
پۆپۆلیزم و ئه‌فسانه‌ی گۆڕینی وڵات له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه
پۆپۆلیزم و ئه‌فسانه‌ی گۆڕینی وڵات له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه*
سیروان عهبدولناتوانم سه‌رسوڕمانی خۆم بشارمه‌وه له‌و هه‌موو دڵگه‌رمیی و گه‌شبینییه‌ی که له‌م سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌دا که‌وتۆته دڵی ئه‌و هه‌موو نووسه‌ر و ڕۆشنبیره‌ی که ئه‌م ماوه‌یه به‌چڕیی له ڕۆژنامه و که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کان و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کاندا له‌سه‌ر دۆخی سیاسیی وڵات و دۆزی هه‌ڵبژاردن هاتوونه‌ته قسه. زۆربه‌ی زۆری ڕۆشنبیران وای ده‌بینن که له کوردستانی عێراقدا ئێستا گۆڕانکارییه‌کی ڕادیکاڵ له هاوکێشه سیاسییه‌کاندا هاتۆته ئاراوه و گوایه کۆمه‌ڵگای ئێمه ئێستا له‌حزه‌ی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی ده‌ژی. تا ئه‌و شوێنه‌ی یه‌کێک له ناوه دیاره‌کان حه‌ماسه‌ته‌که بۆ ئه‌و ئاسته هه‌ڵئه‌کێشێ که وای ببینێت که گوایه ”هێزێکی گه‌وره‌ی بزوێنه‌ری مێژوویی له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا چه‌که‌ره‌ی کردووه و به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چێت دره‌نگ یان زوو له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع کردارێکی مێژوویی فه‌رز بکات”.
من به‌ش به حاڵی خۆم سۆراغێک له گۆڕانی ڕاسته‌قینه نابینم که له کوردستانی عێراقدا ڕووی دابێت، وه ئاسه‌وارێک بۆ هه‌بوونی جیاوازیی جه‌وهه‌ریی له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانیی ئه‌مجاره و جاره‌کانی پێشووتردا نابینمه‌وه، وه ئه‌و شاگهشکهبوونهی ڕۆشنبیران و حه‌ماسه‌تیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره به ڕاماڵرانی ئه‌وان ده‌بینم – حاڵیان وه‌ک حاڵی خه‌ڵکه ساده‌که‌ی کۆمه‌ڵگا – له‌گه‌ڵ لێشاوی بانگه‌شه‌ی گه‌رموگوڕ و پڕ له دیماگۆجییه‌تی هه‌ڵبژاردندا؛ وه له حاڵه‌تی زۆربه‌یاندا به ئاکامی تووڕه‌یی له‌و ئیداره فاشیلانه‌ی حکومه‌تی پارتیی و یه‌کێتیی و به تهوههومبوون و دهرمانخواردووبوونی ئه‌وانی ده‌بینم به ڕێتۆریکێکی پۆپۆلیستیی که له‌لایه‌ن فیگورێکی ناو دوێنێی ده‌سه‌ڵاته‌وه له‌م سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌ستی دراوه‌تێ.
من له‌م ووتاره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌م باسێک له‌وه بکه‌م که به‌لای منه‌وه گۆڕان له چی قوڵاییه‌کدا گۆڕانی ڕاسته‌قینه‌یه، وه چی کاتێک ده‌توانین باس له هه‌بوونی جیاوازیی جه‌وهه‌ریی بکه‌ین له‌نێوان هاوکێشه سیاسییه‌کانی دوێنێ و هاوکێشه سیاسییه‌کانی ئه‌مڕۆدا. له درێژه‌شدا باسی خه‌ته‌رناکیی حه‌ماسه‌ت و شاگه‌شکه‌بوونی ڕۆشنبیران ده‌که‌م به‌و شڵه‌قانه کاتیی و ڕووکه‌شانه‌ی که به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌م یان ئه‌و ته‌ره‌فی سیاسیی له دۆخی سیاسیی وڵاتێک‌دا ده‌یهێنێته ئاراوه.
ڕه‌نگه باشترین ده‌روازه‌یه‌ک بۆ قسه‌کردن له سروشتی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی که زۆربه‌ی ڕۆشنبیران له ئێستای کوردستاندا ده‌یبینن، گه‌ڕان بێت به‌دوای وه‌ڵامی پرسیارێکی ساده‌ی له‌م چه‌شنه‌دا: ئه‌و موستهجهداتانه چین که له گۆڕه‌پانی سیاسیی وڵات‌دا و له‌ناو هاوڵاتییاندا سه‌ریانهه‌ڵداوه که ڕۆشنبیران ئارگیومێنته‌کانی خۆیانی له‌سه‌ر بونیاد ده‌نێن؟ دوو دیارده‌ی زه‌ق که له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌دا خۆیان فه‌رز ده‌که‌ن یه‌که‌م زیادبوون و ئینجاش ڕوو له زیادبوونی ناڕه‌زایی و تووڕه‌یی خه‌ڵکه به‌رامبه‌ر به‌و ملهوڕیی و دزیی و وازییهی که پارتیی و یه‌کێتیی ساڵانێکی درێژه به سوء ئیستیفاده له ده‌سه‌ڵاتدارێتیی و حوکمبهدهستیی خۆیان موماره‌سه‌ی ده‌که‌ن؛ دووه‌م، جیاکردنه‌وه‌ی ڕیز و بهدژوهستانهوهی هه‌ندێک حیزب و لایه‌ن و فیگوری به‌رچاوه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ژموونه‌ی [Hegemony] که ئه‌و دوو گروپه به‌سه‌ر هه‌موو کون و که‌له‌به‌ری وڵات‌دا فه‌رزیان کردووه؛ یان به مانه‌یه‌کی تر و وه‌ک ده‌وترێت، سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیۆنه.
به‌ر له هه‌ر شت پێویسته ئه‌و ڕاستییه ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر که دروست نییه تووڕه‌یی و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان له حوکمدارێتیی پارتیی و یه‌کێتیی به موستهجهدات و دیارده‌ی نوێ ناو ببه‌ین. ناکامکهوتنهی [Disappointment] خه‌ڵک له‌و چاوهڕوانییانهیاندا که له حکومه‌تێکی خۆیی کوردیی هه‌یانبوو هه‌ر له‌گه‌ڵ ئاودیوکردنی یه‌که‌م شۆفڵدا بۆ به‌ری ئێران، بوو به واقیعێک و دڵساردیی و نائومێدیی خسته دڵی خه‌ڵکی کورده‌وه. ئه‌وه‌ی که بڵێین ئه‌مه هه‌ستکردن به بۆشاییه‌که که تازه و به‌م دواییه له ناخی خه‌ڵکدا دروست بووه و بڵێین که ڕه‌خنه‌ی ئه‌مجاره‌ی خه‌ڵک چلۆنایه‌تییه‌کی جیاوازی هه‌یه و خه‌ڵک وا به‌م دواییانه که‌وتۆته خۆی تا له‌و بۆشاییه ڕابکات، قسه‌یه‌کی وا فیکر و لێکدانه‌وه‌ی وورد نییه به‌ڵکو شاگه‌شکه‌بوونه به بزووتنه‌وه‌یه‌ک که له‌م ده‌ورانی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌دا توانیویه‌تی به شیعاری پۆپۆلیستیی هه‌رزان سواری شه‌پۆله‌کانی ئه‌و تووڕه‌یی و ناکامکهوتنهوهیهی ناو دڵی خه‌ڵک بێت به‌و هیوایه‌ی گوشارێک بخاته سه‌ر نه‌یاره‌کانی.
به‌ڕای من تووڕه‌یی خه‌ڵک له سته‌مکاریی ده‌سه‌ڵات و له بارودۆخی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووری وڵات مه‌رج نییه توخمێکی شۆڕشگێڕانه بێت که گوایه ئه‌گه‌ر له ده‌رفه‌تێکا ئه‌و تووڕه‌ییه تێرئاو بکرێت یان بۆی بلوێت و خۆی فه‌رز بکات به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، بتوانێت که‌م و زۆر له کۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌ر نزیکمان بکاته‌وه. بزووتنه‌وه‌یه‌ک که ناڕه‌زایی خه‌ڵک له ده‌سه‌ڵات و له بارودۆخی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووری وڵاتێک ده‌یخاته‌وه، به حوکمی سروشتی عه‌فه‌ویی و غه‌ریزیی خۆی، ته‌رکیزی له‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی هه‌نووکه‌ییه و ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و گرنگه ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌لومه‌رجه و خوڵقێنه‌رانی پاشه‌کشێ پێ بکات، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه‌ی که ئه‌و گۆڕانه هه‌ر ته‌نها خولانه‌وه‌یه‌کی نوێ بێت له بازنه‌ی سته‌مکارییدا و پاش ماوه‌یه‌ک بمانباته‌وه سه‌ر هه‌مان ئه‌و خاڵه که ناڕه‌زاییه‌تییه‌کان لێوه‌ی ده‌ستیان پێ‌کرد، ئه‌م بابه‌ته بۆ ئه‌و بابه‌تێکی بیرلێکراوه نییه و ئه‌و هه‌ر ته‌نها تینووی ئه‌وه‌یه وه‌زعی مه‌وجود بشڵهقێ و به بینینی سزای ئه‌وانه‌ی لێیان تووڕه‌یه دڵی ئاو بخواته‌وه.
گرفتێک که کۆمه‌ڵگاکانی ئێمه پێوه‌ی ده‌ناڵێنن و جه‌وله دوای جه‌وله سته‌مکاریی ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانیان پێ ده‌چێژێت ئه‌وه‌یه که خه‌ڵکه ساده‌که و سیاسه‌تکاران و ڕۆشنبیرانیش ئه‌و جۆره هه‌ڵچوونانه‌ی خه‌ڵکیان له ڕابردوو لێ ده‌بێت به بزووتنه‌وه و ڕاپه‌ڕین و شۆڕشی موژده‌به‌خش بۆ مێژوو، وه له‌پێناویدا ئاماده‌ن هه‌زاران ”شه‌هید” بده‌ن. لێکدانه‌وه‌یه‌کی ته‌قلیدیی و باو هه‌یه که پێی وایه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که خه‌ڵک تووڕه‌یه له ده‌سه‌ڵات و له وه‌زعی مه‌وجود، به‌و ئه‌ندازه‌یه کۆمه‌ڵگا له گۆڕانێکی ”ئازادییهێن”ه‌وه نزیک بۆته‌وه. ئه‌مه هه‌رده‌م تیگه‌یشتنێکی سهتاپاگیر و باوی ناو ڕۆشنبیران و سیسهتمهداران و خه‌ڵکی عاممه‌ی ئه‌و وڵاته زهدیدانهی ئێمه بووه له ڕۆژهه‌ڵات. تێگه‌یشتنی باو له سیاسه‌تکردن دژ به سته‌مکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵات لای ئێمه ئه‌وه‌یه که بتوانیت هه‌رچی زیاتر خه‌ڵک جۆش بده‌یت و تووڕه و تووڕه‌تریان بکه‌یت له ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار. ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک و به‌یادهێنانه‌وه‌یه‌کی خێرای ئه‌و جۆره خه‌باته سیاسییه‌ی که له حه‌فتاکان و هه‌شتاکاندا له‌ناو شاره‌کاندا ده‌مانکرد ئه‌وه‌مان پیشان ده‌دات که خه‌باتی چه‌نان ساڵه‌ی ئێمه دژ به سته‌مکاریی حکومه‌تی به‌عس و بۆ ڕووخاندنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه به وهتیریهکی وا و به ستراتیجییه‌تێکی واوه کاری ده‌کرد. هه‌ر ئه‌م تێگه‌یشتنه‌شه له کاری سیاسیی که وای کردووه ئێستاش له ناو ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌داران و له سایته‌کانی ئینته‌رنێت و له ڕۆژنامه‌کاندا قسه و وتاری هانده‌رانه ڕووبه‌رێکی گه‌وره داگیر بکات و، ئێستاش ”گڕدارترین” وتار شۆڕشگێڕانه‌ترین وتاری ناو فیکری سیاسیی ئێمه بێت. هه‌ر هه‌مان ئه‌م تێگه‌یشتنه‌یه که له درێژه‌ی خۆیدا وا ده‌کات که زۆرێک له رۆشنبیران، دوای زۆربوونی تووڕه‌یی خه‌ڵک و تووڕه‌یی خۆیان له ده‌سه‌ڵات له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، وای ببینن که ئێستا ئیتر زه‌مینه‌یه‌کی شۆڕشگێڕانه دروست بووه بۆ گۆڕینی کۆمه‌ڵگا و، لێره‌شه‌وه ئاوا له‌خۆبوردووانه و به‌و شێوه به‌ربڵاوه‌ی ئێستایان خۆیان بخه‌نه ناو گه‌رمه‌ی که‌مپینه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه و هه‌ندێکیشیان خۆیان بخه‌نه ئیختیاری ته‌ره‌فه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانه‌وه و ڕۆژنامه و ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و کۆڕ و سیمیناریان بۆ ببه‌ن به‌ڕێوه.
*** *** ***
ناسینی سروشت و هۆکاری تووڕه‌یی خه‌ڵک وه‌ڵامی ئه‌وه‌مان ده‌داته ده‌ست که بۆچی ئه‌و تووڕه‌ییه که‌ره‌سته‌ی گۆڕانکاریی ڕاسته‌قینه نییه له کۆمه‌ڵگادا. لێووردبوونهوهیهکی زۆری ناوێت له کۆمه‌ڵگای کوردستان تا ئه‌وه ببینین که ئه‌و مه‌یله، یان ته‌نانه‌ت ئه‌و بزووتنه‌وه عهدالهتخوازهی که له کۆمه‌ڵگادا هه‌یه بزووتنه‌وه‌ی عه‌داله‌تخوازیی زه‌ره‌رمه‌ندانه له گه‌نده‌ڵیی به ده‌وری مه‌حرومییه‌تی خۆیاندا نه‌ک بزووتنه‌وه‌یه‌کی عه‌داله‌تخوازانه به‌ده‌وری سێتێک له به‌های ئینسانییانه و به‌های کۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌ردا. شتێک که بێ تێڕامانی زۆر ده‌کرێت له‌مس بکرێت ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه که به‌های پایه‌یی و نه‌واتی ناڕازییبونی خه‌ڵکه تووڕه‌که، ناڕازییبوونه له‌وه‌ی که بودجه و داهات و سامانی وڵات ”دابه‌شکردنێکی یه‌کسان”ی بۆ نه‌کراوه و لێره‌شه‌وه‌یه ده‌یانه‌وێت وه‌ک سزادانێکی پارتیی و یه‌کێتیی ده‌نگ به لیستێکی تر بده‌ن. هه‌ر ئه‌م مه‌یله بوو که چه‌ند ساڵێک به‌ر له ئێستا له هه‌ڵبژاردنه شاره‌وانییه‌کاندا هه‌ر له داخی پارتیی و یه‌کێتییدا ده‌یویست ئینتیحارییانه ده‌نگ به یه‌کگرتووی ئیسلامیی بدات و ئه‌و کاته‌ش، هه‌روه‌ک ئێستا، زۆر ڕۆشنبیری به‌رچاو ده‌ستخۆشانه‌یان بۆ ده‌نووسین و وه‌ک ئیقدامێکی شۆڕشگێڕانه خوێنده‌وه‌یان بۆ ده‌کرد. ئێستاش ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی زهرهرمهندانهیه و ئه‌م حه‌زی تۆڵه‌یه‌یه که لای زۆرێک له ڕۆشنبیران ناوی ”خواستی گۆڕان له‌ناو جه‌ماوه‌ردا” وه‌رده‌گرێت و خوێندنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی بۆ ده‌کرێت و دڵی پێ خۆش ده‌کرێت، به‌ڵام بۆ من به‌پیچه‌وانه‌وه ئه‌مه به‌رجه‌سته‌بوون و خۆده‌رخستنێکی ئه‌و درزه زۆر خه‌ته‌رناکه‌یه که که‌وتۆته جه‌سته‌ی سیسته‌می ئه‌خلاقیی کۆمه‌ڵگای ئێمه. درز و خه‌له‌لێک که، به‌حوکمی ئه‌وه‌ی هه‌مان به‌هاگه‌ل ده‌یجوڵێنێت که کۆمه‌ڵگای ئیفلیجی پڕ له گه‌نده‌ڵیی له کوردستاندا کرده واقیع، هه‌ر ڕێگایه‌کی لێ بکه‌یته‌وه دیسانه‌وه ده‌تباته‌وه سه‌ر هه‌مان ئیفلیجیی. ئه‌م مۆدێله له عه‌داله‌تخوازیی له‌ناو خه‌ڵکی کوردستاندا ئاکامی ئه‌و کلتوری چاوچنۆکیی [Greed] و ڕۆحی پارهدۆستییهیه که گه‌نده‌ڵیی سه‌رتاپاگیری چه‌ند ساڵی ڕابردووی کوردستان له‌ناو تاکه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌کدا چاندی نه‌ک ئه‌وه‌ی ئاکامی هاودڵیی تاکه‌کانی ناو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه بێت. کلتوری چاوچنۆکیی و ماددیبوونهوهی ئینسانی کورد و پاشه‌کشێی به‌ها ئینسانییه‌کان له‌سه‌ر ده‌ستی سیاسه‌تی پارتیی و یه‌کێتیی ده‌ردێک نییه که دابه‌شکردنی یه‌کسانی بودجه یان خزمه‌تگوزاریی و دروستکردنی بینای جوان و جاده‌وبان و پارک و تێرئاوکردنی حه‌زی ژیان دیلۆکس و ڕاقیی بۆ هاوڵاتییان بتوانێت چاره‌سه‌ری بکات. ئه‌و قاعیده جه‌ماوه‌رییه‌ی خوازیاری گۆڕانه و ڕۆشنبیرانیش خوێندنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه بۆ هه‌ڵچوونیان ده‌که‌ن، خوازیاری ئه‌م جۆره گۆڕانانه‌ن، که حه‌قیقه‌ت ئه‌وه‌یه گۆڕانی له‌م جۆره کێشه‌که قوڵتر ده‌کاته‌وه نه‌ک ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بکات. کیشه‌ی وڵاتی ئێمه ئه‌وه‌یه که هاوڵاتیی کورد ئینسانێکی مه‌سره‌فگه‌رای چاوچنۆکی لێ دروست کراوه و له به‌های ئینسانیی داماڵراوه. له وڵاتێکی وادا ناڕه‌زایه‌تیی جه‌ماوه‌ریی و داخوازییه‌کانی خه‌ڵک دژ به ده‌سه‌ڵات دروست نییه ئه‌و قودسییه‌ته شۆڕشگێڕانه‌یه‌ی بدرێتێ و وا دابنرێت که به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی داخوازییه‌کانی خه‌ڵک فه‌رز ببێت، به‌و ئه‌ندازه‌یه له عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی نزیک ده‌بینه‌وه. بۆ که‌سێک که‌مێک له مانای ئه‌وه ڕابمێنێت که سه‌دان که‌س له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ده‌که‌ونه نووسین و ناڕه‌زایی و ”خه‌بات” دژ به‌وه‌ی که سلێمانیی که‌متر له هه‌ولێر جوانتر کراوه و بیریان ناکه‌وێته‌وه که لادێ و شارۆچکه‌کان وه‌ک شوێنی ژیانی ئاژه‌ڵ مامه‌ڵه ده‌کرێن، له‌و مۆڕاڵه ئه‌نانییه داڕزیوه تێده‌گات که کۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی ته‌نیوه و ته‌حه‌کوم به هه‌ڵچوون و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان و داواکانی گۆڕان ده‌کات.
دۆخێکی وا له وڵات‌دا مومکین نییه به دۆخێکی شۆڕشگێڕانه ناو ببرێت که مومکین بێت موژده‌ی هێنانی گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه‌ی پێ بێت. دیارده‌یه‌کی خاوه‌ن ده‌لاله‌ت که زوو زوو لێره و له‌وێ ده‌بینرێت دیارده‌ی ئیغرابوونی ئه‌و که‌سانه‌یه که ڕه‌خنه‌یان هه‌یه به ئیمتیازاتێک که ده‌سه‌ڵات ده‌یانداتێ به‌رامبه‌ر به دهمکولکردنی ڕه‌خنه‌کانیان، ئه‌مه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین دهمداخستنیان. ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر له‌ناو خه‌ڵکه عاممه‌که‌دا دیارده نییه به‌ڵکو نموونه‌ی ئه‌و ڕۆشنبیره ڕه‌خنه‌گرانه که‌م نین که دوای ئه‌وه‌ی حیزب ڕوویه‌کی خۆشی پێ دان، یه‌کسه‌ر له ڕه‌خنه چوونه‌وه و که‌وتنه ڕۆژنامهڕهشکردنهوه بۆ ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه ده‌ریده‌خات که چۆن زۆرجار تووڕه‌یی ڕه‌خنه‌گران تووڕه‌ییه‌کی مه‌بده‌ئیانه نییه، به‌ڵکو تووڕه‌ییه له بێبه‌شبوونی خۆیان. ئه‌مه ئه‌وه پیشان ده‌دات که کۆمه‌ڵگای ئێمه جارێ له دوو شتی که‌مه: یه‌که‌م، سیسته‌مێکی مۆڕاڵی ئینسانیی جێگگرتوو، دووه‌م، خهبهتکارانێکی ڕێگای به‌ها ئینسانییه‌کان. بۆیه کورتهێنانێکی فیکرییه گه‌ر ئێمه ئه‌و بکێش بکێشه ناته‌ندروسته‌ی ناو وڵات ناو بنێین دۆخی شۆڕشگێڕانه و خه‌ڵکێکی خه‌باتکاری ڕێگه‌ی موستهفیدبوونمان لێ ببێته خه‌ڵکێکی خه‌باتکاری ڕێگای ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵک و خوێندنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌یان له‌سه‌ر بونیاد بنێین. ئه‌و دۆخه‌ی له کوردستاندا هه‌یه ههڵچوونێکه به بێ مۆڕاڵ، شۆڕشێکه به بێ دڵ، که له باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌کی کاتیی له‌چه‌ند بوارێک‌دا حه‌زی پاره‌داریی لای ژماره‌یه‌ک هاوڵاتیی تێر بکات و تا سه‌رکوتکردنی داهاتوو ژماره‌ی موستهفیدهکان زیاد بکات له کۆمه‌ڵگادا. به‌لای منه‌وه جیاوازییه‌کی ڕیشه‌یی هه‌یه له نێوان کۆمه‌ڵگایه‌کدا که یه‌کسانیی له به‌های ئینسانه‌کاندا ڕه‌چاو ده‌کات و کۆمه‌ڵگایه‌ک که یه‌کسانیی له به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌دا ڕه‌چاو ده‌کات. جیاوازییه‌کی ڕیشه‌یی هه‌یه له نێوان کۆمه‌ڵگایه‌کدا که دادپه‌روه‌ر بێت و کۆمه‌ڵگایه‌ک که هه‌موومانی موسته‌فید کردبێت و پشکی یه‌کسانمان له سه‌روه‌ت و سامانی وڵات ده‌ست که‌وتبێت. جیاوازییه‌کی ڕیشه‌یی هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ دابینکردنی ژیانێکی پڕ حورمه‌تی ئینسانیی و پڕ له هه‌لی خۆگه‌شه‌پێدان بۆ تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا سه‌یر بکرێت له‌وه‌ی وه‌ک که‌ره‌سته‌یه‌ک بۆ دابینکردنی مۆنیکایهک و چه‌ند ده‌فته‌رێک دۆلار بۆ هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگا.
که حاڵ وایه و ئه‌مه سروشتی خواستی گۆڕانه، ناکرێت ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی که هه‌یه وه‌ک گۆڕانێکی چلۆنایه‌تیی و وه‌ک مادده‌ی خاوی ئه‌نجامدانی گۆڕانێکی ڕاسته‌قینه له کۆمه‌ڵگادا چاوی لێ بکرێت. هه‌ر هێزێکی سیاسییش پشتئه‌ستوور بێت به‌م زه‌خیره جه‌ماوه‌رییه بۆ گۆڕان، له‌باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانێت تهداولی ده‌سه‌ڵات و ‘تهداولی گه‌نده‌ڵیی’ فه‌رز بکات به‌سه‌ر پارتیی و یه‌کێتییدا نه‌ک چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵیی. ڕۆشنبیرێک که گره‌و له‌سه‌ر پله‌ی ڕق و تووڕه‌یی خه‌ڵک ده‌کات بۆ هه‌ڵهێنانی هه‌نگاوی ڕاسته‌قینه له کۆمه‌ڵگادا ڕووه‌و عه‌داله‌ت، ئه‌وه‌ی بیر ده‌چێت که گۆڕانی کۆمه‌ڵگا حاسڵی کارکردنی هێمنانه و سیسته‌ماتیکه له‌سه‌ر تاکه‌کان و پته‌وکردنی جێپێی به‌هاکانه له کۆمه‌ڵگادا نه‌ک هه‌ڵخڕاندن و هاندانی ”میلله‌تی زه‌ره‌رمه‌ند” بۆ پچڕینی به‌شی خۆیان. ئه‌و ڕۆشنبیرانه ئێستاش هه‌ر ڕۆشنبیره که‌م فیکر و پڕ حه‌ماسه‌ته‌که‌ی جارانن که پێیان وابوو لێگه‌ڕێ به ڕاپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ر دژ به حکومه‌تی به‌عس و لابردنی ئیداره‌یه‌ک ئیتر سته‌مکاریی ده‌بێت به مێژوو و هه‌موو سه‌رفراز ده‌ژین. جاران ده‌یانویست ئه‌م گۆڕانه موعجیزه‌یه له‌ڕێگای چه‌ک و کوشتاره‌وه فه‌رز بکه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له ڕێگای هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانه‌وه.
*** *** ***
ڕۆشنبیرێک که هۆکاری نه‌هامه‌تییه‌کانی خه‌ڵک ته‌نها له چاوی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداردا ده‌بینێ و ئه‌و هه‌موو هیوایه له‌سه‌ر خواسته عهفهوییهکانی ”خه‌ڵک” ده‌به‌ستێت بۆ ئه‌نجامدانی گۆڕان له کۆمه‌ڵگادا، ئه‌و ڕۆشنبیره بێئه‌وه‌ی خۆی بزانێت که‌وتۆته گێژاوی پۆپۆلیستییهتهوه و حه‌وت فه‌رسه‌خ له ته‌نزیری فیکریی و بیرکردنه‌وه‌ی سه‌لیم دوور که‌وتۆته‌وه. ڕۆشنبیری پۆپۆلیست ئه‌وه‌نده سادهبینه که پێی وایه به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی که ”میلله‌ت” ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتدارێتیی ئه‌و ده‌سته‌یه که‌م بکاته‌وه که له‌و ده‌ورانه‌دا ده‌سه‌ڵاتدارن و داواکارییه‌کانی خۆی فه‌رز بکات، به‌و ئه‌ندازه‌یه زه‌مینه‌ی ناحه‌قییه‌کان ده‌پوکێته‌وه له کۆمه‌ڵگادا و ئیتر سته‌مکاریی ناتوانێت سه‌وز بێت له‌وێدا. پرسیارێک که ئه‌م ڕۆشبیرانه له خۆیانی ناکه‌ن ئه‌وه‌یه که ئاخر خۆی ئه‌سڵه‌ن بۆچی ئه‌و نوخبه‌یه بوون به حاکم و بۆچی ئه‌و هه‌موو ناحه‌قیی و ستهمکارییهیان فه‌رز کرد به‌سه‌ر وڵات‌دا و بۆچی ئاوا وڵات بوو به ههڕاجخانهیهکی گه‌وره. ئه‌وان ئه‌وه‌نده زاکیره‌یان بڕ ناکات بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مێژووی هه‌ژده‌ساڵ به‌ر له ئێستا تا ببینن که حاکمانی ئه‌مڕۆش به‌م پۆپۆلیستییهتهی ئه‌وان و به موباره‌که‌ی ”نزیک به سه‌رجه‌م میلله‌ت” ده‌ستیان له جڵه‌وی حوکم گیر بوو. ئه‌و ڕۆشنبیرانه خه‌له‌له‌که له شه‌خسی که‌سه‌کاندا ده‌بینن و ئه‌و ڕاستییه ده‌رک پێ ناکه‌ن که جۆری حاکمییه‌ت له‌هه‌ر وڵاتێک‌دا مه‌شروته به چه‌نان فاکته‌ری کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی که چێپێیان زۆر له‌وه قایمتره که نیازی پاک و شیعاراتی بهڕڕاقی ئه‌م یان ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار بتوانێت گۆڕانێکی چلۆنایه‌تیی وای تێدا بکات که ده‌سه‌ڵاتدارانی تازه وه‌ک کۆنه‌کان نه‌بن به سته‌مکار. ڕۆشنبیری پۆپۆلیست و سیاسه‌تمه‌داری پۆپۆلیست گرفته هه‌نووکه‌ییه‌کانی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا وه‌ک گرفتی تاک تاک و دابڕاو له سیاقێکی گه‌ورتر سه‌یر ده‌که‌ن و بۆ چاره‌سه‌ریان به گوێی ئه‌و حه‌له ساده و ڕاسته‌وخۆیانه ده‌که‌ن که به عه‌قڵی خه‌ڵکه ساده‌که‌دا دێت. ئه‌وان ئه‌وه لێک ناده‌نه‌وه که ئه‌و گرفتانه هۆکاری خۆیان هه‌یه و، چاره‌سه‌ری ڕاسته‌وخۆ و سه‌ربه‌خۆ له سیاق، بۆی هه‌یه کۆمه‌ڵگا دووچاری گرفت و گرێی گه‌وره‌تر بکات.
*** *** ***
ڕۆشنبیری ئێمه ساڵی نه‌وه‌دویه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ده‌هێنایه ناو حیساباتی خۆیه‌وه که کۆمه‌ڵگای کوردیی کۆمه‌ڵگایه‌کی زهدیدهیه [Vulnerable Society] و تاکه‌کانی وا تێکشکێنراون که بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی تازه مومکین بێت به ئاسانیی ته‌جنیدیان بکه‌ن بۆ شه‌ڕێکی سه‌رتاپاگیری ناوخۆیی. بۆیه زۆرێکیان به ته‌واوی سه‌نگی خۆیانه‌وه خۆیان خسته ئیختیاری حیزبه قهومپهرستهکانهوه و ئایدۆلۆژیای کوردایه‌تییان کرده په‌یامی ڕۆشنبیریی خۆیان، تا له‌ناکاو بینیان (به‌ڵام بێئه‌وه‌ی تێبگه‌ن بۆچی) براکان ته‌قین به یه‌کدا و شاره‌کانیان لێکردینه شاری جنۆکان. زۆربه‌ی زۆری ئه‌و که‌سانه ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت وای لێک ده‌ده‌نه‌وه که مادام ڕاپه‌ڕین سه‌ری گرت، لێگه‌ڕێ ئه‌م رێگرییه بچووکانه‌ی که هه‌ژده ساڵه دێنه پێشمان لاده‌چن و ده‌گه‌ینه ”سه‌رفرازیی”. ئه‌م عه‌قڵییه‌ته‌یه ئێستاش ناهێڵێت خه‌له‌له ناوه‌کییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی به‌جیددی بگیردرێن و حیسابیان له‌سه‌ر بکرێت. ئه‌م خهونبینینهی ڕۆشنبیرانی ساده‌بین و سیاسه‌تمه‌دارانی ساده‌بینی ئێمه‌یه که وا ده‌کات ئاوا بۆ هه‌ر هیوایه‌کی کاتیی و نه‌زۆک بۆ گۆڕان، هه‌موو کۆمه‌ڵگا دێننه سه‌ما و به‌مه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ک نائومێدییه‌کانی دوێنێ و نه‌زیفی ناوه‌کیی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا بیری خۆیان و خه‌ڵکیش ده‌به‌نه‌وه و کۆمه‌ڵگا پڕ ده‌که‌ن له گه‌شبینیی و خه‌ونی ناڕیالیستیی. هه‌ر ئه‌م بیرکردنه‌وه ڕووکه‌شانه‌یه که ئێستا نایه‌وێت ئه‌و واقیعه بهێنێته ناو حساباته‌کانی خۆیه‌وه که ئێستا کۆمه‌ڵگای کوردیی، دوای بارینی پاره‌ی بودجه و داهاتی نه‌وت، پارهدۆستیی و چاوجنۆکیی و عه‌قڵی مه‌سره‌فگه‌رایی هه‌موو هاودڵیی و مۆڕاڵێکی لێ سه‌ندۆته‌وه و ته‌نیا زه‌مینه و پوتێنسیاڵی ”شۆڕشی پچڕینی به‌ش”ی تیا ماوه‌ته‌وه نه‌ک گۆڕانی دیموکراتیی. چه‌کدارێکی ناودار که ئێستا خوازیاری گۆڕانه، له چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنهماوانییدا ئاماده‌یی خۆی ده‌رده‌بڕێت که له‌پێناوی گۆڕینی کۆمه‌ڵگادا، هه‌روه‌ک چۆن بۆ سه‌رکرده‌ی پێشوو بیست ساڵ پیاوی کوشت، ئاماده‌یه بیست ساڵیش بۆ سه‌رکرده‌ی تازه پیاو بکوژێت. مه‌ستبوونی ڕۆشنبیر به کاریگه‌ریی سیاسه‌تی پۆپۆلیستییانه ناهێڵێت بیرێک له‌وه بکاته‌وه که ئایا ئه‌م هێزه بۆ ده‌بێت ماتریاڵی گۆڕان بێت و چی لێ گۆڕاوه تا بتوانێت قه‌تیعه له‌گه‌ڵ ڕابردوودا بکات.
بیرمان نه‌چێت زۆربه‌ی زۆری ڕوخساره ڕۆشنبیرییه‌کان هه‌ر ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه شاییکهرهی ئه‌مڕۆ بوون که چه‌ند ساڵێک به‌ر له ئێستا گره‌وێکی گه‌وره‌ی ڕزگاربوونی کۆمه‌ڵگایان له‌سه‌ر ئه‌و خواسته جه‌ماوه‌رییه به‌ستبوو که دوو ئیداره‌که یه‌ک بگرنه‌وه، که‌چی زۆری نه‌برد یه‌کگرتنه‌وه بوو به مۆته‌که‌یه‌کی قورس به‌سه‌ر دڵی کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه. یه‌کگرتنه‌وه ده‌ردێکی خسته‌وه که ئێستا ئینجا ڕۆشنبیران هه‌وڵی ”گۆڕین”ی ده‌ده‌ن و به‌دوای چاره‌سه‌رێکی مهوزعیی (نه‌ک مه‌وزوعیی) تردا ده‌گه‌ڕێن بۆی. ده‌ستپیسیی گه‌وره‌ی ئه‌م ڕۆشنبیرانه ئه‌وه‌یه که ئێستا هاتوون و ده‌یانه‌وێ به خشپه شه‌ره‌فی ئه‌وه‌ی که ڕۆشنبیرانێک هه‌بوون له‌و دهورانانهدا ڕیشهییانهتر بیریان ده‌کرده‌وه، بۆ خۆیان بچننه‌وه و بیری خۆیان و خوێنه‌ری به‌رنه‌وه که ئه‌و کاتانه چه‌ند پۆپۆلیستیی و ڕووکه‌شانه بیریان کرده‌وه. خوێنه‌ر گه‌ر که‌مێک وورد و ووریا بێت قورس نییه نموونه‌ی ڕۆشنبیری وا بدۆزێته‌وه که ئه‌مڕۆ وا قسه ده‌کات وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌رده‌م پارتیی و یه‌کێتیی وه‌ک دوو هێزی وێکچوو و سته‌مکار سه‌یر کردووه، که‌چی له شه‌ڕی ناوخۆدا یه‌کێتیی وه‌ک ”نوێنه‌ری خه‌ونی مۆدێرنه‌کردن” و پارتیی وه‌ک ”نوێنه‌ری هه‌موو ڕووه ته‌قلیدییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردیی” له قه‌ڵه‌م داوه و شه‌ڕی ناوخۆشی وه‌ک ”فۆبیای پارتیی له هه‌وڵی یه‌کێتیی بۆ به عهقڵانییکردنی کۆمه‌ڵگای کوردیی” لێکداوه‌ته‌وه. ئه‌م کورتهێنانانهی ڕۆشنبیر له بیرکردنه‌وه‌دا خه‌ته‌رناکیی خۆی هه‌یه، به‌ڵام له‌وه خه‌ته‌رناکتر ئه‌وه‌یه که خوێنه‌ری ئێمه ئه‌وه‌نده وریا نییه ترس و هه‌ستی به‌رپرسیارێتیی لای ڕۆشنبیر دروست بکات. ئه‌مه‌یه ده‌ستی ڕۆشنبیر واڵا ده‌کات به‌رده‌وام بێ لێکدانه‌وه‌ی ڕیشه‌یی پێشوه‌خت و بێ ئه‌وه‌ی ترسی هه‌بێت که سبه‌ی ڕۆژ ئیحراجیی بۆ دروست بکات، شانسی خۆی تاقی ده‌کاته‌وه و له‌م هه‌ڵوێستی پۆپۆلیستییه‌وه باز ده‌دات بۆ هه‌ڵوێستێکی پۆپۆلیستیی تر، له وه‌لاء بۆ ئه‌م هێزی سیاسیی ده‌گوازێته‌وه بۆ وه‌لاء بۆ ئه‌و هێزی تر.
*** *** ***
به‌لای منه‌وه موستهجهداتی تازه له وه‌زعی هه‌نووکه‌یی کوردستاندا ئه‌وه نییه سیسته‌می به‌ها زاڵه‌کان گۆڕانێکی به‌سه‌ردا هاتبێت و زه‌مینه‌ی ئه‌وه هاتبێت بتوانین کۆمه‌ڵگایه‌کی بڕێک هیومانتر له‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه دامه‌زرێنین. موستهجهداتی تازه ئه‌وه نییه که ئۆپۆزیسیۆنێک سه‌ری هه‌ڵدابێت پشت به‌ستوو به ئایدۆلۆژیایه‌کی جیاتر له‌وه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی هه‌یانه و به قاعیده‌یه‌ک جیاواز له‌وه‌ی ئه‌وان. ئه‌وه‌ی موستهجهداتی تازه‌یه ته‌نها ئه‌وه‌یه که کاتی هه‌ڵبژاردن نزیک بۆته‌وه. ئه‌مه‌یه ده‌رگای کردۆته‌وه بۆ ئه‌و هێز و فیگوره سیاسییه ئۆپۆرتۆنیستانه‌ی مێژوویان هه‌یه له‌وه‌دا که له ده‌رفه‌ته‌کاندا به شیعاراتی پۆپۆلیستیی و ئیستیفاده له بێزاریی خه‌ڵک گێژاو له فنجانێکدا دروست بکه‌ن و پاش ماوه‌یه‌ک پشتی قاعیده‌که‌ی خۆیان بده‌ن له ئه‌رز و بێوه‌ی بۆ خۆیان دانیشنه‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا جێگه‌ی سه‌رنج و سه‌رسوڕمانه ئه‌و گیانی حهماسهتهیه بۆ هه‌ڵبژاردن که که‌وتۆته ناو ڕۆشنبیران. دیاره ئه‌وه گرنگه که له‌م سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌دا و له چوارچێوه‌ی بانگه‌شه‌ی ته‌ره‌فه ئۆپۆزیسیۆنه‌کاندا جه‌ختێک ده‌کرێته سه‌ر هه‌ندێک به‌های گرنگ وه‌ک پره‌نسیپی هاوڵاتیی یه‌کسان، خواستی جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کان و دامه‌زراندنی سیستمێکی دادوه‌ریی سهربهخۆو و خاوه‌ن بڕیار، خواستی ده‌ستکۆتاکردنی حیزب له ده‌ستێوه‌ردان له کاروباری دامه‌زراوه حکومییه‌کاندا و .. هتد، به‌ڵام کاری تاکتیکیی له‌م چه‌شنه کاری ڕۆشنبیر نییه و تێوهگلانیشی له‌م جۆره کاره‌دا ده‌یکات به کاره‌کته‌رێکی زه‌لیلی به‌رده‌ستی سیاسه‌تمه‌داران و ناو ڕووداوه ڕۆژانه‌ییه‌کانی ناو مه‌یدانی سیاسه‌ت.
ڕۆشنبیرانی ئێمه ئه‌رکێکی زیاتر له‌وه به هه‌ڵبژاردن ده‌سپێرن که له توانایدایه، وه هیوایه‌کی زیاتر له‌وه‌ی پێ ده‌به‌ستن که ده‌توانێت ته‌حقیقی بکات. هه‌ڵبژاردن ده‌کرێت که‌ره‌سته‌ی گوشار بێت به‌ڵام که‌ره‌سته‌ی گۆڕینی وڵات نییه. هه‌ڵبژاردن زیاتر موئهشیری خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانانه‌یه که له ماوه‌ی نێوان هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ڕووده‌ده‌ن، نه‌ک ئه‌وه‌ی بتوانیت گۆڕانی پێ ئه‌نجام بده‌یت. ئه‌و جیاوازیی و گۆڕانه زۆره‌ی ڕۆشنبیر چاوه‌ڕوانیی هه‌یه هه‌ڵبژاردن بیخاته‌وه له‌نێوان ڕۆژی به‌ر له هه‌ڵبژاردن و ڕۆژی دوای هه‌ڵبژاردندا ته‌نها له توانای کوده‌تادا هه‌یه ته‌حقیقی بکات نه‌ک هه‌ڵبژاردن. به مانایه‌کی تر، وه‌ک وه‌سفێکی ئایرۆنیی که‌سێک ده‌توانێت بڵێت که ڕۆشنبیرانی ئێمه چاوه‌ڕوانیی ”کوده‌تایه‌کی دیموکراتیی”یان له هه‌ڵبژاردن هه‌یه.
ئه‌وه‌ی زیاتر من ده‌ترسێنێت ئه‌وه‌یه که ئه‌م هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌یه‌ی به ناوی خواستی گۆڕانه‌وه ده‌کرێت پشت به ڕقی عه‌فه‌ویی خه‌ڵک ده‌به‌ستێت له ئیداره‌ی ناپاکی پارتیی و یه‌کێتیی، نه‌ک به ڕوانگه‌یه‌کی سیاسیی ئینساندۆستی ڕۆشن و جێگرتوو. بیرمان نه‌چێت تووڕه‌یی خه‌ڵک جێگه‌یه‌کی سه‌نتراڵی هه‌یه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا و هه‌ر ئه‌مه‌شه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی وا گه‌رموگوڕ کردووه و ڕۆشنبیرانیشی کێش کردۆته ناو که‌مپینه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌وه. به‌ڵام تووڕه‌یی خه‌ڵک بۆ من شتێکه که زیاتر ده‌مترسێنێ و قه‌له‌قی بارودۆخی ناوه‌وه‌ی وڵاتم ده‌کات نه‌ک ئه‌وه‌ی دڵخۆش و گه‌شبینم بکات. خه‌ته‌رناکه ئێمه بمانه‌وێت وڵات به یارمه‌تیی تووڕه‌یی و ڕقی خه‌ڵکی تووڕه له ساته حاسمهکاندا بگۆڕین، نه‌ک به سه‌نگی به‌های ئینسانیی له ساته هێمنه‌کاندا. تووڕه‌یی خه‌ڵک به‌لای منه‌وه زیاتر که‌ره‌سته‌ی خستنه‌وه‌ی نائارامییه له کۆمه‌ڵگادا نه‌ک که‌ره‌سته‌ی بزواندنی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ڕووه‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی دادپه‌روه‌ر یان دادپه‌روه‌تر. خه‌ڵکێک خۆی تووڕه بێت و تۆش تێیبگه‌یه‌نیت که ئه‌و مافی خووراوه و ته‌جنیدی بکه‌یت بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافه‌کانی، ئه‌م شه‌رعییه‌تدانه به تووڕه‌یی له‌ناو خۆیدا ووزه‌یه‌کی شاراوه‌ی داڕوخێنهری وا گه‌وره‌ی هه‌ڵگرتووه که مومکین بێت ڕۆژێک له ڕۆژان له فۆرمی ئانارشیزمێکی تهفروتوناکهردا له شه‌قامی کوردییدا خۆی مانیفێست بکات و شیرازه‌ی کۆمه‌ڵ بدات به‌سه‌ر یه‌کدا. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر وا درێژه به‌م شێوه کاره بده‌ین و هه‌ستی خه‌ڵک به مهغدووریی بکه‌ینه که‌ره‌سته‌ی گۆڕینی کۆمه‌ڵگا، ئه‌مه به‌ره‌و به‌ربه‌رییه‌تێک ملمان پێ ده‌نێت که له ناشیرینییه‌کانی شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی ئه‌نسارولئیسلامدا که‌م و زۆر سیمایه‌کی خۆی پیشان داین. ئه‌گه‌ر سیاسه‌تمه‌داران نامه‌سئولانه ئه‌مه بۆ هێزگرتن و به‌زاندنی نه‌یاره‌کانیان ده‌که‌ن، به‌ڵام من هیچ تێگه‌یشتنێکم بۆ ئه‌وه نییه که ڕۆشنبیرێک ئاماده بێت یاریی به‌م ئاگره بکات.
لێره‌دا من قسه‌م له‌سه‌ر ده‌ورانی به‌ر له هه‌ڵبژاردن و ڕۆژی هه‌ڵبژاردن نییه، ئه‌گه‌رچی ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه و ترسم هه‌یه به‌بێ به‌کارهێنانی توندوتیژیی تێنه‌په‌ڕن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئه‌هه‌مییه‌تی منه ده‌ورانی دوای هه‌ڵبژاردنه. بانگه‌شه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنی وا گه‌رموگوڕ و پڕ له واده و به‌ڵێنی پۆپۆلیستییانه که ته‌نانه‌ت ویقاری ڕۆشنبیرانیشی به‌دوای خۆیدا کێش کرد، کارکردن له‌سه‌ر تهحفیزکردنی هه‌ستی مهغدووریی لای ڕێژه‌ی زۆری هاوڵاتییان، ئه‌مانه نه‌سیجی کۆمه‌ڵایه‌تیی له‌به‌ر یه‌ک ههڵدهوهشێننن و ئه‌وه‌نده‌ت ئینشیقاق بۆ ده‌خه‌نه ناو کۆمه‌ڵگاوه که وڵات ئیتر له کۆبوونه‌ی چه‌ند ملیۆن خه‌ڵکێکی غه‌ریبه بچێت له‌سه‌ر ئه‌رزێکی هاوبه‌ش تا ئه‌وه‌ی له میلله‌تێک که ژیانێکی هاوبه‌ش و چه‌ندین فاکته‌ری تری هه‌ستی ئینتیما بیانبه‌ستێت به‌یه‌که‌وه. له‌به‌رامبه‌ریشدا ئه‌م خه‌ڵکه تووڕه و له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شاوه که سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆشنبیر و ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ته‌نانه‌ت پیاوه هه‌ر فاسیدهکانیش لێی ئاڵاون و وای لێ تێده‌گه‌یه‌نن که به‌م زووه هه‌ڵبژاردن په‌یامی ڕزگاریی و سه‌رفرازیی له‌سه‌ر سینییه‌کی ئاڵتون پێشکه‌ش ده‌کات، کاتێک سبه‌ی بۆی ده‌رده‌که‌وێت که وانه‌بوو، گیانی بێهیواییه‌ک و پووچگه‌راییه‌کی وا دایده‌گرێت که جگه له ڕێگای توندڕه‌ویی و ته‌نفیسی تووڕه‌یی خۆی به نواندنی توندوتیژیی و به‌کارهێنانی چه‌ک، هیچ ڕێگایه‌کی تر له پێش خۆیدا به‌دی نه‌کات. به‌ڵێ ئێمه خه‌ریکه دۆخێک دروست ده‌که‌ین که تیایدا ئینسانه‌کان به‌ناچاریی په‌نا به‌رنه به‌ر په‌ناگه‌ی ناعه‌قڵانییه‌ت و به‌ر ئه‌و هێز و گروپه دینییانه‌ی که توندڕه‌ویی و خۆفه‌رزکردن له‌ڕێگه‌ی نواندنی توندوتیژییه‌وه تاکه سهنعهتێکه که ده‌یزانن بۆ گوزارشتکردن له هه‌ستکردنیان به مهغدووریی. دۆخێک که ئه‌رزێکی به‌پیت ده‌بێت بۆ که‌وتنه گیان یه‌ک و داپڵۆسینی یه‌کتر نه‌ک بۆ که‌وتنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ریی. به مانه‌یه‌کی تر، ئه‌و شاییکردنهی ڕۆشنبیران به ده‌وری حهماقهتهکان و دیماگۆجییهتهکانی سیاسه‌تمه‌داراندا زه‌مینه‌سازیی ده‌کات بۆ که‌وتنه‌وه‌ی ناکامکهوتنهوهیهکی سیاسیی-کۆمه‌ڵایه‌تیی سهرتپاگیری داڕوخێنه‌ر. گرنگه ئێمه قه‌ت له‌وه نه‌که‌وین که خه‌ون به که‌وتنه‌وه‌ی دادپه‌روه‌ریی و ژیانی ئاسووده‌وه ببینین، به‌ڵام به‌و ناحهکیمییهی سیاسه‌تمه‌داران و ڕۆشنبیرانی کورد ده‌ینوێنن، من ته‌واوێک ترسی ئه‌وه‌م هه‌یه که داهاتوومان پڕ بێت له کوشت‌وبڕ و سته‌مکاریی.ئۆسلۆ، ١٢ / ٧ / ٢٠٠٩
sirwanebdul@yahoo.com——————————————————
*
له‌به‌ر هه‌ندێ حاڵه‌تی نائهمانهت له ئاماژه‌کردن به سه‌رچاوه که له ماوه‌ی پێشوودا بینیم، خۆم به ناچار ده‌زانم لێره‌دا تکایه‌ک بنووسم بۆ هه‌ر به‌ڕێزێک که ڕۆژێک له ڕۆژان تێزێکی ناو ئه‌م وتاره له نووسینێکی خۆیدا به‌کار ده‌هێنێت، که وه‌ک ڕه‌چاوکردنێکی ئه‌خلاقییاتی ئه‌کادیمیی ئاماژه به‌وه بدات که ئه‌و تێزه لێره‌وه وه‌رگیراوه یان به‌ر له‌و نووسینه‌ی ئه‌و، لێره‌دا هاتووه.