Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
ئاساییە كە وەزیری رۆشنبیری تیرۆرستە

ئاساییە كە وەزیری رۆشنبیری تیرۆرستە

Closed
by November 4, 2008 گشتی

 ئاساییە كە وەزیری رۆشنبیری تیرۆرستە
 سەنگەر زراری

 
 قسەی ئەوانە بە تەواوی راست دەرچوو، ئەوانەی لەساڵی (2003) و لە سەروبەندی جەنگی رووخانی رژێمی پێشوودا دەیانگوت: دیموكراسی لەسەر پشتی دەبابە ناچێتە هیچ وڵاتێك، ئەوكات.. ئێمە پێمان وابوو ئەوان كەسانی شۆڤینی و قین لە دڵن بۆیە وا دەڵێن، رەنگە واش بووبێ، رەنگە ئەوان بەهۆی شۆڤینیبوونیان وایان گوتبێ، بەڵام بەتەواوی وابوو، لەدوای ئەوساڵەوە تا ئێستا كە نزیكەی پێنج ساڵ دەكات، عێراق خێری لەخۆ نەدیووە، شەڕوشۆڕەكان نەبڕانەوە و خزمەتگوزارییەكانیش هەر نەگەیشتن. هەموو گروپ و لایەنە سیاسی و كاربەدەستەكانی عێراق خەریكی بیانووگرتن لەیەك و شەڕبەیەك فرۆشتن و بەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر و پارەی زیاترن بۆخۆیان. كەس بەچاوی بەزەییەوە ناڕوانێتە میللەت. كارەباكە هەر نەهات، بایەعییەكە بەناڕێكی و بە پچڕپچڕی هەیە، ئەوەندەی هەشە لەبەر خاتری چاوی میللەت نییە، بەڵكو لەبەرئەوەیە خێرێكی باشی بۆ ئەو كەسانە تێدایە كە خەریكی هێنان و سەودا و مامەڵەی ئازووقەكەن، ئەگەر ئەو خێرە نەبا، ئەوانیش نەیاندەهێنا.
 دوای رووخانی رژێمی پێشوو راستەوخۆ "رزگاركەرە خۆماڵییەكان!!" دەستیانكردە دزی و بەتاڵانبردنی ماڵی خەڵكی هەژار، تا گەیشتە ئەو رادەیەی لێژنەی نەزاهە پێكهێنرا و كەوتنە دوای ئەوانەی كە لە حكومەتە كاتییەكان دەستیان بەدزیكردن كردووە، بۆ ئەوەی دەسگیریان بكەن.
 ئەوشتە سەیرانەی لەم چەند ساڵە روویانداوە، سەدام و دارودەستەكەی رێگەیان پێ نەدەبرد. كەسانێك كە دوێنێ لەدەست زوڵم رایانكردبوو، دوێنێ بانگەشەی ئازادی و رزگاركردنی گەل و وڵاتیان دەكرد، ئەمڕۆ بەشێوەیەكی كاتی لەسەر كورسییەك دانران و پۆستێكیان خرایە بەردەست، نەیانتوانی بە پاكی و بەبێ دزیكردن بیپارێزن، ئەی ئەو كاتەی ئەو پۆستانە بەشێوەیەكی فەرمی و بە جیگیری، بۆیان دەسنیشان دەكرێ دەبێ چی بكەن؟!
 سەرۆكی لێژنەی نەزاهە كە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی دروستكراوە، خۆی بە گەندەڵی تۆمەتبار كرا و لە لێژنەكە وەدەرنرا.
 "ئەسعەد هاشمی" وەزیری رۆشنبیری یەكێك لە حكومەتە كاتییەكانی دوای سەدام، بەتۆمەتی كوشتنی دوو كەس، فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو.
 چۆن لەم وڵاتە بێهیوا نابی كە وەزیری رۆشنبیرییەكەی، لەجیاتی بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری و بیری میانڕەوی و دووركەوتنەوە لەتیرۆر و تووندتیژی، خۆی بكوژ و تیرۆرست دەرچێت. سەرۆكی لێژنەی لەناوبردنی گەندەڵی، گەندەڵ دەرچێت؟!
 ئەو كەسەش كە لە دەرەوە بۆ رزگاركردنی ئێمە هات "ئەمەریكا"، بەئاشكرا و بەبەرچاوی هەموو جیهان، لەجیاتی نەك دروستكردنی ئەو بەهەشتەی كە هاتبوو دروستی بكات، بەڵكو تەنها لە جیاتی نەهێشتنی شەڕوئاژاوەكان، خەریكی ئەوەیە چەك بە عێراق دەفرۆشێ.
 بەپێی بۆندێك كە لە نێوان عێراق و ئەمەریكا مۆركراوە، ئەمەریكا بایی (3)ملیار دۆلار چەك دەفرۆشێتە عێراق، چەكەكانیش بریتین لە: تانك و فڕۆكە و هەلیكیۆپتەر و مووشەك و… بڕیاریش وایە بایی (7) ملیار دۆلاری دیكەی پێ بفرۆشێ، واتا بە كۆی گشتییەكەی دەكاتە نزیكەی (10) ملیار دۆلار، ئەم بڕەپارەیەش، زیاترە لە بودجەی كوردستان و بودجەی وڵاتانێكی وەكو سوریا و ئەردەن، ئەگەر ئەم پارە زەخمە لە كەرتێكی وەكو كارەبا سەرف بكرێت، بەدڵنیاییەوە كێشەی كارەبا بەتەواوی بنبڕ دەكرێت، یان چەند شارێكی ئەم وڵاتەی پێ ئاوەدان دەكرێتەوە. بەڵێ ئەو هێزەی هاتبوو وڵاتمان بۆ بكاتە بەهەشتی دیموكراسییەت و ئاوەدانی بكاتەوە، ئێستا بە فرۆشتنی چەك پارەكەمان لەژێر دەست دەردێنێ، بۆئەوەی یەكتری پێ بكوژین و شەڕوشۆڕەكان نەبڕێنەوە!!! ئاخر كە ئەو هەموو چەكەمان دەرخوارد بدەن، چۆن وەزیری رۆشنبیری تیرۆرست و سەرۆكی لێژنەی نەزاهەش گەندەڵ دەرناچن؟!!
 

 sangarzrary@gmail.com

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.