Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
Home / گۆڤاره‌کان

 

 

 

 

 

تەنیا پێشکەشە: بە ئەو کە وەک تارماییەک جارجارە دێتە ژورەکەم
 

تۆ لەودورەوە
لەبەرچنەیەک ترێ ئەچیت
ڕۆژێک دێ من لەم دورەوە
ئەبم بە لقێکى وشک لەدارچنار
شەوێک دێت و سەیر ئەکەیت
دارێک بووە بە خۆڵەمێش،
سارایەک بووە بە مشتێک لە ڕۆحى فڕیو بەناو هەناسەدا
من بووم بە وێنەیەکى شکاو لەناو هەوادا،
لەمدورەوە بەخەونێک دەڵێین
 بەیانى وەرە
من لەدوێنێوە قسە لەگەڵ خۆرەتاوا ئەکەم
لەدوێنێوە باسى شەڕەکانى ناو دەریا ئەکەم
کە ئێمە ئەهاتینەوەو دایکمان ئاگاى لێنەبو کەچوین بۆشەڕ،
دایکمان ئەیگوت
تۆ زوو زوو ئەچیت بۆ پیاسە
تۆ کاتت نیە بۆ پیاسە!
لەمدورەوە دەست درێژ ئەکەین و
دەستمان ناگاتە ژێر چەناگەى
هێشوە شۆڕەکانى مردن،
بەیانى وەرە
خۆت بیرت نایە
من لەکەیەوە بەدیار تارماییەکەوە دانیشتوم
کە نازانم بەچەند لەحزەى ترى ڕۆح دەرچون ئەگاتەوە ئێرە
یەکەمجار
لەعەسرێکى درەنگ وەختا خۆتکرد بەناو تەنیایما
کە تۆ نەبویت
لەدەلاقەیەکى زۆر بچوکەوە
عەسرێکى زۆر درەنگ هاتی و
گوتت:
مەرحەبا برادەر
واتگوتو تۆ نەبویت،
بەیانى وەرە
کێ ئەڵێ ئیدى من لێرە ئەبم
کێ ئەڵێ دواى بەیانى
من ناچم بۆ سەفەرى دور
من ناتوانم دڵنیابم لەوەى کە پێش گەیشتنت
جێ دەپەنجەى خوێناوى خۆم نابینی
کەبەسەر سنگ و ملمەوە جێمابێت
تۆ لەودورەوە
چاوەکانت لەباوکت سەندوەو
سەیرى ماڵى مێروەکانى پێ ئەکەیت
من لەمدورەوە
هەناسەکانم لەباوکم بەقەرز وەرگرتوەو
بەناو سنگما تێى ئەپەڕێنم
چاوى گەورە… ماڵى بچوک
هەناسەى گەورە … سنگى بچوک
تۆ لەو دورەوە چەند بێ منەتى
من لەم دورەوە چەند دور
بەیانى وەرە ئەزیزم ئیدى وادەى هیچ نەماوە
بەیانى وەرە،

Leave a Reply

This site is registered on wpml.org as a development site.