Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ئایا کوردستان وەک میسر و تونسی لێدێت یان وەک لیبیا، یانیش هیچیان؟

Be First!
by February 27, 2011 گشتی

پێشەکی:

پێش هەموو شتێک، بە توندی ناڕەزایی خۆم دەردەبڕم لە دژی بە کارهێنانی چەک لە دژی خەڵکی مەدەنی خۆپێشاندەر، لە دژی مێردمنداڵانی وڵاتەکەم لە لایەن پاسەوانانی حیزب و حکومەت.

هیواش دەکەم دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان گۆڕانی بەسەردا بێت، جا بە رێگای ریفۆرمێکی دیموکراتی ریشەیی بێت کە ئۆتۆریتاریزم و گەندەڵی بگۆڕێت بە سیستەمێک لە سەر بنچینەی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری بونیادنرابێت، یانیش بە راپەڕینێکی گشتی خەڵکی بێت و چەندین گروپی سیاسی بەشداری تێدا بکەن نەک تاکە دەستەیەک کە رەنگە سبە و دوو سبەی منەت بکات و “ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش” دامەزرێنێت و سەرکردەکەشی ببێتە سەددامێکی دیکە، بن عەلیەکی دیکە، موبارەکێکی دیکە، قەززافیەکی دیکە و ساڵحێکی دیکە!

ئەگەرچی گەندەڵی و بێدادی هەر لە سەرەتاوە لە هەرێمی کوردستان هەبوونە، واتە لە دوای رەپەڕینی بەهاری 1991ەوە، ئەگەر باسی سەردەمی بەعس نەکەین، بەڵام دوای کۆتایی شەڕی ناوخۆ لە 1998 و دۆخی نە شەڕ نە ئاشتی کە تا 2002ی خایاند، دۆخێکی تازە هاتەکایەوە، بە تایبەتی دوای رووخانی رژێمی بەعسی عیراقی و هاتنە کایەی پرۆسەی سیاسی “دیموکراتی” لە سەرتاسەری عیراق. ئەم دۆخە نوێیەش، رێککەوتنی پارتی و یەکێتیە لە سەر دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریی کوردستان لە نێو خۆیان. لەم دۆخەدا، سیستەمی سیاسی و ئابووری، شکستخواردوو و لاوازن، بە جۆرێک کە هەر سێ دەسەڵاتەکەی دەوڵەت، یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری تووشی دەردی گەندەڵی و داڕزان و لاوازی هاتوون و هەروەها “دەسەڵاتی” چوارەمیش، میدیا، یان حیزبیە یانیش سەرکوتکراوە. گەندەڵی بە هەموو لایەنەکانیەوە و هەروەها نەبوونی دادپەروەری و هەبوونی سەرکوتکردن و کۆنترۆلکردنی ئازادیە سیاسیەکان، دۆخێکیان هێناوەتەکایەوە، کە گروپی بەرهەڵستکار دەتوانێ زوو پەرەبستێنن و ناڕەزایەتیەکانی خەڵک کۆبکەنەوە و لە دژی دەسەڵاتی سیاسی (حیزبی و حکومی) ئاڕاستەیان بکەن. ئەم پێشکەوتنە سیاسیە، یەکێک لە مەرجە سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکراتیە کە بە هاوسەنگی و بە گوێرەی رێسا و پرینسیپەکانی دیموکراسی هەڵسوڕێت. پرۆسەی دیموکراتیش، ئەگەر بە بێ کۆسپ و گوشار بەڕێوەبڕوات، دەسەڵاتخوازی و دیکتاتۆرێتی باریان لێژدەبێت و دەکەونە ئاوزینگدان، بۆیە دەسەڵاتداران، هەوڵ دەدەن، تەگەرە بخەنە بەردەم پرۆسەی دیموکراتی و لە ناوەڕۆکەکەی پوچەڵی بکەنەوە.

سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان و ورەگرتنی یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی، دەچنە خانەی ئاکامەکانی  ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابووریەی کە دەسەڵاتی هاوبەشی پارتی و یەکێتی دروستیانکردووە. ئەو سێ هێزە سیاسیە، خۆیان بە بەرەی بەرهەڵستکاری دەسەڵات دەزانن و کورسیان هەیە لە ناو پارلەمان و ویستوویانە لە چوارچێوەی پرۆسەی سیاسی و دەستگا میدیاییەکانیان و هەروەها بەشداریی چالاکانەی ناو دەسەڵاتی یاسادانن رۆڵ بگێڕن و گوشار بخەنە سەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن (سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران) و کارەکانیان ئاڕاستەبکەن بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دووریانخەنەوە لە بەرژەوەندی تاکەکەسی و حیزبی تەسک. بەڵام، ئەم هێزانە، بۆیاندەرکەوتووە کە لە ژێر سایەی رژێمێکی سیاسی کە خۆی بە دیموکراتی دادەنێت، بەڵام هەموو سەروسیما و کردەوەیەکی لە هی رژێمێکی ئۆتۆریتار و دیکتاتۆر دەچێت، بۆیە کاری سیاسیان تەنها بەناو دەمێنێتەوە و هەموو چالاکیەکی ئۆپۆزیسیۆنانەیان بەتاڵ دەبێتەوە و رێیان لێ دەگیرێت لە کارکردن بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵی و بێدادی و چەوساندنەوەی سیاسی.

چەندین دیاردەی دژەدیموکراتی لەو هەرێمەی کە شانازی دەکرد بە رزگاربوون لە رژێمی دیکتاتۆری بەعسی سەددامی و هاتنەکایەی “ژیانێکی سیاسی ئازاد” بۆ خەڵکی کوردستان، بوونە هۆی چڕبوونەوەی ناڕەزایەتی زۆرینەی خەڵکی کوردستان و رق و گومان پەیداکردن لە دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان. هەندێ لەو رووداو و دیاردانە: گرتن، ئەشکەنجەدان و دادگاییکردن و هەروەها کوشتنی رۆژنامەنووس و نووسەران و چالاکانی سیاسی وەک رۆژنامەگەرانی هاوڵاتی و ئاوێنە و لڤین…هتد.، زیندانیکردنی دۆکتۆر کەمال سەید قادر بۆ ماوەی 6 مانگ، کوشتنی سۆرانی مامە حەمە و دۆکتۆر عەبدولستار تاهیر شەریف و سەردەشت عوسمان و هەروەها هەڕەشەکردن و ئەشکەنجەدانی هەندێ رۆژنامەنووسی دیکە؛ بەقاچاخ بردنی پێترۆلی کوردستان بۆ دەرەوە و بردنی داهاتەکەی بۆ هەردوو حیزبەکە ( بەرپرسەکانیان)؛ دەستوەردانی حیزب لە کاروباری رێکخراو و کۆمەڵەکانی کومەڵگەی مەدەنی (لە زانستگاوە بگرە تا مزگەوت) و بەحیزبیکردنیان، خزم خزمێنە و واستەکاری و تەزکیەی حیزبی لە ناو دامودەزگا کارگێڕیەکانی حکومەت؛ قۆرخکردنی کەرتە ئابووریەکانی وڵات وەک وەبەرهێنان و کۆمپانیاکان و سیستەمەکانی گەیاندن؛ شاردنەوە و ناڕوونیی بودجەی هەرێم و حیزبە دەسەڵاتدارەکان؛ رەفتارە گەندەڵیە سیاسی و ئابووری و کارگێڕی و ئەخلاقیەکانی زۆربەی بەرپرسە حیزبی و حکومیەکان… هتد. ئەم دیاردانە رق و بێزاری زۆربەی خەڵکی کوردستانی گەیاندە ئاستێک، کە ئەگەر بتەقێتەوە شۆڕشێکی لێ بەرپا دەبێت و سیستەمی کوردستان سەراوژێر دەبێت، بەڵام ئایا رۆژی ئەم تەقینەوەیە هاتووە؟ ئایا خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی هەمووی وەک یەک و یەکسان بێزارن یانیش لە شوێنێک و توێژێکەوە بۆ شوێن و توێژێکی تری کۆمەڵایەتی دەگۆڕێن؟ ئایا دۆخی نەتەوەیی کوردستان لەبارە بۆ گۆڕانکاریی سیاسی و پەشێوی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان؟ ئایا دیاردەی میلیشیا و چەکداری حیزبی و عەشایەری و هەروەها دوو ئیدارەیی و دوو ناوچەیی کە مۆرکی حیزبیان پێوەیە، دەرفەت دەدەن بە هەڵچوونێکی سەتاسەری لە کوردستان یانیش تەنها لە سەر ئاستی پارێزگا دەمێنێتەوە؟

رووداوەکانی ئیران و تونس و میسر و لیبیا و یەمەن و بەحرەین و باشوری عیراق کاریان لە کەشوهەوای سیاسیی هەموو هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و دەرفەت و ورەیان دا بە گەلانی دیکەی ناوچەکە تا لەم کاتەدا، بە هەلی بزانن و بجوڵێنەوە و سەردەربێنن بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیان و ئەگەر بۆیان بکرێت دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕن، لە ئۆتۆریتاریزمەوە بۆ دیموکراسی، وە هەروەها لە سیستەمێکی ئابووری داڕزیو و بێدادەوە بۆ ئابووریەکی تەندروست و دادپەروەر و یەکسان.

نەوشیران مستەفا، سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان، وەک کەسایەتیەکی کاریزمایی و خاوەن مێژوو لە تێکۆشانی رزگاریی گەلی کوردستان و هەروەها پیاوێکی بەهێزی نێو یەکێتی و جەماوەریبوونی، بە تایبەتی لە ناوچەی سلێمانی، توانی گۆڕانکاریەکی پرۆسەیی لە ناو هەرێم دروست بکات، ئەویش بە دروستکردنی هێزێکی بەرهەڵستکاری سیاسی و گوشار هێنان بۆ سەر دەسەڵاتی حیزبی و حکومی. رەخنە و هەڵسەنگاندن و داخوازیەکانی ئەم سەرکردەیە و بزووتنەوەکەی، دوور لە مێژووی خەباتی چەکداری، بەرامبەر بە دەسەڵات سۆزێکی فراوانیان لە نێو خەڵک پەیداکردووە، بە تایبەتی لە سلێمانی، بە جۆرێک کە زۆربەی خەڵک هەست دەکەن کە ئەو پیاوە هەست بە ئێش و ئازارەکانیان دەکات و لە جووڵەدایە بۆ گۆڕینێک کە لە ئەنجامدا دەکەوێتە خزمەتی ئەوان لە رووی سیاسی و ئابووریەوە. لە چەند هەفتەی رابردوودا، بە تایبەتی دوای شۆڕشەکانی تونس و میسر، نەوشیروان، بە دەرفەتی زانی کە لەم کاتەدا دەتوانێت گوشارەکانی چڕتر بکاتەوە و خەڵک بجوڵێنێت، هەر هیچ نەبێت بۆ ناچارکردنی پارتی و یەکێتی تا حیسابێک بۆ بزووتنەوەکەی بکەن، هەم لە هەولێر و هەم لە بەغدا. لە یەکێک لە دیدارەکانی لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنیی رێکخراوەکەی، گوتی “من ئومێدم وایە، تونس و میسر بوبێتە دەرسێكی گەورە بۆ سەركردەكانی كورد، پێشئەوەی ئیزارئیل بێت، ئەوان خۆیان عیلاجێكی وەزعەكە بكەن” .

بەڵام دەپرسم، ئایا هەرێمی کوردستان وەک تونس و میسرە یانیش وەک لیبیا، یاخود وەک هیچ کامیان نیە و دۆخێکی تایبەتی خۆی هەیە؟

خۆپێشاندانەکانی رۆژی 17ی فێبریوەریی 2011ی شاری سلێمانی کە دواتر مۆرکی راپەڕێنی وەرگرت و بۆ شار و شارۆچکەی دیکە پروشکیان هاویشت، وا دەبینرێن کە زیاتر بزووتنەوەی گۆڕانیان لە پشتە، نەک هەڵچوونێکی میللی خۆڕسک. واتە ململانێی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان ( رەنگە تا راددەیەک رێکخراوە ئیسلامیەکەش بەشدار بووبن) و دەسەڵاتی سیاسی (پارتی و یەکێتی). ئەم دیتنە راپەڕینەکە لە ئاستی گشتگیری و فراوانی جەماوەریەوە نزم دەکاتەوە بۆ ململانێیەکی نێو حیزبەکان. نەدەبوو گۆڕان بە هیچ شێوەیەک وا بکات کە ئەم خۆپێشاندانانە بە هی ئەو حیساب بکرێن، چونکە رەنگە ناوچەکانی دیکەی کوردستان نەگرنەوە کە لە بن دەستی پارتین وەک هەولێر و دهۆک. ئەم دوو پارێزگایە، بە شێوەیەکی گشتی، بە جۆرێکی دیکە دەڕواننە سلێمانی و نەوشیروان، ئەگەرچی بەشێک لە کۆنە لایەنگر و ئەندامانی یەکێتی لەو دوو پارێزگایەدا، ئەمڕۆکە بوونەتە هەواداری گۆڕان. هەروەها ترس هەیە، کە خۆپێشاندانەکان تەنها لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانی و بەشیکی گەرمیان دا قەتیسبخۆنەوە، چونکە لەو ناوچانەدا بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دەستیان دەڕوات. یەکێتیش رێکخراوی دایکی گۆڕانە و ناتوانێت یانیش نایەوێت لەگەڵ گۆڕان بە توندوتیژیەوە رووبەڕووی یەکتر ببنەوە و چەکدارانی یەکێتیش شەڕی گۆڕان ناکەن.

هەروەها، لە رۆژی یەکەمی راپەڕیندا، بە بەرد هێرش کرایە سەر بارەگای لقی 4ی پارتی لە سلێمانی و هەوڵدرا بچنە ناوی. خۆپێشاندەران نە چوونە سەر بارەگای یەکێتی و نە بەردەم دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم ( کە لە بن دەستی یەکێتین لەو شارەدا). ئەمە گومانی لای پارتی و دۆست و لایەنگرانی دروستکرد کە ئەمە “پلانێکە” لە دژی و خەریکە “شەڕی براکوژی” دەستپێدەکاتەوە، بۆیە زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری پارتی و هەروەها خەڵکی دیکەی سەر بە حیزبەکانی دیکە و خەڵکی بێلایەنیش، ئەمە، بە پلەی یەکەم، بە کێشەی نێوان گۆڕان و پارتی دەزانن نەک راپەڕینێکی جەماوەریی فراوان، یاخود گەل لە دژی دەسەڵات وەک لە تونس و میسر بینیمان، یاخود ئەوەی ئێستای لیبیا. ئەمە زیانی بە سروشت و ناوەڕۆکی خۆپێشاندانەکان گەیاند، چونکە مۆرکێکی حیزبی و ناوچەیی پێبەخشی و دەرفەتی لە بەردەم پەلهاویشتنی بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆک کەمکردەوە.

هەرێمی کوردستان خاوەنی دامەزراوەیەکی سەربازیی سەربەخۆ نیە. ئەو چەکدارانەی هەن هی حیزبن، واتە هی پارتی و یەکێتی و لە سەر بنچینەی سۆزی حیزبایەتی و لایەنگیری بارزانی و تاڵەبانی چەکدارکراون و راهێنراون، نەک لە چوارچێوەی سوپایەکی پیشەیی و ملکەچی حکومەت. بۆیە ئەگەر خۆپێشاندانەکان ببنە راپەڕین، دوور نیە، هێزە چەکدارەکان ئەمە بە شەڕی حیزب لە دژی حیزب بزانن و بە جۆش و رقەوە بەشداربن یان بەشداربکرێن لە سەرکوتکردن و خوێنڕشتن، چونکە گوایە ئەمە شەڕە لە پێناو پاراستنی سەرکردە و حیزب لە دژی هێرشی کەس و رێکخراوێکی نەیاری هەڵسوڕێنەری ناڕاستەوخۆی خۆپێشاندانەکان. هەروەها رەنگە، هەم سەرکردە و هەم چەکدارەکان ئەم سەرکوتکردنە، بە خەباتێک بزانن لە پێناو “پاراستنی ئاسایش و ئەزمونی فێدرالیی هەرێمی کوردستان” لە دژی “پلانی تێکدان” و ” دەستی دوژمنان”.

چەکداران ئامادەن بە ئاسانی تەقە لە خەڵک بکەن بێ ئەوەی حیساب بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، بکەن. ئەم عەقلیەتە هی سەردەمی بەعسە و هەرگیز کورد خۆی لێ رزگار نەکردووە. واتە کولتورە سیاسیەکە هەر هەمان ئەوەی بەعسە. هەروەها سەرکردە سیاسیەکانی دەسەڵات، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان، ئامادەن پاساو بدەنە دەست چەکدار یان میلیشیا، یان زێرەڤانی، یان لیوای تایبەت، ناڵێم پێشمەرگە، چونکە لە 1992 بە دواوە پێشمەرگە نەماوە، کۆتایی هات. بەڵکو پاسەوانی دەسەڵاتی حیزب و حکومەت و سەرکردەن نەک پاسەوانی گەل یان تێکۆشەری رزگاریی نەتەوەیی. ئەو کاتە دەڵێم پێشمەرگە کە لە بەرامبەر دوژمانی کورد بجەنگن و بەرگری لە خاک و گەلی کوردستان بکەن و لە پێناو رزگاریی نەتەوەی کورد تێبکۆشن. بەڵام ئەگەر وەک ئامراز بەکارهێنران بۆ پاسەوانیکردنی چەند بەرپرسێکی گەندەڵ و سەرکوتکردنی خۆپێشاندان و راپەڕینی رەوای خەڵک، گوناحە ئەو ناوەیان لێبنرێت.

 لێرەدا، دەکرێت بڵێین دوور نیە کوردستان وەک لیبیای لێبێت نەک وەک تونس و میسر. لەم دوو وڵاتەی دواییدا، سوپا دامەزراوەیەکی سەر بە حکومەت بوو، پیشەیی و میللی بوو، نەک چەکداری پاسەوانی سەرکردە و حیزب، بۆیە لە کاتی راپەڕیندا یان بێلایەن مایەوە یانیش دایە پاڵ گەل. کەچی لە لیبیا دەبینین، قەززافی سوپا و کەتیبەکانی خۆی زۆر دڕندانە بەکاردێنێت بۆ کوشتنی خۆپێشاندەران. ئەگەرچی وا خەریکە وردە وردە در دەکەوێتە نێو ریزە بەرزەکانی سوپا و بەشێکیان دەدەنە پاڵ گەلی راپەڕێو. ئەو دیکتاتۆرە سەرشێتە هاتبووە سەر جاددە و لە دژی گەل خۆپێشاندانی دەکرد! بڕیاری جەنگی داوە لە دژی گەل. هیچ دوور نیە، لە کوردستانیش چەکدارانی پاسەوانی حیزب وەحشیانە بکەونە کوشتاری خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەر. تەقەکردن لە خۆپێشاندانەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆیی ساڵانی نۆهەدەکان لە هەولێر و سلێمانی، بەڵگەن بۆ ئەوەی کە ئەو دوو حیزبە، یان هەر حیزبێکی دیکەی ئۆتۆریتار هەردەم ئامادەن پەنا بۆ کوشتار و توندوتیژی ببەن بۆ سەرکوتکردنی گەلی راپەڕیو و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان.

پارتی، کە مێژوویەکی درێژی هەیە لە توندوتیژیی خۆبەخۆیی نێوکورد و هەردەم ویستوویەتی نەوشیروان بشەیتێنێت ( واتە سیفاتی شەیتانی بداتە پاڵ)، هەرگیز رێگا نادات خۆپێشاندانێک لە دژی خۆی بە تایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەستی خۆی بەرپابێت و بۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروانی لێبێت. هەر لە کاتی خۆپێشاندانەکانی سلێمانی و دواتر لە هەولێر بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی سەردەشت عوسمان، هێرشێکی میدیایی توندی کردە سەر نەوشیروان و گۆڕان. ئەم هێرشانە لەم دواییەدا دەستیانپێکردەوە. ئەم پرۆپاگەندە میدیاییە بۆنی شەڕی ناوخۆی لێدێت و ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئامادەیە جەنگی بەرەیی و ناوچەیی دەستپێبکات و مۆرکی راپەڕینی جەماوەری لە خۆپێشاندانەکان بکاتەوە و هیڕش بکاتە سەر بنکە بێچەکەکانی گۆڕان لە ناوچەکانی خۆی.

کولتوری کورد بە گشتی، بە ناوبانگە بە توندوتیژی و رق و زوو هەڵچوون و دوژمناندن و دوژمندارێتی و نالێبووردەیی و کوشتنی بێ بەزەییانە. کولتوری کۆمەڵایەتی خێڵەکی دەبێتە بنەمای کولتوری سیاسیی کورد کە هێشتا زۆری ماوە خۆپێشاندان، رەخنە و هەڵسەنگاندن، کاری بەرهەڵستکاری سیاسی و یاسایی بە دیاردەی دیموکراتی بزانێت. رەخنە بە گولە وەڵام دەدرێتەوە؛ ئۆپۆزیسیۆن بە دەستی دەرەکی و دوژمن دەزانێت؛ چالاکی و رەفتاری شارستانی بە ترسنۆکی دەزانێت؛ گۆڕینی مەیلی سیاسی و ملکەچنەبوون بە مووچە بە بێ نمەکی و بێ ئەمەکی و خیانەت دەزانێت.

خۆپێشاندانەکانی کوردستان زیاتر پێدەچێت بۆ ناچارکردنی دەسەڵات بن بۆ دەستکردن بە چاکسازی. هەروەها گۆڕانیش، لە کاتێکدا لە ناو پارلەمانی کوردستان و هەروەها لە بەغداش هەستیکرد کە لە لایەن پارتی و یەکێتیەوە ستەمی لێکراوە و بە ناڕەوا دژایەتی دەکرێت و پەڕاوێزخراوە، هەروەها لە سەردەمی شۆڕشەکانی جیهانی عەرەبی و ئیرانی، دەیویست گوشارێک بخاتە سەر هەردوو حیزبەکە چاوێک بە سیاسەتەکانیاندا بخشێننەوە و حیسابێکی بۆ بکەن و هەروەها گۆڕانێک بە سەر سیستەمە سیاسی و ئابووریەکەیاندا بێنن. دووریش نیە سەرانی گۆڕان لەو باوەڕەدا بووبن کە گەلی کوردستانیش بە هەمان شیوەی گەلی تونس و میسر بتوانێ راپەڕێت و گۆڕانێکی سیاسی بە پەلە ئەنجام بدەن. بەڵام من پێموایە، ئەگەر وای بۆچووبن، ئەوە نەیانتوانیوە خوێندنەوەیەکی ورد و زیرەکانیە دۆخی کوردستان بکەن. چونکە هەرێمی کوردستان بمانەوێت و نەمانەوێت دوو ناوچەی دەسەڵاتە؛ پارتی و بارزانی چەکدارێکی زۆریان هەیە کە لە سەر بنچینەی ئینتما و سۆزی حیزبیەوە دامەزراون؛ ناوچەیەکی فراوانی عەشایەری هەیە کە بارزانی و هاوپەیمانی پارتین و ئامادە نین لە دژی ئەو دەسەڵاتە راپەڕن؛ خەڵکێکی زۆر سوودمەندن لەو دەسەڵاتە و ئامادە نین لە خۆیان تێکدەن؛ خەڵکێکی زۆر راپەڕین بە خزمەتی نەوشیروانی “سلێمانچی و سۆرانچی” دەزانن و ئامادەن لەو کاتەدا بێدەنگ بن، با لە ناخیشدا دژی گەندەڵی و ستەمەکانی دەسەڵات بن؛ لە هەندێ خەڵکی هەولێرم گوێ لێ بووە دەڵێن کە ئەم خۆپێشاندانانە هی سلێمانی و هی نەوشیروانن نەک هی میللەت لە دژی دەسەڵات.

بۆیە لە دەرەنجامدا، پێموایە دوو ئاکام دەکەوێتەوە: یان ئەوەتە خۆپێشاندانەکان هەر لە چواچێوەی “ناوچەی بن دەستی یەکێتی”ی جاران دەمێنێتەوە بەڵام پشێوی دروست دەکەن و رەنگە توندوتژی و قوربانیی لێبکەوێتەوە، ئەمەش هەم دەسەڵات و هەم گۆڕان ناچار بکەن کە چارەسەریەکی مامناوەندی بدۆزنەوە و سازش بۆ یەکتر بکەن. لەم دۆخەدا دوور نیە، پارتی و هەندێک لە سەران و چەکدارانی یەکێتی بەرەیەکی چەکداری دروستبکەن و هەوڵدەن بە هێز ناوچەکان بخەنەوە ژێر دەستی خۆیان، بەڵام گۆڕان و خەڵکی ناوچەکە دواجار مل نادەن بۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیە بێزراوەکان. بۆیە هەر ناچار دەبن پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن. واتە هەندێک لە خاڵەکانی بەیاننامەکەی بزووتنەوەی گۆڕانی 29ی جانیوەری گفتوگۆیان لە سەر بکرێت و وەڵام بدرێنەوە. یانیش ئەوەتە دۆخەکە زۆر ئاڵوز دەبێت و شەڕ بەرپا دەبێت و بەشێکی زۆری چەکدارانی یەکێتی دەدەنە پاڵ گۆڕان و سەرانی یەکێتی ناوچەکە جێ دەهێڵن و دەکەوێتە ژێر دەستی گۆڕان. ئەم بزووتنەوەیەش لە باشترین حاڵەتدا، بەم کارەی گوشار دەخاتە سەر پارتی و یەکێتی تا دەسەڵاتێکی نامەرکەزیی فراوان بدەنە ناوچەکەی، وە لە خراپترین حاڵەتدا، داوا دەکات ناوچەکەی بکاتە هەرێمێکی فێدرالیی سەربەخۆ لە ناو عیراقدا و لە دەستوردا بچەسپێت. ئەم بژارەی دوایی، ئەگەر وەرگیرا، کاریگەریەکی زۆر نێگەتیڤی دەبێت لە سەر هێزی نەتەوەیی کوردی عیراق لە بەغدا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها لە سەر هەستی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی کورد. گوتاری کورد لە بەغدا لاواز دەبێت و کێشەی ناوچە دابڕاوەکانیش واتایەکی نامێنێت و لە باشترین حاڵەتدا، بە تایبەتی پارێزگای کەرکوک، رەنگە ببێتە هەرێمێکی فێدرالی.  

بە داخەوە، هەرێمی کوردستانی عیراق لە رووی ئیدارەی سیاسی و دەستڕۆیشتنی حیزبی ناوچەیی و دیالێکت و ناوچەگەری یەک نیە، خاڵی لاوازن بۆ ئایندەی سیاسیی ئەم قەوارەیە. هەر ململانێیەی نێوخۆیی، تەقینەوەی هەستی دوژمنکارانەی ناوچەیی و زمانی و حیزبایەتی تەسک و بەهێزبوونی دەسەڵاتی دراوسێیە نەیارەکانمان. کوردستان سنوورێکی نەتەوەیی- ئیداری دیاریکراوی دانپێدانراوی نیە. خاوەن یەک سیستەم و دەسەڵات نیە. تا ئەمڕۆش سیماکان و شوێنەوارەکانی شەڕی براکوژی بە سەر هەست و دڵ و خەیاڵی خەڵکەکە و تەنانەت سەرکردەکانیشەوە ماونەتەوە. گۆڕان ئەگەر بشکرێت، ناوچەیی دەبێت و سنووردار دەبێت، نەک شۆڕشێکی سەرتاپایی کە سیستەمی سیاسی و ئابووری و گیوگرافیا بکرێتەوە.

لە دواییدا دەمەوێت بڵێم کە خۆپێشاندانەکان و راپەڕینیش لە دژی ئەزموونی سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی کوردستان نیە، ئەمە پرۆپاگەندەی هەردوو حیزبەکەن تا وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەمە خیانەتە و دەستکەوتەکانی پارلەمان و حکومەتمان لە دەست دەدەن و دەمانخەنە ژێر دەستی عەرەب. ئەمە تەنها بۆ گەوجاندنی خەڵکە و هیچی تر، ئەگینا داواکاریەکان بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و دیکتاتۆرێتی و بێدادی سیاسی و ئابووری و ئاشکراکردنی بودجە و داهاتی حیزبەکان و حکومەت و سەرکردەکان و بنەماڵەکانیان، چونکە بە ئارەقەی نێوچاوانی خۆیان بە دەستیان نەهێناوە بەڵکو بە گلدانەوەی بودجەی گشتی و بازرگانی قۆرخکراو و نایاسایی دەستیانکەوتووە. بنەماکانی بزاڤێکی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەن کە بە میدیاکانی و بە گوتار و رەخەنکانی ناو پارلەمان و هەروەها رێکخستنی خۆپێشاندانی جەماوەریی فراوان بۆ بەرزکردنەوەی داواکاریەکانی زۆرینەی خەڵک، یانیش کەمینە، بەڵام مافی خۆیانە داوا بکەن ماف و بەرژەوەندیەکانیان بپارێزرێن. ئەم چالاکیانەی ئۆپۆزیسیۆن دەکرێ مەیلی خەڵکەکە بۆ خۆیان راکێشن و دوایی بە هێز بن و لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگێکی زۆر بێنن و بگەنە پارلەمان و ببنە زۆرینە، لێرە بەدواوە دەست دەکات بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی بەرنامە هەڵبژاردنیەکەی. واتە کاری ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێکدانی سیستەم نیە بەڵکو بۆ چاککردنەوەی کەموکورتیەکانی و هەڵسوڕاندنێکی دیومکراتی و دامەزراوانەی سیستەم بیێت.

دەسەڵات دەڵێت نابێت بە هیچ شێوەیەک رێ بدەین بە ئاژاوەگێڕان و بەکرێگیراوان ئارامی و ئاسایشی خەڵکی کوردستان تێکبدەن، نابێت ژیان و کار و کاسبی خەڵک تێکچێت، لە کوردستان ئاوەدانکردنەوە هەیە و کۆشک و تەلاری گەورە و سوپەرمارکێت وجاددە وپرد و تونیل و فڕۆکەخانە و هەروەها دەڵێن کە خەڵک لە چی کەمە؟ مووچەیان هەیە، زەویان دراوەتێ، ماڵ نیە ئۆتۆمۆبیلێکی نەبێت…هتد. هەروەها دەڵێن زۆربەی گەنجانی ناڕازی لە دوای 1991 لە دایکبوونە و سەردەمی بەعسیان نەناسیووە، بۆیە ناتوانن جیاوازی بکەن لە نێوان “بەعسێکی دڕندە” و”کوردێکی هاوخێن و تێکۆشەر”.

بەڵام کێشەکە ئەمە نیە. زۆر لەوە گەورەترە. نە مووچەیە، نە زەوی، نە ئۆتۆمۆبیلی جوان و نە خواردنی خۆشە، بەڵکو بەرپرسانی حیزبی و حکومی، وەک ئەوەی لە شاخەوە هاتبێتن و برسی و پیر، ئەشکەوت و کەلاوە و کەر و وڵاخ وجییپ و چەند دینارێک لە گیرفان، هاتنە سەر حازریەک: ئەشکەوت و کەلاوە بوونە کۆشک و تەلار؛ جۆگەلەی بۆقاوی و مێشوولاوی بووە حەوزی ماسی وحەوزی مەلە و باخی پەپولە و گیانداری جوان؛ کەر و هێستر و رەشەوڵاخ بوونە لەیلە عەلوی و مۆنیکا و وەنەوشە و رەنگە فڕۆکە و هەلیکۆپتەری تایبەتیش؛ نانە رەقە بووە هەموو جۆرە خواردنێکی چەور و گۆشتن لەگەڵ جۆرەها میوە کە تایبەت لە وڵاتانەوە بۆیان دێت؛ پیر و یەک ژنە بوونە پیاوی پرچ و سمێڵ و برۆ بۆیە کراو و قژ چاندنەوە و ئینجا رابواردن لەگەڵ کچی جوان و گەنج هەم لە کوردستان و هەم لەدەرەوە، پارەکەش بەرهەمی ئارەقەی نێوچاوانی خۆیان نیە، بەڵکو سامانی ئەم وڵاتە وێرانەیە کە خەڵکەکەی تا دوێنی یەک ژەم نانیان دەخوارد و بە دوو مانگ گۆشتیان نەدەخوارد و منداڵیان لە قوتابخانە دەردەهێنا تا عەللاگە بفرۆشن. سامانی وڵات و خەڵکیان بۆ خۆیان دزیوە کەمێکی بە شێوەی دڵۆپ دڵۆپ دەخەنە دەمی خەڵکەکە تا نەمرن و هەروەها تا ببنە نان لە دەستی دەسەڵات، واتە کۆیلەی مووچە. لە لایەکی ترەوە، ئەگەر کەسێک دەردی دڵی خۆی هەڵڕیژێت و رەخنە لە لووتکەی دەسەڵات بگرێت، دەچن دەیڕفێنن و دەمی پڕ گوللە دەکەن، تەنها لە سەر قسە، بەڵام چ قسەیەک! قسەیەک وەک خەنجەر وایە لە جەرگی کەسانێک کە واتایەکی خێڵەکی و کۆنەپەرستانە دەدەنە وشە جوانەکانی شیعر و ئەدەب و جوانی، بە مێشکێكی وشک و دواکەوتووەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ رەخنەکان دەکەن. لە وڵاتانی دیموکراتی، کەسایەتیە سیاسیەکان دەکرێنە کەسایەتیی کاریکاتۆر و کورتە فیلمی کۆمێدی و لاساییکردنەوە، کە هونەرێکی دڵخۆشکەری توانج و ساتیرە، کەچی ئەم جۆرە هونەرە لە کوردستاندا لەوانەیە تا تا 100 ساڵی دیکە جێگای نابێتەوە.

بەڵێ، کێشەکان ئەمانەن، بۆیە گۆڕانێکی بنەڕەتی پێویستە بۆ هەڵگێڕانەوەی سیستەمەکان و هێنانەوەیان بۆ سەر هێڵی راستی دیموکراسی کە تێیدا گەل سەروەرە، یاسا سەروەرە. سەرچاوەی دەسەڵات گەلە، نەک پیرەمێردەکانی دیوەخان؛ بەرپرسی حیزبی و حکومی بە سەر یاسادا سەروەر نابن. ئابووریەک بێتە کایەوە کە تێیدا، داهاتەکانی وڵات بچنە خەزێنەی گشتیی دەوڵەت نەک گیرفانی چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومیو خۆیان و بنەماڵە و کەس و کارە نزیکەکانیان بە پارەی دزراوی میللەت دەوڵەمەند بکەن و لە وڵات و لە دەرەوەدا شاهانە رابوێرن. کاتێک ئۆپۆزیسیۆن مەسەلەی پارە و بودجە دێنێە گۆڕێ، دەسەڵات دەڵێت ئێوەش هەردەم لە بیری پارەدان و بۆ پارە مردوون، واتە دەیەوێت سوکایەتیان پێبکات و بە ماددەپەرستیان لە قەڵەم بدات، بەڵام، نادادپەروەری ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرچاوەی کێشەکانە، تێکۆشان لەم بوارەوە، رەواییەتیەکی مرۆیی و ئەخلاقی هەیە نەک کارێكی خۆپەرستانە بێت.

لە کۆتاییدا، ترسم هەیە لەوەی ئەزموونە تاڵەکەی شەڕی براکوژی دووبارە ببێتەوە و دواتر پارێزگای سلێمانی، بە دیفاکتۆ، لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی عیراق جیاببێتەوە. بەڵام ئاوات دەخوازم، خۆپێشاندنەکان ئاشتیانە و شارستانیانە بن و بەردەوام بن، هەروەها مانگرتنیش لە کەرتە گرنگەکانی وڵات تا دەسەڵات ناچار بکەن، هەنگاوی رژد بهاوێژێت بۆ چاککردنی سیستەمەکان و نەهێشتنی سەرکوتکردنی ئازادی سیاسی. ئەگەر دەسەڵاتیش ملی نەدا و کەوتە کوشتاری خەڵک، ئەوا بێ گومان کوژرانی چەند کەسێک خەڵکەکە زیاتر رقەستور دەکات و ئەو کاتە شۆڕشێکی توندوتیژی گشتی روودەدات و سیستەمەکە سەراوبن دەکات.

گومان لە شۆڕش دەکەم، چونکە بە توندوتیژی، کەسێکی دیکتاتۆر و گەندەڵ بە کەسێکی شۆڕشگێر دەگۆڕێت، کە تا ماوەیەک لە “شۆڕشگێڕیەتەکەی” دەخوات و پوختە و جوان هەمان سیستەمی پێشوو بونیات دەنێتەوە، واتە رژێمێکی ئۆتۆریتار، دیکتاتۆر، دێسپۆت، تۆتالیتەر و مرۆڤکوژ و گەندەڵ. زۆر جاران شۆڕشگێڕەکان دەبنە سەددام حوسێن، بن عەلی، موبارەک، قەززافی، خامەمەئی، ستالین و تیتۆ و هیتلەر…هتد. لە بەرامبەر ئەمەدا، بەڵکو تێکۆشانی سیاسی شارستانیمان پێویستە، بۆ دامەزراندن و بەهێزکردن و بەئامرازکردنی کۆمەڵگەی سیڤیل و میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەی هۆشیاری فیکری و سیاسی و ئینجا پێکهێنانی رێکخراوی سیاسی بێ چەک و ئاشتیخواز کە بتوانێت لە سەردەمی بەجیهانیکردن و ئینتەرنێت و کەناڵە سەتەلایتیە جیهانیەکان، خەباتی سیاسی خۆی بەڕێوە ببات، سەرەڕای گوشارەکانی دەسەڵات.

پێویستە سیستەمەکان بگۆڕدرێن نەک دەموچاوەکان. چونکە هیج گەرەنتیەک نیە کە خەباتگێڕ و شۆڕشگێڕی دوێنێ نەبێتە دیکتاتۆر و گەندەڵی ئەمڕۆ. بەڵام ئەگەر سیستەمێکی دەستوری دانرا، ئەوکات تاکەکان دەبنە فەرمانبەر و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو و دواتر شوێن بۆ کەسانی دیکە بەجێدێڵن. نابێت دەسەڵاتەکەی بۆ خۆدەوڵەمەنکردن و هەواو هەوەسی خۆی بە کار بێنێت. دەزگاکانی ناو سیستەمەکەش دەبنە چاودێر بە سەر یەکتریدا و دەسەڵات لە یەک شوێن کۆناکرێتەوە، بەڵکو پەرش و بڵاو دەبێتەوە بە سەر پارلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی و میدیا و ئەکادیمیان و نووسەران و کۆمپانیا گەورەکان و گشت کۆمەڵە و دامەزراوەکانی کۆمەڵی سیڤیل.

راپەڕینەکانی کوردستان وەک راپەڕینەکانی ساڵی 1991 نابن و هەروەها وەک تونس و میسریش نابن و رەنگە کەمێک وەک هی لیبیا و یەمەن بێت، ئەگینا رێک ئەزمونی شەڕی براکوژی دووبارە دەکاتەوە و ریسەکە دەکاتەوە خوری و خوێنێکی زۆریش دەڕژێت و دۆخ و کێشەی کورد بە چەندین ساڵ دەچێتە دواوە. 

هەروەها، کێشەی کورد لە چوارچێوەی عیراق و ململانێ لەگەڵ عەرەب و تورکمان و هەڕەشەی دەوڵەتانی دراوسێ و رێکخراوە تێرۆریستیەکان، بە تایبەتی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی عیراق لە دژی گەندەڵی و هەروەها گوشار لە سەر کورد لە ناوچە کوردیە دابڕاوەکانی هەرێم، جوڵەجوڵەکانی ناوخۆی کوردستان دەشێوێنن و مۆرکێکی دیکەی دەدەنێ و هەروەها دوور نیە لە ئاڕاستەی راستەقینەی خۆیان لادەن و پشێویەکە بە هیچ شێوەیەک بە خزمەتی کێشە سیاسی و کۆمەڵی و ئابووریەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەشکێتەوە.

 بارودۆخی پارچەپارچەیی حیزبی و ئیداریی هەرێمی کوردستان و ترس لە بەرپابوونەوەی شەڕی ناخۆی حیزبەکان و ترس لە خزمەتکردن بە بەرژەوەندیی عەرەب و تورکمان و حکومەتی بەغدا و هەروەها دەوڵەتانی دراوسێ. ئینجا کاریگەریی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەر بە هەڵگیرسێنەری خۆپێشاندانەکانیشی دانێین، ئەمانە هەمووی وا دەکەن کە هەم پارتی و هەم جەماوەرەکەی و هەروەها خەڵکی بێلایەن و سەر بە حیزبی تر، بە چاوێکی دیکە سەیری خۆپێشاندانەکان بکەن. بە کورتی، رەنگە وا بێتە بەرچاو کە حیزبێک یان چەند حیزبێکی دیاریکراو شەڕەکە بە خەڵک دەکەن لە دژی پارتی، ئەو شەڕەی کە لە 1994ەوە تا 1998نەیتوانی ئامانجەکانیان بێنێتەدی. پارتیش زۆر سەرڕەق و ملهوڕە و خۆی بە بەهێز دەزانێت هەم لە رووی سیاسی، هەم ئابووری و هەم کۆمەڵی (عەشایەری) و هەروەها شانازیکردن بە “شۆڕشە مێژووییەکانی”، بۆیە هەرگیز بە ئاسانی مل نادات و هەروەها لێشناگەڕێت، کە نەوشیروانێکی نەیار بە بنەماڵەی بارزانی، جێیان پێ لەق بکات. کەواتە ئامادەیە هەموو شتێک بکات بۆ مانەوە لە دەسەڵات و هێزدا. ئەوەی جێی داخە، خۆپێشاندانەکان و راپەڕینی خەڵک مۆرکی ناوچەیی و حیزبی وەرگرێت، نەک بەرەی گەل لە دژی دەسەڵات. واتە جۆرێکی دیکەی ململانێ و شەڕی نێو حیزبەکان و هێچی تر.

لە کاتێکدا، گوایە خۆپێشاندانەکان هی خەڵکن لە دژی دەسەڵات، کەچی دەیبینی زۆربەی هێرشەکان لە دژی پارتین نەک یەکێتی، ئەمە بەهانە دەداتە دەست پارتی تا بڵێت کە گۆڕان و یەکێتی و هەروەها هەرسێ حیزبە ئیسلامیەکە پلانی لە دژ دەگێڕن. ئەمە جێی داخە، دیسان توندوتیژی و ملمانێ لە کوردستان مۆرکی حزبی وەگرن و دەرفەت لە بەردەم خەباتی گەل لە دژی ئۆتۆریتاریزم و گەندەڵی نەهێڵێت. کەواتە ئەم جارەیان لەوانەیە بگوترێت کە “گەل” خۆی تاوانبار دەبێت لە هەڵگیرسێنەری شەڕێکی نێوخۆیی وێرانکەر! بەڵام ئەوە ململانێ حیزبیەکانن گەل لەو یاریە دەگلێنن، چونکە گەل ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەوێت.

بە بۆچوونی خۆم، خۆپێشاندانەکانی هەرێمی کوردستان وەک هی تونس و میسر نابن، رەنگە لە سەرکوتکرردندا تا راددەیەک وەک هی لیبیایان لێبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە تایبەتمەندێتیی خۆیان هەیە، وەک گوتمان، ناوچەیی، تازەبوونەوەی ململانێی حیزبی (ئەم جارە بە پلەی یەکەم گۆڕان لە دژی پارتی). هەروەها هێزی چەکداری پارتی و بنکەی عەشایەریی و ناوچەیی، واناکەن پارتی و بارزانی لە دەسەڵات بچنە دەرەوە، هەر هیچ نەبێت لە کۆنە هەرێمەکەی خۆیان “ئیدارەی حکومەتی پارتی لە هەولێر و بادینان”.  

 کانەبی موحەممەد عەوڵا

Previous
Next

Leave a Reply