
ئێمه و كلتووری هه‌ڵبژاردن……هێمن مه‌هدی نه‌قشبه‌ندی
ئێمه و كلتووری هه‌ڵبژاردن
هێمن مه‌هدی نه‌قشبه‌ندی
hemnster@gmail.com
رێكه‌وتی سیاسی ناوچه‌كه وا كه‌وته‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی كوردستاندا، دوو هه‌ڵبژاردنی دیكه له‌ده‌وروبه‌رمان سازبدرێ، كه له هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیدا یه‌كده‌گرنه‌وه. هه‌ریه‌كه له ئێران و لوبنان، خاوه‌ن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كن، له هوشیارییه‌وه هه‌ردوو وشه‌ی (به‌ڵێ) و (نه‌خێر) له‌كاتی شیاوی خۆیدا به‌كاردێنن. لوبنان هه‌تا ئێستاش پایته‌ختی رۆشنبیری عه‌ره‌به و ساڵانه به لێشاو كتێبی تێدا ته‌رجه‌مه ده‌كرێ و له‌چاپ ده‌درێ، به‌شێ زۆری بێژه‌ری كه‌ناڵه عه‌ره‌بییه‌كان، كوڕ و كچی لوبنانین به‌هۆی رۆشنبیرییه ئهنسكلۆپیدیایهكهیانهوه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی بێجگه له زمانی دایك، گه‌ر ئینگلیزی نه‌زانن، ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه فه‌ره‌نسی یان ئیسپانی یان ئه‌ڵمانی ده‌زانن. به‌گشتی خوێنه‌رێكی باشی رۆژنامه و گۆڤارهكانن و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌یان به‌ته‌نیا یه‌ك زمان نییه، به‌ڵكو له چه‌ند زمانێكی زیندووی جیهانه‌وه راسته‌وخۆ زانیاریی و زانینه‌كان وه‌رده‌گرن. به‌وردی ئاگاداری باری سیاسی وڵاتی خۆیانن و ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندی لوبنان له‌كوێدایه، بۆیه له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌ركه‌سێ خۆی كاندید ده‌كات، ئه‌و راستیانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆی ده‌زانێ، نه خۆی فریو ده‌دات و نه خه‌ڵكیش. هه‌رچی ئێرانیشه، زۆرێكمان هه‌ر به‌هۆی كاره‌ساته‌كانه‌وه، به‌وێ ئاشنابووین، هوشیاری و رۆشنبیریی، دوولایه‌نی به‌هێزی نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ن، له ململانێی سیاسی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، ده‌ركه‌وتووه كه له‌وێ مه‌یلێك هه‌یه ئێران نه به ڕه‌شی ته‌واو بمێنێته‌وه و نه به سپی ته‌واویش، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ رهنگاڵهیهك بێت، ده‌خوازێ ژماره‌یه‌ك بێ له‌نێو ژماره‌كان و ئه‌و گۆشه‌گیرییه نێوده‌وڵه‌تییه بشكێنێ، كه له كۆتایی هه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه تێیكه‌وتووه. كۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی به فره‌یی خۆیه‌وه، وه‌ك لوبنانیه‌كان خوێنه‌رێ باشی كتێب و رۆژنامه و گۆڤارهكانن، ئه‌و كتێبه باشانه‌ی ئه‌مرۆ له جیهاندا چاپده‌كرێن، دوای چه‌ند مانگێ له ئێران‌دا ته‌رجه‌مه كراون، ئه‌وه‌نده به‌سه بڵێین سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفه‌ی زۆرێ له كه‌ڵه رۆشنبیره‌كانی ئێستای كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، كتێبه فارسییهكانه. هه‌ریه‌كه له‌م دوو وڵاته به‌وپه‌ڕی هوشیارییه‌وه چوونه به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان، له لوبنان ئه‌و خه‌ڵكه‌ی رۆژێ له رۆژان پشتیوانی حزبوڵڵا بوو له به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئیسرائیل، ده‌نگی خۆی دایه هێزی 14ی ئادار(به‌ره‌ی سه‌عد حه‌ریری)، چیدیكه پرۆگرامی ژیانیان له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه و میللیتاریهتدا رێكناخهن. له ئێران دووباره (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنایه‌وه، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ریفۆرمیسته‌كان بێده‌نگ نه‌بوون، رژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ڕاستی بوونه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره، به‌راده‌یه‌ك له به‌های سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی كه‌مكرده‌وه، چونكه بۆ یه‌كه‌مین جار به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتداری ئێرانی كه له ساڵی 1979وه نیشتۆته سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، هه‌ستده‌كات هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له ئاسۆوه دیاره، ساڵ به‌ساڵ فراوانتر ده‌بێ و ره‌نگه له ده‌وره‌ی داهاتوودا، كۆتایی به‌ده‌سه‌ڵاتی موحافهزهكاران بێنێ. له‌هه‌ردوو دۆخی لوبنان و ئێران‌دا ئاماژه‌یه‌كی گرنگ هه‌یه، ئه‌ویش زیندووێتی میللهتهكانیانه، بۆیه سه‌عد حه‌ریری كۆڵی نه‌دا، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه ئاراسته‌ی كرا، هه‌مان هۆكاریشه وا له موسه‌وی ده‌كات سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌ره‌نجامه فه‌رمییه ره‌تبكاته‌وه كه وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران له‌باره‌ی دوایه‌مین ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سهرۆكایهتیهوه خستیه‌روو. هه‌ڵبژاردن بۆ ئێمه پرۆسه‌یه‌كی نوێیه، به‌ڵام سه‌رنجدانی ئه‌و ئه‌زموونه له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، ئاگاییهكمان پێده‌به‌خشێ، كه وه‌ك ئه‌وان بزانین( به‌ڵێ یان نه‌خێر) به كێ ده‌ده‌ین. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ی لێره ده‌كرێ، بڵاوكردنه‌وه و سه‌رده‌ستكردنی كه‌لتوورێكه له هه‌ڵبژاردن، گه‌لێ دووره له‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ده‌وروبه‌رماندا ده‌گوزه‌رێ. رۆژانه خه‌ڵك بۆ خۆی گوێبیستی زۆر هه‌واڵ و شتی سه‌یر ده‌بێ. براده‌رێكی ئاگادار گێڕایه‌وه، بنه‌ماڵه‌یه‌ك به‌خۆیان سی كه‌س بوون، بیستوپێنج كه‌سیان ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردن تۆماركردبوو، هه‌مان براده‌ر چیرۆكێ سه‌یرتری باسكرد، كه ئه‌ندامی یه‌كێ له لیسته‌كان بۆچوونی خۆی بۆ روونكردبۆوه، گوتبووی ئێمه خه‌ڵكی شاره‌زا و پسپۆڕ نابه‌ینه نێو په‌رله‌مانه‌وه، كۆمه‌ڵێ كه‌س ده‌به‌ین بتوانن تا مریشكه ڕه‌شه بچن، هه‌ركه‌سێ گوتی سیر ئه‌م بڵێ پیازێ هێنده‌ی كه‌لله‌ی سه‌رت، به‌كورتییه‌كه‌ی كه‌سێك بێ بتوانێ كورسی له‌سه‌ری نه‌یاره‌كانیدا ورد و خاش بكات. وه‌ك گوتم هه‌واڵی سه‌یر ده‌بیستین، به‌ڵام گرنگترین ئه‌وه‌یه خه‌ڵكی خۆمان فێر بكرێ، هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌یه‌كه په‌یوه‌سته به‌ژیانی خه‌ڵك خۆیه‌وه، گه‌ر پسپۆڕێ شه‌ڕه كورسیشی بۆ بكات، ئه‌وه ده‌هێنێ بچێته به‌رده‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ڵام گه‌ر ناشارهزایهك بێ، پێویست ناكات بچێته ده‌ره‌وه، با له ماڵه‌وه بێت و ته‌ماشای فیلمێكی ئه‌كشن بكات.