Pkk و چه‌ند په‌یڤێك له په‌راوێزی په‌یامه‌كه‌ی ((ئۆۆج ئالاندا))
پارتی كرێكارانی كوردستان له سه‌ر ده‌ستی كۆمه‌ڵێك لاو‌و خوێندكاری چه‌پی زانكۆكان و ده‌ره‌وه‌ی زانكۆكان كه ((مه‌یلێكی ده‌رون مه‌كته‌بی ماركسیزم ــ لینینیزمیان)) هه‌بوو بونیاد نراو هاته نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسیه‌وه . كاره‌كته‌ری سیاسی سه‌ره‌كیان عه‌بدڵا ئۆۆج ئالان ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو له تێورزه كردنی فكری سیاسی و گڵاڵه كردنی پێكهاته‌ی ئه‌م پارته‌دا . بیری ئایدۆلۆژی چه‌پڕه‌وانه‌ی ماركسیزم له‌و قۆناغ و سه‌رده‌مه‌دا پرۆژه‌و پلاتفۆرمی سیاسی زۆربه‌ی ئه‌و پارت و ڕێخراوه چه‌كدارو شۆڕشگیِڕانه بوو كه له سه‌ر بنه‌مای ((پارتیزانی فۆرمی گیڤاریزم)) خه‌باتیان ده‌كرد بۆ ڕزگاری و ئازادی ، پارتی كرێكارانی كوردستانیش هه‌مان ئایدۆلۆژی و ڕێچكه‌ی سیاسی كرده بنه‌مای فكری بۆ درێژه پێدانی خه‌بات دژ به ده‌وڵه‌تی توركیای كه‌ماڵیزم و بانگه‌شه كردن بۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان , pkk له بارودۆخێكی سیاسی زۆر ئاڵۆز‌و پڕ له كێشمه‌كێشی سیاسی كه دنیا له دۆخی جه‌نگی سارد و دابه‌ش بوونی جیهان له نێوان دوو جه‌مسه‌ری ((سه‌رمایه‌داری ئیمپریالیزم و ،سه‌رمایه‌داری ده‌وڵه‌تی)) دروست بوو هاته نێو گۆڕه‌پانی خه‌باتی سیاسی له كوردستانی باكور . له‌و كاته‌دا زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری و سیاسی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی دنیا ڕه‌چاو ده‌كرا ، كه هه‌ردوو جه‌مسه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازیان سه‌پاند بوو به سه‌ر نفوز‌و چوار چێوه‌ی جێوپلۆتیكی ده‌سه‌ڵاتی كۆڵۆنیالیزه كراویاندا . جه‌مسه‌ره‌كان نه‌خشی سه‌ره‌كیان ده‌گێڕا له دیاری كردنی نه‌خشه ڕێگای ئایدۆلۆژی و فكری و سیاسی خه‌بات بۆ ئه‌و حزبانه . بیری ناسیۆنالیستی توركی پان كه‌مالیزم له توركیا كایه‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی فاشیزمی كرد بووه ئامێرێك بۆ سته‌مكاری و پاكتاو كردنی نه‌ته‌وه‌كانی تری وه‌كو((كورد‌و ، ئه‌رمه‌ن و ، عه‌ره‌ب)) ، ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌داره گه‌وره‌كانی دنیاش چاو پۆشیان ده‌كرد له هه‌نگاوه فاشیه‌كانی توركیا ، چونكه ده‌وڵه‌تی توركیا ئه‌ندامی حلفی ناتۆ بوو ، كوردیش وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره كه له لایه‌ن توركیاوه خاكه‌كه‌ی داگیركراوه دووچاری شاڵاوێكی دڕندانه‌ی له ناو بردن و نه‌فی كردن ببووه . ئه‌و گروپه گه‌نج و خوێندكارانه‌ی ئه‌و حزبه‌یان دامه‌زراند گه‌واهی چه‌وساندنه‌وه‌یه‌كی دڕندانه و سڕینه‌وه‌ی سیمای نه‌ته‌وایه‌تی بوون له لایه‌ن ناسیۆنالسته توركه‌كانه‌وه ، كرده‌وه‌ی فاشستانه‌ی ناسیۆنالیسته توركه‌كان فاكته‌رێك بوو بۆ زیاتر زاڵ بوونی ئایدیای ناسیۆنالیستی كوردی و ئاوێته كردنی به ئه‌نگیزه‌ی ((سۆشیالستی زانستی)) . هه‌نگاو به هه‌نگاوی سیاسی په‌كه‌كه پتر ئه‌نگیزه‌ی k دووهه‌م كه كوردستان و ئه‌ندێشه‌ی ناسیۆنالیزمه زاڵ بوو به سه‌ر بزووتنه‌وه‌كه‌یانداو ، k یه‌كه‌م كه مه‌به‌ستی كرێكار‌و بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریه پراوێز خرا ، له‌و چركه ساته‌وه په‌كه‌كه وه‌كو حزبێكی ناسیۆنالیستی كه ئامانجی كوردایه‌تی و ڕزگار كردنی كوردستان بوو له چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و به ده‌ست هێنانی مافه دیمۆكراسی و نه‌ته‌واتیه‌كانی كورد بوو له گۆڕه‌پانی خه‌باتدا خه‌باتی به ڕیوه ده‌برد ، pkk وه‌كو بزووتنه‌وه‌یه‌كی پۆپۆڵستی ته‌نها له سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژی و به شێوه‌یه‌كی سه‌تحی ناوی كرێكاریان به كار ده‌برد، نه‌ك سوور بوون و جه‌خت كردنه‌وه له سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی چینی كرێكار . به‌ڵكو ئه‌وان پتر نوێنه‌رایه‌تی ناسیۆنالیستی كورد بوون تا كرێكار . بووونی باگراوه‌ندێكی ئایدۆلۆژی ماركسیزم ـ لینینیزم له نێو په‌كه‌كه‌دا كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ئه‌و ئه‌ندێشه‌یان ڕه‌واج پێده‌دا كه ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی چینی ((پڕۆلیتاریای)) كورد ده‌كه‌ن و ئه‌ركی دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كورد له ئه‌ستۆی ئه‌م چینه‌دایه ، ئه‌وان پێیانوابوو دروست كردنی ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی ((بۆرژوازی نیشتمانیه)) به‌ڵام ئه‌و چینه هێشتا دروست نه‌بووه كه بتوانێت ده‌وڵه‌ت دروست بكات . تێكڕای حزبه سیاسیه‌كانی كوردستانیش عه‌قڵی سیاسیان و نوێنه‌رایه‌تی ((سۆشیال ـ عه‌شایه‌ر)) و (( سۆشیال ـ فیوداڵن)) فیوداڵ و عه‌شایه‌ر زیاتر خولیای به‌رژه‌وه‌ندی خێڵه‌كانی خۆیانن تا غه‌می نیشتمان و پرۆژه‌ی دروست كردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی , ته‌وژمی ناسیۆنالستی سه‌ره‌تاین و هه‌میشه له پاشكۆی ناسیۆنالیسته داگیر كه‌ره‌كانی كوردستانن و ئاماده‌ن خاك و نیشتمان و نه‌ته‌وه به گوێلێك پاره بفرۆشن و ببن به جاش ، ته‌نانه‌ت ئۆۆج ئالان ڕه‌گی مێژووی كولتوری جاشایه‌تی ده‌گه‌ڕێنیًته‌وه بۆ ئه‌فسانه‌ی ((داستانی گلگامش)) . كه‌واته ئه‌مان وه‌كو چینی پڕۆلیتاریای كورد مه‌به‌ست په‌كه‌كه‌یه ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان له سه‌ر شانه ئه‌ویش دروست كردنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه . ئاشكرایه ئایدیای نوێنه‌رایه‌تی پڕۆلیتاریای كورد ((تاكتیكێكی ئایدۆلۆژی پۆپۆڵیستانه‌ی)) قۆناغبه‌ندی ئه‌م پارته بوو نه‌ك ئیستراتیژیه‌كی ئایدۆلۆژی و سیاسی ماركسیزم ، هه‌روه‌ها پتر دڵدانه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ چه‌پی ده‌رون مه‌كته‌بی كه باڵی كێشا بوو به سه‌ر ئایدیای زۆربه‌ی كادره‌كانی نێو بزووتنه‌وه‌كه كه له سه‌ره‌تاوه له نێو هه‌ناوی چه‌پی توركیا سه‌ری هه‌ڵدا بوو . پاش كۆتایی جه‌نگی سارد‌و زاڵ بوونی هه‌ژموونی سیاسی و سه‌ربازی یه‌ك جه‌مسه‌ری و گۆڕانی هاوكێشه سیاسیه‌كان له جیهانداو داشكاندنی به قازانجی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری جیهانی به ڕابه‌رایه‌تی ئه‌مریكا و هه‌ره‌س هێنانی سیسته‌می سۆشیالیزمی بنیاد نراو كه هه‌ندێك جار به هاو پشتی پارته چه‌پڕه‌وه كلاسیسكیه‌كان ده‌ژمێردرا ، په‌كه‌كه به پێی داڕشتنی پیلانێكی هه‌واڵَگری و جاسوسی و مافیایی نێو ده‌وڵه‌تی دووچاری گورزیكی كوشنده ده‌بێته‌وه . پلانه‌كه‌ش كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت تییدا به‌شدار ده‌بن به تایبه‌تی كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیان ئیمپریالیزمی ئه‌مریكایه ، ئه‌ویش گردن و فڕاندنی ((عبدڵا ئۆۆج ئالان )) بۆ نێو توركیا و زیندانی كردنی له دوورگه‌ی ئیمراڵی . ئۆۆج ئالان وه‌كو كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی پارت و تێورێزه داڕێژه‌ری هزری سیاسی و ئایدۆلۆژی پارته‌كه گۆراِنكاریه‌كی گه‌وره‌ی فكری و سیاسی به سه‌ر ئه‌ندێشه‌كانیدا دێت و ده‌كه‌وێته ڕه‌خنه گردنی زۆرێك له تێزه‌كانی ((كارڵ ماركس)) سه‌باره‌ت به چه‌مكی ئابووری ، ده‌وڵه‌ت ، به بنه‌ما گردنی چینی كرێكار و هه‌ندێك تێزی دیكه‌ش ، به پێی لێكدانه‌وه‌كانی ئۆۆج ئالان ((كارڵ ماركس و فردریك ئنجلس)) به هه‌مان تێڕوانین و لۆژیكی بیرمه‌ندانی سه‌رمایه‌داری له ده‌وڵه‌ت و ئابووری سیاسی گه‌یشتوون و هه‌ڵه‌ی كوشنده‌یان كردووه له شرۆڤه كردنی ئه‌و چه‌مكانه‌دا . له هه‌مان كات دا چه‌نده ڕه‌خنه له تێزه‌كانی ماركسیزم ده‌گرێت ، به‌ڵام له كۆتایی یه‌كێك له په‌رتووكه‌كانیدا ده‌ڵێت مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه به ته‌واوی ماركسیزم ڕه‌ت ده‌كاته‌وه به‌ڵكو زۆرێك له تێزه‌كانی پێ قبوڵه . ئه‌مه ئه‌و ڕسته‌یه‌ی ((غورباتشۆف))مان بیر ده‌خاته‌وه له كۆتایی ساڵه‌كانی هه‌شتای سه‌ده‌ی بیسته‌م كه له په‌رتووكی ((بیروستروكیاو گڵاسنۆست)) ده‌یگوت بینا كردنه‌وه مه‌به‌ست گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ بنه‌ماكانی فكری لینینیزم ، به‌ڵام له راِِستیدا هه‌ڵته‌كاندنی ئه‌نگیزه‌كانی لینینبزم بوو . ئۆۆج ئالان چه‌نده ڕه‌خنه‌ی تیۆری ئاراسته‌ی تیزه‌كانی ماركس ده‌كات ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زیاتر تێز‌و بیروڕاكانی ئه‌نارشیزمه‌كانی وه‌كو ((برۆدۆن له بواری ئابوری‌دا، باكۆنیین له بواری ده‌وڵه‌ت دا)) ده‌نرخێنێت ، كه خودی ماركس و ئنجلس ڕه‌خنه‌ی تیۆری توندیان له ئایدیای ئه‌و ئه‌نارشیزمانه هه‌بووه . هه‌ر خۆی ده‌ڵێت من دوو هه‌نگاو له ئه‌نارشیزمه‌كان نزیك بوومه‌ته‌وه ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه زۆر شه‌یدای ئه‌ندێشه‌كانی ((فردریك نیتشه‌ی)) ئه‌ڵمانی بووه‌و ده‌ڵێت له زیندان ئاشنا بووه به بیروڕاكانی ئه‌و . زۆر سه‌ر سامه به‌و په‌رتووكه‌ی نیتشه به ناوی ((زه‌رده‌شت وای گوت)) ده‌ڵێت هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ناوه ڕۆژهه‌ڵاتیه بۆ په‌رتووكه‌كه‌ی گوزارشت كردنه له تێگه‌یشتنی ئه‌و فه‌یله‌سوفه له به‌هاو سه‌روه‌ری ژیار‌و شارستانیه‌تی ڕۆژهه‌ڵات . ڕه‌خنه‌ی توندی ئه‌نارشیزمه‌كان به تایبه‌تی باكۆنیین له كایه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌كو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی سته‌مكاری دژ به مرۆڤ ، بۆته بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی فكری سیاسی و ئایدۆلۆژی و دواجاریش ده‌بێته ئامانجی ڕمی ڕخنه‌كانی ئۆۆج ئالان و ئه‌میش ((ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه)) كه مۆدێرنه‌ی سه‌رمایه‌داری ئاوای كردووه وه‌كو پارادۆكسێك به سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تی و سته‌مكاری و كوێره‌وه‌ری ده‌زانێت بۆ كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی به ده‌ست ده‌سته‌بژێرێكی سه‌رمایه‌داری خوێن مژه‌وه . خۆشه‌ویستی سروشت و غه‌می پاراستنی ژینگه یه‌كێكی تره له تێڕوانینه‌كانی ئه‌نگیزه‌ی ئیكۆلۆژی ئۆۆج ئالان كه پێیوایه مۆدێرنه‌ی سه‌رمایه‌داری له پێناوی به ده‌ست هێنانی قازانجی زیاتر‌و كه‌ڵه‌كه كردنی سرمایه وا ئه‌ستێره‌كه‌مان به‌ره‌و وێران كردن ده‌به‌ن . بۆیه ڕه‌خنه‌یه‌كی توند ئاراسته‌ی ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندانی كورد ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وه عه‌قڵێكی گه‌مژانه‌یه كه ده‌یه‌وێت پێكهاته‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی خێڵ و عه‌شیره‌ت له كوردستان پایه‌ماڵ بكات ، چونكه ئه‌گه‌ر سرنجێكی مێژووی ئه‌و پێكهاته كۆمه‌ڵایه‌تیه لۆكاڵیه بده‌ین هه‌رگیز خێڵ و عه‌شیره‌ت كۆیلایه‌تی تێدا نه‌بووه ، نه‌بۆته بنه‌مایه‌ك بۆ ده‌ركه‌وتنی په‌یوه‌ندی كۆیلایه‌تی ، پتر دیمه‌نێكی ژیانی هاوبه‌شانه‌یان گوزراندووه ، له دۆخێك‌دا كه پارتی كرێكاران پێیوایه زۆربه‌ی حزبه سیاسیه‌كانی كوردستان ڕنگدانه‌وه‌ی عه‌قڵی سیاسی فیوداڵه و له ئاستی دروست كردنی ده‌وڵه‌ت دا نیین ، كه چی ئه‌وه خێڵ و عه‌شیره‌ته پێكهاته‌ی فیوداڵ ئاوا ده‌كه‌ن . ئۆۆج ئالان له‌م دوایانه‌دا كۆنفیدرالیزمی دیمۆكراسی زۆر به بنه‌ما ده‌گرێت و جه‌ختی له سه‌ر ده‌كاته‌وه . ئه‌گه‌ر سرنجێكی خێرای په‌یامه‌كه‌ی ئۆۆج ئالان بده‌ین كه بۆ په‌كه‌كه ناردویه‌تی زۆرێك له ڕه‌هه‌ندی ئایدۆلۆژی فكری كه له نوسینه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی تێدایه ، به تایبه‌تی له‌وه‌یدا كه داوا ده‌كات تفه‌نگه‌كان بێده‌نگ بكرێن و قۆناغ قۆناغی سیاسیه بۆ خه‌بات كردن ، پتر سوور بوون و سه‌لماندنی بیروڕا فكریه‌كانی خۆیه‌تی سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی دیمۆكراسی كه ماوه‌یه‌كی زۆره له نوسینه‌كانیدا جه‌ختی له سه‌ر ده‌كاته‌وه . به‌و مانایه‌ی ده‌ست به‌ردار بوونه له خه‌باتی چه‌كداری شۆڕشگێڕانه‌ی شێلگیرانه كه هه‌ر پارتێكی سیاسی ماركسیزم ده‌یكاته بنه‌مایه‌كی تیۆری بۆ به ده‌ست هێنانی ئه‌و ئامانجه سیاسی و چینایه‌تیانه‌ی كه له پێناویدا بزووتنه‌وه‌ی ده‌ست پێكردووه . یان به مانایه‌كی تر له باتی سه‌ره‌واندنی زه‌برو گورزی شۆڕششگێڕانه و خوێن ڕشتن ، قۆناغ به قۆناغ و به شێوه‌یه‌كی ئارام و ئاشتی و گه‌مه‌ی دیمۆكراسی و به ئامانج گردنی سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكرێته پێوه‌ر بۆ به ده‌ست هێنانی ماف و ئازادی ، ئه‌م ڕه‌هه‌نده سیاسیه‌ی بیری ئۆۆج ئالان ڕیشه‌كه‌ی له نێو بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ((سۆشیال ـــ دیمۆكرات)) دایه ، هه‌رچه‌نده ڕه‌خنه‌ش له لیبرالیزم ده‌گرێت به‌ڵام له ڕووی ئایدۆلۆژیه‌وه سه‌رچاوه‌ی هه‌مان ڕووباری فكری لیبراڵ ــ دیمۆكراته كه ئه‌وڕۆ وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی سیاسی له زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژ ئاوا‌و ئه‌مریكا و زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا بایه‌خێكی زۆری پێده‌درێت و زۆربه‌ی سیسته‌مه‌كانیش له سه‌ر به‌هاكانی پرۆژه‌ی لیبرالیزم پێكهاتوون . گرنگ ئه‌ویه ئه‌م په‌یامه‌ی ئۆۆج ئالان له گه‌ڵ چ چه‌شنه سیسته‌مێكی سیاسی به‌رخورد ده‌كات ؟؟ ئایا سیسته‌می سیاسی له توركیا گه‌یشتۆته قۆناغێكی دیمۆكراسی مافی هاوڵاتی بوون و ئازادیه‌كانی هه‌ر تاكێك به بێ جێوازی نه‌ته‌وه‌و ڕه‌گه‌زو ئایین له به‌ر چاو بكرێت ؟؟ یان هاو وڵاتی تورك به پله‌ی یه‌كه‌م دێت و ئه‌و هاوڵاتیه‌كانی نا تورك به پله‌ی دووه‌م و سێیه‌م ده‌ژمێردرین ؟؟ من پێموایه ده‌وڵه‌تی توركیا له ڕووی دیمۆكراسیه‌وه نه‌گه‌یشتۆته قۆناغێك به ڕاشكاوانه ماف و ئازادیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد بسه‌لمێنێت . چونكه هێشتا كاژی كولتوری سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی و پان كه‌ماڵیزمی به ته‌واوی فڕێ نه‌داوه . ده‌بێت ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت په‌یامه‌كه بۆ ئاشتی و پێكه‌وه ژیان و دیمۆكراسی به‌هایه‌كی سیاسی زۆر گرنگی هه‌یه ، له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌یسه‌لمێنێت بۆ ڕای سیاسی نێو ده‌وڵه‌تی كه ئه‌مان ئاشتیان ده‌وێت و ماڵ ئاوایان له جه‌نگ و خوێن ڕشتن و تفه‌نگ ده‌كه‌ن و به شێوه‌ی ئاشتیانه‌و دیمۆكراسی داكۆكی له مافه‌كانیان ده‌كه‌ن ، هه‌رچه‌نده په‌یامه‌كه له ڕووی مه‌عنه‌ویه‌وه دووباره جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌سه‌ر خه‌بات و ده‌ڵێت ئه‌مه سه‌ره‌تای كاری خه‌باتی سیاسیه ، ئاشكرا‌و ڕوونه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه ڕۆحێكی په‌یگیرو نه‌پساوه‌ی ئومید ببه‌خشێته هه‌وادارانی pkk و نا متمانه‌یی سیاسی بڕه‌وێنێته‌وه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سرنجه په‌یامه‌كه هیچ چه‌مكێكی سیاسی به بنه‌ما ناگرێت كه له فه‌رهه‌نگی سیاسی‌دا پێناسه‌ی چاره سه‌ر كردنی پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێر ده‌ست و داگیر كرا‌و ده‌كات وه‌كو چه‌مكی ((ده‌وڵه‌ت ، فیدرالی ، كۆنفدرالی دیمۆكراسی ، ته‌نانه‌ت خۆڕێبه‌ریش ….هتد)) ڕه‌نگه ئه‌مه په‌یوه‌ندی به‌و ئه‌نگیزه ئایدۆلۆژیاوه بێت كه ئۆۆج ئالان زۆر هێرشی ده‌كاته سه‌ر به تایبه‌تی ((ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه)) . ماوه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی بڵێین ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی ئاشتی و دانوسان نێوان pkk ده‌وڵتی توركیا سه‌ر بگرێت و به‌رده‌وام بێت چ مافێك بۆ هاو وڵاتیانی كورد له كوردستانی باكور ده‌سته‌به‌ر ده‌كات ؟؟ ئایا وه‌كو هاونیشتمانانی كوردستانی باشور له‌و مافانه به‌هه‌ره‌مه‌ند ده‌بن كه به ده‌ستیان هێناوه ؟ یان ته‌نها بێده‌نگ كردنی تفه‌نگه‌كان و قبوڵ كردنی كورده به مافی هاوڵاتی بوون ؟ ده‌بێت چاوه‌ڕوان بیین چونكه هاوكێشه سیاسیه‌كان گۆراِنكاری گه‌وره‌یان به سه‌ردا هاتووه‌و كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابووری نه‌خشیان ده‌بێت له چۆنیه‌تی بردنه پێشه‌وه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا . پاش ئاڵۆز بوونی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند له عێراق و گه‌شه سه‌ندنی بازرگانی نه‌وت و وا غازیشی دێته پاڵ له نێوان توركیا‌و كوردستانی باشور‌و دۆزینه‌وه‌ی نه‌وت له بناری قه‌ندیل و دروست بوونی قه‌ندیلێكی دیكه له كوردستانی ڕۆژئاوا‌و ، تموحی توركیا بۆ چوونه نێو بازاڕی هاوبه‌شی ئۆرپاو ، خه‌ونی ناسیۆنالسته‌كانی كوردستانی باشور بۆ خۆ نزیك كردنه‌وه له ئۆرپا له ڕێی جێوپۆلیتیكی توركیاوه‌و ، ده‌یان پرسی دیكه‌ش ڕۆڵیان ده‌بێت له‌م پرۆسه‌یه‌دا .