Skip to Content

Sunday, October 17th, 2021

ئه‌مریكا رۆیشت به‌ڵام….

Be First!
by October 6, 2010 گشتی

 

 

ئه‌گه‌ر ته‌ماشای مێژووی داگیركاری بكه‌ین مرۆڤ له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ململانێ‌ له‌گه‌ڵ خودی خۆی و ئینجا ده‌ورووبه‌ردا ، هه‌وڵی داوه‌ زۆربه‌ی شته‌كانی ئه‌م گه‌ردوونه‌ بخاته‌ ژێر ركێفی خۆیه‌وه‌ ، ئه‌م تێز و بیردۆز و دیارده‌یه‌ش له‌ مرۆڤه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌زگا و ده‌وڵه‌ت و سوپا و له‌شكر و ده‌سته‌ و گرۆپه‌كان كه‌ وه‌كو حه‌ز و وه‌كو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ویستوویانه‌ هه‌یمه‌نه‌تی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا چ وه‌كو كه‌س و ده‌سته‌ و چ وه‌كو خاك بسپێنن و به‌شێك له‌ خێر و بیری ناوچه‌كانی تر بۆ خۆیان ببێت ، له‌ دنیای گلۆبالیزه‌یشن و جیهانگیری و رۆژگاری ئه‌مڕۆدا چه‌مكی داگیركاری گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌ له‌ رۆڵه‌وت و به‌رگێكی تردا خۆی نمایش ده‌كا و ده‌خاته‌ روو .
 ووڵاتانی داگیركه‌ر پاش داگیركاری و رووتانه‌وه‌ و كڕانه‌وه‌ی خێر و بێر ئه‌و ناوچه‌ كۆلۆنی كراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ به‌ سیما و رواڵه‌ت و له‌ ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی خۆیانه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی خۆیان له‌ ناوچه‌ی كۆلۆنیالی كراوه‌كان راگه‌یاندووه‌ وه‌لێ‌ كه‌م و زۆر به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆ ئاماده‌گیان هه‌بووه‌ و تاكو  ساڵانێكی پاشتر به‌شه‌ پشكیان له‌ خێر وفڕ و داهاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بووه‌ و هاوكات دارێژه‌ری پشتی په‌رده‌ و سیناریۆكانی سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌ بوونه‌ كاریان بۆ مه‌رام و مه‌به‌سته‌كانی خۆیان كردووه‌ تاكو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان له‌ فه‌وتان ده‌رباز بكه‌ن .
پاش بڕانه‌وه‌ی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌ت فرچكی له‌سه‌ر ده‌ستی داگیركاری گرتووه‌ و داره‌داره‌ و پێڕه‌وكه‌شه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ر ده‌ست بریتانیه‌كان بوو ، له‌سه‌رده‌می پاشایه‌تیش سێبه‌ری ئه‌وان به‌سه‌ر هه‌رمی ده‌سه‌ڵاتی عێراقه‌وه‌ هه‌بوو له‌ ژێر چاودێری و به‌ ئاماژه‌كانی بریتانیا كاروباری ده‌وڵه‌تی به‌ راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌ ده‌چوو .
له‌م قۆناغه‌دا سه‌ره‌تا ئه‌مریكایه‌كان له‌ عێراقدا به‌ جه‌نگی گه‌رده‌لوولی بیابان ده‌ستیان پێكرد و دواتر به‌ به‌كرده‌نی و له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع له‌ پرۆسه‌ی ئازادی عێراقدا ته‌واوی هێزی خۆیان به‌ كار هێنا و كش مه‌لیكیان به‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری كرد و ئێنجا خۆیان به‌ هێزی داگیر كه‌ر له‌قه‌ڵه‌م دا تاكو هیچ ده‌زگا و دامه‌زراوه‌یه‌كی نێو ده‌وڵه‌تی له‌ هاتن و رۆیشتنیان نه‌پرسێته‌وه‌ و خۆیان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ سه‌رپشك بن له‌ ته‌راتێنكردن و مانه‌وه‌ و رۆیشتنیان له‌م ناوچه‌یه‌ ، بۆ خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ و زوڵم چێشتووی عێراق به‌هه‌ر ناوێك هاتن گرنگ نییه‌ ، به‌ڵام به‌لایانه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرنگ بوو كه‌ قه‌ڵای غه‌در و سته‌م و گورزی داپڵۆسین و سه‌ركوتكاری و ده‌سه‌ڵاتی تۆلیتاریان ته‌فر و تونا كرد .
بۆ كوردیش ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌ گرنگ و به‌رجه‌سته‌ بوو كه‌ ده‌ڵێت : ( دوژمنی دوژمنه‌كه‌م دۆستمه‌) ، بۆیه‌ هاتنی ئه‌وان بۆ ئه‌و مه‌هام و ئه‌ركه‌ جێگای دڵخۆشی كوردان بوو ، نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی مه‌نگه‌نه‌ ئاسای رژێمی به‌عس ئاواتێكی له‌ مێژینه‌ كوردان و جوڵانه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كه‌ی بوو، دۆستایه‌تی كردنی وڵاتێكی وا زلهێز بۆ گه‌لێك كه‌ ته‌نها خوا و چیاكانی كوردستان پشت و په‌نای بێت بوو خه‌ونێكی دێرێن بوو به‌هاتنیان مه‌ست و كه‌یلی خۆشه‌ویستی یه‌ك لایه‌نه‌ی كردین .
باراك ئۆبامای سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا له‌ سه‌روه‌ختی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكادا ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌خه‌ڵكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا كه‌ ئه‌گه‌ر بووه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌رنامه‌رێژی بۆ كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراقدا ده‌كات ، دیاره‌ ئه‌م هانگاوه‌ی ئێستا به‌شێكه‌ له‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ی دا بووی وا ده‌یخاته‌ واری پراكتیكی و جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو كه‌ زیاتر خه‌مخۆر و په‌رۆشی گه‌لانی خۆیانن و مه‌به‌ستیان قایل كردنی دڵی ئه‌وانه‌ نه‌ك مرۆڤایه‌تی و سۆز و به‌زه‌یی .
چاودێرانی سیاسی مانگی ته‌مموزی ئه‌مساڵیان به‌ خۆێناوی ترین مانگ له‌قه‌ڵه‌مدا و پاش مانگی ته‌موزیش مانگی ئابدا ئه‌مریكایه‌كان له‌ پرۆسه‌كه‌ خۆی كشانه‌وه‌دا و له‌ هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌ شه‌قاو و پێنگاڤی یه‌كه‌م هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ ، و بڕیاره‌ تاكو كۆتای ساڵی 2011 دوا سه‌رباز و بنه‌و باره‌گه‌یان له‌ عێراقدا بپێچنه‌وه‌ و هه‌موو گرفت و كێشه‌ كه‌ڵكه‌ بووه‌كانی ناوخۆ و ده‌ره‌كی به‌سه‌ر خه‌ڵكی عێراقه‌وه‌ به‌جێ‌ بهێڵن ، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ و ده‌لاله‌ت له‌وه‌ ده‌كات خۆ دزینه‌وه‌ بێت له‌ ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ و له‌باش كردنی بارودۆخ و ره‌وشی ئیداری و سیاسی و ئابووری ناوچه‌كه‌.
ئه‌مریكا به‌ هانگاوی یه‌كه‌م كشایه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا تیرۆر مۆتكه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ له‌ زۆر كونج و كه‌له‌به‌ری عێراق ده‌كات و سێبه‌ریان دێوه‌زمه‌ی تارمایه‌كانی خه‌ڵتانی خوێن كردنی ژن و منداڵ و پیر و لاوی بێ گوناهی دانیشتوانی عێراقه‌ هیشتا سه‌رخان و ژێرخانی كۆمه‌ڵگای عێراقی به‌ به‌ر هێرش و په‌لاماری تیرۆرستان كه‌وتوون و ده‌كه‌ون.
ده‌كشێنه‌وه‌ هێشتا له‌ دۆسیه‌ی و پرۆتۆكۆله‌كانیدا له‌ میتۆد و كارنامه‌یاندا هیچیان بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی وه‌كو كورد نه‌كردووه‌ ، كه‌ به‌درێژای مێژوو كۆمه‌ڵوژی و پاكتاوی نه‌ژادی ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت له‌ (14) به‌نده‌كه‌ی (ویڵسن )ی سه‌رۆكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 1918 بۆ راگرتنی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و پرسی یه‌كلا كردنه‌وه‌ی كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌ ژێرده‌سته‌كانی ناوچه‌كه‌ خستیه‌ روو سود مه‌ند نه‌بوو ، هاوكات له‌ پرۆسه‌ی ئازادی عێراقدا دۆست و هاوپه‌یمانی شان به‌ شانی جه‌نگ و هێرش و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌مریكا بوو بۆ سه‌ر سوپای عێراق ئێستاش وا خه‌ریكه‌ جارێكی تر مجرۆ ده‌بێت.
ده‌ڕوات و هێشتا ده‌ستوری عێراق هه‌ر مه‌ره‌كه‌بی سه‌ر كاغه‌زه‌ و زۆر له‌ پارت و گروپ و ئورگانه‌كانی عێراق باوه‌ڕیان پێی نییه‌ و به‌شتێكی كه‌م بایه‌خ ته‌ماشای ده‌كه‌ن ، ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕگه‌ و ماده‌ و خاڵانه‌ی كه‌ ته‌بابی و برایه‌تی خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌رقه‌رار و مسۆگه‌ر ده‌كات نه‌ك جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌ به‌ڵكو هه‌نگاویشی بۆ نه‌نراوه‌.
به‌ جێمان ده‌هێڵن و كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان وه‌كو خۆیه‌تی و كێشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ و له‌ بۆمبێكی توقیت كراوی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب و كورد و توركمان ده‌چێت و ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراق هه‌ر پاشقولی لێده‌گیرێت ، هێشتا ئه‌و كوردانه‌ی دانیشتوی ناوچه‌ دابڕاوه‌كانی كوردستان و كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانن به‌ ناچاری و له‌ ژێر گوشار و فشاری ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان ناوچه‌كه‌ و ماڵ و حاڵی به‌ جێده‌هێڵن كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌یه‌كی ئارامتر .
ئۆغر ده‌كه‌ن و پرسی پێشمه‌رگه‌ و داهات و بودجه‌ و … هتد ، له‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندی و حكومه‌تی كوردستاندا هه‌ر به‌ هه‌ڵواستراوی ماوه‌ته‌وه‌ ، هێشتا وڵاتانی ده‌وروبه‌ر مرخیان له‌ داگیركردنی ناوچه‌ سنورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خۆش كردووه‌ ده‌ستپارێزی له‌ خومپاره‌ هاویشتن و تۆپباران و قسور له‌ هێرشكاری ناكه‌ن و سنور و سه‌رحه‌د ده‌به‌زێنن ، خه‌ڵكی سیڤیل ده‌كوژن و له‌ زێد و مه‌ئوای خۆیان ئاواره‌یان ده‌كه‌ن .
خۆیان ده‌پێچنه‌وه‌ و بار ده‌كه‌ن لێره‌ كه‌ زیاتر له‌ شه‌ش مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقدا بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تێده‌په‌ڕێ‌ به‌ڵام دروست بوونی حكومه‌ت بووه‌ته‌ هاتنی گۆدۆ و چاوه‌ڕوانی خه‌ریكه‌ هه‌موو كاته‌كه‌ به‌سه‌ر ده‌بات ، لایه‌نه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن هه‌ر یه‌كه‌ سه‌ری گوریسێكی گرتووه‌وه‌ بۆ خۆی رایده‌كێشێ‌ و دانوستاندنه‌كان به‌ره‌و كۆڵانی داخراو ده‌ڕوات ئه‌گه‌ر ده‌ستێوه‌ردان و ئاماژه‌كانی ئه‌مریكا فریای نه‌كه‌وێت ، ئه‌مانه‌ سه‌دان دۆسیه‌ و كێشه‌ و گیروگرفتی له‌و بابه‌تانه‌ به‌ نیوه‌ناچڵی و به‌ بێ‌ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌ .
من ناڵێم نه‌ڕۆن با بڕۆن و ئۆغریان خێر بێت به‌ڵام كاتێك ئه‌م ناوچه‌یه‌ به‌ جێبهێڵن كه‌ كورد واته‌نی عێراق شامی شه‌ریف بێت و مافه‌كانی كوردیش به‌ته‌واوی له‌و شامه‌دا فه‌راهه‌م و دابین كرابێت ، با له‌ یاده‌وه‌ری ئێمه‌دا به‌جوانی بڕۆن و یاگادریه‌كانیان تۆمار بكه‌ن و شانازی له‌ دووتوێی لاپه‌ڕه‌كانی بۆ خۆیان تۆمار كردبێت و چۆن شێر ئاسا هاتن ئاواش شێرانه‌ بڕۆن.

 

حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ
husin2008@yahoo.com

Previous
Next

Leave a Reply