Skip to Content

Tuesday, June 22nd, 2021

ئایدیۆلۆژیاکان و گێلکردنی مرۆڤ…2

Be First!

 

 

ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم

لە کۆمۆنیزمدا، ئیرادەی تاک و چڤاک هەمووی تەسلیمی یەک سیستمی تۆتالیتاریی و یەک دیکتاتۆری حیزبیی و یەک رەگەزی ئایدیۆلۆژیی دەکرێ. لەکاتێکدا لای ئیسلامی سیاسییش، ئیرادەی مرۆڤ تەسلیم بە ئایدیۆلۆژیایەکی دینیی دەکرێ کە شەرع و یاساو حوکمی ژیانی داناوەو لادان لێیان، لادانە لە بەرنامەی ئیسلام و سزاکەیشی روونە کە ئەگەر کۆمۆنیزم و ئایدیۆلۆژیای دینیی دەسەڵاتیان هەبێ چیی بە نەیارانیان دەکەن؟  هەردوو ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم و ئیسلامیی لەو باوەڕەدان، ئەگەر دەوڵەتێکی سەرتاسەریی بە ویستی ئەوان  دابمەزرێ، سەرتاسەری زەویی لە ئەفسانەی ئاشتیی و خۆشیی و دادپەروەرییدا نغرۆ دەبێت. هۆکاری سەرەکییش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ، چونکە بە حەتمیەتەوە قسە لەسەر داهاتووی مرۆڤ و کۆمەڵگە دەکەن.
هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بەئەندازەی لێنینیزم و ستالینیزم درۆی گەورەیان بەناوی ئازادییەوە نەکردووە. شوێنکەوتووانی لێنین و تڕۆتسکیی و ستالین…. و مارکسیستە رادیکاڵەکان لەهەموو لایەن و گرووپێکی سیاسیی زیاتر باسی ئازادیی دەکەن، بەڵام دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا و حکومەتی یەک حیزبیی و یەک ئایدیۆلۆژیا بەدرێژایی دەیان ساڵ، دەیان میلیۆن مرۆڤیان بە دڕندانەترین شێوە، بە قوربانی ئازادیی کرد. ستراکتۆری هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بە ئەندازەی حیزبە کۆمۆنیستییەکان دژایەتی رای جیاوازو بۆچوونی پێچەوانەیان نەکردووە لە ناو ریزەکانی خۆیاندا. هەمیشە جیاوازییە فیکریی و سیاسییەکانیان یان بە تێرۆری جەستەیی یاخود بە تێرۆری مەعنەوی کەسایەتییەکان کۆتایی هاتووە.
کۆمۆنیزم لە بیستەکانەوە و فاشیزمیش لە سیی و چلەکانی سەتەی رابردوودا کە حوکمیان کرد و دەسەڵات و هەژموونی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییان هەبوو، لەڕێی ئیڵیتێکی سیاسییەوە کۆمەڵگەیان بەڕێوە دەبرد، لە سەرکوت و قەدەغەکردنی دەنگی ئازاد و رای جیاوزدا، دەقاودەق وەک یەک لە توڕەیی خەڵک دەترسان و هەموو ئازادییەکیان لەخەڵک دەسەندەوە. تەنیا لەیەک بۆچووندا جیاواز بوون، کۆمۆنیزم دژایەتیی سەرمایەداریی دەکرد، بەڵام فاشیزم داکۆکییکەری بوو. تۆقاندن و زەبروزەنگی بەڵشەفیکەکان ئەوەندە سامناک بوو، تەنانەت مۆسۆلۆنیی و هیتلەریش سوودیان لەو میکانیزمانە وەردەگرت کە لێنین و دواتر ستالین بۆ خۆقایمکردن و خەڵک ترساندن بەکاریان دەهێنا. لە مێژووی نوێدا و لەناو ئایدیۆلۆژیاکاندا، هیچ ئایدیۆلۆژیایەک بە نازیزمی ئاڵمانییشەوە، ئەوەندەی کۆمۆنیزم مرۆڤی بە ژمارەی زۆر نەکوشتووە.
 تۆتێن و یاقووب (Totten& Jacobs  ) لە کتێبی ” پێشەنگی لێکۆڵینەوەکان، لە جینۆسایدەکاندا” ژمارەی قوربانییانی دەستی رژێمە کۆمۆنیستییەکان، لە کرێکارو جووتیارو چینی مامناوەندو ئێسنیکە جیاوازەکان و نەیارە سیاسییەکانیان، بە ٧٠ تا ١٠٠ میلیۆن مرۆڤ دەقەبڵێنن. بە کورتییەکەی دڕندانەترین ئایدیۆلۆژیای مرۆڤایەتییە کە زۆرترین مرۆڤی بە ئامار جێنۆساید کردووە. سەرمایەداریی بە هەموو ناعەدالەتییە کۆمەڵایەتیی و شەڕو پاوانخوازیی و جیاوازییە چینایەتییەکانییەوە بە تۆزی وەحشیگەریی کۆمۆنیزم ناگات. کۆمۆنیزم، لە قڕکردنی مرۆڤدا، رووی دوژمنە ئایدیۆلۆژیاکەی “سەرمایەداریی” سپیی کردووەتەوە. وێڕای تەمەنی کورتی کۆمۆنیزم لەدەسەڵاتدا، پێشەنگی ئایدیۆلۆژیاکانە لە قڕکردنی مرۆڤدا.
گرفتی سەرەکیی حیزبی شیوعیی عێراقیی و توودەی ئێرانیی و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، هەمیشە ئەوەبووە, لەو زوڵمە نەتەوەییەی لە کورد کراوە، خۆیان هەڵاوێردووە و چاویان لەئاستی داخستووە. لەڕووی تیۆرییەوە گرفتی کۆمۆنیزم ئەوەیە زۆر خاکەسار بووە لە ئاست چەمکی ناسیۆنالیزم و مەسەلە نەتەوایەتییەکاندا. هەمیشە بە بزوتنەوەی کۆنەپەرستیی و داردەستی ئیمپریالیزم و لیبراڵیزمی رۆژئاوایان زانیوە. هیچ تیۆریستێکی مارکیسیستیی لەمێژوودا، بە خودی کارل مارکسیشەوە بەشەفافیی و لێبڕاوانە ددانیان بە مافی چارەی خۆنووسی گەلان و نەتەوەکاندا نەناوە.
هەرچەندە لێنین لە وتارە ئایدیۆلۆژییەکەیدا” مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەی خۆنووسین”  ئەو مافە بەڕەوا دەبینێ. لێنین، لەسەردەمی بەڵشەفیکەکاندا دۆکترینی نەتەوەو نەتەوایەتیی و نارۆدنۆستیان( narodnost- گرووپی ئێسنیکیی)   وەک ئەدەبیاتی چاوبەستیی و فرتوفێڵی ئایدیۆلۆژیی بۆ دامرکاندنەوەی کێشە نەتەوەیی و ئێسنیکییەکان و کۆنترۆڵکردنی تەواوی سۆڤێت بەکار دەهێنا، بەڵام دواتر قەسابخانە بۆ زۆرێک لە کەمە نەتەوەکان بەڕێخرا. هاوکات یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێرای سۆڤێت، جیاوازییە نەتەوایەتییەکان و پینەوپەڕۆکردنی ئایدیۆلۆژییانە و خۆسەپاندنی رووسەکان بوو.
مارکس و ئەنگڵس وەک دامەزرێنەرانی تیۆری کۆمۆنیزم، لەوەدا فەشەلێکی گەورەیان بۆ ئایدیۆلۆژیاکەیان تۆمارکرد کە نەیانتوانی مەسەلەی ناسیۆنالیزم و کێشە نەتەوایەتییەکان چارەسەر بکەن، بەڵکو نەیانتوانی راڤەیشی بکەن. جگە لەچەند بەیانێکی ئایدیۆلۆژیی و مانیفێستۆی کۆمۆنیست، ئەویش  تەنیا کۆمەڵێ قسەی ئایدیۆلۆژیی و شاعیرانە، لەچەشنی” کرێکاران، نیشتمانیان نییە”، یەک لێکدانەوەی عەقڵانیی و لۆژیکییان بۆ کێشە و حەزیای ناسیۆنالیزم نەبووە. ئەوە لە کاتێکدا کە مارکس و ئەنگڵس بەڕەچەڵەک ئاڵمانیین و مۆتیڤی رادیکاڵبوونی نەتەوەیی لای ئاڵمانییەکان کولتوورو مێژوویەکی  پڕ لە بوغرایی و خۆبەزلزانییان هەبووە و دەبووایە ناسیۆنالیزمیان لەبەرچاو بگرتایە. سکۆلارە ئەنسرۆپۆڵۆجیستەکان و توێژەرە رائیدەکانی ناسیۆنالیزم، ئەم بەهەند وەرنەگرتنەی کێشەی نەتەوایەتیی لەلایەن مارکس و ئەنگڵسەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکیی دەگێڕنەوە:
1.    لەڕووی فیکریی و مێژوویی و سیاسیی و کولتوورییەوە عەقڵیان پێی نەشکاوە.
2.    بەهۆکاری ئایدیۆلۆژیی و ئەجێندای سیاسییەوە فەرامۆشیان کردووە و بەهەند وەریان نەگرتووە.

دۆکترینی کۆمۆنیزم و مارکسیستەکان بە بەردەوامیی جەختیان لە سێنتراڵبوونی دەسەڵاتەکان کردووەتەوە، هەمیشە دژی دیسێنترەڵایزی دەسەڵاتەکان بوون، بەبیانووی ئەوەی ریزی بەرینی چینی کرێکارانی نەتەوە وگرووپە جیاوازەکان، پەرتەوازە نەبێ و شۆڕشی پرۆلیتاریا زیانی پێنەگات و لە خزمەتی بۆرژوازییدا! نەبێ. ئەمە لەکاتێکدایە، کە ئەنسرۆپۆڵۆجیستەکان و سۆسیۆلۆجیستەکان بایەخێکی جدییان داوە بە ناسیۆنالیزم و مەسەلە نەتەوایەتیی و  ئێسنیکییەکان، بەڵام چونکە کۆمۆنیزم رێک وەک دین ئەوەی لە کتێبە پیرۆزەکانی خۆیاندا بوونی نییە، ئیتر هەموو بیرکردنەوەیەکیش لەم کێشە ئاڵۆزە، بە خزمەتکردنی سەرمایەداریی دەژمێرن. فەشەلی ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم لە مارکسەوە تا گرامشی، تێنەگەیشتن بووە لە تیۆری ناسیۆنالیزم و رەهەندە نەتەوەییەکان، یان وەک پرۆفێسەر تۆم نایرن Tom Nairn دەڵێ” تیۆریی ناسیۆنالیزم رەنگدەرەوەی فەشەلێکی گەورەی مێژووییە بۆ مارکسیزم”.
لە ئاستی ئینتەرناسیۆنالیستییشدا، شیوعییەکانی عێراق و توودەکانی ئێران، باوبۆرانی ئایدیۆلۆژیی سۆڤێتیان بەسەر کرێکارانی ئێران و عێراقدا ساغدەکردەوە. شۆڕش و یاخییبوونە چەکدارییەکانیان بە کرێگرتەیی و نۆکەرایەتیی ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و سەرمایەداریی دەچوواند، بێئەوەی راڤەیەکی عەقڵانیی بۆ مەسەلەی نەتەوایەتیی بکەن. لەو پەڕی لێقەوماویی و دەربەدەرییشیاندا بەدەست رژێمەکانی بەغداد و تارانەوە، هەمیشە شۆڤینیزمی عەرەبیی و پانئێرانیزم بەسەر میتۆدی فیکریی و ئایدیۆلۆژییاندا زاڵ بووە. ئەوان لای جوتیارو زەحمەتکێشی کورد ئاوارە بوون، بەڵام هەوای نەتەوەی سەردەستی ئێرانیی و عێراقیی( پانعەرەبیی)، بیرکردنەوەی ئازادانەیشی لێ زەوتکردبوون.
لە کوردستانی عێراقدا، شەپۆلی شیوعییەت و دواتر کۆمۆنیزم، وەک یەک پانتایی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی بەڵام بە دوو باکگراوندی فیکریی ڤێرژن جیاوازەوە، بۆ ماوەی چەندین دەیە، مێشکی دەیان هەزار گەنجیان بە ئەفسانەکانی مارکسیزم و لێنینیزم و حکومەتی کرێکاریی ئاخنی، بەڵام چارەنووس و پاشەڕۆژی  هەزاران گەنج و لاوی کوردیشیان تەواو فاشیل کرد. هەزاران شیوعیی و کۆمۆنیست بوونە قوربانیی، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵگەی کوردیی لە کوردستانی عێراق و ئێراندا، ژمارەیەکی زۆر گەنج و ئێنێرژی نەوەی نوێی لەکاتی خۆیدا لەدەست چوو. چونکە نەک نەیان توانی بۆ داهاتووی بیروباوەڕەکەی خۆیان شتێکی پۆزەتیڤ بکەن، بەڵكو بۆ خۆیان و گەل و نەتەوەو نیشتمانەکەیشیان شتێکیان نەکرد.
مارکسیستە کوردەکان، دەیانەوێ شەپۆلێکی تری گێلکردنی گەنجانی کورد دەست پێبکەنەوە، گوایە ئەو  کۆمۆنیزمەی هەبووە، درۆیینە بووە و مۆدێلێک بووە لە “سەرمایەداریی دەوڵەوتیی” هەروەها بەدیدی ئەوان، تەواوی ئایدیۆلۆژیاکانی وەک ئسیلامیی، ناسیۆنالیزم و سەرمایەداریی……..تاد، کۆنەپەرستیی و وەهم بڵاو دەکەنەوەو هەموویان بەقازانجی چینە داراکانن و دژی کرێکارانن. ئەو ئیدیعایەی کۆمۆنیستەکان، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو مەلا ئیسلامییانەدا نییە، کەدەڵێن، قاعیدەو تاڵیبان و جیهادییە ئیسلامییەکان، لە دوور و نزیکەوە پێوەندییان بەئیسلامەوە نییە. راستییەکەی شکستی کۆمۆنیزم، خەتای لێنین و ستالین و  ماوتسیتۆنگ …. تاد نەبوو، بەڵکو خودی ئایدیۆلۆژیاکە، دژایەتی ئازادیی و مافی مرۆڤ دەکات و داکۆکیی لە دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی( بەناوی کرێکارەوە) دەکات.
هەرچەندە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزم، زۆر خووی گرتووە بەوەی داکۆکییکەری ئازادیی و پێشکەوتووخوازیی و مەدەنییەتە، بەڵام لەڕاستییدا گەورەترین دوژمنی ئینسانی ئازادە، چونکە ئەوەی ناوی ئازادیی و دێمۆکراسیی بێ لە کولتووری کۆمۆنیزمدا بوونی نییە، بەهیچ شێوەیەکیش بڕوای بە ئیرادەی تاک نییە و هەموو تاوانێکیش دەکات لەپێناوی دامەزراوەیەکی ئایدیۆلۆژییدا کە حوکمی رەهای کۆمەڵ بکات. خۆشبەختانە دەوری نەگەتیڤی کۆمۆنیزم  لەئاستی کوردستاندا زۆر کەمترە لە ئادیۆلۆژیای ئیسلامیی، چونکە نەتوانیویەتی وەک ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسیی ببێتە هێز و نە تازەش دەتوانێ. لێرەدا گرینگە نەوەی نوێی کورد، زۆر بەئاگاییەوە لەم ئایدۆلۆژیایە ورد بێتەوە کە چۆن هەزاران گەنجی شەستەکان و حەفتاکان و هەشتاکانی سەتەی رابردوو ئالوودەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە بوون و سەرەنجامیش جگە لە زیان و سەرگەردانیی و داغانبوونی فیکریی و بێئاسۆیی هیچیتریان نەچنییەوە.


کامیار سابیر

ئەم وتارە، لە ئاوێنەی ژمارە ٣٢٢ی رۆژی ١٧ ی نیسانی ٢٠١٢ دا بڵاوبووەتەوە.

Previous
Next

Leave a Reply