Skip to Content

Wednesday, December 8th, 2021

ئه‌مه‌ نیشتیمانی ئێمه‌ نیه‌! …… سالار جاف

Be First!
by September 6, 2010 ئەدەب

هاو پێخه‌فم..بۆ ڕاماوی!
 با ‌هه‌ڵبێین وا نسرمی به‌ یان
ته‌نیایی شه‌و بێدار ئه‌کا.
با هێنده‌ له‌م نیشتیمانه‌ دورکه‌وینه‌وه‌،
په‌ڕه‌یه‌کی مێژوش نه‌ماندۆزێته‌وه‌،
خه‌یاڵدانی سه‌رخۆشێکی دوای نیوه‌ شه‌ویش
ئه‌و ده‌مه‌ی ..
به‌ ناو ده‌لاقه‌ی ڕابردوودا پیاسه‌ ده‌کا
نرکه‌ی په‌شیمانیمان نه‌بیستێ.
ده‌ستت بێنه‌ ..با هه‌ڵبێین
بۆ ئه‌و گه‌ردونه‌ی خواش نایبینێ.
بۆ ئه‌و زه‌مینه‌ی،
ئاده‌م تامی سێوه‌کانی نه‌کردووه‌.
بۆ ئه‌و عه‌ده‌مه‌ی ،
ڕۆژژمێره‌که‌ی جه‌مال غه‌مباریش
نه‌یدیوه‌…
بۆ ڕاماوی..!!
وا ده‌زانی فرسه‌خێک له‌ پاکیزه‌یی نزیک بیته‌وه‌
ده‌فژه‌نه‌کانی شار هه‌نگاوێک دره‌نگتر ده‌تگه‌نێ،!
وا ده‌زانی گه‌ر له‌ سێبه‌ری مناره‌یه‌کدا
به‌رماڵی پاکبونه‌وه‌ ڕاخه‌ی،
ده‌ڵاله‌کانی عیرفان گومڕا ده‌که‌ی،!
وا ده‌زانی که‌ شار خۆی فڕێدایه‌ ئامێزی شه‌و
له‌ پێچه‌ تاریکه‌کانیدا خۆت ون ده‌که‌ی،!
ناتدۆزنه‌وه‌!؟؟!
نا ئه‌ی یار نا …
من ده‌زانم تۆ نه‌فامی،
ئه‌ی پاکیزه‌که‌ی دوێنێ شه‌و،
له‌ دوربینی عورفی ئه‌واندا
ئه‌ی سۆزانیه‌که‌ی ئه‌مێستا ..!
با پێت بڵێم،
گه‌ر هێنده‌ی خواوه‌ندێکیش نورانی بیت
یه‌که‌م ڕقی شه‌ره‌فێکی تکاو خامۆشت ده‌کا،
گه‌ر هێنده‌ی زه‌ریایه‌ک مه‌ن بیت
کینه‌ی یه‌که‌م تۆڵه‌ شه‌قار شه‌قارت ده‌کا،
گه‌ر هێنده‌ی مریه‌میش پاک بیت
بۆگه‌نی جیماعی شه‌وی دوێنێمان کاسیان ده‌کا،
هه‌تا…
له‌ وه‌سوه‌سه‌ی ناو سنگی په‌پوله‌یه‌کیش ته‌نکتر بیت
ڕه‌نگی نیگایه‌کی ترساوت،
که‌یف و سه‌فای دوێنێ شه‌ومان
له‌ خه‌ڵوه‌تگه‌ی گومانی ئه‌و ئابڕو تکاوانه‌
که‌ تۆ بانگیان ده‌که‌ی ، بابه‌ ، مامه‌ ، کاکه‌،
پڕبه‌ جێگه‌ی فیشه‌کێک بۆ ئابڕوو کڕین
ئه‌و سنگه‌ی دوێنێ شه‌و گوشیم پاره‌ ده‌کا.
دره‌نگه‌ .. وادێر بوو ئه‌ی یار
ده‌ستت بێنه‌ ،هێنده‌ بڕۆین،
تا بۆ شوێنپێ هه‌ڵگرتنمان
تا ناوه‌راستی دۆزه‌خ بێن.
    
         سالار جاف

 

 

 

 

Previous
Next

Leave a Reply