Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ئایا ئێمە بارزانیمان ناسیوە؟… شاخەوان عومەر سلێمان

ئایا ئێمە بارزانیمان ناسیوە؟… شاخەوان عومەر سلێمان

Closed
by March 18, 2008 گشتی

 مەبەستم بەهەشتى بارزانى گەورەیە، ئەو كەسەى خاكەڕایى و بێفیزیى و خۆنەویستى كردبوویە پێشمەرگەیەكى ئاسایى و جەنگاوەرێكى سادەی بەرەكانى شەڕى بەرگریكردن لە راستى و رەوایەتى كێشەى نەتەوەیەك، زۆر جار گومان دەكەم و شكم لەسەر لاێشاوى راو بۆچوون و قسە و  تێفكرینى ئەوانە  هەیە كە لە كەسیەتى و شوناسى ئەو سەركردەیە دەدوێن، ئاخۆ بەڕاست ئەو سنفەو تاقمانە لە قوڵایى تێگەیشتنەكانەوە سەركردەی مێژووى مەلامستەفا یان ناسیوە، یان بىَ خوێندەوەى ژیانى خۆى و سەردەركردن لە سەربوردە و بەسەرهاتەكانى تەمەنى، تەنیا بەبیستنى ناو ناوبانگ و دیتن و گوێبیستبوونى بەرنامەیەكى رادیۆى یان تەلەفزیۆنى و كۆكردنەوەى چەند زانیاریەكى كەمى بچووك، بەو هەگبە بەتاڵ و حاڵیبوونە هەژارەوە دێن لەسەر گەورەیى و شكۆیى ئەو سەركردەیە هەڵدەدەنىَ.
 یاخود ئەمانە هیچیان نین، بەڵكو مەرام و مەبەستێكى دیاریكراو لەپاڵ هەوڵى لەو جۆرە هەیەو ئەوانەى باریان لێژە و كانیاوى ئاویان لەناو حیزب و حكوومەت وشك و برینگە، گەرەكیانە بە ناوهێنان و پیاداگوتن و میكاژكردنى مێژووەكەى  سفرەیەكى چەور و رازەوە بۆخۆیان و مناڵ و كەس و كاریان دروستبكەن، (( دیارە بەرێزەوە ئەو رایانە دەخەینە دەرەوەى ئامانجى نووسینەكەمان كە بەویژدانەوە و دوور لە هیچ نیاز و مەقسەدێكى تایبەتى لەسەر بارزانى دەدرێن، چونكە ئەوانەش هەن وەكو نواندنى هەڵوێستێكى ئەخلاقى و ویژدانى دەیانەوێت ژیانى ئەو سەركردەیە بخوێننەوە))، بەڵام مخابن بۆ ئەوانەى بەتەنیا و تەنیا لە یەكى سێى هەموو ساڵێك بارزانیان بیردەكەوێتەوە و بەدوو دێرە شیعر یان نووسینى كورتە پەخشانێك، یاخود بڵاوكردنەوەى وتارێك گوزارشت لەو زاتە مەزنەدەكەن .
 پێم وایە هێشتا ئێمە زۆر زۆرمان ماوە تا بارزانى بناسین و لێى تێبگەین، ماناى تێگەیشتن فرەرەهەندە و چەندان لق و پۆپ و كەڵى دیكەى ماناو مەبەستى ترى لێدەبێتەوە، جارێك پێش هەمووشتێك تۆ ناتوانیت بڵێیت من كەسێكم ناسیوە گەر نەتوانیبێت لە سەدا بیستى خەسڵەت  و رەوشت و خوو و ئاكارى ئەو كەسایەتیە بخوازیت، گەر ئەوەندە پێى سەرسامیت و غەزەل و بەیتى شیعرى بۆ دەهۆنیەوە، ناكرىَ بڵێین ئێمە كەسێكمان ناسیوە گەر شوێنپێ هەڵگرى  رێبازەكەى نەبین و سیفات و تەیبعەتەكانى لەخۆماندا رەنگپێنەدەینەوە نازانم، گەر ئەوانەى بانگەشەى شەیدابوون و موریدى شۆڕشى بارزانى دەكەن لە ناخەوە و بەدڵ بۆى دڵسۆز و شكستەدڵن پێویست ناكات هێندە باس و خواسەكانى خۆیان بەناوى پیرۆزى بارزانى زەخرەفەبكەن، بەڵكو هێندەى باسى جوامێرى، مێرخاسى و دلێرى و لێبوردەیى و نموونەیى ئەو دەكەن باشترە خۆیان بكەنە پەیڕەوى كارى ئەو چەمكانەو واز لەهەندێك جوڵانەوە و رەفتاربێنن كە دوور و نیزك بارزانى گەورە پێ نەناسراوە و حەزى پێنەبوون.
 شتێكى ئاشكرایە ناو ناوبانگى بارزانى رۆشتوە و لە هەموو شوێن و گەل و نەتەوە و ناخ و دڵى گشت كەسێك بوونى هەیەو ئەوەى لە میانى تەمەنى پێشمەرگایەتیش كردوویەتى گەورەترین بەڵگەى جاویدانیەتى، بۆیە گەرچى نیەتى بەشێكى زۆرى ئەوانەى لەسەر بارزانى دەنووسن پاكن و لە سۆنگەى دانپیانانى ویژدانیەوە لە بارەیەوە قسەدەكەن، بەڵام چونكە ئێستا ئەو لە ژیاندا نەماوە و كوڕەكەشى كە جەنابى سەرۆكى هەرێم كاك مەسعودە باڵاترین دەسەڵاتى هەیە، رەنگە هەر شتێك گەر لەو سیاقەوە بدیترێت بچێتەخانەى مەرایكردن و خۆبردنەپێش و خۆ خۆشەویستكردن.
 گەر ئێمە دەمانەوێت بەماناى وشەو بە واقیعى بارزانى و مێژوو و كەلتورەكەى بناسین ، دەشبێت بایى ئەوەندە ئامادەیمان تێدا هەبێت دەستبەردارى خودشەیدایى و بەرژەوەندى پەرستى و چڵێسى و هەل پەرستى خۆمان بین، جورئەت بكەین و غیرەتمان هەبێت كە لەسەر خۆمان ئیعتیراف بكەین و بە ئاكارە خوار و خێچ و بەدەكانماندا بچینەوە، ئەوەندەى ئێمە لەسەر بارزانى زانیومانە هەرگیز بۆ سامان و رابواردن و كەیف و سەفاى شەخسى خۆى هەوڵى نەداوە، ئەو وەك جارێكیان مەسعود عەبدولخالق دەڵێت ( بارزانى لە هەموو وێنەو فیلمە دیكۆمێنتیەكان بە یەك پۆشاك و یەك جل و بەرگ و بەستایڵێك دەردەكەوت كە زۆر سادەبوون، خۆ ئەویش دەیزانى هەرجارە و بە مۆدێل و بەرگێكى  شیك وتازە بەرچاوكەوێت، تەنانەت گەر بەروخسار پێوانەى ئەومان كردبا واتدەزانى تەنیا پێشمەرگەیەكى سادەیەى نەخوێندەوارە، بەڵام بڕۆن ئەو نامانە بخوێننەوە كە بارزانى بۆ ستالین و چەرچڵ نوسیویەتى بزانن ئەو كابرایە چەندە لە عومقى مێژوو و سیاسەتى رۆژگار بەڵەد بووە)).
 گەلان و خەڵكانى وڵاتان كە نیازپاكى و خۆشەویستى خۆیان بۆ رابەر و پێشەواكانیان دەدەبڕن ناچن،  لە رۆژنامەو تەلەفزیۆنەكان و راگەیاندنەكانى دیكە مەدح و سەناو ستایشى بكەن ، یان وەك شیعەكان شین و شەپۆڕیان بۆ بگێڕن، ئەوان دێن شارێك، یان پەیكەرێك یاخود زانكۆیەك بەناوى سەركردەكەیان دەكەنە وە و ئەو شوێنەش بۆ خزمەت و بەرژەوەندى گشتى كۆمەڵگاكەیان بەكاردێنن، لێرەوە پرسیار ئەوەیە دەبێت كەى بێت ئێمەش فێرى رێزلێنانى سەركردەكانمان بین؟      
           
Shakawan77@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.