Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
ئه‌ورۆ بارانێ راده‌گرم

ئه‌ورۆ بارانێ راده‌گرم

Closed
by August 21, 2008 ئەدەب

 ئه‌ورۆ بارانێ راده‌گرم
  نیگار نادر
 
 نازانم له‌ بن ده‌رختێک دانیشتووم
 یا له‌ بن  پیاوێک
 لێ ده‌زانم ژنێکی جووتم
 ئه‌ورۆ
 
 دووباره‌
 ده‌ڵێی په‌پوله‌یه‌ک
 بۆنی پیاوێکی ئه‌سمه‌ر
 له‌ غه‌ریبایه‌تیه‌مدا ده‌پژێنێ
 
 جارێکی دی
 ناوه‌راستی سه‌رت ماچ ده‌که‌م
 کزه‌ بایه‌ک
 به‌بۆنی کوردوستانێ
 ڕام ده‌داته‌وه‌
 
 
 ئه‌وڕۆ له‌خۆڕا دڵم داده‌خورپێ
 ڕێ به‌دیده‌که‌م
 له‌چاوی تۆ هه‌ڵه‌نگوم
 یا له‌ چیایه‌ک
 
 له‌نده‌ن سه‌ر به‌کۆشم ده‌کا
 ده‌ڵێ به‌ چاوه‌ڕه‌ش و ده‌نگه‌
 گه‌رمه‌که‌ت گه‌رم دادێمه‌وه‌
 
 ئه‌وه‌ چه‌ند رۆژه‌
 پیاوێک له‌سه‌ر ڕێیه‌م ڕاده‌وه‌ستێ
 گواره‌یه‌کی شینی له‌بۆ هیناوم
 ده‌گه‌ڵ ته‌نهایی  به‌جووته‌
 له‌ گوێچکه‌م ده‌که‌ن
 
 ئه‌وڕۆ دیسان جووتم
 جووتێک خۆشه‌ویست له‌ چاوانمدا
 جووتێک گواره‌ له‌ گوێچکه‌مدا
 جووتێک نیشتیمان له‌ دڵمدا جووته‌ک دۆست
 له‌ چاوه‌روانیه‌مدا
 جوتێل کلیل له‌ده‌ستمداو جوتێک موبێل
 له‌گیرفانمدا
 جووتیک پێڵاو له‌ پێمدان
 
 باران هێنده‌ی خۆ تێهه‌لسویوم
  له‌بۆیه‌
 ئه‌ورۆ ژنه‌کی جووت ڕه‌گم
 ژنه‌کی جووت ره‌نگ جووت تاموو
  جووت میژوو
 
 ئه‌وڕۆ
 چم بۆ ناژمێردرێ
 نه‌ده‌زانم سه‌عات چه‌نده‌ چه‌ندی مانگه‌
 ساڵی چه‌نده‌ و چه‌ند شه‌مه‌یه؟
 به‌ته‌نها ده‌زانم
 ده‌نگی تۆیه‌ وه‌بن خۆی داوم و
 ده‌مژمێرێ
 
 1ی به‌فرانبارێ یه‌
 بۆینباغێکی شینت له‌مله‌
 له‌بۆیه‌ ده‌بمه‌ ده‌زگیرانی
 هه‌موو شینه‌کان
 
 8 ی خه‌رمانانه
 سێوێك به‌دارێوه‌ چاوم لێداده‌گرێ
 بریسکه‌ بریسکی سمێڵت
 هه‌موو ره‌نگ و پیته‌کانی ناوم
 پێک وه‌رده‌کا
 
 کۆتایی رێبه‌ندانه‌
 ئه‌وڕۆ دره‌ختێک فیکه‌م بۆده‌کێشێ
 له‌خۆشیان شیعرێکی مۆرم دێ و
 نزیکه‌ی دوسه‌د ووشه‌
 ده‌زوله‌م تێداده‌کا
 
 11 ی ره‌شه‌مێ یه‌
 چش چ زه‌ره‌ر ده‌که‌م
 ئه‌گه‌ر  چاره‌گه‌ سه‌عاته‌ک به‌ته‌نها
 له‌په‌نجه‌ گه‌وره‌که‌ت بڕوانم که‌
 چۆن ده‌نکه‌ ده‌سبیحه‌کان
 ئاڵوگۆر پێده‌کا
 
 چوارو نیوی پاش عه‌سرێ یه و‌سێیه‌م‌
 رۆژی رێبه‌ندانه‌ که‌
 ده‌بمه‌ هه‌وێ ی بارانێ و
 به‌دزی خرینگه‌ی گواره‌کانم و تێکست
 مه‌سیجێکی شیرینت
 بۆ ڕه‌وانه‌ ده‌که‌م
 
 پێنج شه‌مه‌ی خاکه‌ لێوه‌یه‌
 باران راده‌گرم و ژیان ده‌به‌زێنم
 ده‌ی خۆش که‌ وه‌ره‌وه‌… تازه‌ ئیدی
 هیچ خه‌تایه‌ک به‌سه‌ر تۆدا ناهێنم
 
 
 25 ی جۆزه‌ردانه
 پاش بانگی نیوه‌رۆیه‌یه‌،ئه‌وڕۆ
 پشتێندێکی ئه‌رخه‌وانیت له‌پشتێ به‌ستوه‌
 که‌ڵاشێکی ته‌وێڵت به‌سه‌ر پێیانه‌وه‌کردوه‌ له‌بۆیه‌
 ژنیه‌تی پێمه‌وه‌ راناوه‌ستێ و
 لێمت فێره‌ سه‌د خو کردوه‌
 
 ناوه‌راستی چوار شه‌مه‌یه‌ و
   10ی رێبه‌ندانه‌و 30 چرکه‌ له‌ سه‌عات
 حه‌وت گوزه‌راوه‌
 هه‌ر بتگه‌مێ… نه‌ دونیا ده‌مانگاته‌وه‌
 نه‌ژیانم پێوه‌ ڕداده‌وه‌ستێ
 نه‌مردن خۆم له‌قه‌ره‌ ده‌دا و ده‌مبینێته‌وه
 
 
 ئه‌ورۆ خشته‌ی ئه‌و حه‌زانه‌ی
 پێهه‌ڵاواسیوم که‌ جوتن
 جووت ده‌گه‌ڵ ده‌نگی سه‌کسه‌فۆن،جووت
 ده‌گه‌ڵ تامی مه‌ره‌وانه و جووت ده‌گه‌ڵ
 بۆن سێوی توتنی نێرگه‌له
 ‌
  به‌ته‌وته‌می مامزه‌کانی قه‌ندیلی( هه‌ندرێن)ى
 دێیه‌وه‌ و بارانێ ده‌به‌زێنی بۆم
 
 
 
 سه‌ره‌تای پایزێیه‌
 ژنێکی ئاوژووم کیژێکی چنراو
 دونیایه‌کی پینه‌کراو ژیانێکی قارسکراو
 مێژوویه‌کی دورواو سه‌ری له‌ دووناوم
 ده‌یه‌وێ هه‌ڵمدروێ
 
 به‌ناو پوشپه‌رێ دا شۆربوینه‌وه‌
 دره‌ختێک بن باڵم ماچ ده‌کاو چواره‌م
 خۆشه‌ویست بۆم ده‌نووسێ بیرت ده‌که‌م
 (با) ش بێناموسانه‌
 لاسکی سوخمه‌که‌م دێنێ و ده‌با
 
 
 12ی گه‌ڵارێزانه‌
 نه‌ ته‌قه‌ ته‌قی قۆنده‌ره‌کانم
 نه‌ خاڵه‌که‌ی سه‌ر به‌له‌کی چه‌پم
 نه‌ خواربوونی خه‌تی په‌رچه‌مم
 به‌ تۆ ده‌ژمێرم
 
 پاش بانگی شێوانی جۆزه‌ردانه‌‌
 چاوم له‌سه‌ر هه‌ڵناگری  تا
 بۆینباغه‌ مۆره‌که‌ت
 هه‌موو گۆڵه‌کانی کراسه‌که‌م ده‌گه‌ڵ
 خۆی ڕاده‌دا
 
  10 چرکه‌ی ماون بۆ سه‌عات سێ
 که‌یفم ده‌پرژێته‌ سه‌ر
 چایه‌کی سه‌وز،خانم خانمۆڵێی خالقی
 چاو زه‌یتونیه‌کی لوبنانی و
 ختوکه‌دانی تۆ
 
 زه‌رده‌ی له‌سه‌رانی سه‌رماوه‌رزێ یه‌
 زمانی که‌س وه‌کو زمانی من
 پیته‌کانی ناوت گۆ پێ ناکا
 ئه‌گه‌ر خۆ به‌بارمته‌ دانێم
 لێ قه‌ت ناهێلم فۆنه‌تیکێکیان تا
 بنی قورگ دانه‌کشێ و نه‌ڕوا
 
 گۆڵان به‌ نیوه‌ی بووه‌ که‌
 له‌نده‌ن پشت به‌ پشتمه‌وه‌ده‌داو
 حه‌سودی به‌ قۆپچه‌کانی کراسه‌که‌ت ده‌به‌م
 چونکه‌ رۆژێ دوسێ جار په‌نجه‌کانت
 ئاودیو‌ئاودیویان ده‌کا
 
 نازانم چ وه‌خته‌
 دیسان دره‌ختێک ڕێم پێده‌گرێ
 پیاوێکی به‌ژن دڵم ده‌بزێوێ و هه‌ورێك
 ژماره‌ی مۆبایل و ڕه‌نگ که‌راسه‌کانم
 ئه‌زبه‌رده‌کا
 
 
 21 ی خه‌رمانانه‌
 به‌ دوجار پژمینی به‌دویه‌کدا خه‌نی ده‌بم
 ده‌زانم خێره‌و  ده‌بێ که‌مه‌کی دی سه‌بر بگرم
 پاش ده‌ساڵی دیش بێ
 په‌نجه‌کانت
 جوغرافیام دیارى دەكا
 
 
 هه‌ر ئه‌و هه‌وره‌ نا ئه‌و پیاوه‌ش هێنده‌ له‌باره‌
 ئه‌وده‌مه‌ی وه‌ژورده‌که‌وێ
 وه‌ک گێژه‌ڵۆکه‌
 گچکه‌ترین خاڵی ژنێنیه‌تیم
 ده‌گه‌ڵ خۆ لول ده‌داو ده‌با
 
  ئەڤڕۆ بە کارته‌ سپیه‌که‌ی( قوبادی جه‌لیزاده)
  کارتی سپی له‌ بۆ هه‌موو پیاوان
 تێداوم
 ‌
 ده‌ی ره‌زبه‌رێیه‌..له‌بارانێ
 په‌شیمانم چونکه‌ دڵنیام ئیدی
 بۆنی بالیف وفڵچه‌ی ڕدێن تاشینه‌که‌ت
 قه‌ت چۆڵم ناکا
 
 ئه‌لحانه‌که‌ که‌یفم لێیه‌ مشتێک بادام
 له‌ده‌مم که‌م و
 ده‌جاری دی ئێخه‌ی کراسه‌که‌ت
 ماچکه‌م و بۆن که‌مه‌وه‌
 
 ئه‌وڕۆ
 نه‌وه‌ڵامی مۆبیله‌که‌م ده‌ده‌مه‌وه‌
 نه‌کارتی بانکه‌که‌م ده‌ردێنمه‌وه‌ نه‌ له‌ هیچ
 ته‌رافیک لایتێک هێواش ده‌که‌مه‌وه‌و ڕاده‌وه‌ستم
 چونکه‌ دڵنیام
 قاقایه‌کت
 هۆباڵی هه‌موو له‌خه‌ت ده‌رچونه‌کانم
 وه‌ ئه‌ستۆی خۆی ده‌خا
 
 دیسانەكە نەیەیى
 بارانێ ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه406* به‌سه‌ر
 هه‌موو خۆشه‌ویستاندا ده‌سه‌پێنم
 ‌کارتی زه‌رد بۆ هه‌موو
 ژیانم ده‌رده‌هێنمه‌وه‌
 
 
 سزایەكی یاساییە*
 
 له‌نده‌ن 2008
  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.