Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئاسەوارى گوڵە هەڵوەرییوەكانى جیابونەوە…نەجات روستی

ئاسەوارى گوڵە هەڵوەرییوەكانى جیابونەوە…نەجات روستی

Closed
by January 8, 2008 گشتی

 جیابونەوە تەنها ئەوەنییە كە ئیتر دووكەس یەكتریان قبوڵ نییەو دوابریاریان داوە كەهەریەكەیان ژیانی خۆیان  دوور لەیەكتر  بەسەر بەرن ،بەڵكو مەینەتیەكە لێرەوە دەست پىَ دەكات.
 هەموو جارىَ بەیادگارییەكانەوە ناخ گڕ دەگرىَ و زۆر جار ئەستەمە بە ئاسانی كپ بێتەوە بە تایبەتی ئەو كەسانەی كەمنالأ لە نێوانیاندا هەیە، كەسەكان هەریەكەیان بەژیانی ئاسایی خۆیانەوە رىَ دەكەن و سەرگەردانیەكە بۆ مناڵەكانیان دەمێنێتەوە… زۆرجار هیچ یەكێك لەژن و پیاوەكان ئامادەنین مناڵەكان بگرنە خۆیان، بۆیە مناڵەكان پەرتەوازە دەبن و ژیانیان لىَ تاڵ دەبێت و لەنازی دایك و باوكیان بىَ بەش دەبن،ئەوانەی كەلەنێو خێزان و دوور لەئامێزو سۆزى دایەو بابە پەروەردە ناكرێن، لەدواجاردا هەمیشە مرۆڤێكی ناتەواویان لىَ دەردەچىَ,چونكە قۆناغەكانی ژیانیان وەك هەر بوونەوەرێكى ئەم دونیایە بەئاسایی نەبڕیوەو خۆشییان لە رۆژەكانی تەمەنیان نەبینیوە، لە هەمان كاتدا كەسانێكی بێبەزیان لىَ دروست دەبىَ… هۆیەكەشی بۆ دلأ رەقى ئەو دایك و باوكانەیان دەگەڕێتەوە كەلەبەرامبەریان نواندوییانە،بۆیە ئەوانیش رەنگە بێبەزەیى بن بەرامبەر كۆمەڵ و كەسانی دەوروبەریان…ئەو مناڵانەی كەسەرگەردان دەبن زۆرجار خزم و كەس و كاریان دەیان گرنە خۆیان،بەڵام زۆریشیان كەس وكاری نزیكیان نییە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر حكومەت و لە خانەی نەوجەوانان یان هەر ناوەندێكی تر كەدەیان گرنە خۆ كۆدەبنەوە .
  ئەو بێسەرپەرشتیارانەى كە توشی سەرگەردانی دێن زۆربەیان تەمەنیان لە 8-16 ساڵیە، هەمیشە كەئەیان دوێنی رقێكی قوولأ بەرامبەر بەدایك و باوكیان لە ناخ دایە، بۆیە هیچ سۆزێكیان بەرامبەریان نییە،ئەم هەستەش لەوكاتەوە هەستم پىَ كرد كە هەندىَ لەو هەرزەكارانەم دواندو چیرۆكی هەریەكێكیان بە جۆرێك بووە، چیرۆكی ژیانیان پڕبووە لە رق و قینەو بێبەزەیی و هەندێكیشیان ناخیان پڕبوو لە سۆزو خۆشەویستی، بەڵام وایان هەست دەكرد كە رۆژگار غەدری لىَ كردوون تووشی ئەو ژیانە پڕ لە مەینەتیە بوون كە هەموویان دەیان خواست لەو ژیانە رزگاریان بێت.
 – ئاری یووسف:من تەمەنم 8 ساڵان بووە دایك و باوكم لە یەكتری جیابوونەتەوە و گەورەترین كێشەو ناخۆشترین ژیانیان بۆمن جێهێشت و من ئێستا لە ماڵی داپیرەم دەژیم، بەڵام هەرگیز بەو ژیانە رازی نیم چونكە خۆم واهەست دەكەم كە بارگرانیم لەوماڵەو رەزام زۆر قورسە بۆیە كەبەرۆژ لە ماڵەوە دەردەچم ناگەرێمەوە ئەگەر بۆ خەوتن ئەویش لەبەرئەوەی كە جێگام نی یە ئەگەرنا هەرنەدەگەرامەوە ئەوان هیچ خەرجیەكم ناكێشن ناهەقیشیان نی یە چونكە بەراستی من سودم بۆ ئەوان نەبووە لە ئەزیەت كێشان نەبىَ، هەر چەند داپیرەم منی خۆش ئەوىَ بەڵام ئەوانی تر وانین واهەست دەكەم كە زۆر رقیان لێمە.
 هۆكاری ژیانیشم باوكمە ئەو ئێستا ژنێكی تری هێناوە باوەژنەكەم رازی نیە لەگەڵ ئەوان بژیم و لەباوكیشم ناگەڕىَ یارمەتیم بدات و خەرجی رۆژانەم بكێشی و پێداویستیەكانم بۆ دابین بكات. هەرچەندە جار جارە بەدزیەوە پارەم ئەداتىَ بەڵام زۆر بەكەمی و ئەو بڕە پارەیەش زۆر كەمە، بەڵام لەترسی ژنەكەی ناوێرىَ دایكیشم هەرنازانم لەكوىَ یە باوكیشم رازی نیە بچم بۆلای تەنانەت بەدزیش ناوێرم بچم بۆلایی ئای كەدونیایەكی پڕە لەخەم و ژانە ئێوە نازانن ژیانی من چەند ناخۆشە، بەڵام چی بكەم ئەمە ژیانی منەو دیارە لەشانسم وانوسراوە خوایە كەی لەم ژیانە رزگارم ئەبىَ منیش وەك كەسێكى ئاسایی ژیان بگوزەرێنم .
 ئاشنا ئەبوبكر:من زۆر مناڵ بووم كە دایك و باوكم لە یەكتری جیابونەتەوە بیرم نایەت بەڵام پورم دەڵىَ تەمەنت یەك ساڵان بوو ئێستا من تەمەنم سیانزە ساڵە. لەلای پورم ئەژیم باوكم لە خارجە و دایكیشم لە بەغدایە شوی بە پیاوێكی عەرەب كردوە زیاتر لە شەش ساڵە نەم دیووە باوكیشم تەنها لەرەسم دیومە، هەرچەندە پورم زۆر باشە لەگەڵم وەك كچەكانی خۆی سەیرم دەكات، بەڵام بەخوا زۆر ناخۆشە ژیان لەلام چونكە ئێستا هەست دەكەم ئەگەر لەباوەشی دایك و باوكم بومایە ژیانی من جۆرێكی تر دەبوو ئێستا منیش حەزدەكەم دایكم بەیانیان قژی بۆ شانەبكردمایەو باوكم دەستی بگرتمایەو لەگەڵ خۆی بیبردبام بۆ مەكتەب ئەگەر بەدیداریان شاد بمەوە زۆر ئاسودەم ئەزانی كەمناڵێك ئەبینم لەگەڵ باوكی یان دایكی چەند خەفەتی پێوە دەخۆم منیش حەزدەكەم هەمیشە لەدایك و باوكم نزیك بومایەوە ماڵی خۆمان هەبوایەو بەیەكەوە بەخۆشی ژیانمان بردبایە سەر ئێستا من لە خوێندنگا دەخوێنم هەرچەندە هەموو نمرەكانم زۆر بەرزن و مامۆستایەكان زۆر خۆشیان ئەوێم هەمووساڵىَ بەیەكەم دەرچوومە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر لەلای دایك و باوكم بومایە ئەوا زیاتر خۆم هیلاك دەكردوو هەندىَ لەو كێشانەی كە هەمە نەدەبوون. رۆژێكیان مامۆستایەكەمان پىَ ى ووتم بە باوكت بڵىَ سەردانمان بكات منیش پێم ووت كەباوكم لەخارجیە، پاشان ووتی با دایكت بىَ لەبەردەم خوێندكارەكان لەرووم نەهات بڵێم شوی كردۆتەوە  ووتم نازانم لەكوىَ یە…گەڕامەوە بۆ ماڵی پورم زۆرگریام ئەوشەوە تابەیانی خەونەهاتە چاوەكانم و رۆژی دوایش نەم توانی بڕۆمەوە بۆ خوێندنگا زۆر زۆر خەفەتم پێوە خوارد رۆژی دوایی چومەوە بۆ قوتابخانە دیسان مامۆستاكەمان پىَ ی ووتمەوە ناچار بووم دوایی چووم بۆ ئیدارە بەمامۆستاكەم ووت كەژیانی من ئەوهایە.
 – نیان ئەحمەد قادر: ئەمن دایك و بابم هەریەكەیان بۆ خۆیان بەتەنیا دەژین بابم چۆتەوە بۆ لادىَ و دایكیشم لە ماڵی خاڵمە ئێستا منیش لە لای دایكمم لە ماڵی خاڵم…بابم زۆر خەراب بوو لەگەڵ دایكم بەردەوام شەری لەگەڵ دەكردو لىَ ئەدا هیچ پارەی نەئەدا بەدایكم و تەنها جلی بۆ خۆی دەكڕی و نەبۆمن و نە بۆدایكم نەدەكڕی، لەبەرئەوە دایكم لىَ جیابۆوە…من باوكم خۆش ئەوىَ بەڵام ئەو ئێمەی خۆش ناوىَ سەردانمان ناكات حەزناكات بیبینم ئاخر باوكە گیان بۆ نایەی بۆلام بەخوای زۆر بیرت دەكەم ئێستا لەبیرمە كە ئێواران دەهاتەوە پێم دەووت بۆ شتم بۆ ناكڕی هەمورۆژی ئەی ووت بەیانی بۆت دەكرم كەچی هەربۆی نەدەكڕیم دایكم زۆر گوناهە هەمووجاری ئەگری لەماڵی خاڵم بێزار بووە حەزدەكات بەیەكەوە خانویەك بگرین و ماڵی خۆمانی تیادانێی، بەڵام هیچ كارێك نی یە و ناتوانآ كرىَ ى خانوو پەیدابكات…خاڵیشم ناهێڵىَ دەڵىَ خەڵكی چیمان پىَ دەڵێن ماڵی خاڵم هەموویان لەگەڵم باش نین خاڵۆژنم زۆر حەزی بەدایكم نی یە منیش هەست بەناخۆشی دەكەم، شەرم دەكەم بەخاڵم بڵێم جلم بۆ بكڕىَ زۆر جار خاڵۆژنم جل بۆ مناڵەكانی خۆی ئەكڕىَ بەڵام بۆمن ناكڕىَ باوكم ئێستا بەتەنیا لەلادىَ یە حەزدەكەم دایك و باوكم بگەڕێنەوە لای یەكتری بەڵام دایك و باوكم رازی نین ئای خوایە هەموو دەردە سەریەكە بۆمنە بێزارم لەخۆم حەزدەكەم بڕۆم بڕۆم…بۆ هەرجێگایەك بێت تەنها لەدەست ئەم ژیانە رزگارم بىَ ئاخر دایە …باوكە بەزەییتان بەمن دابىَ.
 – سەردار لەتیف محمد:ماوەیەكی زۆرنی یە دایك و باوكم لە یەكتری جیابونەتەوە، باش لەبیرمە، نازانم خەتای كێیان بوو هەردووكیان یەكتری تاوانبار دەكەن، هەركەسێكیان تاوان بار بێت، ئەوا من زۆر زەرەرم كرد ژیانم لىَ تاڵ بوو هەرچەند ئەوان لە ماڵەوە تەبا نەبوون،بەڵام ژیانی من لە ئێستا باشتر بوو لەوەتەی لەیەكتری جیابونەتەوە نزیكەی سىَ ساڵە من یەك جار دایكم بینیوە، باوكیشم چەند جارێك دیووە بەڵام چی بكەم لەو هەموو دووریە من ئێستا لە مالێك ئەژیم كە هەموشتێكی ناخۆشە بەردەوام هەست بەنامووبوونی خۆم دەكەم ماڵی باپیرم تەنها بە سەردان ئەچم نەوەك لىَ بمێنمەوە لەگەلیان بژیم، چونكە ئەوانیش هەست دەكەم لە من بێزارت،چونكە كەسێك نی یە بژێوی  ژیانیان بۆ دابین بكات باپیرم پیرە ناتوانآ هیچ كارێك بكات پورم فەرمانبەرە موچەكەی زۆركەمە بەشی كرىَ ى خانوو ناكات بەخوا منیش بەیانیان زوو لەماڵ دێە دەرەوە، هەركارێك هەبێت دەی كەم بۆ ئەوەی كە ئێواران رۆشتمەوە بە رووێكی خۆش پێشوازیم لىَ بكەن تاوەكو رەزام قورس نەبىَ،بەڵام چی بكەم ئەو پارەی رۆژانە پەیدای دەكەم وەك پێویست نی یە چونكە مەسروفات زۆر گرانە خوێندنەكەشم لەدەست چوو لەسەر جیابوونەوەی دایك و باوكم ژیانم زۆر ناخۆشە نازانم ئەوان بۆ وایان كرد بۆ تەنها خەمی خۆیان بوو بیریان لەمن نەدەكردەوە بۆچی ژیانی منیان ئەوها شێواند هیوادارم هیچ دایك و باوكێك لەیەكتری جیانەبنەوەو سەرەڕای ئەوەی كەژیانی خۆم ناخۆشە ئێستا خەمی ژیانی باپیرم و ماڵەوەشمان هاتە سەر…باوكم زۆر دڵ رەق بوو بەرامبەر دایكم دایە گیان زۆر بیرت دەكەم تووخوا وەرە وەڵام باچیتر ئەوها بىَ نازنەبم و باوەكو مناڵی خەڵك بەئاسودەیی بژیم.
 – لاڤین سەنگەر رۆستم:من لە ئەڵمانیا لەدایك بووم ماوەی چوار ساڵە من گەڕاومەتەوە بۆ كوردستان ئێستا تەمەنم وابزانم یانزە ساڵە لە دەرەوە باوك و دایكم لەیەكتری جیابوونەتەوە لەبەرئەوەی باوكم زۆر دڵی پیس بوو هەر چەند دایكم وانەبوو، بەڵام باوكم ئەی ووت نابآ دایكم كاربكات لەماڵ بێتە دەرەوە، بۆیە كێشە كەوتە نێوانیان لە یەكتری جیابوونەوە دوای دووساڵ كە دایك و باوكم جیابونەوە ماڵی باپیرم داوایان لە دایكم كرد بگەڕێتەوە سلێمانی…ئێمەش هاتینەوە،بەڵام تەنها یەك سالأ دایكم لێرە بوو جارێكی تر شوی كردەوە بەپیاوێك لە سوید منی جىَ هێشت لەلای داپیرم ماوەی شەش مانگ لەلای داپیرەم بووم دوای ئەویش كۆچی دوایی كرد…خاڵم منی هێنا بۆ خانەی نەوجەوانان كە حكومەت هاوكاریمان دەكات لێرە ژیان بەسەر دەبەین هەموو جارێكیش دایكم تەلەفۆنم بۆ دەكات و پارەم بۆدەنێرىَ،بەڵام تائێستا باوكم نەدیووە بیری ناكەم چونكە بەرامبەر بە ئێمە زۆر خەراپ بوو ئێستا بم بینآ نام ناسێتەوە چونكە ئەوكاتە من زۆر بچوك بووم حەزدەكەم دایكم بێتەوە چاوم پىَ ى بكەوىَ دایكم زۆر خۆش دەوىَ بەڵام باوكم خۆش ناوآ دایكم ئەڵىَ كە هاتمەوە لەگەڵ خۆمت دەبەم بەڵام نازانم كەی دێتەوە خۆزگە زوو ئەهاتەوە…من لێرە ئەچم بۆ مەكتەب مامۆستایەكانم خۆش ئەوىَ ئەوانیش منیان خۆش ئەوىَ بەڵام نازانم باوكم بۆچی منی خۆش ناوىَ.
 قسەی ئەو خونجە گوڵانەی كە گوێمان لىَ بوو، خەفەتێكی زۆری خستە دڵم دڵنیام ئەوەی ئەم بابەتە بخوێنێتەوە وەك من خەفەت دای دەگرىَ،ئەمانە بەشێكی كەم بوون لەو مناڵە هەرزەكارانەی كە لەم ژیانە دەژین زۆری ترم بینی ئەوانیش هەریەكەیان ژیانی تایبەتیان پڕبوو لە ناخۆشی و نائومێدی هەندێكیان كەلێم پرسین دایك و باوكتان لە كوێن دەستیان كرد بە گریان فرمێسك لە چاوەكانیان بەگوڕ دەهاتنەخوار…هەندێكیان خۆیان بۆ نەگیرا بەدەنگێكی بەرزەوە دەستیان كرد بەگریان…من هەرزوو ئەو شوێنەم جىَ هێشت و لەگەڵ سەرپەرشتیارەكەیان دووانیانم دواند، ئەو هەموو خەمە لەتەمەنی ئەواندا زۆر گەورەیە ئەوان تاوانیان نی یە كە هاتونەتە دنیاوە دایك و باوكیان بۆ چەند ساتێك بۆ خۆشی خۆیان ئەوانیان دروست كرد…كە بۆخۆشى خۆتان ئەو خونچانەتان دروست كرد،ئەى بۆچی سەرگەردانتان كردن.
 ئەمە پرسیارێكە وەڵامەكەی كەسیان ناتوانن بیدەنەوە،چونكە خۆیان ئەزانن چ تاوانێكیان كردووە ئەو چرۆ چاوگەشەنەیان لە ئامێزی نازی خۆیان بىَ بەش كرد.
 ئومێدەوارم حكومەتی هەرێم وەزارەتی كاروكۆمەڵایەتی زیاتر گرنگی بەم هەرزەكارانە بدات و ژیانێكی خۆشتریان بۆ دابین بكەن، بۆئەوەی هەست بە نامۆ بوون نەكەن و تۆوی خۆشەویستی لە ناخیان بڕوىَ و دووربن لەرق و كینەو وایان رابهێنن كە حكومەت خەمخۆری هەموویانە. 
 najatrosty@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.