Skip to Content

Wednesday, October 27th, 2021

ئه‌وه‌ سه‌رای ئازادیه‌ یان قوم و مه‌دینه‌یه‌!

Comment
by March 5, 2011 گشتی

من ده‌مه‌وێت بپرسم نوێژی هه‌ینی له‌ به‌رده‌رکی سه‌رادا بۆ چ مه‌به‌ستێکه‌؟ هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی یه‌که‌می خۆپیشاندانه‌که‌دا که‌ ئه‌و هه‌واڵه‌م بینی له‌ سایتی لیڤین و هاووڵاتیدا، ڕاسته‌وخۆ گومانم لا دروست بوو، بۆ ده‌بێت مه‌سه‌له‌ی نوێژ کردن بکه‌ن به‌ جێگای سه‌رنج، هه‌ر وه‌ک ئه‌و کاره‌ی ئیخوان موسلیمینی میسر، چۆن ده‌سته‌ی نوێژیان داده‌به‌ست له‌ کاتی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌که‌ی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌ و ئازادیخوازی ئه‌و وڵاته‌ دژی کۆی ده‌سه‌ڵاتی باو، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی میدیای جیهان ڕاکێشن، تائه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ بگوێزێته‌وه‌ بۆ بینه‌رانی گشت جیهان، گواستنه‌وه‌ی ئه‌و دیمه‌نه‌ش له‌لایه‌ن میدیای جیهانه‌وه‌، وه‌ بۆ ئیسلامی سیاسی به‌بێ هۆ نیه‌، به‌ڵکو گه‌یاندنی مه‌سجێکی سیاسیه‌، که‌ ئه‌وه‌ ئیسلامی سیاسیه‌ له‌ مه‌یداندایه‌ و هه‌ر ده‌نگی ئه‌ویشه‌ دواجار ده‌یه‌وێت کۆی ده‌سه‌ڵات بخاته‌ ژێر ده‌ستی خۆیه‌وه‌. باشه‌ ده‌ڵێین سلێمانی شاری ڕۆشنبیری و مه‌ڵبه‌ندی مه‌ده‌نیه‌ته‌ له‌ کوردستاندا، سلێمانی شارێکه‌ هه‌میشه‌ به‌گژ کۆنه‌په‌رستی و ناعه‌داله‌تی ده‌سه‌ڵاته‌کاندا وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و هه‌رده‌م هه‌نگاوه‌کانی ڕوو له‌ دنیایه‌کی نوێو، زیاتر شێوازی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوای پیقبوڵ تر بوه‌ تا ئه‌وه‌ی ملکه‌چ بێت به‌ ده‌سه‌ڵات و شێوازه‌ ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان. ئه‌رێ هه‌ر هه‌ینیه‌ک دێت له‌ دوای خۆپیشاندانه‌که‌ی 17/02/2011 وه‌ ئیتر جۆرێکی تر له‌ خۆپیشاندان ده‌بینرێت، من ناڵێم ده‌بێت ڕێ بگیرێت له‌وه‌ی که‌س نابێت نوێژ بکات، به‌ڵکو ده‌بێت هه‌رکه‌س ئازاد بێت نوێژ و ڕۆژوی خۆی بگرێت و بکات له‌ شوێنی تایبه‌تی خۆیدا، که‌ ئه‌ویش یان مزگه‌وته‌ یان ماڵه‌، به‌ڵام کاتێکیش ئه‌و دیمه‌نه‌ ده‌بینرێت له‌ مه‌یدانی سه‌رادا، ئیتر ئینسان بڕوایه‌کی وای لا نامێنێت که‌ ئاینده‌ی ئه‌م هێزه‌ ناڕازیه‌ی کۆمه‌ڵگا که‌ هاتوه‌ته‌ مه‌یدان و دژی ناعه‌داله‌تیه‌کانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ کوردیه‌ ته‌مه‌ن 20 ساڵه‌یه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، ئێستا ئاقاره‌که‌ی به‌ره‌و چ ئاراسته‌یه‌ک ده‌بردرێت؟ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکی هه‌ژار و ئازادیخواز بۆ له‌ نێو بردنی ئه‌و ئاسته‌ ته‌واو ناعه‌داله‌تیه‌یه‌، نه‌ک بۆ جێخستنی زیاتری بنه‌ماکانی دینی ئیسلام و، هیچ جێگایه‌ک نه‌بینینه‌وه‌ له‌وه‌ی هه‌نگاوێکی پێشڕه‌وانه‌ ببینین، بۆ ئه‌وه‌ی جێگا ئومێدێک ببینینه‌وه‌ بۆ سبه‌ینێه‌کی ڕوناکتر.
 به‌رده‌وام بوونی ئه‌م جۆره‌ مۆدێله‌ له‌ شۆڕش کردن، نه‌ک هه‌رده‌بێت به‌ جێگای وه‌ده‌ست خستنی داواکاریه‌ ئازادیخوازی و ئابوریه‌کان، به‌ڵکو دوور نیه‌ چه‌ند هه‌نگاوی تر کۆمه‌ڵگا له‌ سایه‌ی سه‌ری ئه‌م باڵه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئیسلامی سیاسی، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوی ئیسلامی، که‌ ئومێده‌کانی ئیخوان موسلیمین و ئاخونده‌کانی ئێران و شێخه‌کانی سعودیه‌ ده‌به‌نه‌ پێشه‌وه‌، بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ دواوه‌. بینینی ئه‌و دیمه‌نانه‌ له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا و له‌ سه‌رادا، ئیتر هه‌ست ده‌که‌یت، ئه‌وه‌ قوم و مه‌دینه‌ی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌یه،‌ نه‌ک شارێک که‌ به‌ مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری و ئازادیخوازی و مۆدێرنه‌ ناسراو بێت. له‌ سه‌فا وه‌ستانی ئه‌و‌ کۆ گه‌نجه‌،بۆ نوێژ کردن و هه‌روا له‌لاوه‌ ده‌رهێنانی سیواک له‌ گیرفانی چاکه‌تی سه‌رپانتۆڵدا!! بۆ ئه‌وه‌ی دانی پێپاک بکاته‌وه‌ له‌ سه‌فی نویژکردنیدا، ئینسان ده‌خاته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌، ئاخۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ پێشتر نوێژیان کردوه‌ یان ئێستا به‌ خواستی سه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دیمه‌نه‌کانی سه‌را له‌ ڕاپڕینه‌وه‌ ده‌گۆڕن بۆ نوێژ و به‌رزکردنه‌وه‌ی دوعای ئیسلامیانه‌؟ ئه‌گه‌ر سه‌یری نوێژی هه‌ینی بکه‌یت له‌ مزگه‌وته‌کاندا، هێنده‌ی پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کان ده‌بینرێن، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ توێژی گه‌نجان نابینرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌م مه‌یدانی سه‌رای ئازادیه‌ی گۆڕاندا، زۆرترینی نوێژکه‌ران،له‌ گه‌نجان پێک هاتبوون، ئه‌و گه‌نجه‌ی له‌ فه‌یسبوکه‌وه‌ دێت خۆی کۆده‌کاته‌وه‌ و ده‌خوازێت شۆڕشی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رپا بکات. به‌ڕاستی بینینی ئه‌و دیمه‌نه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌رای ئازادی،  ئینسانی پێشکه‌وتوخواز بێئومێد ده‌کات له‌وه‌ی ئه‌م نه‌وه‌ نوێیه‌ خاوه‌ن وتارێک و دیدێکی شارستانیانه‌ بێت و بتوانێت کۆمه‌لگا به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی و مۆدیرن وه‌رچه‌رخێنێت!
 زاڵ بوونی ئه‌و فه‌زا، سیناریۆ بۆ داڕێژراوه‌ی له‌  لایه‌ن باڵی ئۆپۆزیسیۆن و نوخبه‌ی ڕۆشنبیرانی دیاری شاری سلێمانی، ده‌مان گه‌یه‌نێت به‌و بڕوایه‌یه‌ی، ئه‌مانه‌ به‌ چ هه‌وڵێکی پێچاوپێچانه‌ توانیان ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌که‌ له‌ ئه‌سڵه‌که‌ی خۆی بگۆڕن و وێنایه‌کی دی که‌ خۆی له‌ ئاشت بونه‌وه‌ی نێوان جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵات ده‌بینێت بدات به‌ ڕێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌که‌، دیاره‌ دوا ده‌ر ئه‌نجامیش نه‌ک به‌قازانجی خه‌ڵکی بێده‌ره‌تان و زه‌حمه‌تکێش ته‌واو نابێت، به‌ڵکو کۆی ناڕه‌زایه‌تیه‌کان بۆ جارێکی تر ده‌چێته‌وه‌ گیرفانی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ کۆنه‌په‌رسته‌وه‌. ئاخۆ ڕێکخه‌رانی خۆپیشاندانه‌کان، به‌شێکی زۆریان له‌و ڕۆشنبیره‌ خۆ به‌ مۆدێرن زانانه‌ نیه‌، که‌ سه‌ری زمان و بنی زمانیان، هێنانه‌وه‌ی وته‌ی نوسه‌ران و بیرمه‌ندانی ئه‌وروپا و ڕۆژئاوایه‌، ئێستا بۆ چ مه‌به‌ستێک ڕێگایان دا به‌وه‌ی ئه‌و جێگایه‌ له‌ داخوازیه‌ ئه‌سڵه‌که‌ی خۆ داماڵرێت؟ باشه‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ده‌یانه‌وێت به‌ڕاستی بیسه‌لمێنن بۆ وڵاتانی وه‌ک ئیسلامی سیاسی ئێران و سعودیه‌ که‌ به‌ڕاستی ئه‌مانیش ئیسلامن و له‌و ڕێو ڕه‌سمه‌ لاناده‌ن؟ ئه‌رێ به‌رده‌وامیدان به‌م جۆره‌ وشیاریه‌ ده‌توانێت چ کارێکی به‌ره‌و پێشه‌وه‌چون له‌ کۆمه‌ڵگادا جێبخات؟ باشه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ ناڕازیه‌ی له‌ شاره‌کانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی 04/03/2011 هاتنه‌وه‌ سه‌ر جاده‌ بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان دژی ده‌سه‌ڵاتی تائیفی و مه‌زهه‌بی، بۆ ده‌ستیان نه‌برد بۆ نوێژی هه‌ینی له‌سه‌ر جاده‌؟ ئاخۆ ئه‌وان خۆیان موسڵمانن و ئیتر باکیان به‌وه‌ نیه‌ ده‌وڵه‌تێکی چوارده‌ور گلله‌ییان لێبکات؟ یان ئه‌م ڕێکخه‌رانه‌ی مه‌یدانی ئازادی، که‌ ناوی سه‌راشیان گۆڕی و ئێستا ئه‌و مه‌یدانه‌ بووه‌ته‌ مه‌یدانی نوێژ کردنی هه‌ینی پیرۆز.
 ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا پێده‌چێت به‌ ئاقارێکدا بڕوات، دوا ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی قازانجی ئۆپۆزیسیۆنی گۆران و ئیسلامیه‌کان و ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی له‌ چوارده‌وری ئه‌و چالاکیانه‌ن ته‌واو ببێت، نه‌ک به‌ قازانجی به‌ره‌ی ئازادیخوازی کۆمه‌ڵگا و خه‌ڵکی هه‌ژار. به‌ڕاستی خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیو و ئازادیخواز ده‌بێت ئاگای له‌و سیناریۆیانه‌ بێت، که‌ له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ داده‌ڕێژرێت، سیناریۆکان ئه‌گه‌ر خوێناوی نه‌بن، ڕه‌نگه‌ به‌ شێوازێکی تر بارودۆخه‌کان له‌مه‌ی ئێستا باشتر نه‌بێت. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکیشیان خسته‌ نێو شه‌ڕی قازانج په‌رستی خۆیانه‌وه‌، ئه‌وه‌ دواجار هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ زه‌ره‌ر مه‌ند ده‌بێت و بۆ ئاینده‌یه‌کی نادیاریش خواسته‌کانی پاشه‌کشه‌ پێده‌کرێت.
 مه‌یدانی ئازادی کاتێک ده‌بێت هه‌ڵگری ئه‌و ناوه‌ بێت که‌ ئاڵوگۆڕی مه‌ده‌نیانه‌ و ڕیشه‌یی پێبێت دژی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆرژوازی و کۆنه‌په‌رستیه‌ی، ناسیۆنالیزمی کوردی هه‌ڵگریه‌تی، به‌بێ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ڕیشه‌ییه‌ له‌ کۆی پایه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی سیستمی باودا، مه‌یدانی ئازادی نابێته‌ هه‌ڵگری ئه‌و چه‌مکه‌ شۆڕشگێڕیه‌، به‌ڵکو ده‌بێته‌ مه‌یدانێک که‌ درێژه‌ ده‌ری سیناریۆکانی ئیسلامی سیاسی ئێران و سعودیه‌ی عه‌ره‌بی ده‌بێت. ده‌مه‌وێت به‌و به‌ڕێزانه‌ی سه‌رانی گۆڕان و باڵی ئیسلامی سیاسی و ئه‌و نوخبه‌ ڕۆشنبیره‌ی- جوڵه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی مه‌یدان ده‌خه‌ڵه‌تێنن، بڵێم ئه‌م شیعاره‌ش بکه‌ن به‌ یه‌کێک له‌ شیعاره‌ گرنگه‌کانتان،( له‌ په‌رله‌مان و له‌ جاده‌، ته‌نها ئیسلامه‌ ڕابه‌ره‌) بۆئه‌وه‌ی ته‌واو ئه‌و دید و په‌یامه‌تان بۆ کۆمه‌ڵگای کوردستان ڕوون ببێته‌وه‌، که‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت کۆمه‌ڵگه‌ به‌ره‌و مه‌ده‌نیه‌ت و مۆدێرنێته‌ ببه‌ن! په‌خش کردنی کۆی وتار و نوێژی ئه‌مڕۆی هه‌ینی له‌ سه‌رادا، به‌بێ مه‌به‌ست نه‌بوو له‌ که‌ناڵی که‌ی ئێن ئێنه‌وه‌، چونکه‌ تا ئێستا ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و وتار و باسانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌وێ هه‌یه‌ پێشانی خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ی کوردستان بده‌ن، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ویستیان ئیتر به‌ خه‌ڵکی ناڕازی بڵێن، بێده‌نگ بن و ئینشائه‌ڵڵا هه‌فته‌ی ئاینده‌ و له‌ نوێژی هه‌ینی داهاتودا ئاشتبونه‌وه‌ی نێوان ئێمه‌و ده‌سه‌ڵات ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، ئێمه‌ش یانی ئێوه‌ی هه‌ژار و به‌شخوراوی کۆمه‌ڵگای کوردستان!!!!

تاهیر حه‌سه‌ن
04/03/2011
هۆڵه‌ندا

Previous
Next

Leave a Reply