Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
گەشتێک… به‌کر ئه‌حمه‌د

گەشتێک… به‌کر ئه‌حمه‌د

Closed

دەچمە شاری زستانەوە
وەک بەفر چاو لە ئاسمان و لە شار دەکەم.
دەچمە باخچەی بەهارەوە
وەک سەوزەگیا
لە ڕوخساری نەرمەباران ورددەبمەوە.
دەچمە گەڕەکی کزەبای پاییزەوە
وەکو گەڵا
چیرۆکی ئەو ڕۆژگارانەی لەسەر لق بووم
بۆ زەوی و با دەگێڕمەوە.
دەچمە کۆڵانی خۆرەتاوی هاوین و
وەکو سێبەر
لە چاونەترووکاندنی تیشکا، دەتوێمەوە.
ئەگەر ئێوەش
وەکو من بۆ ساتێک بەفر و
سەوزەگیا و
سێبەر و
گەڵا بووایەن
کڕێوەتان نەدەخستە ناو قەفەسی تاوانباری
نامەی ناڕەزایەتیتان، بۆ هیچ وەرزێک نەدەنووسی
لە ناو تاریکی زستانا
لە گیانەڵای گەڵاکانا
چەندین تابلۆی هێشتا بەچاو نەبینراوتان، دەبینییەوە.

18.6.1997

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.