هەر لە سان ڕیمۆ لە ٢٤ -٢٥ نیساندا دان و سان لە سەر نەوتی ویلایەتی مووسڵ لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بەڕێوەچوون و لە ئەنجامدا ڕێکەوتننامەیەک لەو بارەیەوە ئیمزا کرا، کە مافی ٢٥ % نەوتی مووسڵی دەدا بە فرەنسا لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی لە ویلایەتی مووسڵ. ئەم کەین و بەینانە ئەو ڕاستییە دەرئەخەن کە بریتانیا ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری مووسڵ بێت.

هەر لەو کاتەدا کە هاوپەیمانان لە سان ڕیمۆ و پاریس خەریکی بەخشینەوەی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی بوون، لە سەر خاکی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا) ڕووداوی گەورە دەقەومان. مستەفا کەمال لە مایسی ١٩١٩ەوە دەستی کردبوو بە کۆکردنەوەی لایەنگران بۆ ڕوو بە ڕووبوونەوە لە گەڵ داگیرکەراندا. دوو کۆنگرە لە ئەرزەڕۆم (٢٢ تەمموز – ٧ ئاب ١٩١٩١) و سیواس (٤ – ١١ ئەیلول ١٩١٩) بۆ ئەو مەبەستە بەستران. لەو کۆنگرانەدا پرۆژەی پرۆگرامێکی سیاسی گەڵاڵە کرا. یەکێ لە داخوازییە سەرەکییەکانی کۆنگرەی سیواس ئەنجامدانی هەڵبژراردن بوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی( مجلسی مبعوثان). حکومەتی سوڵتان ناچار کرا ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕابگەیەنێت. لە زۆربەی ویلایەتەکان لایەنگرانی مستەفا کەمال سەرکەوتن. لە کۆتایی ساڵی ١٩١٩ و دەسپێکی ١٩٢٠ لە مستەفا کەمال و دەستەی نوێنەرایەتیدا (هیئەی تمثیلیە)، کە لە کۆنگرەی سیواس وەک دەستەیەکی جێبەجێکار هەڵبژێردرابوون، ئەندامانی نوێی پاڕلەمان لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە ئەنجامی کۆبوونەوەکاندا پرۆژەی پەیمانێک گەڵاڵە کرا، کە تورکەکان بە مانیفێستۆی شەڕی ئازادی ناوی ئەبەن. پەیمانەکە لە هەشت خاڵ پێکهاتبوو و بە بۆچوونی کەمالییەکان داخوازییە سەرەکییەکانی گەلانی تورکیای دەگرتە خۆ.

بە پێی سەرچاوە مێژووییەکان مستەفا کەمال بە خۆی ڕەشنووسەکەی نووسی و ئەوانی تر ئیمزایان کرد. ئەم پەیمانە برا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، کە لە ١٢ کانونی دووەمی ١٩٢٠ دوا خولی خۆی لە ئەستەمووڵ دەسپێکرد. دوای کردنەوە و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی پاڕلەمان، گفتوگۆکان لە بارەی پرۆژە پەیمانی نیشتمانییەوە، کە ئەو کاتە بە ناوی عەهدی میللی نێوی دەبرا، دەستیان پێکرد. لە ٢٨ هەمان مانگدا و لە دانیشتنێکی نهێنیدا بڕیاری لە سەر عەهدی میللی درا. ئەم پەیمانە بە ناوی جیاواز لە مێژوودا باسکراوە، (عهدی میللی، میثاقی میللی و لە زمانی تورکی هاوچەرخدا بووە بە ( (Ulusal Ant, Milli Misak, Milli Yemin، کە هەموویان هەمان واتا دەبەخشن، کە دەکاتە پەیمانی نیشتمانی. لە بڕیاڕنامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا هەشت خاڵەکەی مستەفا کەمال کران بە شەش خاڵ بە تێکەڵکردنی هەندێ لە خاڵەکان. لە ١٢ شوبات بڕیاڕنامەکە ئاشکرا کراو و بڵاوکرایەوە. ئەم ڕەوتەی ڕووداوەکان تەواو لە دژی ئەو سیناریۆیانە بوو کە هاوپەیمانان خەریکی داڕێژانی بوون لە بارەی دوا ڕۆژی ئاسیای بچووکەوە، بۆیە هێزەکانی بریتانیا، فرەنسا و ئیتالیا لە ١٦ مارتدا ئەستەموڵیان داگیرکرد. لە ١٨ مارتدا ئەنجومەنی نوێنەران دوا کۆبوونەوەی خۆی کرد و لە ژێر فشاری داگیرکەرانا لە ١١ نیسانی ١٩٢٠ بە یەکجاری دەرگاکانی داخرا. بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەن دەستگیر کران و لە ولات دوورخرانەوە و بە شەکەی تریان خۆیان گەیاندەوە ئەنقەرە. لە ٢٣ نیسانی ١٩٢٠ پاڕلەمانێکی نوێیان لەوێ بە ناوی ئەنجومەنی مەزنی میللی تورکیا ((Türkiye Büyük Millet Meclisiدامەزراند. لێرەوە لە تورکیا دوو حکومەت هاتنە کایەوە: حکومەتی ئەستەموڵ و حکومەتی ئەنقەرە. یەکەمیان لە پەل و پۆ کەوتبوو و لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا بوو و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوا پێگەکانی خۆی لە تورکیا لە دەستدەدا. ئەوی تریان حکومەتی ئەنقەرە بە پێچەوانەوە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی لە شەڕی ئازادیدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە نێو خۆی تورکیا و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش پەیگەی بەهێزتر دەبوو.

ئەوەی لە پەیمانی نیشتمانیدا بۆ ئەم باسەی ئێمە گرنگە خاڵی یەکەمێتی کە باس لەو ناوچانە دەکات، کە زۆرینەی دانیشتوانیان بە وتەی ئەوان عەرەبن و لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ٣٠ ئوکتۆبەری ١٩١٨ لە ژێر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بوون، دەبێت خەڵکەکەی بە ئازادی بڕیاڕ لە سەر چارەنووسی خۆیان بدەن. لێرەدا مووسڵ و هەتای (ئەسکەندەرۆنە) خراونەتە چوارچیوەی سنوورەکانی پەیمانەکەوە وەک لەو نەخشەیە دەرئەکەوێت کە هاوپێچ کراوە. لەوێدا هەموو باشوری کوردستان خراوەتە سەر نەخشەی تورکیا، هەتای لە ٢٩ حوزەیرانی ١٩٣٩ بە ڕێکەوتنێک لە گەڵ فرەنسا خرایە سەر تورکیا، پێشتریش پرسی قارس و ئارتڤین لە گەڵ ڕووسیای سۆڤیەتیدا بە قازانجی تورکیا بڕابووەوە.

ئا لەم کاتەدا هاوپەیمانان لە پاریس پەیماننامەی سێڤریان لە ١٠ ئابی ١٩٢٠ لە گەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا مۆر کرد. ئەوە یەکەمین جار بوو لە بەڵگەنامەیەکی نێودەوڵەتیدا باس لە مافەکانی کورد بکرێت. کورد زۆری بە سەر سێڤردا هەڵداوە، کە لەوە زیاتر وەک بەڵگەنامەیەکی مێژوویی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی باس لە مافەکانی کورد دەکات، هیچ بەهایەکی لە سەر ئەرزی واقیع نەبوو. دەوڵەتی عوسمانی کە ئیمزای کردبوو هەر ئەو کاتە دەسەڵاتی بەسەر زۆربەی ناوچەکانی ئاسیای بچووکدا نەدەڕۆیشت، کەمالییەکان لەوێ خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە بوون و ئەمان ئامادە نەبوون بە هیچ شێوەیەک دان بە سێڤردا بنێن. کەس خۆی نەکردە خاوەنی پەیماننامەی سێڤر، هاوپەیمانان چەند مانگێک تێنەپەڕیبوو بە سەر ئیمزا کردنیدا، کاتێ ئامادەییان دەربڕی بە بەندەکانیدا بچنەوە و کەوتنە بازرگانی لە گەڵ کەمالییەکاندا. بێجگە لە ئیتالیا هیچ دەوڵەتێک بە فەرمی لە پاڕلەمانی وڵاتەکەیدا ئیقراری نەکرد. ئەو سێ خاڵەی سێڤریش کە بۆ باسی مافەکانی کورد تەرخان کرابوون، ئەوەندە مەرج و ئەگەریان بۆ دانرا بوون، ئەگەر مرۆڤ بە وردی و دوور لە سۆز لێکیانبداتەوە، ئەوا دەبینێت ئاکامەکەی دەکاتە هیچ و نزیکدەبێتەوە لە سفرێکی گەورە. لە سێڤردا باسی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نەکرا، وەک ئەوەی بەشێک نەبێت لە کوردستان. ئەو کوردستانەشی کە لە نەخشەکەی سێڤردا بە کورد ڕەوا بینیرا، زۆر لەو کوردستانە بچووکترە کە کورد بە خاکی نیشتمانی خۆی دەزانێت. ئەم بابەتە پێویستی بە باسێکی تایبەت هەیە.

لە ئابی ١٩٢٢ هێزەکانی تورکیای کەمالی سەرکەوتنێکی بێ وێنەیان بە سەر سوپای یۆنانیدا بەدەستهێنا، لە ١١ ئوکتۆبەری هەمان ساڵیشدا ئاگربەستی مودانیا لە نێوان حکومەتی ئەنقەرە لە لایەک و نوێنەرانی بریتانیا، فرەنسا، ئیتالیا لە لایەکی ترەوە ئیمزا کرا و لە ١٣ هەمان مانگیش یۆنان پێوەی پابەند بوو و ئیمزای کرد. لێرەوە ئیتر ئەنقەرە خۆشی بەوەدا نەدەهات باسی ئاگربەستی مۆدروسی لە گەڵدا بکرێت، ئەو داوای ئەوەی دەکرد کە بە پێی ئاگربەستی مودانیا قسەی لە گەڵدا بکرێت. لە کۆتاییدا هەر واش کرا، تورکیا تەنها دەوڵەتی دۆڕاو بوو لە شەڕدا کە وەک هاوتایەک هەڵس و کەوتی لە گەڵدا دەکرا. ئاشکرایە دەوڵەتی شکستخواردوو لە شەڕدا هەموو بڕیاڕەکانی لایەنی سەرکەوتوو بێ یەک دوو جێبەجێ بکات. زوو زوو عیسمەت ئینەنۆ بە بیری نوێنەرانی هاوپەیمانانی دەهێنایەوە کە ئەوە دەوڵەتی عوسمانی بوو شەڕی دۆڕاند، بەڵام ئەو بە سەرکەوتوویی لە گۆڕەپانی شەڕەوە هاتووە، بۆیە دەبێت وەک هاوتا مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت نەک وەک لایەنی دۆڕاو. مەرجەکانی ئاشتی لە نێوان تورکیا و هاوپەیمانان بە پێی ئاگربەستی مۆدانیا، دەبوایە لە کۆنفرانسی لۆزان، کە جاری یەکەم لە (٢١ نۆڤەمبەری ١٩٢٢ تا ٢٤ شوباتی ١٩٢٣) و جاری دووەمیش لە (٢٣ نیسان تا ٢٤ تەمموزی ١٩٢٣) بەڕێوە چوو، بڕیاریان لێ بدرایە.

پێش ئەوەی باسی کێشمە کێشی نێوان هەردوو شاندی تورکیا و بریتانیا لە لۆزان بکەین، کە کێشەی مووسڵ بابەتی هەرە گرنگیان بوو، دەبێ ئاوڕێک لە هەوڵی کەمالێیەکان لە باشوری کوردستان بدەینەوە، کە لە گەڵ هەندێ کەسایەتی و ناوەند خەریکی پیلانگێڕان بوون بۆ گێڕانەوەی ئەم بەشەی کوردستان بۆ ژێر چەپۆکی تورک. ئەمەش بابەتی بەشی سێیەمی ئەم زنجیرە وتارە دەبێت.

Previous
Next

Leave a Reply