Skip to Content

Monday, October 26th, 2020

www.سارای نێودڵی یار.com

Be First!
by July 10, 2011 ئەدەب

به‌جێ‌ نایا ده‌بێ‌ ڕووبكه‌ینه‌ سارا
حه‌قی‌ ئادابی‌ مه‌جنونی‌ له‌شارا
“مه‌حوی‌”

ئیدی‌ به‌جێ‌ نایا،
ده‌بێ‌ بچمه‌وه‌ لای‌ مه‌ولاكه‌م!

مه‌ولا،
ئه‌و پیاوه‌ سیگاركێشه‌ی‌،
كه‌ته‌مه‌نی‌ به‌قه‌د..
دووكه‌ڵی‌ نێو ژووره‌كه‌یی‌ و
گۆرانییه‌كانی‌ نێو سنگی‌ و
چیرۆكی‌ هه‌ناسه‌سوارییه‌كه‌یه‌تی‌!

مه‌ولاكه‌م..
هێند ئولفه‌تی‌ به‌ته‌نهاییه‌وه‌ گرتووه‌،
هیچی‌ نه‌ماوه‌،
له‌بێده‌نگیدا ونبێ‌ و
به‌ده‌م گریانه‌وه‌ بتوێته‌وه‌و
غه‌مگینی‌ دایپۆشێ‌!

خۆی‌ وته‌نی‌:
له‌به‌ر سه‌رقاڵی‌،
به‌زیكرو
عه‌شق و
سه‌فه‌ره‌وه‌..
نایپه‌رژێ‌،
ڕووبه‌ڕووی‌ ئاوێنه‌، كه‌مێك دانیشێ‌ و
له‌دڵی‌ خۆیا، گۆرانییه‌ك بڵێ‌ و
هه‌رنه‌بێ‌.. بۆ سوكنایی‌،
ده‌رگا له‌خۆری‌ سپێدانێ‌ بكاته‌وه‌!

دوێ‌ شه‌وێ‌، دره‌نگان!
پاش عومرێك له‌وونبوون و
عه‌یامێ‌ له‌دووری‌..
مه‌ولام،
به‌خۆیی‌ و
چارۆكه‌یه‌ك نیگه‌رانییه‌وه‌.. هات و
دووپێكی‌ قورس،
له‌قسه‌ی‌ نێو دڵی‌ ته‌نگی‌ و
له‌قسه‌ی‌ توڕه‌هاتی‌ رۆژگار و
له‌قسه‌ی‌ نه‌گه‌یوی‌ خه‌ڵك و بازاڕ.. گرته‌وه‌و
وتی‌:
به‌م نیگه‌رانییه‌ تازه‌ ده‌مه‌وه‌ بیخۆ!

دوودڵ‌ مه‌به‌..
هه‌ر ئه‌مساڵێ‌،
له‌نێو غه‌ریبیما چرۆیان كردوه‌و
به‌مه‌راقی‌ عومرم پشكوتون و
ئه‌شكم، گوڵی‌ پێده‌ركردوون!

سوێند به‌ئه‌رز و ئاسمان
جگه‌ له‌خۆم،
كه‌س نۆبه‌ره‌ی‌ نه‌كردووه‌و
كه‌س، نه‌یدیتووه‌!

مه‌ولام.. هاته‌لام و
له‌بری‌ سڵاوو
باوه‌ش پێداكردن!
له‌بری‌ ته‌وقه‌و
ئه‌ملاولا ماچكردن!
بێ‌ سێ‌ و دوو،
دایه‌ پڕمه‌ی‌ گریان و
به‌هنگه‌ هنگ و
ته‌نگه‌نه‌فه‌سییه‌كه‌یه‌وه‌.. وتی‌:

ئه‌م عومره‌ بێ‌دۆست،
بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌!
ئه‌م گه‌ردوونه‌ بێ‌یار،
بیابانێكی‌ نه‌بڕاوه‌یه‌!
ئه‌م ژیانه‌،
وای‌ خودایه‌!
ئه‌م ژیانه‌ بێ‌عه‌شق،
ئیسرافه‌.. ئیسراف!

دوێ‌ شه‌وێ‌، دره‌نگان!
مه‌ولام..
وای‌ وتو، دیارنه‌ما!
وای‌ وتو، نغرۆبوو!
وای‌ وتو، … …!

ئیدی‌ به‌جێ‌ نایا،
ده‌بێ‌ خاترجه‌مانه‌،
به‌دوی‌ عه‌شقی‌.. مه‌ولام كه‌وم!

ئیدی‌ ده‌بێ‌،
له‌م وه‌سوه‌سه‌ی‌ ته‌نهاییه‌.. بێمه‌ده‌رێ‌!
ده‌بێ‌،
ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه‌ی‌ تۆراوییه‌.. وه‌لانێم!

هه‌وڵ‌ ئه‌ده‌م،
ڕێگه‌ی‌ ماڵ‌.. له‌بیرخۆم به‌رمه‌وه‌!
خۆم ڕادێنم،
ناوی‌ ئاسایی‌ كه‌سه‌كانم.. بیرچێته‌وه‌!
وا له‌خۆم ده‌كه‌م،
هیچ كۆڵانێك، له‌خۆیم نه‌گرێ‌!
هیچ ماڵێك، ده‌رگام لێنه‌كاته‌وه‌!
هیچ دڵێك له‌به‌رمن، ختووره‌نه‌كا!
وا ئه‌كه‌م،
هیچ كه‌سێ‌..
كه‌س نه‌مناسێته‌وه‌!

ئیدی‌ به‌جێ‌ نایا،
ده‌بێ‌ شوێن ئه‌دره‌سی‌.. مه‌ولاكه‌م كه‌وم!

.comسارای‌ نێودڵی‌ یار.www

هێمن حه‌مه‌جه‌زا
hemnhamajaza@hotmail.com

مانگی‌ (3 و 4)/2011
سلێمانی‌

Previous
Next

Leave a Reply