Skip to Content

Friday, June 18th, 2021

ئازادیی بۆ مەلا کرێکارەکان، کۆیلەکردنی هەموومانە

Be First!
by April 19, 2012 گشتی

 

بەڕێز کاک ڕۆژ ئەحمەد!ئەم چەند دێڕەت سەبارەت بەو وتارە درێژە بۆ دەنووسم کە لە سایتی دەنگەکاندا بڵاوت کردۆتەوە و تیایدا سزادانی مەلا کرێکار لەلایەن دادگای نەرویجەوە بە زەوتکردنی ئازادییەکانی هەموومان لە قەڵەم دەدەیت.
ڕاستت پێ بڵێم، تا لاپەڕەی یەکەمی وتارەکەشتم تەواو کرد، هەر وامدەزانی تەنزت نووسیوە و بە ئایرۆنیاوە دەڵێیت کە سزادانی مەلا کرێکار دژ بە ئازادیی بیروڕایە. کەچی دوایی بۆم دەرکەوت کە تۆ هەر بە جیددی پێتوایە کە کرێکار نابێت لەسەر خەتایەکی وا سزا بدرێت کە هەڕەشەی لە سیاسەتمەداران کردووە و هەڕەشەی لە چەندین کەس کردووە تەنها لەبەر ئەوەی کە لەگەڵ ڕا و عەقیدەی ئەودا نایەنەوە.
تۆ چەندین و چەندین لاپەڕەت لەسەر شەڕی ئیمپریالیزم و ڕۆژئاوا و ڕاسیستە توندڕەوەکانی ڕۆژئاوا نووسیوە و ئەمە دەکەیتە بەڵگە و پاکانەی داکۆکییت لە مەغدووریی کرێکار! ئەزیزم تۆ پێویست ناکات ئەوەندە دوور بۆی بڕۆیت و ئەو هەموو حیکایەتە ئایدۆلۆجییەی لەسەر بنووسیت.مەسەلەکە زۆر سادەیە. خۆ ناشێ تۆ پێتوابێت کە مادام ئیمپریالیزم خێر و بەرەکەتی وڵاتانی ئێمە دەدزێت و مادام ڕاستڕەوی توندڕەو و فاشیزم و ڕاسیزم لە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەیە کە ڕقیان لە ئیسلامە، کەواتە لەبەر ئەمە ڕەوایە و دەبێت مەلا کرێکار دەستی واڵا بێت خەڵک هانبدات مەریوان هەڵەبجەیی بکوژن تەنها لەبەر ئەوەی موسڵمانان پێیان خۆش نییە بەو جۆرە ڕەخنە بکرێن کە مەریوان هەڵەبجەیی دەیکات. ئەگەر ئەمە ڕای تۆ نییە، کەواتە ئیتر چی پێویستت بەوەیە لە وتارێکدا کە باسی دادگایی کرێکار دەکات لەسەر تەجاوزکردنە سەر مافی مەریوان و مافی بیروڕادەربڕین، ئەو هەموو شێر و ڕێوییەی ئیمپریالیزم و ڕاسیزم و فاشیزم و دژایەتیی ئیسلام و باسی ئەو مەسەلانە هەلڕێژیت بەسەر خوێنەردا و ئاوا باسەکە درێژ بکەیتەوە؟
ئەزیزم، مەسەلەکە زۆر سادەیە و وا زۆر دوور بۆی مەڕۆ. ئێمە بۆ ئەوەی مرۆڤ، ئیتر هەر ئاین و باوەڕێک بێت، مافە ئینسانیەکانی بپارێزین، پێویستمان بەوەیە سزاش هەبێت بۆ ئەو کەسانەی کە هێرش دەکەنە سەر ئەو مافانە. ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە تۆ بەناوی ئازادیی بیروڕاوە داکۆکیی لە مەلا کرێکار دەکەیت. ئەی باشە من تێناگەم تۆ ڕات چییە لەسەر ئەوەی کە مەریوان هەڵەبجەییش دەبێت ئازادیی بیروڕای هەبێت! بەداخەوە بەڕێزت ئەوەندە وەک ئایدۆلۆجیستێکی توندڕەوی چەپگەرا و دابڕاو لە کەیسەکە دەردەکەویت کە ئینسان دەکەوێتە گومانەوە کە ئایا تۆ بەحەق باوەڕت بەوە هەیە کە کەسی غەیرە موسڵمان دەبێت لە هێرشی ئیسلامیستەکان بپارێزرێن؟ جێگەی داخە کە بەڕێزت وا دەردەکەویت بێئەندازە کەوتوویتەتە بەر لێشاوی فیکری ئەو چەپە توندڕەوانەی ئەوروپا کە لە ئەبوقەتادە و هایدگەر و کرێکار و جان ماری لۆپن، دنیا ڕەش و سپییتر دەبینن و بە خێر و ناخێر هەر داکۆکیی لە ئیسلامیزم دەکەن.
تۆ قسەی ڤۆڵتێر بە بەڵگە دەهێنیتەوە و ئامادەیی دەردەبڕی خۆت لەپێناو ئەوەدا بدەیتە کوشت کە کرێکار مافی ڕادەربڕینی هەبێت، بەڵام ئایا بۆ مافی ڕادەربڕینی مەریوان هەڵەبجەیی ئامادەی چی بکەیت؟ ڕاستت دەوێت لەو ووتارە درێژەتدا وا دەردەکەویت کە ئامادەی شانبەشانی کرێکار خۆت لەپێناوی ئەوەدا بدەیتە کوشت کە مەریوان هەڵەبجەیی و دژە ئیسلامەکانی تر مافی ڕادەربڕینیان نەبێت. ئاگات لێیە تۆ لە داخی ڕاسیست و فاسیشتەکانی ئەوروپا و سەرشێتێکی وەک جۆرج بوش و بلێردا، تووشی چی ئایدۆلۆژیایەکی توندڕەوانە بوویت؟
تۆ ڕاتوایە کە دادگای ئەوروپیی ڕووداوی سوتاندنی قورئانی لەبەر ئەوە قبوڵ کردووە کە دژ بە ئاینی ئیسلامە.ئایا هەر بەڕاست تۆ پێتوایە ڕۆژئاوا لەو ئاستەدایە لە ڕق لە ئیسلام کە دادگایەک دەتوانێت بەبێ تەبریرکردنی قورئانسوتاندن بە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین، ئاوا بڕیارێک دەربکات و خەڵکی ئەوروپاش زۆربەی زۆری لێی قبوڵ بکەن؟ ئەگەر تۆ ئەم تێگەیشتەنەت لە ئەوروپا هەیە، ئەوا من هەر ئەوەندەم بۆ دەمێنێتەوە پێت بڵێم، ئازیز ئاگاداربە تۆ بێئەندازە لە لیتەی ئایدۆلۆجیایەکی دژەڕۆژئاوای دابڕاو لە دنیادا خۆت چەقاندووە. ئەمە توندڕەوییەک و تێگەیشتنێکی ڕەش و سپییە بۆ دنیا کە خودی کۆمۆنیستەکانی کوردستان کە تۆ ڕەخنەت لە توندڕەوییان هەیە، بێئەندازە دنیادیدەن لە چاوی.
تۆ هەر لە خۆتەوە فووی پیا دەکەیت و ئەوە یەکلا دەکەیتەوە کە ئەو سزادانەی مەلا کرێکار سزایەکی سیاسییە.سەلماندنی ئەمە بەوە نابێت تۆ ئەوە بە خوێنەر بڵێیت کە ئاخر هیتلەر وایکرد و ئایان هیرسی عەلی وایکرد و ئەبو قەتادە فڵانە غەدری لێکرا و ژیژیک دژی ئەمەیە و چۆمسکی ڕەخنەی هەیە. تکایە قەناعەتمان پێ بێنە و بیسەلمێنە کە بۆچی دادگای نەرویج ڕاست ناکات کە کرێکار مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و پێیوایە ئەوانەی کرێکار وتوونی ئازادیی بیروڕا نییە بەڵکو فەتوای تیرۆری ئینسانە و زیادەڕۆییە بۆسەر مافی خەڵکانی تر؟ ئەمە بەوە ناسەلمێت تۆ پێم بڵێت وەڵا پیاوی سپی دەچن وڵاتانی ئێمە تاڵان دەکەن. کەسێک وای تێدەگات کە لای بەڕێزت ئەوەی کە فاسیستەکانی ئەوروپا ناحەقیی دەکەن، کەواتە پیاوی موسڵمان و ئیسلامیست هەرچییەک بکەن قەت تەجاوز نییە بۆسەر مافی مرۆڤ و هەرچییەکیش بکەن ناحەقییان نەکردووە چونکە ڕاسیزم هەیە. ووریابە تۆ لەم کاتەدا لەوە نزیک دەبیتەوە داکۆکیی لە تیرۆر و تۆقاندن بکەیت. بەڕێزم پێم ناخۆشە تۆ وا ئایدۆلۆژیانە بیر لە دنیا دەکەیتەوە کە هەر هەمان ڕێتۆریکی بن لادن بەکار ئەهێنیت بۆ شەرعییەتهێنانەوە بۆ زیادەڕۆییەکانی ئیسلامیستەکان بۆ سەر مافەکانمان.
تکایە پێمان بڵێ تۆ چەند ئاگاداریت لەو تۆمەتانەی دادگای نەرویج بە کرێکاریدا کرد و چۆن پێتوایە کە ئەو تۆمەتانە ناحەقن. ئەوەی کە تۆ ڕەفیقێکی ڕۆژنامەنووسی بریتانیی چەپڕەوی ڕوانگەتەسکت هەیە کە پێیوایە ئەبو قەتادە ناحەقیی لە بریتانیا پێ دەکرێت، ئەمە ئۆتۆماتیکیی مانای ئەوە نییە کە کەواتە مەلا کرێکاریش لە نەرویج ناحەقیی پێدەکرێت و پێکراوە.
مەلا کرێکار غەدری لێنەکراوە تا کەسێک سزاکەی پێ ناخۆش بێت. ئەو دادوەرانێک کە مێژوویان هەیە لە داکۆکییکردندا لە مافی مرۆڤی موسڵمان و جولەکە و مەسیحیی و بێدیندا، سێ مانگی ڕێک وورد لێی کۆڵیونەتەوە و دەڵێن مەلا کرێکار غەدری لە کەسی تر کردووە و یاسای شکاندووە بۆیە دەبێت سزاکەی بکێشێت. ئەگەر یاساکەت پێ قبوڵ نییە، تکایە لەو وتارە درێژەتدا باسێکی ئەوەت بکردایە کە بۆچی ئەو موقەڕەڕە یاساییەی دادگای ئەوروپیی ناحەقانەیە کە ئەوی لەسەر سزادراوە. ئایا تۆ دەزانیت کە ئەو بۆ مەسەلەی مەریوان هەڵەبجەیی و ئەوانی تر لەسەر پێشێلکردنی ئازادیی بیروڕا سزا دراوە؟ ئەگەریش پێتوایە دادگای ئەوروپیی تەنها مافی بیروڕای دژەموسڵمانان دەپارێزێت، با لە خوارەوە چەند قسەیەکی ترت بۆ بکەم.
تۆ دەڵێیت کرێکار تا ئێستا ٣٥ دادگای بردۆتە لە دادگاکانی نەرویجدا. بۆ ئەم ئیدیعایەی تۆ و مەلا کرێکار خۆی لە سایتەکان و تەلەفزیۆنەکان و لە پاڵتاڵکدا، حەز دەکەم دوو خاڵ باس بکەم:
یەکەم، ئەمە ئەگەر وابێت، تەنها ئەوە دەسەلمێنێت کە دادگاکانی نەرویج بێئەندازە دادپەروەر و سەربەخۆن و مافی مرۆڤیان خستۆتە سەر هەموو ئیعتیبارێکی ترەوە. ئەگەر بەو قسەیەی تۆ بێت کە دادگاکانی ڕۆژئاوا ئیعتیباری ئایدۆلۆژیی ڕاسیزم و ئەجێندای پیاوی سپیی بڕیاریان بۆ دەدات، ئەی چۆنە مەلا کرێکار ئەو هەموو دۆزەی بردۆتەوە کە تۆ و ئەو شانازیی پێوە دەکەن؟ لە مەسەلەیەکی وادا ئەوەی کە دەبێت شانازیی بکات ئێوە نین بەڵکو دادگای ئەوروپییە کە دادگای داکۆکیی لە مافی مرۆڤە و ئەوە ئەوە کە دەبێت بڵێت ٣٥ جار بە عادیلانە مامەڵەیمان کردووە. ئەوە مانای ئەوەەیە کە دادگای ڕۆژئاوا دادگای داکۆکییە لە ئینسان بەبێ چاولێکردنی عەقیدەکەی، نەک داکۆکیی لە پیاوی سپیی، کە تۆ لەسەرێکەوە دادگا بەوە تاوانبار دەکەیت و لەسەرێکیشەوە وای پیشان دەدەیت کە هەمان دادگا ٣٥ جار یاخیی بووە لە حەزەکانی پیاوی سپیی و فاشیست و ڕاسیستەکانی ئەوروپا و، سەربەخۆیی خۆی پاراستووە و بە قسەی نەکردوون.
وا دە ساڵە دادگای نەرویجیی وەک داکۆکییەک لە مافی مرۆڤ، وەک دادگایەکی عەلمانیی دیموکراتیی، دژ بە هەموو ڕاسیستەکانی ئەوروپا وەستاوەتەوە و ئامادە نییە کرێکار بداتە دەستی عێراق نەبا ئەشکەنجە بکرێت. ئەمە ئەگەرچی کرێکار شەو نییە لە ئینتەرنێت هێرش نەکاتە سەر ئەو وڵاتە و فەتوای لە دژ دەرنەکات. دادگای نەرویج کە ئاوا سەرڕاستە، ئەی چۆنە ئێستا تۆ و هەندێک لە برادەرانی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی و بزووتنەوەی ئیسلامیی و لایەنگرانی کرێکار لە پاڵتاڵک ئەمجارە دادگایان پێ ناعادیلە و هاوسۆزیی دەردەبڕن لەگەڵ کرێکاردا؟ کێ لە ئێمە قبوڵ ئەکات بەنگلادیشییەک بێت لە چوارباخ یان تەیراوە بژی و دە ساڵ شەوانە لەسەر ئەنتەرنێت دانیشێت و بۆ سەدان بەنگلادیشیی قسە بکات و بڵێت ئەم کوردانەی هەرێمی کوردستان هەر شایان بەوەن چۆن بۆت کرا بیانکوژیت، وە شایان بەوە بوون کە ئەنفال کران؟ ئەمە ئەوروپا لە یەبو قەتادە و کرێکار و چەندین توندڕەوی خاوەن ئایدۆلۆژیای دژە ڕۆژئاوای قبوڵ کردووە. کەسێک بیر لە نموونەیەکی وا بکاتەوە ئینجا ئەزانێت ئەوروپای مافی مرۆڤ و عەلمانییەت چەند لە ئێمە دڵگەورەترن و چی شەرمێکە بە تاغوت و دژەئازادیی و قسەی لەو بابەتە ناویان ببەین.
ڕای من ئەوەیە کە هەر کەس ژیان لە کەسێکی تر تاڵ بکات ناحەقیی کردووە و دەبێت ڕێی لێ بگیردرێت. مەلا کرێکار دادگایەکی سەربەخۆ و دادپەروەر بڕیاری داوە کە مافی مرۆڤی پێشێل کردووە و لەسەر ئەوە دەبێت پێنج ساڵ لە زنیداندا بێت. بۆیە تێنەگەیشتنە لە عەدالەت کەسێک بڵێت حەقە زیندان نەکرێت، چونکە ئەو کەوتنەزیندانە ئاکامی ئەعمالی خۆیەتی.هەموومان ئەتوانین بچینە سەر پاڵتاڵک و لە ماڵەکەی خۆمانەوە هاوار بکەین: فڵانەکەس دەبێ بکوژرێ و فڵانەکەس دەبێت ژنەکەی لێ حەرام بێت، بەڵام ئێمە ئەمە ناکەین چونکە ئەزانین سیاسەتکردنی وا سزای لەسەرە. بەڵام ئەگەر کەسێکی تر باکی بە سزا نییە و دەیکات، ئایدۆلۆژیپەرستییەکی بێئاگایەنە دەبێت بۆ من و تۆ بێین بڵێین وەڵا ئەو خۆی باکی نییە، بەس من دژی سزادانیم و شەش بەشی درێژ وتاری لەسەر دەنووسم و سەرکۆنەی دەکەم و داوا دەکەم دەستبەجێ سزاکەی لەسەر لابەرن.
دووەم خاڵ، کە لە خاڵی یەکەم گرنگترە: من دوای ئەو داکۆکییە سەرسەختانەیەی تۆ لە بێتاوانیی کرێکار چووم لە گوگڵ چەند ڕۆژ گەڕام تا لەوە تێبگەم کە ئایا کرێکار بەتەواویی لەسەر چی سزادراوە. باسی کرێکارم لە بی بی سی و گوگڵ و مەوسوعەی بریتاننی دەکرد و تەنانەت بە تەرجومەی گوگڵ، گوگڵی نەرویجییشم کەم و زۆر خوێندەوە. بۆم دەرکەوت کە ئەوە ڕاست نییە و مەلا کرێکار قەت و قەت جاری تر نەدراوەتە دادگا و ئەمە یەکەم جارێتی وەک تاوانبار دەبرێتە بەر دادگا و درۆیە هیچ دۆزێکی نەبردۆتەوە لە دادگا. بۆ ڕاستیی ئەمە سەیر بکە بەپێی گوگڵ بێت ئەو تەنها دوو جار لە دادگا بووە و هەردوو جارەکە کرێکار شکاتکەر بووە نەک تاوانبار، وە هەردوو جارەکەش دۆڕاندوویەتی. گوگڵ سەبارەت بە جاری یەکەم دەنووسێت:
In February 2003 the Norwegian government ordered Krekar to be deported to Iraq, but the order has not been implemented because of the risk that Krekar could face the death penalty in Iraq, as Norway will not deport people in these circumstances. Krekar has unsuccessfully challenged the expulsion order in court, with the order being confirmed in September 2005.
کەواتە کرێکار بۆ ئەوەی دژ بە بڕیاری حکومەت بوەستێتەوە کە بۆ دەرکردنی لە وڵات دراوە، ئەو حکومەتی داوەتە دادگا و لە دادگا دۆڕاندوویەتی.
سەبارەت بە مەحکەمەی دووەم نووسراوە:
Attorney Brynjar Meling was also on behalf of Mullah libel suit against Carl I. Hagen , who had called Krekar as a terrorist. The court stated that Hagen’s statement was not libelous. Iraqi Kurds living in Norway demonstrated against Krekar at the trial.
لێرەدا دەردەکەوێت کە کرێکار لەڕێگای پارێزەرێکەوە بەناوی برینجار میڵینگ، کابرایەکی داوەتە دادگا بە ناوی کارڵ ئای هاجین لەسەر ئەوەی بە مەلا کرێکاری وتووە تیرۆریست. کرێکار ئەم دادگایەشی دۆڕاندووە.
جگە لەم دوو دۆزە لە هیچ سایتێکی ئنگلیزیی یان عەرەبیی، تەنانەت سایتی جەزیرەش، هیچ شتێکی تر سەبارەت بەوە نییە ڕۆژێک لە ڕۆژان کرێکار برابێتە بەر دادگا و بردووبێتییەوە.
بەڕێزت ئەو ژمارانە و ئەو ئیدیعایانەت وەک هەر گەنجێکی تر لە دەمی کرێکار خۆی وەرگرتووە. هەروەک چۆن دەڵێێت کە گوایە دیموکراسییەت خراپە چونکە چەند ساڵە مەلا کرێکاریان لە ماڵەکەی خۆیدا سجن کردووە. ئەمەش قسەیەکی ناڕاستی خۆیەتی کە تۆ و چەند هەزار کەسی تری پێ خەڵەتاندووە. ئەوەی وایکردووە تۆ باوەڕی پێ بکەیت ئەوەیە کە کەیسی ئەبو قەتادە دەبینیت لە بریتانیا. بەڵام تکایە بۆ جارێکی تر تۆزێک بەدگومان تر گوێ لە قسەی مەلا بگرە و بڕۆ لە سایتی بی بی سی ناوی کرێکار و ناوی قەتادە بنووسە، لەوێ ڕاپۆرتێکی درێژت سەبارەت بەوە بۆ دێت کە کرێکار بەپێچەوانەی قەتادەوە هیچ دەسبەسەر نییە بەڵام خۆی لەبەر ئەوەی وێنەیەکی ناشیرینی لەسەر خۆی و ئاینی ئیسلام داوەتە خەڵکی ئیسلام و ئەجنەبی، خۆی نایەوێت بچێتە ناو بازاڕەکان.
کەسێک کە ئەو قسانەی بەڕێزت دەخوێنێتەوە هەست دەکات چەند شتێک بەسەر ئەو هەڵانەدا بردووتی. یەکەم ڕقێکی تۆخ و ئەستوور لە کۆمۆنیستەکانی کوردساتن کە لەوە دەچێت شەخسیی بێت. بەڵام ئەزیزم دروست نییە تۆ لە داخی ئەواندا بچیت داکۆکیی لە ئازادیی مەلا کرێکار لە هەڕەشە و گوڕەشەبەخشاندنەوەدا بکەیت. دووەم، ئایدۆلۆژیای توندڕەوانی دژەڕاسیزمی چەپەکانی ڕۆژئاوا. ئەمانە کەیفی خۆتن و تۆ ئازادیت چۆن بیر دەکەیتەوە. بەڵام کە ئاوا بە ئایدۆلۆژیا بە شەش بەش وتار دەکەویتە وێزەی لێکدانەوەی دۆزێک و ئازادیی مەلا کرێکار لە چاوترساندنی خەڵکی نەیاری خۆیدا بە دەستەبەربوونی ئازادییەکانی ئێمە لە قەڵەم دەدەیت، منێک کە زۆر دەگمەن خۆم لە نووسین دەدەم و نووسەر نیم، بە دروستم نەزانی یەخەت نەگرم و نەڵێم، ”نا بەڕێزم، ئازادیی چالاکیی لەو جۆرە بۆ مەلا کرێکارەکان، کۆیلەبوونی هەموومان بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.
لەگەڵ ڕێزم بۆت.

سەرکەوت عەزیز

Previous
Next

Leave a Reply